Mohamed_zahir.jpg

کتێبێک لەبارەى گرنگى جوگرافیای کشتوکاڵ چاپدەکرێت

وا بڕیارە بەمنزیکانە کتێبى (جوگرافیاى کشتوکاڵ) لە نوسینى هەردوو مامۆستاو ئەکادیمیستى زانکۆى کۆیە (پ. ى. د. ئه‌حمه‌د جەلیل ئیسماعیل و پ. ى. م. محەمەد زاهیر کوخاسادق) چاپبکرێت.

کتێبەکە،  له‌ کتێبخانه‌ی سۆفیا چاپکراوه‌، نوسەران مەبەستیانە خوێنەران ئاشنابن بەگرنگى جوگرافیاى کشتوکاڵ بە هەردوو لقى روەکى و ئاژەڵى و دیاریکردنى پەیوەندى جوگرافیاى کشتوکاڵى بەلایەنەکانى دیکەى ئابورى وڵاتەوە.

لە پێشەکی کتێبەکەدا هاتووە:

کەرتى کشتوکاڵى وەک کەرتێکى گرنگ لە نێو چالاکییە ئابوورییەکاندا بەیەکێک لە سەرەکیترین کەرتەکانى ئابوورى زۆربەی وڵاتانی جیهان دادەنرێت، چونکە خۆراک بۆ تەواوى دانیشتوانى جیهان دابین دەکات، وێڕاى دابین کردنى پێداویستییەکانى کەرتى پیشەسازیش کەپشت بەکەرستەى خاوى کشتوکاڵى دەبەستێت. سەرەڕاى ئەمەش ژمارەیەکى زۆرى دەستى کار لەخۆ دەگرێت و داهاتێکى بەرچاویــش بۆ ژمارەیەکى زۆر لە دانیشتوان پێکدێنێت.

کشتوکاڵ یەکێکە لەو چالاکیە ئابوریانەى کە بایەخ و گرنگى زۆرى هەیە لەژیانى هەر ئادەمیزادێک هەر لە کۆنەوە تاکو ئێستا مرۆڤ پیشەى کشتوکاڵى کردووە، لەسەردەمى کۆندا کشتوکاڵ بە شێوازێکى سادەو ساکار ئەنجام دەکراو تەنها بۆ پڕکردنەوەى پێداویستیەکانى ژیانى ڕۆژانەى کشتوکاڵى کردووە، هەروەها لەگەڵ پێشکەوتنى کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى کشتوکاڵیش گۆڕانى بەسەردا هاتووەو پێشکەوتنى بەخۆیەوە بینیووە، بەڵام لەسەردەمى ئێستادا بۆ بژێوى و بازرگانیش دەکرێت، تاوەکو زیاتر پەرە بە کشتوکاڵ بدرێت زیاتر پێداویستى یەکانى مرۆڤ پڕ دەکاتەوە.

بەروبوومى ڕووەکى و سامانی ئاژەڵ دوو لقی سەرەکى کشتوکاڵیین و پەیوەستن بە یەکترەوە، لە کۆنەوە تا ئیستا مرۆڤ پشتی بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەستووە، زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و بەرزبوونەوەی ئاستی گوزەرانی وایکردوە ڕۆژانە خواست و داوکاری لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان زیاد بکات، ئەمەش هانی مرۆڤی داوە کە زیاتر گرنگى و گەشە بدات بە کەرتی کشتوکاڵی لە ڕێی بەکارهێنانی ڕێگاوشێوازی نوێ لە بوارە جیاجیاکانی کشتوکاڵ.

شارەزایانی ئابووری هەمیشە جەخت لەسەر گرنگی کەرتی کشتوکاڵی دەکەنەوە بەتایبەتی لەو شوێنانەی کە بارودۆخی سروشتی ومرۆیی لەبارە، بەهۆی ئەوەی ئەم کەرتە ئابووریە کاریگەری زۆری هەیە لەسەرکەرتەکانی تری ئابووری وڵات بەتایبەتى کەرتی پیشەسازی و بازرگانی، واتا بە هاوکۆلکەی ونیادنانی ئابووری وڵات هەژماردەکرێت.

گرنگى و بایەخى لێکۆڵینەوە لە جوگرافیای کشتوکاڵ بە هەردوو لقى ڕووەکى و ئاژەڵى لەوە دەردەکەوێت کە پەرەپێدانى کشتوکاڵ بە بنەمایەکى گرنگ دادەنرێت بۆ هەموو لایەنەکانى ترى پەرەپێدان، جا چ پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی بێت یان کەرتی بازرگانی، جگە لە دابین کردنى پێویستییەکانى دانیشتوان لە خۆراک، هەروەها پەرەپێدانى کشتوکاڵى بەردەوام کە لایەنێکی گرنگی کشتوکاڵی هاوچەرخەو بەوە دەناسرێت کە پرۆسەیەکە هەموو لایەنە ئابورى و کۆمەڵایەتى و  ژینگە کشتوکاڵییەکان دەگرێتەخۆ بە ئامانجى پەرەسەندنى کەرتى کشتوکاڵى و  پەرەپێدانى ئەم کەرتە بەشێوەیەکى یەکسان بۆ بەرەنگاربوونەوەى زیادبوونى گەشەى دانیشتوان و سنورداربوونى سامانى سروشتى و ئابوورى.

مەبەستمان لە پەرتوکەدا ئاشنابوونە بە گرنگى جوگرافیاى کشتوکاڵى بە هەردوو لقى ڕووەکى و ئاژەڵی و ودیاریکردنی پەیوەندى جوگرافیاى کشتوکاڵى بەلایەنەکانی تری ئابووری وڵاتەوە بەمەبەستی دابینکردن و خستنەڕووى پێداویستییەکانى مرۆڤ لە خۆراک و جل وبەرگ و شوێنى حەوانەوە، هەروەها دەبێت ئەوەش بیزانین کە پێداویستى مرۆڤ بۆ خۆراک لە هەڵکشاندایە لە ئەنجامى زیادبوونى داخوازى لەسەر خۆراک بەهۆى زیادبوونى ژمارەى دانیشتوان بەرادەیەک کێشەى دابینکردنى خۆراک لە کێشە قورسەکانە کە ڕووبەڕووى مرۆڤ بۆتەوە، ئەگەر سەیری مێژووی ئابووری زۆربەی  وڵاتان بکەین بۆمان دەردەکەوێت کە مرۆڤ بەشێوەیەکى بەردەوام دووچارى برسیەتى بووە کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکار:

1- کەمى بەرهەمى کشتوکاڵى بەبەراوورد بە زیادبوونى ژمارەى دانیشتوان .

2- دابەشبوونى بەرهەمى کشتوکاڵى و زیادبوونى بەڕێژەیەکى نەگونجاو لەگەڵ زیادبوونى ژمارەى دانیشتوان.

گەشەکردنى بەرهەمى کشتوکاڵى لە هەندێک ناوچەدا زیاترە لە ژمارەى دانیشتوان و لە هەندێک ناوچەى دیکەى جیهاندا ڕێژەى بەرهەمهێنان کەمترە لە ڕێژەى زیادبوونى دانیشتوان، ئەمەش دەبێتە هۆى ڕوودانى برسیەتى لەکاتى هەر گۆڕانکاریەک لە بارودۆخى ئاووهەوایى کاردانەوەى لەسەر بەروبوومى کشتوکاڵى دەبێت جا بە شێوەى ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ.


ئەم بابەتە 196 جار خوێندراوەتەوە