Shamziny.jpg

دیوانە شیعرى سۆناتای خۆشەویستی بڵاوکرایەوە

لە زنجیرەى چاپکراوەکانى چاپخانەى کارۆ دیوانى (سۆناتاى خۆشەویستى) چاپ و بڵاوکرایەوە.

دیوانەکە، ئەزموونێکی نوێی شیعریی ‎ستیڤان شەمزینییە، لە پاش سێ کتێبە شیعرییەکەی پێشووی، هەم لە رووی زمان و هەم لە ڕووی فۆرم دابڕانێکی گەورەیە لە شێوازی کاری پێشتری.

مێژووی شیعرەکانی ناو ئەم کتێبه لە نێوان ساڵانى 2011 بۆ 2019 دایە، بەڵام بەشی زۆری شیعرەکان لەنەخوشخانە نووسراون.

نووسەر خۆی لە پێشەکی کتێبەکەدا هێمای بۆ ئەزموونی شیعری خۆی و بایەخ و جیاوازیی ئەم کۆمەڵە شیعرییەی خۆی کردووە کە خوێنەرانی کتێبەکە دەتوانن بیکەنە دەروازەی تێگەیشتن لە کۆی شیعرەکانی ناو ئەم کتێبە.

ستیڤان شەمزینی خاوەنی 17 کتێبی چاپکراوە، کە لەو ژمارەیە 13 کتێبیان لە چاپخانەی کارۆ چاپکراون، تێکڕای کتێبەکانی لەسەر ئەرکی دارایی خۆی بە چاپ گەیاندوە. ئەم کتێبە لە 394 لاپەڕە پێکهاتووە.

ستیڤان شەمزینی لە چەند دێرێکدا:

ناوى تەواوى: ستیڤان ئەحمەد سەید عەلی.

پیشەى ئەدەبى: نوسەر و رۆژنامەنووس.

لە شارى سلێمانى لە دایکبووە.

لە شاری ستۆکهوڵم ـ سوید نیشتەجێیه.

ماوەی هەشت ساڵە ململانێ لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجه دەکات و بەشی زۆری ئەم کتێبانەشی له نەخۆشخانە ئامادەکردون بۆ چاپ.

لە ساڵی 1999 لە دامەزراندنی یەکێتی روژنامەنوسانی کوردستان وەک ئەندام بەشداریی کردووە، ئەندامانی فیدراسیۆنی جیهانی ڕۆژنامەنووسانە.

سەرۆکی ڕێکخراوی کوردستان بۆ مافی مرۆڤە

ئەندامی بۆردی کۆمەڵەی دۆستایەتی گەلانی چەوساوەی جیهانە ـ له قاهیرە.

لە ساڵانى 2004 بۆ 2011 بۆ ماوەی حەوت ساڵ سەرنووسەری ڕۆژنامە و گۆڤاری نێوەند بووە.

لە ساڵى 2011 بۆ 2014 بۆ ماوەى سێ ساڵ سەرنووسەری گۆڤاری شەپول بووە.

4 کتێبی دیکەى ئامادەن بۆ چاپکردن.


ئەم بابەتە 59 جار خوێندراوەتەوە