Photografar.jpg

گمباعەكاش دەربارەی فۆتۆگرافی دەدوێت

وەرگێڕانی: گوڵان مەحمود

گمبا عەکاش فۆتۆگرافەرێکی بەنگلادیشییە لە دایک بووی ساڵی (1977)ە . ئەو وەک نمونەی مرۆڤێکی سەرکەوتو بوێری نێو بوارەکەی خۆی لە کلتورێکی داخراوو پەراوێزی وەک بەنگلادیشی پڕ لە هەژاری و مرۆڤی شکستخواردو دوای خەونی هونەری فۆتۆگرافی کەوتو ئێستا یەکێک لە فۆتۆگرافە زۆر باش و بەناوبانگەکانی دونیایە. ئەو لە وێنەکانیدا ژیانی مرۆڤانی هەژارو ئازای نێوکلتورە خراپو مرۆڤ کوژەکەی بەنگلادیش پیشاندەدات.

سایتی گەلاوێژ یەکێک لە چاوپێکەوتنە گرنگەکانی عەکاش بە وەرگێرانی گوڵان مەحمود بڵاودەکاتەوە....

 

دەتوانی بەکورتی باسی خۆتمان بۆ بکەیت؟

​لەماڵێکدا گەورەبووم کە دوور بوو لە پیشەکەمەوە. بە درێژایی ژیانم هیچ ڕێگایەکی فۆتۆگرافەرەکانم نەبوو، یان تەنانەت کامێرایەکیش. فۆتۆگرافی لەمندا دەرنەکەوت نە بە تیۆری و نە بە کرداریش. پاشان دوای ۱۰ ساڵێک، کامێرا کۆنەکەی باوکمم دۆزییەوە و ژیانم ڕێچکەیەکی جیاوازی گرتەبەر. پەرۆشیم بۆ وێنەی گیراو پێک نەهاتووانە و لە سەرووی هەموو شتێکەوە بوو-تەنانەت بێ ئەزموونییەکەشم. نەمدەزانی چی دەکەم و بۆچی، دەچووم بۆ هەموو جێیەک و وێنەی هەرشتێک و هەمووشتێکم دەگرت کە سەرنجی ڕادەکێشام. تاکە شت کە لێی دڵنیا بووم جێگەی بابەتەکان بوو کە وێنەم دەگرت. چەقی کارەکانم خستبووە سەر ژیانی خەڵکی پەراوێزخراو لە کۆمەڵگەدا بەهۆی ڕووخساریان، ژیانیان، وە مەرجەکانی ژیان چێژێکی تایبەتی بۆ من گرت. بەرەبەرە بۆ چەند مانگێک ڕۆچوومە ناو ژیانی ڕۆژانەیانەوە و لە کۆتاییدا، فێربووم لە ئەزموونەکانیانەوە. ئارەزووم بۆ کۆکردنەوەی هەموویان لە فیلمێکدا هانیدام بۆ ڕۆیشتن بۆ چەندین جێگا و بۆ بینینی کەسانێک کە هەرگیز پێشتر ڕووبەڕوویان نەببومەوە. هەر سەردانێک مانایەکی قوڵتری مرۆڤایەتی پێدەبەخشیم. وە ساڵ بە ساڵ گەشەم بە هونەرەکەم دەدا، کارەکانم لە زیاتر لە ۱۰۰ بڵاوکراوەی نێودەوڵەتی پیشاندراوە لەوانەش: ناشیۆناڵ جیۆگرافک، تایم، گاردیەن، ئیکۆنۆمیست، ڤۆغ و زۆری تریش. وە زیاتر لە ۱۰۰ خەڵاتی نێودەوڵەتی فۆتۆگرافیم بەدەستهێناوە. ساڵی۲۰۰۲ بووم بە یەکەمین فۆتۆگرافەری بەنگلادیشی کە هەڵبژێردرام بۆ وێنەی هەواڵی جیهانی جووپ ماستەر کلاس و لە نیثەر لاند. لە ۲۰۰٤ خەڵاتی ڕۆژنامەوانی گەنجم بەدەستهێنا لە ڤیستیڤاڵی وێنەی سکوپ لە پاریس-جارێکی تر، یەکەمین بەنگلادیشی بووم کە ئەو شەرەفەم پێبەخشرا. 

 

دەتوانیت پێمان بڵێیت کە ئێستا کار لە چیدا دەکەیت؟

​کار لە کتێبی ئایندەم 'پاڵەوانەکانی ژیان'دا دەکەم؛ پلان دادەنێم بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم زنجیرە وێنەییەی ڕۆحە ئازاکان لە شێوەی کتێبێکدا و هەوڵدەدەم بەکاریبهێنم وەک سەرچاوەیەکی پارەی بەردەوام بۆ منداڵانی ناخۆش گوزەران. مەبەستی سەرەکیم بۆ جەختکردن بووە لەسەر ئەو کەسانەی کە ئازار دەچێژن و هەموو ڕۆژێک بەرەنگاری سەختییەکانی ژیان دەبنەوە. بەبەردەوامی گەشت دەکەم بۆ هەموو شوێنێکی جیهان بۆ پیشاندانی هەموو سەختییەکانی ژیان. چیرۆکی هەر مرۆڤێک بەهێزم دەکات لە پڕۆژەکەمدا. دەمەوێت ئەو چیرۆکە نەزانراوانەی ئازارچەشتن پیشانی جیهان بدەم. ئەگەر، لە ئەنجامدا، تەنها یەک دەست هات تاکو ببێت بە یارمەتی بۆ ئەو خەڵکە یاخود یارمەتییان بدات جا هەرچۆنێک بێت ئەوا ئەبێتە شەرەفێکی گەورە بۆ ڕەنج و ماندووبوونەکەم. وەک دەزانن من خەڵکی بەنگلادیشم. هەمیشە دەچم بۆ ئەو ناوچانەی کە هەژاری، فەرامۆشکردن و خراپ بەکارهێنان دانیشتوانەکەی وێران دەکات و هەندێکجاریش بە ڕێکەوت گەشت دەکەم بۆ جێگایەکی دیاریکراو بۆ ئەوەی چیرۆکەکانیان پیشانبدەم. لە گەشتە دوانەهاتووەکەمدا بەردەوام دەبم لە ڕۆیشتن، هاوخەمی کردنی هەر ڕووخسارێک کە دەیهێڵمەوە لەسەر کامێراکەم. هەموو هەوڵێک بدەم بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ خەڵکدا و نزیکببمەوە لە کێشە شاراوەکانیان، هەرگیز یەکەمجار کامێراکەمیان پیشاننادەم. بەمشێوەیە من ڕووبەڕوو و زاڵدەبم بەسەر مرۆڤایەتییەکی نەزانراو لەگەڵ چیرۆکەکانی ئیشی قارەمانانە و ئازایەتی دەربارەی ئەوەی کە ئێمە یەشتا هەرگیز نایزانین. 'پاڵەوانەکانی ژیان'ی ڕاستەقینە هەن.

 

چی وایلێکردیت کە ببیت بە فۆتۆگرافەرێکی پیشەگەر؟

​لە ڕاستیدا ڕۆژنامەوانی وێنەیی مەیدانی پارە پەیداکردن نییە. ئەوە زۆر سەختە ئێستا وە تەنانەت سەختتریش بوو ساڵی ۱۹۹٦ کاتێک کە دەستم پێکرد. دایکم دەیگوت، 'کاتێک کە فلسێکت لە گیرفاندا نەبێت،خولیاکەت لە پەنجەرەکانەوە دەفڕێ'. ئەو خولیایە فۆتۆگرافی بوو و ئێستاش هەروایە. باوکم پێیگوتم، 'یەکێکیان هەڵبژێرە: پارە یان خەونەکان؟ وەڵاممدایەوە، 'خەون و پارەش هەردووکیان'. ئێستا بڕی پێویستم هەیە کە ژیانم بژیم و خەونەکانیشم بژیم. بە چاوتروکاندنێک نایات. کاتت پێویستە تا ناوت بونیاد بنێیت، ناوبانگ و دڵسۆزیت بسەلمێنیت. ئەگەر بەدوای ئەوەدا دەگەڕێیت کە فیراری لێخوڕیت و لە خانوویەکی شاهانەدا بژیت، ئەوا ڕۆژنامەوانی وێنەیی بۆ تۆ نییە. هەوڵدەدەم دڵسۆزبم بۆ پیشەکەم، بۆ کارەکەم، وە بۆ کڕیارەکانم. ئەوە یاسا سادەکەمە کە من پەیڕەوی دەکەم تاکو جۆرە ژینگەیەک بۆخۆم دروستبکەم . هیچ خواستێکیشم نییە کە تەماحکار بم چونکە لە کارەکەمەوە فێربووم مرۆڤ دەتوانێت بە کەمێک بژی و بەختەوەربێت لەکاتێکدا زۆر خەڵکی تر لەگەڵ زۆری سامانەکانیان بەپێی پێویست دڵخۆش نین. بڕوام بە پاشەکەوت کردن هەیە بۆ سبەینێ بەڵام ئەمڕۆم بەفیڕۆ نادەم بە نیگەران بوون بۆی. من سوپاسگوزارم کە فۆتۆگرافی زۆر ئارامی کەسی، ڕێز، کاریگەری و خۆشەویستی پێبەخشیوم. وە بەڕاستی پێموایە کە وێنەی فۆتۆگرافی ئەو دەرگایانە دەکاتەوە کە ئێمە ئێستا ناتوانین خەیاڵی بکەین بەڵام ڕێگەی بەهێز دەدۆزینەوە بۆ داواکردن لە جیهان تا بەخەبەر بێن.

 

ستایلی فۆتۆگرافیت چییە؟

​یەکەم بەوردی دەگەڕێم بۆ جوانی و مرۆڤایەتی لە وێنەدا و دووەم کاتێک کە ئەوەی بەرامبەرم مورتاح بوو و بڕوای پێکردم و دواتر جەوهەری خۆی دەرخست. لە ساتێکی وادا وێنەیەک دەبێت بە 'سەفەرێکی ڕوحی' هەرچۆنێک بێت، تەنها وێنەگرتن بەس نییە بۆ من. دەمەوێت لە کەسەکە تێبگەم؛ ڕاپۆرتێک گەشە پێبدەم و ئەوانیش هەست بە بڕوابەخۆبوون بکەن تا قوڵترین چیرۆک و هەستی خۆیانم پێبڵێن. ئەمە ئەو شتەیە کە من دەبەستێت بە کەسەکەوە و ئەزموونێکی گشتگیری فۆتۆگرافییە بۆ من و بۆ بینەرانی کارەکانیشم. لەگەڵ وێنەدا، زۆرجار چیرۆکی کورت یان درێژم پێدەڵێن تا ڕێگەبدەن بینەرەکانم بچنە ژیانی تایبەتییانەوە، جیهانیکی نەناسراو و هەستکردن بە وێنەکە و خاوەن چیرۆکەکە لە ئاستێکی جیاوازدا. وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، لەڕێگای کامێراکەی دەستمەوە لە خۆشییەکانی خەڵک نزیک نابمەوە. بەڵکو دەچمە ناو ئەو شتانەی کە ناوچەی تایبەتی کەسی و قەدەغەن. هەر وێنەیەکی ڕاستەوخۆ باوەڕپێنەکراو و بیمانا دەبێت. پەیوەندی تایبەتی لەگەڵ کەسەکە یاخود کەسەکان پێویستە و دەبێت سەرەتا من ڕاپۆرتێک دروستبکەم و بڕوایان بە من بەدەستبهێنم بۆ ئەوەی دڵ و ڕوحیانم بۆ بکەنەوە. هەندێکجار ئەوە تەنها دوای گفتوگۆیەکی هاوڕێیانە ڕوودەدات و ئاسایی دەبێت بۆ هەموو لایەک کە قایلببن وێنەیان بگرم. دەبێت بە کارلێکێک لەڕێی ئەو ئەزموونەی کە هەمانە. کاتەکانی دیکە، ڕەنگە ڕۆژێکی بوێت بۆ هەستکردن بەحاڵەتەکە و دەتوانم جانتای کامێراکەم بکەمەوە و بەڕاستی وێنەی ئەو ڕوحە جوانانە لە باری سروشتییاندا بگرم.

 

چۆن خۆت پەروەردە دەکەیت بۆ گرتنی وێنەی جوانتر؟

​ئەو کەسانەی کە وێنەیان دەگرم ئیلهامبەخشی منن و بارودۆخەکانیان هەمیشە جیاوازن، بەو جۆرە، هەمووکات بەرەنگاری نوێم بۆ درووستدەکات. ئەوەی زۆر بە نائاسایی دەیبینم دەربارەی کارەکەی کە دەیکەم ئەوەیە کە چاوم دەکاتەوە بۆ هەموو ئەو سوکە گاڵتەی بچووک و ئەو پەژارانەی کە هەرگیز پێشتر لە ژیاندا نەمدیون. خۆشییەکی زۆر نایاب لە بینینی ئەو کەسانەدا هەیە کە لەلایەن جیهانەوە تڕۆکراون؛ لە هاوبەشیپێکردنی کوپێک چا لە گەڵیاندا و دۆزینەوەی ئەوەی یەشتا توانای ئارەزووکردنیان هەیە، هەرچەندە کە خۆیان خۆشنەویستراو بوونە. دوای دانیشتنەکە لە ڕێگەمدا بۆ ماڵەوە بیر لە هەموو ئەو ئەزموون و ساتانە دەکەمەوە کە ونمکردبوون و دەبنە سەرچاوەی ئیلهامم بۆ ڕۆژی دواتر. بە بەردەوامی سەیری کارەکانی فۆتۆگرافەرەکانی دیکە دەکەم و گفتوگۆی لایەن و ئەزمونی جیاوازیان لەگەڵ دەکەم و هەرکاتێک هەلێک هەبێت هەرچەندە من هەندێک دورەپەرێزم بەوەی کە لەبەنگلادیش بم. بەڵام کاتێک دەچمە دەرەوەی وڵات، هەوڵێکی باش دەدەم تا هەموو ئەو شتانە ببینم کە لە جیهانی فۆتۆگرافیدا ڕوودەدەن و لەگەڵ زۆر کەسی ئەو بوارەدا قسەبکەم. هەروەها جیهانی فۆتۆگرافەرانیش هەیە بە ئۆنلاین بۆ پەیوەندیکردن و بەدواداچوونی کارەکانیان و گۆڕینەوەی ڕاو بۆچوونەکانمان. هەروەها زۆر سەرسامی کارەکانی sebastiao salgadoم. کارەکانی سەرچاوەی ئیلهامێکی گەورەن بۆ من. هەروەها James Natchwayیش یەکێکە لە هەرە فۆتۆگرافەرە ئیلهامبەخشەکان و کەسایەتییەکی کاریگەرە بۆ من. هەموو کارەکانی زۆر بەباشی چالاکم دەکەن. ئەم فۆتۆگرافەرە باسی شەڕ دەکات بەڵام پەیامی ئاشتی دەهێنێت.

 

وەک فۆتۆگرافەرێک چ کاتێک هەست بە دڵخۆشی دەکەیت؟

​یەکەم شت و سەرەکیترینیان، فۆتۆگرافی خولیای منەو دووەم ئەوە ئامرازە بۆ ڕوودانی گۆڕانکاری باش. تەقریبەن هەموو ڕۆژێک وێنە دەگرم چونکە حەزم لێیە ئەوە بکەم. من فۆتۆگرافی وەک چالاکییەکی پێشبڕکێییانە نابینم، یان خەبات بۆ ناو و ناوبانگ. دەمەوێت وێنەکانم پیشانی بینەرەکانم بدەم. دەمەوێت هەست بە شتێک بکەن. زۆر لە هاوڕێیانی زانکۆم دەبینم کە بە سەختی فۆتۆکانیان بڵاودەکەنەوە و هەموویان هەڵیدەگرن بۆ پێشبڕکێ و بەخشش و پێشانگا. من زۆر ڕوونم دەربارەی ئەو ڕاستییەی کە وێنە دەگرم تا پیشانی خەڵکی بدەم، تا پەیامێک بگەیەنم، وە گۆڕانکارییەک دروست بکەم. تا ئەوکاتەی کە دەتوانم پەیامەکە بڵاوبکەمەوە، تا ئەو کاتەی کە چیرۆکی دڵە شکاوەکان بڵاودەکەمەوە، تا ئەو کاتەی پیشانیدەدەم کە کەسایەتی ناو وێنەکان چەند ئازان، هیچ شتێکی دیکە بێزارم ناکات. لەلاپەڕەی فەیسبووکەکەمدا، هەموو ڕۆژێک نامەی وەک: "تۆ من و شێوازی بیرکردنەوەی ونت گۆڕی. سوپاس." و"دوای بینینی فۆتۆکەی تۆ تا نیوەشەو گریام. دەتوانم چی بۆ ئەو خاتوونە ئازایە بکەم؟" هەندێکجار سەدان دوعا و وتەی جوان وەردەگرم تەنها لە چیرۆکی یەک وێنەدا. ئەوە بۆ من لە هەموو دەستکەوت و نرخاندنێکی پیشەیی گرنگترە. بڕوام بەوە هەیە کە ئەگەر وێنەکانم بتوانێت کار لە دڵی بینەرەکان بکات و گۆڕانێک لە ژیانیاندا دروستبکات و ئیلهامی ئەوەیان پێببەخشێت کە یارمەتی کەسانی دیکە بدەن، کەواتە ئەمە دەستکەوت و خۆشییەکی ڕاستەقینەیە بۆ من. ۷-سەختترین کاتت وەک فۆتۆگرافەرێک کەی بووە؟ چۆن چارەسەرت کردووە؟ پێشبڕکێ مەیدانێکە هەموو شتێک ئاڵۆز دەکات و وەک دەزانین بە گەورەیی زیادیکردووە. زۆرجار، فۆتۆگرافەرە نوێیەکان وێنەکانیان بە خۆڕایی دەدەن بە سایت و گۆڤارەکان، وە ئەمەش کێشەی زیاتر دروستدەکات. زیاتر و زیاتر خەڵک دێنە ناو مەیدانی پیشەی فۆتۆگرافییەوە. پێشبڕکێ بەخراپی زیادیکردووە و لەسەر ئەوەشەوە من بەتەنیا کاردەکەم لە بەنگلادیش و سەر بە هیچ کۆمەڵەیەک نیم. زۆر لە خزم و کەسانی نوخبە خاوبوونەتەوە لە بەڵێنپێدان بە فۆتۆگرافەرەکان، بەتایبەتی لە بەنگلادیش. ئەگەر سەر بەو کۆمەڵانە نەبیت، بە هەموو توانای خۆیانەوە هەوڵدەدەن بلۆکت بکەن. هەرچەندە، ئاسان نەبووە بۆم کە ئەو ۲۲ ساڵەی دوایی بە تەنها ڕزگام ببێت لەم پیشەسازییەدا. بۆ زاڵبوون بەسەر ئەوەدا، بەڕاستی بە سەختی کاردەکەم، چڕبوومەتەوە لە کارەکەمدا و هەمیشە ڕاستگۆم لە پیشەکەمدا. هەروەها تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش زۆر یارمەتی داوم بۆ پیشاندانی کارەکانم بە ژمارەیەکی فراوانتری بینەر: هەموو جۆرە کارێک دەکەم بۆ مانەوە وەک فۆتۆگرافەرێک، بە ڕۆژنامەگەری فۆتۆییشەوە. بەڵام هەرگیز چارەی چۆنیەتی و کاری سەخت ناکەم. ڕاستگۆیی و خۆتەرخاندنەکەم هێنامی بۆ ئەم شوێنەی ئێستام.

 

لەبیرنەکراوترین ئەزموونت چییە لەمەیدانی فۆتۆگرافیدا؟

​دوانزە ساڵ پێش ئێستا خەریکی چیرۆکێک بووم لە کەپرێکدا. تا ئەو کاتە فۆتۆگرافی ڕەش و سپی پەسەندی من بوو. وێنەی ژنێکی گەنجم دەگرت کە کرێکار بوو. لەکاتێکدا کە چووم وێنەیبگرم لەپڕ دیارنەما. نیو سەعات دواتر دەرکەوتەوە بە جلە تازەکانییەوە، قژی بەستبوو و گوارە ئاڵتوونەکانیشی لەگوێ کردبوو. پێش ئەوەی شوێنەکە جێبهێڵم بە پەرۆشەوە داوایکرد کە هەندێک ڕەنگ بخەمە خۆتۆکانییەوە. هەفتەی دواتر چاپمکرد و پیشانمدان. من بەدڵخۆشییەوە وێنەکانم خستە دەستییەوە. بەڵام ئەو لە چرکەیەکدا، ڕووخساری ڕەش و سارد داگیرسا و بە توندی گوتی، "ئایا من تەها هەژار دیارم بۆتۆ؟ کوا کراسە سورەکەم؟ کوا تەوقە زەردەکەی قژم؟ وێنەکەی تۆ درۆینەیە." ئەو چەند ڕستەیە بەرچاوم، تەکنیکەکانم، وێنەکانم و هەموو ڕاستی فۆتۆگرافییان گۆڕیم. ۹-پێنج ساڵی تر خۆت لەکوێ دەبینیتەوە یاخود حەزدەکەیت چ ئاواتێکی فۆتۆگرافیت بەدەستبهێنیت؟ من هەموو چرکەیەکی ژیانم خەون بە فۆتۆگرافییەوە دەبینم و ناتوانم خەیاڵی هیچ خولیاو پیشەیەکی تر بکەم لە داهاتوودا. تەنانەت ئەو کاتانەش کە وێنە ناگرم، سەیری وێنە دەکەم. هەمووکات بیر لە فۆتۆگرافی دەکەمەوە. بەدەر لە پێشانگا کەسییەکان لە دەرەوەی وڵات، بەشداریکردن لە گفتوگۆ و وێنەی فۆتۆگرافی و بەرپرسیارییەتیەکانی وێنەی ڕۆژنامەوانی، وۆرکشۆپێکی تایبەت بەخۆم بنیاتدەنێم لەو قوتابخانەیەی کە درووستمکردووە، پەیمانگای یەکەم ڕووناکی بۆ وێنەی فۆتۆگرافی. وۆرکشۆپێکی بەکۆمەڵم هەیە دەربارەی بابەتێکی جیاواز هەروەها وۆرکشۆپێکی کاری فۆتۆگرافی کەسی لەگەڵ بەشداربووانی هاتوو لە هەموو جیهانەوە بۆ بەنگلادیش. هەروەها بەرنامەی تایبەتی پێشنیازکردن کە بۆ چوونە دەرەوەیە لەگەڵ خوێندکاران بۆ وۆرک شۆپەکان. هەروەها من قوتابخانەیەک بنیاتدەنێم بۆ منداڵانی ناخۆشگوزەران لەداکاو ناوچە گوندنشینەکان. دوای بڵاوبوونەوەی ڕاگەیەندراوی پێشوو، لە پڕۆژە نۆ ساڵییەکەم، 'پاڵەوانەکانی ژیان' لە شێوەی کتێبێکدا لەگەڵ چیرۆکی وێنەیی ژیانی ڕاستەقینە، حەزەکەم ژیانی هەموو تاکە کەسێک بگۆڕم کە لە کتێبەکەدا وێنەی گیراوە.

 

پێنج ساڵی تر خۆت لەکوێ دەبینیتەوە یاخود حەزدەکەیت چ ئاواتێکی فۆتۆگرافیت بەدەستبهێنیت؟

​من هەموو چرکەیەکی ژیانم خەون بە فۆتۆگرافییەوە دەبینم و ناتوانم خەیاڵی هیچ خولیاو پیشەیەکی تر بکەم لە داهاتوودا. تەنانەت ئەو کاتانەش کە وێنە ناگرم، سەیری وێنە دەکەم. هەمووکات بیر لە فۆتۆگرافی دەکەمەوە. بەدەر لە پێشانگا کەسییەکان لە دەرەوەی وڵات، بەشداریکردن لە گفتوگۆ و وێنەی فۆتۆگرافی و بەرپرسیارییەتیەکانی وێنەی ڕۆژنامەوانی، وۆرکشۆپێکی تایبەت بەخۆم بنیاتدەنێم لەو قوتابخانەیەی کە درووستمکردووە، پەیمانگای یەکەم ڕووناکی بۆ وێنەی فۆتۆگرافی. وۆرکشۆپێکی بەکۆمەڵم هەیە دەربارەی بابەتێکی جیاواز هەروەها وۆرکشۆپێکی کاری فۆتۆگرافی کەسی لەگەڵ بەشداربووانی هاتوو لە هەموو جیهانەوە بۆ بەنگلادیش. هەروەها بەرنامەی تایبەتی پێشنیازکردن کە بۆ چوونە دەرەوەیە لەگەڵ خوێندکاران بۆ وۆرک شۆپەکان. هەروەها من قوتابخانەیەک بنیاتدەنێم بۆ منداڵانی ناخۆشگوزەران لەداکاو ناوچە گوندنشینەکان. دوای بڵاوبوونەوەی ڕاگەیەندراوی پێشوو، لە پڕۆژە نۆ ساڵییەکەم، 'پاڵەوانەکانی ژیان' لە شێوەی کتێبێکدا لەگەڵ چیرۆکی وێنەیی ژیانی ڕاستەقینە، حەزەکەم ژیانی هەموو تاکە کەسێک بگۆڕم کە لە کتێبەکەدا وێنەی گیراوە.


ئەم بابەتە 42 جار خوێندراوەتەوە