kteb.jpg

بەشی سیانزه‌هه‌م: هەڵسەنگاندنی كتێبی سەرۆكی سەنگاپورە (من العالم الثالث إلی الأول)

مەلا بەختیار

نه‌خشه‌ی ستراتیژی بۆ گۆڕانكاری، له‌ وڵاتی هه‌ره‌ دواكه‌وتوشدا، ئه‌گه‌ر ئه‌ستۆپاكی هه‌بێ‌، سه‌رده‌كه‌وێ‌.

سه‌نگاپوره‌، كاتێك ده‌ستیان پێ كردووه‌، به‌راورد له‌گه‌ڵ راپه‌ڕینی 1991، كوردستان له‌وێ‌ پێشكه‌وتوتر بووه‌. ژینگه‌ و سامانه‌ سروشتیه‌كه‌شی له‌ سه‌نگاپوره‌ زۆر باشتر بووه‌. بۆئه‌وه‌ی به‌راورده‌كه‌ جوانتر ده‌ربخه‌ین، فه‌رمون بزانن ئه‌وان چۆن بوون. سه‌رۆكی ئه‌م وڵاته‌ دواكه‌وتووه‌، كه‌ كراوه‌ته‌ پێشكه‌وتوو، ئاوایان باس ده‌كات:

"نوسینی ده‌ستكه‌وته‌كانی (30) ساڵ له‌ چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كدا، ئاسان‌و ئاسایی دیاره‌. وه‌لێ‌ كێشه‌گه‌لی زۆرمان رووبه‌ڕووبۆته‌وه‌. به‌تایبه‌تی له‌قۆناغی یه‌كه‌می نیشته‌جێكردنی جوتیارو خه‌ڵكی تر كه‌ له‌ ساباته‌ دارینه‌ هه‌رزانه‌كان، كاره‌باو ئاو، ئاوه‌ڕۆ، نه‌بووه‌و راشنه‌هاتبون پاره‌ی خزمه‌تگوزاری بده‌ن. له‌پڕ بۆ شوقه‌ی نوێ‌‌و به‌رز به‌رزمان گواستنه‌وه‌، كه‌ هه‌موو چه‌شنه‌ پێداویستیه‌كی تیابوو، ده‌شبوو له‌به‌رامبه‌ر خزمه‌تگوزاریه‌كاندا پاره‌ بده‌ن". بڕواننه‌ لاپه‌ڕه‌(140)
دیقه‌ت بدرێ‌، جوتیارو هه‌ژار، له‌ ژیانی كوله‌مه‌رگیه‌وه‌، بۆ ژیانێكی خۆشگوزه‌رانی گوازراونه‌ته‌وه‌. ته‌نانه‌ت نه‌یانزانیووه‌ سواری ئه‌سانسۆر ببن. له‌مباره‌وه‌ زۆر به‌جوانیی سه‌رگوزشته‌ی دواكه‌وتن‌و راهاتن له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتن، ئاوها ده‌گێڕێته‌وه‌:

"راهاتن له‌گه‌ڵ گوزه‌رانی نوێ‌ قورسه‌، به‌ڵام ناشكرێ‌ ئه‌نجام نه‌درێ‌. له‌م گواستنه‌وه‌یه‌دا روداوی پێكه‌نیناوی‌و پوچ رویدا. خاوه‌ن به‌رازه‌كان نه‌یانده‌توانی له‌ ئاژه‌ڵه‌كانیان جیاببنه‌وه‌و له‌گه‌ڵ خۆیاندا ده‌یانگواستنه‌وه‌ بۆ شوقه‌كانیان له‌ نهۆمه‌ به‌رزه‌كان. زۆریان لێ ده‌بینرا هه‌وڵیان ده‌دا قه‌ناعه‌ت به‌ به‌رازه‌كانیان بكه‌ن سواری ئه‌سانسۆر (مصعد)ه‌كان ببن. خێزانی ژن‌و مێردو (12) مناڵ، پۆله‌ مریشك‌و قازیان له‌گه‌ڵ خۆیاندا ده‌هێنا هه‌تا له‌ موبه‌قی شوقه‌كاندا له‌شه‌قامی فڕۆكه‌خانه‌ی كۆن به‌خێویان بكه‌ن".

سه‌یره‌، ئه‌و خه‌ڵكه‌، به‌و ئاسته‌ كولتورییه‌ كشتوكاڵییه‌، دوای (30) ساڵ، كوت‌ومت به‌ئه‌ندازه‌ی ساڵانی دوای راپه‌ڕینی خۆمان، به‌شێوه‌یه‌ك نیشته‌جێ كراون‌و گرفته‌كانیان چاره‌سه‌ر بووه‌، سه‌راپا ژیانیان گۆڕیون.
من ده‌زانم، كوردستان، جیاوازی زۆری له‌گه‌ڵ سه‌نگاپوره‌ هه‌بووه‌. به‌ڵام، پرسیاری من ئه‌وه‌یه‌، سه‌ره‌ڕای كێشه‌كان، سه‌ره‌ڕای شه‌ڕی ناوخۆ، ده‌ڵێم:

ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵی، مشه‌خۆری، سه‌رانه‌سه‌ندن، ده‌وڵه‌مه‌ندبونی سه‌ركرده‌و بنكرده‌كان نه‌بوایه‌، ئایه‌ ئێستا، لایه‌نی كه‌م كێشه‌ی نیشته‌جێبون‌و كاره‌با و ئاو، كێشه‌ی ته‌ندروستی‌و په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵامان، زۆر باشتر چاره‌سه‌ر نه‌ده‌كرا؟!


ئەم بابەتە 55 جار خوێندراوەتەوە