kteb.jpg

بەشی دوانزه‌هه‌م: هەڵسەنگاندنی كتێبی سەرۆكی سەنگاپورە (من العالم الثالث إلی الأول)

مەلا بەختیار

سۆسیالیزم‌و سیسته‌می سۆسیالیستی، دوو سه‌ده‌یه‌، بگره‌و به‌رده‌ی فه‌لسه‌فی‌و ئایدیۆلۆژی له‌سه‌ره‌. سه‌ده‌یه‌كیش تێپه‌ڕی به‌سه‌ر یه‌كه‌مین ئه‌زمونی سۆسیالیستی (با واز له‌ كۆمه‌ڵه‌ی پاریس1871 بێنین) له‌ شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌-1917، سیسته‌می سۆسیالیستی به‌ رێبازی جیاوازی رابه‌ره‌كان، تاقی ده‌كرێته‌وه‌ (شوره‌وی، رۆژهه‌ڵاتی ئۆروپا، چین، كوبا، كۆریا) به‌ڵام یه‌ك سیسته‌م نه‌یتوانیوه‌ بیسه‌لمێنێ‌، دوای سه‌د ساڵ، له‌ بونیاتنانی سیسته‌می سۆسیالیستی سه‌ركه‌وتوو بوبێ‌. كه‌ ئه‌مه‌یان جێی داخه‌. به‌ڵام ده‌سته‌واژه‌ی داخ، یه‌ك دونیا دیالۆگ‌و ره‌خنه‌ هه‌ڵده‌گرێ‌. ئێره‌ جێی نییه‌! دیقه‌وت بده‌ین (لیو كوان یو)ی بونیاتنه‌ری سه‌نگاپوره‌ی مۆدێرن، له‌مه‌ڕ سۆسیالیزم ده‌ڵێ‌ چی: "باوه‌ڕمان به‌ سۆسیالیزم وه‌كو میتۆد كرد كه‌ هه‌موو كه‌سێك پشكی له‌ سه‌روه‌ت‌و سامان هه‌بێ‌. به‌ڵام له‌ئاكامدا تێگه‌یشتین كه‌ هانده‌ری خۆیی (ذاتی)‌و خه‌ڵاتی تاك بۆ ئابوری به‌رهه‌مهێن زۆر گرنگه‌. چونكه‌ تواناو لێهاتویی ئاده‌میزاد وه‌كو سروشت چونیه‌ك نییه‌. هه‌روه‌ها تێگه‌یشتین كه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌ستی ته‌نها به‌ بازاڕی ئابوری بدرێ‌ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی خزمه‌ته‌كان‌و به‌ره‌نجامه‌كانی، سه‌ره‌نجام كه‌مایه‌تیه‌كی كه‌می سودوه‌رگرمان ده‌بێ‌. كه‌مێكیش سودوه‌رگری ناوه‌نجی‌و ژماره‌یه‌كی زۆریش زه‌ره‌رمه‌ند. ئه‌مه‌ش هه‌ستی دڕدۆنگی‌و په‌ژاره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئاكامی نه‌بونی دادپه‌روه‌ری ده‌خوڵقێنێ‌". بڕوانه‌ لاپه‌ڕه‌ (136).

چه‌ند بلیمه‌تیه‌، تێگه‌یشتن له‌ سروشتی مرۆڤ‌و ناخ‌و ئاره‌زووه‌ خه‌فه‌كراوه‌كانی مرۆڤ. هه‌ر سه‌ركرده‌و فه‌لسه‌فه‌و سیاسیه‌ك، له‌م راستییه‌ ده‌رونیانه‌ی مرۆڤ، تێنه‌گات، له‌ده‌سه‌ڵاتدا شكست ده‌خوات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی وه‌كو ماركسیزمیش بێ‌. له‌م راستییه‌ به‌ڵگه‌نه‌ویستانه‌ی سروشت‌و ناخی مرۆڤه‌وه‌، سه‌رۆكی سه‌نگاپوره‌، بیری له‌ دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی (سۆسیالیزم) كردۆته‌وه‌، نه‌ك ته‌نها له‌ تێزی په‌تیی فه‌لسه‌فیه‌كانه‌وه‌. له‌م تێگه‌یشتنه‌ ده‌رون شیكارییه‌ی مرۆڤه‌وه‌، سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌ ده‌ڵێ‌:

"خولیای سه‌ره‌كیم له‌ پله‌ی یه‌كه‌مدا ئه‌وه‌ بووه‌، هه‌موو هاوڵاتییه‌ك له‌ نیشتمان‌و له‌ پاشه‌ڕۆژ، پشكی هه‌بێ‌. كۆمه‌ڵێكم ده‌ویست هه‌موو كه‌سێك خانوی خۆی هه‌بێ‌. ده‌مبینی جیاوازیی گه‌وره‌ له‌نێوان نهۆمه‌ هه‌رزان‌و بێفه‌ڕ‌و بێخزمه‌ته‌كان‌و كۆشكه‌ باشه‌كان هه‌بوو، كه‌ خاوه‌نه‌كانیان لافی پێوه‌ لێده‌ده‌ن. باوه‌ڕم وابوو ئه‌گه‌ر هه‌موو هاوڵاتییه‌ك خانوی خۆی هه‌بێ‌ سه‌نگاپوره‌ زیاتر سه‌قامگیر ده‌بێ‌. بۆیه‌ دوای سه‌ركه‌وتنمان له‌ هه‌ڵبژاردنی 1963 كه‌ هێشتا سه‌نگاپوره‌ به‌شێك بوو له‌ مالیزیا (وه‌كو ئێستای هه‌رێمی باشورو عێراق) له‌ هه‌یئه‌تی نیشته‌جێبون‌و په‌ره‌پێدان داوام كرد به‌رنامه‌ی موڵكدارێتی شوقه‌كانی نیشته‌جێبون رابگه‌یه‌نن".

ئه‌و به‌رنامه‌یه‌، له‌ڕوی تاك‌و خێزان‌و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌، سه‌ره‌تای وه‌رچه‌رخانێكی سیاسی گه‌وره‌ بووه‌ بۆ وه‌رگرتنی رای گشتی‌و متمانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی. چۆن؟

با وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بۆ به‌شی سیانزه‌هه‌م هه‌ڵبگرین.


ئەم بابەتە 51 جار خوێندراوەتەوە