Fayaq_sahid.jpg

دوایین کتێبی فایەق سەعید لەسەر پەروردە بڵاودەکرێتەوە

ناوەندى غەزەلنووس بەمزوانە نوێترین کتێبى فایەق سەعید لەسەر پەروردە بڵاودەکاتەوە.

وا بڕیارە بەمزوانە کتێبى لیۆ ڤیگۆتسکی - تیۆریى سۆسیۆکولتورى و پەروەردەى هاوچەرخ لە نوسینى فایەق سەعید لە ناوەندى غەزەلنوس چاپبکرێت و لە مەراسیمێکدا بڵاوبکرێتەوە.

نوسەر لەبارەى کتێبەکەوە نوسیویەتى:

"ئەم کتێبە یەکەمین لێکۆڵینەوەیەی بەرفراوانی کوردییە دەربارەی تیۆرییەکانی ڤیگۆتسکی، ئەو پەروەردەناسەی کە بەرهەمەکانی لە ولاتەکەی خۆی قەدەغە کرا، بەڵام لە رۆژائاوا بووە یەکەمین پەروەردەناسی دوای پیاژێ کە توانی تا ئێستاش لە خوێندنگەکاندا بە زیندوویی بمێنێتەوە. مامۆستا لەلای ڤیگۆتسکی زۆر گەورەیە، چونکە دەتوانێ لە ڕێگەی دیداکتیکەوە گەشەسەندنی منداڵان خێراتر بکاتەوە و فێری ئەوەیان بکات هاوکاری یەکتر بکەن و وانە بەیەک بڵێنەوە. ڤیگۆتسکی ئەو پەروەردەناسە بوو کە بۆ جیهانی سەلماند زمان دەتوانێ بیرکردنەوە دروست بکات، یاریکردن عەقڵی منداڵان گەورەتر دەکاتەوە و مامۆستا لە ڕێگەی میتۆدی ئەسکەلەوە دەتوانێ خوێندکاران بەهێز بکات. تۆ پێویستت بە ڤیگۆتسکی هەیە بۆ ئەوەی شارەزاییت لە پەروەردەی هاوچەرخ هەبێت و بۆ ئەوەی بزانیت سوود لە هەموو ئامرازەکانی دەوروبەرت وەربگریت بۆ بەرجەستەکردنی ئەو پەروەردەیە. ڤیگۆتسکی فێرمان دەکات کە چۆن دیالۆک، ئینتەراکسیۆنی کۆمەڵایەتی، فەنتازیا، یاریکردن و ژیانی پێکەوەیی ناو خوێندنگەکان، دەتوانن ببنە بنەمای گەشەکردن. ئەگەر تۆ بتوانیت ڤیگۆتسکی لە پۆلەکەی خۆتدا پیادە بکەیت، واتە تۆ هاوشانی مامۆستا هاوچەرخەکانی جیهان گەشەی دەکەیت".


ئەم بابەتە 60 جار خوێندراوەتەوە