nabaz.jpg

کتێبی (مردن لەپێناو ئایدیاکاندا) بڵاوده‌کرێتەوە

بڵاوکراوەکانی نووسیار لە وەرزی نوێی کتێبەکانیدا به‌مزوانه‌ کتێبی (مردن لەپێناو ئایدیاکاندا) لە نووسینی  ('کۆستیکا براداتان) لە وەرگێڕانی (نەبەز سەمەد)  چاپ و بڵاو ده‌کاته‌وه.

له‌باره‌ی ئه‌م به‌رهه‌مه‌وه‌ وەرگێڕ نەبەز سەمەد ده‌ڵێت: ''ئەم کتێبە سەبارەت بەو فەیلەسوفانەیە کە لەپێناو فەلسەفە و ئایدیاکانیاندا مردوون. کۆستیکا سەرەتا بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش فەیلەسوفمان پێدەناسێنێت، فەیلەسوف کێیە؟ لەم ڕێگەیەوە پێناسەیەکی نوێ بۆ فەلسەفە دەکات. پاشان باس لە مەرگ دەکات وەک کێشەیەکی فەلسەفی کە فەیلەسوفان پێوەی خەریکن. لێرەدا فەیلەسوف بە مەرگی ئەوانی دیکەوە خەریکە نەک هی خۆی. دواتر لە بەشەکانی دیکەی کتێبەکەدا باس لە ڕووبەڕووبوونەوەی فەیلەسوف دەکات لەگەڵ مەرگی خۆی. کاتێک فەیلەسوف لە نێوان دوو بژاردەدایە: لە ئایدیاکانی پەشیمان بێتەوە و بەزیندوویی بمێنێتەوە یان بۆ ئایدیاکانی وەفادار بمێنێتەوە و بمرێت. لێرەدا فەیلەسوف مەرگ هەڵدەبژێرێت. لە کۆتاییدا، کۆستیکا نمایشی مەرگی فەیلەسوفمان پیشان دەدات و چۆن ئەم مەرگە لەناو کۆیادەوەری خەڵک بەزیندوویی دەمێنێتەوە و کاریگەرییەکی گەورە لەسەر کۆمەڵگە بەجێدەهێڵێت.''

لە بەشێکى کتێبەکەدا هاتووە:

'' داخۆ چ شتێکی هاوبەش سۆکراتێس، هایپاتیا، گۆردانۆ بڕۆنۆ، تۆماس مۆر و یان پاتۆچکە کۆ دەکاتەوە؟ یەکەم، ئەوان هەموویان ڕۆژێک ڕووبەڕووی قورسترین هەڵبژاردن بوونەتەوە: بەدڵسۆزی مانەوە بۆ ئایدیاکانت و مردن یان پەشیمانبوونەوە لە ئایدیاکانت و بە زیندوویی مانەوە. دووەم، ئەوان هەموویان مردنیان هەڵبژارد. مەرگە کاریگەرەکەیان نەک تەنیا بوو بە بەشێکی کڕۆکی لە ژیانیان، بەڵکو بوو بە بەشێکی جیانەکراوە لە ئیشە فەلسەفییەکانیان. ''مەرگ لەپێناو ئایدیاکاندا'' لە خودی خۆیدا ئیشێکی فەلسەفییە؛ سۆکراتێس ڕەنگە یەک دێری نەنووسی بێت، بەڵام مەرگەکەی هەموو کات یەکێک بووە لە ئیشە فەلسەفییە پڕ بایەخەکان.

کتێبی ''مردن لەپێناو ئایدیاکاندا'' لە چەندین گۆشەوە چیرۆکی ئەزموونی فەیلەسوف لەگەڵ مەرگ بۆ ئێمە دەگێڕێتەوە: لە ترادیسیۆنی فەلسەفە وەک هونەری ژیاندن، جەستە وەک شوێنی خۆ-تێپەڕاندن، مەرگ وەکو بابەتێکی کلاسیکیی فەلسەفە، ڕامکردنی مەرگ و خۆ-ئەفراندن. لە کۆتاییدا، قوربانیبوونی فەیلەسوف و نمایشی زیندووی مەرگی فەیلەسوفی-شەهید، پاشان بە ونبوون لەنێو ئەفسانەدا کۆتایی دێت.

''مردن لەپێناو ئایدیاکاندا'' ڕاهێنانێکە بۆ تێکشکاندنی سنووری دیسپلینە جیاوازەکان. ئەمە کتێبێکە لەبارەی سۆکراتێس و هایدێگەر، هەروەها لەبارەی ''برسیبوون تا مەرگ''ی گاندی و خۆ-سووتاندن، گیرارد و پازۆلینی، لەبارەی خۆ-ئەفراندن و هونەری گۆتار.''

کۆستیکا براداتان: فەیلەسوفێکی ڕۆمانیایی_ئەمریکییە، ئێستا پرۆفیسۆری فەلسەفەیە لە زانینگەی تەکساس لە ئەمریکا. ئەو پتر لەبارەی فەلسەفەی مەرگ، ئاین، فەلسەفەی ئەدەب و فیلم ئیش دەکات. کۆستیکا چەند کتێبێکی نووسیوە لەوانە: مردن لەپێناو ئایدیاکاندا، لە ستایشی شکستدا: مانیفێستۆی شەرمەزاری. هەروەها لە چەندین گۆڤار و ڕۆژنامەدا وتار دەنووسێت.  ‌

 نەبەز سەمەد لە چەند دێرێکدا:

پیشەى ئەدەبى: نووسەر و وەرگێڕ.

لە ساڵی 1988 لە شارى کۆیە لە دایکبووە.

لە ساڵى 2011 بڕوانامەى بەکالۆریۆسی لە فەلسەفە لە زانکۆی کۆیە بەدەستهێناوە.

لە ساڵی 2015  لە زانکۆی مانچێستەر/ بەریتانیا ماستەری لە ئێتیک و فەلسەفەی سیاسی بەدەستهێناوە.

کتێبی ''هزراندنی هونەر''ی ئانتوون ڤان دێن برامبوشی لە ئینگلیزییەوە کردووە بە کوردی، کە ساڵی ٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە.

لە ئێستادا مامۆستایە لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانى زانکۆی سلێمانی.


ئەم بابەتە 84 جار خوێندراوەتەوە