Mamwzin.jpg

هەولێر، رۆمانى ژنەکان وڵاتیان نییە خوێندنەوەى بۆ دەکرێت

دواى ئەوەى لەماوەى رابردوودا ڕۆمانی ژنەکان وڵاتیان نییە لە نوسینى (ئەژین عەبدولخاڵق) بڵاوکرایەوە، ئەمڕۆ لە شارى هەولێر رێوڕەسمى بڵاوکردنەوە و واژووکردنى بۆ دەکرێت.

وا بڕیارە ئەنڕۆ چوارشەممە 4/3/2020 کاژێر (4)ى ئێوارە لە کتێبخانەى مەم و زین لە شارى هەولێر رێوڕەسمى بڵاوکردنەوە و واژووکردنى  ڕۆمانی ژنەکان وڵاتیان نییە لە نوسینى (ئەژین عەبدولخاڵق) بەڕێوەبچێت.

ڕۆمانی ژنەکان وڵاتیان نییە، باس لە رووحی ژن و مەینەتیەکانی ژن دەکات، ماردین ئیبراهیم پێشەکى بۆ نوسیوە، هەروەک لە بەشێکى پێشەکیەکەدا هاتووە: "بۆمن ئەم رۆمانە زیاتر وەستانە لەسەر پرس و گرفتى ناسنامە، کێشەى کەسێک کە لەناو ناسنامە جیاوازەکانى خۆیدا پەرت بووە، لەنێوان شوێن و یادەوەریدا پارچە پارچە بووە. کاراکتەرى سەرەکى خەونێکى هەیە، پێى وایە بە راکردن لە جوگرافیاى سروشتى و کۆمەڵایەتى خۆى بەخەونەکەى دەگات، وایدەبینێت کە راکردن لە وشێن دەیخاتە ناو ئارامیى و ئاسوودەیى، بەڵام کاتێک بۆى دەردەکەوێت کە کێشەى ئەو زۆر لە مەسەلەى شوێن قوڵترە، بۆیە تا زیاتر لە شوێنى فیزیکى و ریاڵ دوور دەکەوێتەوە زیاتر دەکەوێتە ناو تۆڕەکانى شوێن، بەڵام ئەمجارەیان شوێن وەک دۆخێکى سایکۆلۆجى، ئەو کە ژنێکە بە کوڕێکى رادەکات، بەڵام هەموو رابردوو بەدوایەوەیە، دواجار تێدەگات کە ئەو لە چاڵى ڕەشى شوێنى جوگرافى رایکردووە و کەوتۆتە ناو چاڵى رەشى یادەوەرییەوە، ئەمەش وا دەکات بۆ ئەبەد بەغەریبى بمێنێتەوە".


ئەم بابەتە 55 جار خوێندراوەتەوە