bashdar_sami.jpg

سه‌رمای سه‌ر شۆسته‌كان

بەشدار سامی

 

 

 

نیوه‌شه‌و بوو
سه‌رما بوو
خانووه‌كان ته‌ڕ، شۆسته‌كان سارد
ئێسكم له‌ نێو گۆشتمدا ده‌له‌رزی و
دڵ ته‌نگ و
ماندوو و بریندار بووم به‌ڵام
بیركردنه‌وه‌ له‌ جله‌كانت
كه‌ هه‌ندێك جار ته‌ڕ
هه‌ندێك جار سارد بوون
له‌ ده‌ره‌وه‌ هێشتبوومییه‌وه.‌‌

شوێن، سارد بوو
شوێن.

ئاسمانی شه‌و
بێ ئه‌ستێره‌كان عه‌بای ژنه‌كانی خه‌لیج بوو
شار ته‌ڕ بوو
پاسه‌كان، كۆڵانه‌كان، باڵه‌خانه‌كان، ته‌نانه‌ت مه‌رگ
تاریك بوون...
ده‌نگی سه‌گ له‌ دووره‌وه‌
ده‌بیسترا و
من، له‌سه‌ر شۆسته‌كاندا
بێ ملپێچ، بێ كڵاو، بێ ده‌ستكێش، ده‌ڵه‌رزیم و
به‌دوای تروسكاییی په‌یڤی تۆدا ده‌گه‌ڕام.

پۆلیسه‌كان، له ‌ترسی سه‌رما، پۆلیس نه‌بوون
پۆلیسه‌كان.

من، ناتوانم قسه‌كانم هه‌ڵگرم، نهێنی پارێز نه‌بووم، هه‌رگیز
سه‌رما‌، گه‌یشتبووه‌‌ نه‌خۆشخانه‌كان
گه‌یشتبووه‌‌ مزگه‌وته‌كان
گه‌یشتبووه‌ نێو پاسه‌كان
نێو بوخچه‌كان...
مه‌رج نییه‌ هه‌ر یه‌كه‌مان بوخچه‌ی مرۆڤێكی دی نه‌بین و
سه‌ر‌ما، له‌ خه‌یاڵی خۆشه‌ویستێكی خه‌وتوودا
نه‌یكردبین به‌ سه‌هۆڵ.

سه‌رما گه‌یشتبووه‌ نێو فڕۆكه‌كان
سه‌رما.

كه‌ به‌فر ده‌بارێت، كه‌ سه‌رما بوو و كه‌ هیچ مرۆڤێك له‌ ته‌نیشتته‌وه‌ نه‌بوو گه‌رمی بكه‌یته‌وه‌ و پێی بڵێیت: من پاڕێزه‌ری پێستی تۆم، له‌ ته‌زین، له‌ ڕه‌قبوونه‌وه‌، ده‌بێت دانبنێی كه‌ سه‌ختتر له‌ ژیانی ده‌ربه‌ده‌ری، ده‌ژیت.

ئازارم هێنده‌ په‌رتن، نه‌ختێك ده‌بوو گێسك بام
نه‌ختێك.

هێنده‌ زستان بووم
ڕۆیشتنم به‌سه‌ر شۆسته‌كاندا
جاده‌كانی ده‌كرد به‌ سه‌هۆڵ و
وه‌ك ئه‌و سه‌رخۆشانه‌ی له‌ بێ ماڵییدا‌
له‌سه‌ر جاده‌ سارده‌كاندا ده‌مردن، نه‌مردم، به‌ڵام
له‌ تاو دووریت
یه‌ك به‌ نێو جۆگه‌ڵه‌كاندا ده‌ڕشامه‌وه.

زستان، له‌ پێستی مندا، زستان بوو
زستان.

باڵه‌خانه‌كان، له‌ نێو سه‌رماشدا هه‌ر باڵه‌خانه‌ بوون
ماڵه‌كان، له‌ نێو تاریكیشدا هه‌ر ماڵ بوون
كۆڵانه‌كان هه‌ر كۆڵان بوون
به‌ڵام
من، بریندار بووم.

له‌ نێو سه‌رما و شه‌و و ترس و یاده‌وه‌رییدا
برسی بوومه‌ و
وه‌ك پشیله‌ی نێو كۆڵانه‌كان
خواردنم له‌ نێو ته‌نه‌كه‌ی به‌رده‌ركه‌ی ماڵه‌كان ده‌ر‌‌هێنا‌‌وه‌ و
له‌سه‌ر ڕه‌سیفه‌كاندا
دانیشتوومه‌ و برینم ژماردووه.‌‌

نووسراوی سه‌ر دیواره‌كان، تۆماری ئه‌و مرۆڤانه‌ن
كه‌ به‌ر له‌ من بریندار بوون
به‌ر له‌ من زستان ته‌ری كردوون
به‌ر له‌ من گریاون و
به‌ر له‌ من ته‌ڕاییی سه‌ر زمانیان تاڵ بووه‌ و
تفیان له‌ به‌ختی خۆیان كردوه.‌

سه‌رما بێت ناخۆشه‌، ته‌ڕ بیت ناخۆشه‌
بله‌رزیت، زۆر ناخۆشه‌
من، به‌ شه‌وه‌ سارد و
ترسناك به‌ ده‌نگی ئه‌و شتانه‌ی كه‌ با ده‌یان ده‌یانجولێنێت
تێپه‌ڕیوم و
به‌ جلی ته‌ڕ
له ‌ژێر هه‌وره‌تریشقه‌كاندا
بیرم له‌ گه‌رم كردنه‌وه‌ی پشته‌ملت كردۆته‌وه.‌

قه‌ت، تۆم له‌بیر نه‌كردوه‌
قه‌ت.

جۆگه‌كان تاریك بوون، به‌سته‌ڵه‌ك بوون
سه‌رما مرۆڤی ده‌خسته‌ بیری ئاگر
به‌ڵام من،
له‌سه‌ر جاده‌ی ته‌ڕ
بێ چه‌تر، بێ مۆسیقا، بێ گیرفان بێ ته‌كییه‌
به‌ ته‌نیا، ترساو و بریندار، به‌ژێر باراندا ده‌ڕۆیشتم و
له‌تاو ئه‌و ترسانه‌ی له‌ ته‌واوی كوونه‌كانی جه‌سته‌مه‌وه‌
ده‌هاتنه‌ ناومه‌وه‌
ناوی پێغه‌مبه‌ره‌كانم ده‌ژماردن.

فه‌وتان، ئه‌وانه‌ی به‌ ته‌نیا مانه‌وه‌
.فه‌وتان

بۆ ئه‌وه‌ی گه‌رم ببمه‌وه، ده‌ترسام
بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ترسم، گۆرانیم ده‌گوت
بۆ ئه‌وه‌ی گۆرانی نه‌ڵێم، بێ ده‌نگ ده‌ترسام.

ئه‌و شه‌وانه‌ی هه‌ر مرۆڤه‌ و
له‌ باوه‌شی مرۆڤی خۆیدا
خه‌وتبوو
من، برینی خۆمم خستبووه‌ سه‌ر شانم و
به‌ په‌نا دیواری ئه‌و ماڵانه‌دا ده‌ڕۆیشتم
كه‌ تاریكی دایپۆشیبوون
ده‌ڕۆیشتم و
ناوتم له‌بیر بوو، كه‌ ده‌گریام.

هێنده‌ تاریك بوو، له‌پی ده‌ستمم نه‌ده‌بینی
هێنده‌ تاریك بوو.

پێم كه‌ له‌سه‌ر به‌رده‌كان ده‌خزا
بیرم له‌ به‌یتاره‌كان
له‌ گێچ و له‌ شكان و له‌ له‌سه‌ر جێ كه‌وتن، ده‌كرده‌وه‌.

شه‌و، له‌سه‌ر پێستی مندا شه‌و بوو
شه‌و.

به ‌به‌رده‌می سه‌دان خانوودا
سه‌دان دره‌ختدا
سه‌دان شوێنپێی تۆدا كه‌ تاریكی دایپۆشیبوون
ده‌ڕۆیشتم و
ناوتم له‌بیر بوو كه‌ له‌ ده‌نگی پێی خۆم ده‌ترسام و
ڕامده‌كرد

 

 

 

(بەشدار سامی، ساڵی ١٩٨٤ لە دایک بووە. لە دەنگە نوێیەکانی شیعری کوردییە. تا ئێستا دوو کتێبی شیعریی چاپ کردووە، یەکەمیان بە ناوی «سبەی ڕۆژێکی دیکەیە»، ئەوی دیکە بە ناوی «ڕۆیشتن بە ئاراستەی مردووە بەڕێزەکان»، ئێستا کتێبی سێیەمی لە بەر دەستە. سامی هاوکات فۆتۆگرافەریشە. ئەو یەکێکە لەو شاعیرانەی تەواو سەبارەت بە خۆی و دنیاکەی خۆی دەنووسێت. لە زۆرێک لە شیعرەکانیدا بەردەوام کەسێک لەسەر شەقامەکانە و لێرەوە دەتباتە سەر باسی خۆشەویستی، ئازار، مرۆڤەکان و دەوروبەری.)


ئەم بابەتە 89 جار خوێندراوەتەوە