Mamwzin.jpg

لە کتێبخانەى مەم و زین خوێندنەوە بۆ رۆمانێک دەکرێت

ناوەندی مەم و زین کۆڕێک بۆ ناساندن و واژۆکردنی تازەترین ڕۆمانی (ڕۆژێک له‌و ساڵانه‌ هه‌ڵده‌گرم) لە نوسینی (ئارام مەحەمەد) رێک دەخات.

وا بڕیارە رۆژی هەینی 31/1/2020 کاژێر (3)ى پاش نیوەڕۆ لە ناوەندی مەم و زین لە شارى هەولێر رۆمانی (ڕۆژێک له‌و ساڵانه‌ هه‌ڵده‌گرم)ی ڕۆماننووس ئارام محه‌مه‌د، کە  لە بڵاوکراوه‌کانی نووسیارە لە کۆڕێکدا ناساندن و واژۆکردنی بۆ بکرێت، واش بڕیارە لە کۆڕەکەدا نووسەر و توێژەر (پێشڕەو عه‌بدوڵڵا)، له‌باره‌ی ڕۆمانه‌که‌وه‌ چه‌ند سه‌رنجێک بخاته‌ ڕوو.

ئەم رۆمانە یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی نووسیار کە لە وەرزی نوێی کتێبەکانیدا بەچاپى گەیاندووە، له‌باره‌ی ئه‌م به‌رهه‌مه‌وه‌، ڕۆماننووس ئارام محه‌مه‌د پێشتر لە لێدوانێکى تایبەت بە سایتى گەلاوێژ وتبوى: ''به‌شێکی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌، خه‌ریکی ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ له‌ ڕابردوو، تاوه‌کو ئێستا و داهاتوو بخاته‌ به‌رده‌م تێگه‌یشتنێکی ڕوون و ئاڵۆزییه‌کان شڕۆڤه‌ بکات. ئه‌م کاره‌ ئه‌زموونێکی جیاوازی منه‌، له‌ بواری گێڕانه‌وه‌دا، جه‌خت کردنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر چه‌مکێکی گرنگ، که‌ خه‌ریکه‌ ده‌که‌وێته‌ په‌راوێزه‌وه‌، ئه‌ویش چه‌مکی ئازادیی تاکه‌، له‌به‌رده‌م پرسیاری ئه‌وه‌ی ئایا به‌ ڕاستی ئێمه‌ ده‌زانین ئازادی چییه‌، کاتێک به‌ر ئه‌و پانتاییه‌ که‌وتین چیمان لێهات، ئه‌ی ئێسته‌ چی بکه‌ین؟  بۆ ڕۆچوون له‌ ورده‌کارییه‌کان، پێویستمان به‌ قسه‌کردنه‌، گێڕانه‌وه‌ ده‌رگا‌ی ڕزگاربوونه‌‌ له‌ مۆته‌که‌ی ئه‌و حه‌کایه‌ته‌ی، که‌ نزیکه‌ی سی ساڵه‌ وه‌ک تارماییه‌ک به‌سه‌ر تاکه‌وه‌یه''.

لە پەڕەگرافێکى رۆمانەکەدا هاتووە:

''ئێستاکه‌ هیچ شتێک وه‌ک نووسین ئارامبه‌خش نییه‌، ئه‌وه‌تا له‌ به‌رانبه‌رتدا وه‌ستاوم و قسه‌ت بۆ ده‌که‌م. لێره‌ و له‌و ماوه‌یه‌دا ده‌توانم بارته‌قای هه‌موو ناخۆشییه‌کانی ژیانم چێژ له‌و گفتوگۆیه‌ وه‌ربگرم. ده‌مه‌وێت له‌ناو ئه‌و نووسینه‌دا تێر لێت بڕوانم و ئه‌و کارانه‌ی نیوه‌چڵنیان نه‌مکردوون، ته‌واویان بکه‌م. ده‌زانم ئه‌مه‌ کارێکی ئاسان نییه‌، لێ له‌ناو ئه‌و دۆخه‌دا قاڵ بوومه‌ته‌وه‌. ئیتر ئاوایه‌، مرۆڤ که‌ لایڕوون بوو بۆ کوێ ده‌چێت، باشتر ڕێگه‌که‌ ده‌بڕێت''.

بۆخوێندنەوەى بەشێک لە ژیانى رۆماننوس ئارام محه‌مه‌د کلیک لێرە بکە.


ئەم بابەتە 66 جار خوێندراوەتەوە