kteb.jpg

بەشی شانزه‌هه‌م: هەڵسەنگاندنی كتێبی سەرۆكی سەنگاپورە (من العالم الثالث إلی الأول)

مەلا بەختیار

 "دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی‌ و.. سه‌ركه‌وتنی رێبازی ناڤین، نه‌ راستره‌و، نه‌ توندڕه‌و"

له‌ سه‌نگافوره‌دا (40) ساڵی ره‌به‌ق كێشمه‌كێش هه‌بووه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی رێبازی سیاسی دروست. ئایه‌، كۆمۆنیستی، یان دیموكراسی، یان ناسیۆنالیستی‌و راستڕه‌و؟ هه‌موو ئه‌و رێبازانه‌ له‌و وڵاته‌دا هه‌بون‌و ململانێی توندیان كردووه‌. سه‌رۆكی سه‌نگاپوره‌، هێڵی ناڤین (وسط)ی هه‌ڵبژاردووه‌. له‌و ساڵانه‌دا ده‌ڵێ‌:

"له‌گه‌ڵ كۆمۆنیسته‌كان ململانێی خه‌ته‌رناكمان تووش بوو. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ سۆسیالیسته‌ مه‌لاویه‌كان ساڵانی 1959-1965. دوای سه‌ربه‌خۆییش، ئه‌نده‌نوسیاو مالیزیا كه‌وتنه‌ په‌راوێزخستن‌و دژایه‌تیمان". بڕواننه‌ لاپه‌ڕه‌ (166).

ئه‌م سه‌رۆكه‌ ده‌ڵێ‌: "نه‌یاره‌كانمان پێیانوایه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ دژه‌كانمان توند بوین. به‌ڵام ئه‌وه‌ ساده‌كردن‌و شێواندنی راستیه‌كانه‌. ئه‌گه‌ر خیانه‌تمان له‌و متمانه‌یه‌ كردبا كه‌ گه‌ل پێی به‌خشین، ئاسان بوو ده‌نگده‌ران ره‌تمانبكه‌نه‌وه‌و له‌ده‌سه‌ڵاتیش لامان بده‌ن. راستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ توانیمان رابه‌رایه‌تی گه‌لی سه‌نگاپوره‌ دوور له‌ هه‌ره‌سی نائومێدی له‌ شه‌سته‌كان بكه‌ین‌و بگه‌ینه‌ سه‌رده‌مێكی بێوێنه‌ له‌ نشونماو په‌ره‌سه‌ندن. هه‌روه‌ها توانیمان كه‌شی په‌ره‌سه‌ندنی جیهانی له‌بواره‌كانی بازرگانی‌و وه‌به‌رهێنان بقۆزینه‌وه‌ هه‌تا له‌ناو یه‌ك نه‌وه‌دا سه‌نگافوره‌ له‌ جیهانی سێهه‌مه‌وه‌ بۆ جیهانی یه‌كه‌م بگوازینه‌وه‌". هه‌مان لاپه‌ڕه‌ی پێشوو.

ئه‌م رێبازه‌ سیاسیه‌و به‌رنامه‌ ئابورییه‌، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌مگه‌ دوژمن‌و كێشانه‌، له‌ وڵاتێكی تازه‌ ئازادكراودا، ته‌نها به‌ سیاسه‌تێكی ریالیستی سه‌رده‌خرێ‌. نه‌ك خه‌یاڵ پڵاویی تیۆری‌و ئه‌قڵیه‌تی ناسیۆنالیستی ته‌سك. رێبازی راست سه‌ركه‌وتن ده‌سته‌به‌ر ده‌كات. رێبازی ناڕاستیش هه‌ڵدێرانه‌!! با دیقه‌ت بده‌ین له‌مباره‌وه‌ له‌سه‌ر نه‌یاره‌كانی چی ده‌نوسێ‌:

"په‌ندی زۆر له‌ كۆمۆنیسته‌كان، دوژمنه‌ سه‌رسه‌خته‌كانمان، فێر بوین. رابه‌رانی ئۆپۆزسیۆن به‌ پانی‌و درێژیی وڵاتدا ته‌راتێن ده‌كه‌ن. به‌سه‌ر بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردندا ده‌گه‌ڕێن كه‌ ره‌نگه‌ له‌ناویاندا سه‌ریش بكه‌وون. چونكه‌ خه‌ڵكی ساده‌ به‌ده‌نگ به‌یاننامه‌كانیان ده‌چن".

لێره‌دا، سه‌رنجمان بۆ خاڵێكی زۆر زۆر گرنگ راده‌كێشێ‌‌و ده‌نوسێ‌:

"به‌داخه‌وه‌ كاتێك كه‌ به‌رهه‌ڵستی كۆمۆنیسته‌ نه‌یاره‌كانم له‌ جۆره‌ها رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی رابوردودا ده‌كرد، لێیانه‌وه‌ فێر بووم كه‌ هه‌ست‌و ژینگه‌ی گشتی بایه‌خێكی بێڕاده‌ی هه‌یه‌. به‌ڵام هۆكاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌ ده‌زگای سیسته‌ماتیك‌و تۆڕی رێكخستندایه‌ بۆ هه‌ڵخراندنی (تعبئة‌)ی گه‌ل".

ئه‌م سه‌رۆكه‌ ئه‌ستۆپاكه‌، له‌سه‌ر پاكێتی خۆی له‌ كۆی ئه‌و روداوانه‌دا، بێباكه‌و رونیده‌كاته‌وه‌:

"بنه‌مایه‌كی بنه‌ڕه‌تی كه‌ ژیانی سیاسی خۆمم له‌سه‌ر بونیات نا، له‌وه‌دایه‌ كه‌ هه‌ركه‌سێك به‌ گه‌نده‌ڵ یان به‌ خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات تومه‌تباری كردم، رووبه‌ڕووی بومه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ش به‌پێچه‌وانه‌ی مه‌سه‌له‌ باوه‌كانی وڵاتانی جیهانی سێهه‌م، كه‌ له‌كاتی هه‌ڵبژاردندا تومه‌ت هه‌ڵبه‌ستن به‌ گه‌نده‌ڵی زۆره‌، به‌بێ‌ئه‌وه‌ی سیاسیه‌كان بوێرن رووبه‌ڕووی ببنه‌وه‌، نه‌كا زیانی زۆرتر بكه‌ن، من هه‌میشه‌ به‌رامبه‌ر تومه‌ته‌كان به‌ئاشكراو بێ دواكه‌وتن ده‌وه‌ستامه‌وه‌". بڕواننه‌ لاپه‌ڕه‌ (174-175).

ئه‌م سه‌رۆكه‌، كۆمۆنیست نه‌بووه‌. چه‌پیش به‌ پێوه‌ری چه‌په‌ توندڕه‌وه‌كانیش نه‌بووه‌. به‌ڵام وڵاتی خۆی زۆر زۆر خۆشویستووه‌و دیموكراتێكی میانه‌ڕه‌و بووه‌. به‌وپه‌ڕی بێباكی خۆی به‌ئه‌ستۆپاك زانیووه‌. بۆیه‌، به‌رامبه‌ر هه‌ر تومه‌تێك وه‌ستاوه‌ته‌وه‌.

به‌داخه‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌، له‌كوردستاندا، رۆژانه‌ رۆژنامه‌و سایت‌و په‌یجه‌كات، گه‌نده‌ڵباران كراوون، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی نه‌ حیزبه‌كان‌و نه‌ حكومه‌ته‌كه‌مان‌و نه‌ دادگاكانیش، یه‌ك له‌سه‌ر هه‌زاری ئه‌و گه‌نده‌ڵانه‌ سزا بده‌ن. به‌ڵكو هه‌تا دێت، دیارده‌ی دزێوی گه‌نده‌ڵی ته‌شه‌نه‌ ده‌سه‌نێ‌!! ئیتر كه‌ی‌و چۆن ده‌گه‌ینه‌ سه‌نگاپوره‌؟!


ئەم بابەتە 48 جار خوێندراوەتەوە