barzan_hastyar.jpg

بۆ چلەی ئاسۆ سوارەی هاوڕێی چل ساڵ تەمەنم - ئاسۆی سوارە ، ئاسۆی گلێنەم

بەرزان هەستیار شاعیرى دورە وڵات لەچلەى ماتەمینى هونەرمەندى جوانەمەرگ ئاسۆ عومەر سوارە شیعرێکى لەواڵى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بڵاوکردەوە، ئەمەى خوارەوە دەقى شیعرەکەیە:

 بۆ چلەی "ئاسۆ سوارە "ی هاوڕێی چل ساڵ تەمەنم

" ئاسۆی سوارە ، ئاسۆی گلێنەم "
--
"زۆر سەختە باس لە مەرگی گوڵێک بکەیت و بەڵام هێشتا بەرامەی وەک خۆی لە باخەکەدا مابێت " ، ئاسۆ گیان بیرتە لە مەرگی شێرکۆی شیعر و شێرکۆی بێکەسدا وام وت ؟
ئەی ئێستا چۆن باس لە مەرگی مانگەشەوێک بکەم کە هێشتا بەر پەنجەرەی نائومێدیی و حەوشەو بانیژەی تەنیاییم ڕووناک دەکاتەوە !! لە کوێوە دەست بکەم بە گێڕانەوەی تەقینی ئەو هەموو کانیی پێکەنین و درەوشانەوە و ، کوژانەوەی ئەستێرەی ئەو هەموو شەڕ و نیگەرانیی و دیسان ماچ و قاقا و شێتییەمان !!
ئاسۆ ، ئەم کەمتەرخەمییەت لە چی ،کەسەکەم ؟ ئەزانیت ڕۆشتیت و نە ، ڕوخسەتت خواست و نە،گوڵی ماڵئاواییەکت لەبەر پەنجەرەی ژوورەکەمدا جێهێشت ، ئەو پەلە پەلەت لە چی بوو ؟ ئاگری ئەم سەفەرە کتوپڕە لە کوێیە هەڵی گرتی و چۆن شەرم نەیبرد بە ناخی ئەرزا و پڕکێشیی ئەوەی کرد بەربێتە خەرمانی خەونەکانت .
ئاسۆ ، مردنی تۆ واتە کشانی سەدان ئەستێرە و کوێربوونی ئاسمان و بەدارشەق ڕێکردنی مانگ .
مردنی تۆ بەچۆکداهاتنی کێوی ئاسوودەیی هاوڕێکانت و وشکەساڵیی زەردەخەنەی "بەیان و کاژین و سۆلین " و مانگگیرانی هەمیشەیی "دایە ڕووناک و مامۆستا عومەر " و هەڵوەرینی تەرزی مێوی خۆشبەختیی "چرۆ و هێرۆ و شنۆ و ناسک "و ئەژنۆ شلبوون و بێبڕستیی "ئاکۆ و شانۆ و ژینۆ"یە.
***
من لە هەموو کەس زیاتر بە گلەییم لێت ، بەر لەوەی بڕۆیت بۆ نەهاتیت شەڕێکی تر بە یەک بفرۆشین بۆ ئەوەی هەردووکمان بەردەوام دڵمان بۆ سڵاوێکی یەکتر لەسەر ئاگردانی چاوەڕوانیی بێت.
من لە هەموو هاوڕێکانت پتر ڕقم لێتە ، چونکە هێشتت هێندەم خۆش بوێیت کە لە ڕۆشتنتا نێو سنگی خۆم بگەڕێم بۆ سێبەرەکەت و نێو دڵم تەی کەم بۆ "نور "ی ڕووخسارت.
ڕۆشتنێک ڕۆشتیت ، نە ، لە بوخچەی پێچراوەی هیچ خەونێکدا بوو، نە، هیچ قەرەجێکیش لە لەپی دەستی کەسدا خوێندبوویەوە .
***
ئاسۆ گیان بەیانی جێممەهێڵە ، کە ڕۆشتیت هەتا بەر دەرکی سەرام بگەیەنە.
ئاسۆ لەگەڵ تۆمە ، ئاسۆ.. ئاسۆ.. ئاسۆ بەڕاستمە و دیسان مەیکەرەوە بە سوعبەت ، خۆ تۆ هەر ئەچیت بۆ بازاڕ، کەمێک چاوەڕێم بکە .
ئاسۆ بۆ وەڵامت نەدامەوە ، بۆ نەتوت پێنج دەقەی تر حازر نەبیت بەجێتدێڵم ؟
بۆ نەتوت کاری پەلەم هەیەو ناتوانم لەسەرت بوەستم ، بۆ نەتوت چەتەوڵی مەرگ لەبەر قاپیی دڵم وەستاوە و بە هەر دوو دەست بێ ڕەحمانە پیائەکێشێت و جاڕزی کردووم ؟
دە ئیتر منیش بەردەوام تەلەفۆنت بۆ دەکەم.. زڕ.. زڕ.. زڕ .هەر ئەبێ وەڵامم بەیتەوە ، هەر ئەبێ ڕۆژێکی تر پێکەوە بچینەوە بازاڕ و بە دەم ڕێوە نوقڵی قسە خۆشەکانی " نارین" بەش بدەیت ، زڕ.. زڕ.. زڕ .... چل ساڵە هاوڕێین ، کەچی وەڵامی مەرگت دایەوە و هی من نا ؟ زڕ..زڕ..زڕ دە هەر وەڵام مەدەرەوە بزانە هەتا قیامەت هەر زەنگت بۆ لێ نادەم ئاسۆی سوارە.. ، ئاسۆی گلێنەم .
---
بەرزان هەستیار
ئەڵمانیا/ کۆلن


ئەم بابەتە 134 جار خوێندراوەتەوە