Awnahat.jpg

ئەو نەهات

مەحموود دەروێش - وەرگێڕانی: جەمال غەمبار

ئەو نەهات.
بە خۆمم وت: ئیتر نایەت..
کەواتە ئەم ئێوارەیەم
بەچەشنێ ڕێک دەخەمەوە
 کە شییاوی نائومێدیی من و
نەهاتنەکەی ئەو بێت:
گڕی مۆمەکانیم کوژاندەوە،
گڵۆپەکانم داگیرساند،
 شەرابەکەیم خواردەوە و
دواتر پێکەکەم وردوخاش کرد،
مۆسیقای کەمانچە خێراکانم ڕاگرت و
گۆڕیم بە گۆرانیی فارسی!

بە خۆمم وت؛ ئیتر نایەت.
[بۆینباخە جوانەکەم شل دەکەمەوە]
ئاوەها زیاتر ئاسوودە دەبم!
قاتێ بیجامەی شین لەبەر دەکەم.
گەر بمەوێت بە پێی پەتیی دێم و دەچم.
چوارمەشقیی لەسەر چەرپاکەی دادەنیشم،
ئیدی ئەو لە بیر دەکەم و
هەموو ئەو شتانەش لەبیر دەکەم
کە پێوەندییان بە نەهاتنەوە هەیە:
هەموو ئەو شتانەی کە بۆ ئاهەنگەکەمانم ئامادەکردبوون
گەڕاندەوە شوێنەکانی خۆیان.
هەموو پەنجەرەکانمم کردنەوە،
 هەموو پەردەکانم لادان.
لە بەردەم شەودا
 چ نهێنییەک لە جەستەمدا نییە
 جگە لە چاوەڕوانیی و لەوەی کە دۆڕاندم!

گاڵتەم بە ئارەزووی خۆم کرد
ئەو دەمەی هەوام لە پێناوی ئەودا پاک کردەوە و
[بە ئاوی گوڵ و لیمۆ عەترپژێنم کرد!].

ئەو نایەت...
 منیش بۆ خاتری ئەوەی
لەسەر نەهاتنەکەی سزای بدەم،
 گوڵە ئۆرکیدەکەم (*)
لای ڕاستەوە، بردە لای چەپ!
ئاوێنەی سەر دیوارەکەم بە پاڵتۆیەک داپۆشی
بۆ ئەوەی شەوقدانەوەی وێنەکەی ئەو نەبینم..
نەبادا پەشیمان ببمەوە!

وتم: ئەو غەزەلە کۆنانەش لەبیر دەکەم
کە بۆ ئەوم دەخواستن،
چونکە ئەو
 شایستەی تەنانەت قەسیدەیەکی دزراویش نییە!

ئیتر ئەوم لەبیر کرد و
هەر بە پێوە ژەمە نانە خێراکەی خۆم خوارد و
فەسڵێک لە کتێبی قوتابخانەم
کە دەربارەی ئەستێرە دوورەکانمان بوو، خوێندەوە!

بۆ خاتری ئەوەشی
 خراپەکەی ئەو لەیاد کەم، قەسیدەیەکم نووسی!
ئەمەش قەسیدەکەیە.

سەرنجی وەرگێڕ:
* گوڵە ئۆرکید: گوڵە سەحلەبیشی پێدەڵین و یەکێکە لە جوانترین جۆری گوڵ و، هێندە ناسکە تەمەنی تەنها حەوت بۆ چواردە ڕۆژە و، هێندەش نازدارە، فەیلەسوفی چینیی (کۆنفۆشیۆس) نازناوی "گوڵە عەتری پادشایان" ی بەسەردا بڕیوە. (بڕوانە قاموسی ویکیپیدیا).

سەرچاوە: یوتیوب/ خوێندنەوەی دەقی ئەم قەسیدەیە بە دەنگی شاعیر + سایتی ئەلێکترۆنیی (دەزگای مەحموود دەروێش).


ئەم بابەتە 61 جار خوێندراوەتەوە