krim2.jpg

کەریم شارەزا، ئەو شاعیرەى چەندین جار لەسەر هەڵوێستەکانى دورخرایەوە

کەریم شارەزا، ناوی تەواوی کەریم مستەفا حەماغای حەوێزییە، لە رۆژى 4/3/1928 لە گەڕەکی هەواوان لە شارى کۆیە لە دایکبووە، لە ساڵی 1935 چووتە بەرخوێندن لە خوێندنگاى یەکەمی کۆیە سەرەتایى لە شارى کۆیە، لە ساڵى 1946 قۆناغی ناوەندی لە کۆیە تەواو کردووە، لە ساڵی 1946 چوەتە شارى بەغدا و لە خانەی مامۆستایانی سەرەتایی لە ئەعزەمیە وەرگیراوە، لە ساڵى 1950 لە خانەی مامۆستایان خوێندنی تەواو کردووە.

لە رۆژى 9/10/1950 بە مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی یەکەمی کۆیە دامەزراوە و وانەکانی عەرەبی و کوردی گوتۆتەوە، دوای (11) ساڵ خزمەت، لەسەر هەڵوێستی سیاسی دوور خراوەتەوە بۆ شارى (زیقار)- (ناسریە) و لە گوندێکی نزیک قەزای (شەترە) کراوە بە مامۆستای زمانی عەرەبی، لە ساڵى 1952 یه‌که‌م به‌رهه‌می له‌ گۆڤاری هه‌ولێر بڵاوکردۆتەوە.

لە رۆژى 7/12/1964 تەنسیب کراوە بۆ دواناوەندی شەیرە بۆ وتنەوەی وانەى عەرەبی لە پۆلی سێیەمی ناوەندیی دا، لە ساڵى 1966 جارێکى دیکە گوێزراوەتەوە بۆ مەخموور بووە بە مامۆستای خوێندنگاى سەرەتایی لە قەراج، لە ساڵى 1968 گوێزراوەتەوە بۆ ناو شاری هەولێر و لە خوێندنگاى سەرتایی نموونەی هەولێر کراوە بە مامۆستای کوردی و عەرەبی، لە دوای رێککەوتنامەی 11ی ئاداری 1970دا کراوە بە بەڕێوەبەری قوتابخانەی (کۆڕەک)ی سەرەتایی کوڕان لە هەولێر.

لە رۆژى 31/8/1971 گوێزراوەتەوە بۆ بەرێوەبەرایەتی قوتابخانەی (هەڵگورد)ی سەرەتایی کوران، کە خوێندن تێیدا بەعەرەبی بووە و ئەم بەفەرمانی بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی هەولێر خوێندنەکەی کردووە بە کوردی،  لە دواى (20) ساڵی مامۆستایەتی و (12) ساڵیشی بەرێوەبەرایەتی خوێندنگا، خۆی خانەنشین کردووە.

لە ساڵى 1970 لەگەڵ دامەزراندانی یەکێتی نووسەرانی کورد بووتە ئەندام تیایدا، لە هەمان ساڵدا لە دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی نووسەرانی کورد- لقی هەولێر بووە، کە لە رۆژی 3/12/1970 مۆڵەتی فەرمی وەرگرتووە.

لە ساڵی 1973دا بە ئەندامی یاریدەدەری کۆری زانیاری کورد لە بەغدا هەڵبژێردراوە، لە ساڵى 1978 لە کۆنفرانسی یەکەمی یەکێتی نووسەرانی کورد- لقی هەولێر بە سکرتێری دەستەی بەڕێوەبەر هەڵژێردراوە، لە ساڵى 1983 بە سەرۆکی یەکێتی نووسەرانی کورد- لقی هەولێر هەلبژێردراوە، لە هەموو کۆنگرە و سیمیناری و میهرەجانەکانی یەکێتی نووسەرانی کورد بەشداری کردووە.

لە ساڵی 1997 دوای دامەزراندی ئەکادیمیای کوردستان بووە بە ئەندامى ئەکادیمیای کوردستان،  لە ساڵى 1993 بە یاریدەدەری ئەکادیمیای کوردستان هەڵبژێردراوە تاکو ساڵی 2013 کاری وەرگێڕان یاسا و بڕیارەکانی پەرلەمانی کوردستانی کردووە.

لە شەوى 22-23/5/2015 بە هۆى نەخۆشى لە شارى هەولێر کۆچى دوایى کردووە و رۆژى 23/5/2015 لە مەراسیمێکى شایستە لە گۆڕستانى دەروێش خدر لە شارى کۆیە بەخاکسپێردراوە.

خاوەنى چەندین بەرهەمى چاپکراوە، لەوانە:

- ئازادی و ژیان- دیوانی شیعر- بەغداد، 1960.

- کۆیە و شاعیرانی- بەرگی یەکەم، لێکۆڵینەوەی ئەدەبی- بەغداد، 1961.

- رێگەی دەور- دیوانی شاعیر- نەجەف، 1971.

- گفتوگۆیەکی ئەدەبی- هاوبەش- بەغداد، 1973.

- ئەسیری شاعیر- بە هاوبەشی لەگەڵ جەبار جەباری- هەولێر، 1974.

- پەندی پێشینان لە شیعری کوردیدا- بەغدا- کۆری زانیاری، 1976.

- لە یادی گێوی موکریانی دا- ئامادەکردن، هەولێر، 1982.

- سێوەی هونەرمەندی کورد- لێکۆڵینەوە- بەغداد، 1982.

- پەندی بەروار کاری- لێکۆڵینەوە- بەغداد، 1982.

- چەپکێک لە شیعرەکانی سامی عەودال- بەغداد، 1982.

- نالی زمانی ئەدەبی یەکگرتووی کوردی- لێکۆڵینەوە- بەغداد، 1984.

- دیوانی حاجی قادری کۆیی- بەغداد، 1986.

-  ناودارانی جیهان- بەرگی یەکەم- سلێمانی، 2007.

- ئەفسانە لە شیعری هاوچەرخی کوردیدا- هەولێر، 2007.

- کۆیە لە رەوتی شارستانیەتدا(هابەش)- هەولێر، 2009.

- مەلا ئەسعەدی مەقامبێژ کورد- بە هاوبەشی لەگەڵ حوسین حاجی قادر- هەولێر، 2011.

- جگە لەم بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییە چاپکراوانەیشی (9) کتێبی قوتابخانەی قۆناغی سەرەتایی و ناوەندیی ئامادەیی لەگەڵ مامۆستایانی پسپۆڕ داناوە یا وەرگێڕاوە و بە چاپ گەیشتوون.

- جگە لەسەدان و تار و لێکۆڵینەوەی تریشی لە گۆڤار و رۆژنامەکوردییەکان نووسیوە زۆر بەیان بە کوردی و هەند یکیکیشان بە زمانی عەرەبی بوون.

کۆمەڵێک بەرهەمی دیکەشی لەداوای خۆی بەدەستنووس ماونەتەوە لەوانە:

- مع أعلام الکورد مجلة واحد.

- لەگەڵ ناودارانی کورد- یەک بەرگ.

- ناودارانی جیهان بەرگی دووم.

- دیاردە دژبەیەکەکان و رەنگدانەوەیان لە پەندی پێشینان و ئیرۆمی کوردیدا.

- کۆیە و شاعیرانی (لێکۆڵینەوەیی ئەدەبی) بەرگی دووەم.


ئەم بابەتە 78 جار خوێندراوەتەوە