Hazhar.jfif

لە ساڵڕۆژى کۆچى دوایى هه‌ژاری موکریانی شاعیردا

ئەمڕۆ ساڵڕۆژى کۆچى دوایى هه‌ژاری موکریانی شاعیری نه‌ته‌وه‌یی و زانای مێژوو و زمانەوانی گەورەی کوردە، کە له ته‌مه‌نی حەفتا ساڵیدا لە شاری کەرەج لە رۆژهەڵاتى کوردستان ماڵئاوایی کردو و لە گۆرستانی هونەرمەندانی مەهاباد بە خاک سپێردرا.

هەژار موکریانى، ناوى عەبدولڕەحمان محەممەد شەرفکەندییە، له ساڵی 1921 لە گوندی (تەرەغە)ی شارى بۆکان لە دایکبووە.

له شاری مه‌هاباد چۆتە بەر خوێندن لە حوجرەی فەقێیەتی بۆ ئەوەی ببێتە مامۆستای ئاینی .

له رۆژى 22/1/1946 لەکاتى دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان لە مه‌هاباد به سه‌رۆکایه‌تی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د بەشداری کردووه و وەک شاعیریکی شۆڕشگێڕ و نەتەوەیی دەرکەوتووە.

دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان کە تەمەنی تەنها (11) یازده‌ مانگی خایاند ، ئیدی دەردەسەری و ئاوارەیی بۆ هه‌ژار دەستی پێکرد و ڕوو دەکاتە باشوری کوردستان و دواییش له شاری به‌غدا نیشته‌جێ دەبێ.

لە ساڵانی سەرەتایی ژیاندا لە لای باوکیدا و دواتر لە لایەن مامۆستایانى ئایینى، گوڵستان و بووستانی سەعدی خوێندوە.

شیعرەکانی ئەحمەدی خانی، وەفایی و مەلای جزیری کاریگەری لە سەر ھەستی بووە.

لە ژیانیدا ئاوارەی زۆر چێشتووە سەردانی شارەکانی (ئێران، عێراق، سوریا و لوبنانی) کردووە.

لەدواى رێککه‌وتتنامه‌ی 11ی ئاداری ساڵی 1970ی نێوانی سه‌رکردایه‌تی شۆڕش و دەستەڵاتدارانی عێراق، هەژار دەچێتەوە به‌غدا بۆ ڕێکخستنی کاروباری یه‌کێتی نووسه‌رانی کورد.

له رۆژى 10/2/1970 کاتێک یه‌کێتی نووسه‌رانی کورد دامه‌زرا، بووە به سه‌رۆکی ده‌سته‌ی به‌ڕێوبه‌ر، هه‌مان کات ئه‌ندامی کارای کۆڕی زانیاری کورد بوو .

دواى سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەگەڕێتەوە ئێران و لە شاری کەرەج نیشتەجێ دەبیت.

لە رۆژى 21/2/1991 لە شاری کەرەج لە رۆژهەڵاتى کوردستان لە تەمەنى (70) ساڵیدا کۆچى دوایى کردوە.

به‌رهه‌مەکانی:

کوردی:

ـ بەیتی سەرە مەڕ، ساڵی ١٩٥٧.

ـ مەم و زین، ھەر بە ھۆنراوە لە کرمانجییە وەریگێڕاوەتەوە بۆ سۆرانی .

ـ بۆ کوردستان . دیوانی ھەژار، ١٩٦٥.

ـ شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی، لە فارسییەوە بۆ کوردی، 1972.

ـ چوارینەکانی خەیام. لە فارسییەوە بۆ کوردی.

ـ مێژووی ئەردەڵان.

ـ یەک لە پەنای خاڵ و سیفری بێ بڕانەوە ، نووسینی عەلی شەریعەتی، لە فارسییەوە بۆ کوردی .

ـ دایە ـ باوە کێ خراوە؟ نوسینی عەلی شەریعەتی لە فارسی بۆ کوردی.

ـ شەرحی دیوانی مەلای جزیری.

ـ بیرەوەریەکانی ژیان.

ـ قورئانی پیرۆز ـ کوردی.

ـ ھۆزی لە بیرکراوی گاوان ، نووسینی دوکتۆر مستەفا جەواد ، لە عەرەبییەوە بۆ کوردی.

ـ فەرهەنگی ھەنبانە بۆرینە «کوردی بە کوردی و فارسی»، تاران، ١٩٩٠.

ـ دیوانی شێخ ئەحمەدی جزیری، دەق و مانا لێکدانەوە.

ـ چێشتی مجێور ژیاننامەی خۆیی.

فارسی :

ـ تاریخ سلیمانیة (مێژووی سلێمانی).

ـ روابط فرھنگی ایران و مصر (پەیوەندیە کولتورییەکانی نێوان ئێران و میسر).

ـ قانون در طب، نوسراوەی ئیبن سینا لە عەرەبییەوە بۆ فارسی .

ـ آثارالبلاد و اخبارالعباد زکریا قزوینی لە عەرەبییەوە بۆ فارسی .


ئەم بابەتە 26 جار خوێندراوەتەوە