Aso_Chla.jpg

باخچەى چوارڕێیانى ئاسۆ عومەر سوارە کرایەوە

لە چلەى ماتەمینى هونەرمەندى کۆچکردوو ئاسۆ عومەر سوارە جێگرى سەرۆکى بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ باخچەى چوارڕێیانى ئاسۆ عومەر سوارە کرایەوە.

ئىمڕۆ هەینى 7/2/2020 کاژێر (10)ى بەیانى، بەئامادەبوونی هونەرمەندان و سینەماکاران و بنەماڵە و کەسوکاری، لە مەراسیمێکدا لە شەقامی قاسملۆ- دوو سایدی زەرگەتە باخچەی ئاسۆ عومەر سوارە کرایەوە.

لەسەرەتاى مەراسیمەکەدا هەمووان دەقیقەیەک بۆ گیانى پاکى کاکە ئاسۆ و سەرجەم هونەرمەندانى کۆچکردوو دەقیقەیەک وەستان، دواتریش لەلایەن بنەماڵە و کەس و کارى و هاوڕێیانى پەردە لەسەر وێنەى هونەرمەند ئاسۆ لادرا، دواتریش وتارى بەڕێوەبەرایەتى باخچەکانى سلێمانى خوێندرایەوە، لە سەرەتاى وتارەکەدا هاتووە، "شارى سلێمانى کە بە پایتەختى رۆشنبیرى ناسراوە بەبێ جیاوازى کرد لە ئاین و رەگەز و بیروڕا کەسایەتییە خۆشەویستەکانى لەبیر نەکردووە و گوزەر بەهەر کوچەو گۆڵان و شەقام و باخچەیەکى ئەم شارەدا بکەیت بەداستانێک ئاشنا دەبیت".

لە کۆتایى وتارەکەشدا هاتووە: "بەو هیوایەن بەناونانى ئەم باخچەیە لە رۆژى چلەى ماتەمینى کۆچى کاکە ئاسۆدا توانیبێتمان کەمێک لە برینى بنەماڵە و هاوڕێیانى هونەرمەندى کۆچکردوو سارێژ بکەین".

لە کۆتایشدا وتارى بنەماڵە لەلایەن خاتوو بەیان خێزانى هونەرمەند ئاسۆ عومەر سوارە خوێندرایەوە، لە وتارەکەیدا سوپاسى سەرجەم ناوەندە ئەدەبى و هونەرى و کەناڵەکانى راگەیاندن و هونەرمەند و سینەمەکارانى کرد، کە لە رۆژى کۆچى دوایى ئاسۆ عومەر سوارەوە تاکو ئەمڕۆ بەچەندین شێوازى جیاجیا لەگەڵ بنەماڵەکەیدا لە پرسەدا بوونە.

وا بڕیارە ئەمڕۆ کاژێر (3:30) لە مەراسیمێکى شایستەدا لەهۆڵى تەوارى هونەر بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ بەهاوبەشى لەگەڵ وەزارەتى رۆشنبیرى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ناوەندى میدیایى کوردسات چلەى هونەرمەندى کۆچککردوو ئاسۆ عومەر سوارە بکەنەوە.


ئەم بابەتە 222 جار خوێندراوەتەوە