kteb.jpg

بەشی یانزه‌هه‌م: هەڵسەنگاندنی كتێبی سەرۆكی سەنگاپورە (من العالم الثالث إلی الأول)

مەلا بەختیار

له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌نگاپوره‌، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كرێكاران ئه‌زمونێكی هێژای هه‌یه‌ (هێژا، واتا: شتێكی به‌نرخ) هه‌ڵه‌یه‌ له‌بری (به‌ڕێز) یان (رێزدار) به‌كاربێ‌! بۆیه‌، له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌تی كرێكاران به‌رده‌وام بوین.

له‌پێش شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌، تێڕوانین بۆ كرێكاران، جیاواز بووه‌. ئه‌و سه‌ركردانه‌ی له‌مێژوودا به‌ناوی سۆسیالیزمی كرێكارییه‌وه‌ نه‌فره‌تیان لێكرا (ئێمه‌ش دوای ئه‌و نه‌فره‌ته‌ كه‌وتین) ده‌یانوت: كرێكار كاتێك ده‌توانێ‌ رابه‌رایه‌تی وڵات‌و سیسته‌می سۆسیالیستی بكات، ئاستێكی به‌رزی هۆشیاری‌و ته‌كنیكی‌و سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارێتی هه‌بێ‌. كۆمۆنیسته‌ توندڕه‌وه‌كان، به‌تایبه‌تی له‌دوای شۆڕشی ئۆكتۆبه‌رو زوو سه‌پاندنی سیسته‌می سۆسیالیستی پێش شۆڕشی دیموكراسی، ئه‌و بۆچونه‌یان ره‌تده‌كرده‌وه‌و جه‌ختیان ده‌كرد كه‌ پارتی كۆمۆنیست ده‌توانێ‌ له‌بری كرێكاران، رۆڵی وشیاری چینایه‌تی‌و ده‌سه‌ڵاتی سۆسیالیستی بگێڕێ‌. شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر، له‌سه‌رده‌می لینینه‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌دوای مه‌رگی لینینه‌وه‌، له‌هه‌ردوو جه‌ژنه‌كه‌ بون. گوایه‌ ده‌یانویست كرێكاران له‌ ده‌سه‌ڵاتدابهێڵنه‌وه‌و پارتی كۆمۆنیست (بۆلشه‌ویكه‌كان) رۆڵی وشیاری چینایه‌تی-ده‌سه‌ڵاتی سۆسیالیستی بگێڕن، به‌ڵا ئه‌زمون ده‌ریخست، ئه‌و تێزه‌ بێ پێزه‌، سه‌رینه‌گرت!! (به‌نده‌ له‌ساڵی 1989وه‌، ئه‌م ره‌خنانه‌م نوسیووه‌. نه‌ك تازه‌ بۆم ده‌ركه‌وتبێ‌).

سه‌رۆكی سه‌نگاپوره‌، نه‌ك كۆمۆنیست نه‌بوو، به‌ڵكو كۆمۆنیسته‌كان دژیشی بون. بڕوانن بۆ كرێكاران جگه‌ له‌ ده‌ستكه‌وت‌و خۆشگوزه‌انی چی كردووه‌، ده‌ڵێ‌:

"ساڵه‌ها به‌رده‌وام ئه‌نجومه‌نم هانده‌دا كۆلێژی كرێكاری دروستبكرێ‌. ساڵی 1990 به‌هاوكاری به‌ڕێوبه‌ری كۆلێژ سكین، په‌یمانگای كرێكاران بۆ خوێندنی په‌یوه‌ندی نێوان به‌ڕێوه‌به‌ری‌و كرێكاران‌و نشونمای لێهاتویی بۆ رابه‌رایه‌تی دروستكرا".

ئه‌شڵێ‌: "له‌ ژاپۆنیه‌كانه‌وه‌ زانییمان كه‌ كرێكارانیان زۆرتر پیشه‌گه‌ر، فره‌ لێوه‌شاوه‌، نه‌رم‌ونیان، توانای خۆگونجاندن، كه‌متر له‌ كار دواده‌كه‌وون‌و كه‌متریش له‌ كۆمپانیاكه‌وه‌ بۆ هی تر ده‌گوازنه‌وه‌..".

له‌مه‌وه‌ به‌راورده‌كه‌ وا ده‌ركه‌وت كه‌ كرێكارانی سه‌نگاپوره‌، خۆیان‌و رابه‌ره‌كانیان نه‌یانده‌ویست له‌و پیشانه‌ كار بكه‌ن كه‌ ده‌ستیان پیس ده‌كات. ژاپۆنیه‌كانیش، به‌ كرێكارو فه‌رمانبه‌ره‌وه‌ ئاماده‌ بون خۆیان ئامێره‌كان بپارێزن‌و كاریشیان پێ بكه‌ن.

دیقه‌ت بدرێ‌، كرێكاری په‌روه‌رده‌كراو، راهێنراو له‌گه‌ڵ سه‌روی خۆی، چۆن ده‌توانێ‌ كرێكارێكی به‌رهه‌مدار، له‌هه‌مانكاتدا، كۆمپانیاپارێز بێ‌. سه‌ره‌نجام، به‌مه‌ش نه‌وه‌ستاوون، پارتی كاری میللی ده‌سه‌ڵاتدارو ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی سه‌ندیكاكانی كرێكاران، هانده‌ر بون چه‌ند ئه‌ندامێكی په‌رله‌مان بچنه‌ ریزی سه‌ندیكاكان‌و هه‌ندێكیشیان بكرێنه‌ راوێژكاری سه‌ندیكا. ئه‌مانیش پرسی كرێكارانیان له‌په‌رله‌ماندا ده‌خسته‌ڕوو. سه‌رۆكی سه‌نگاپوره‌ له‌سه‌ر كۆی ئه‌و بۆچونانه‌ ئه‌م رسته‌ جوانه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ (134)دا ده‌نوسێ‌:

"كلیلی ئاسایش‌و ئاشته‌وایی‌و هاوئاهه‌نگی له‌ناو كۆمه‌ڵدا، هه‌ستكردنه‌ به‌ دادپه‌روه‌ری‌و هه‌موو یه‌كێك پشكی له‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ هه‌بێ‌ كه‌ به‌دیمان هێناوه‌".

ده‌ك.. ئافه‌رین. كرێكار، كاتێك گوزه‌رانی باش ده‌كرێ‌. په‌روه‌رده‌ ده‌كرێ‌. كۆلێژی وه‌كو هه‌موو ده‌رچویه‌ك بۆ داده‌نرێ‌.. په‌یوه‌ندی شیاو له‌گه‌ڵ خاوه‌ن كار بۆ داده‌مه‌زرێ‌.. دیاره‌، ته‌واوی توانای ده‌خاته‌ كار بۆ خزمه‌ت‌و به‌رهه‌م.. كوت‌ومت هه‌روه‌كو كوردستان دوای (29) ساڵ له‌ سه‌ركه‌وتن.. كه‌ مه‌خابن، پێچه‌وانه‌كه‌ی راسته‌!


ئەم بابەتە 45 جار خوێندراوەتەوە