Rahoz.jpg

شانۆ بۆ خۆشەویست نییە؟

ڕاهۆز کامەران

دەربارەی ئەستێرەکانی کەلار

ئێستا سەردەمێکی ئاڵۆزی پڕ لە کێشمەکێشمە، خێرایی هەموو شتێکی خواردووە، ڕادەی سەرکەوتنت بەستراوەتەوە بە ڕادەی خێراییتەوە… بەڵام خێرایی چیی خوڵقاندووە؟ یان ئەو سیستمەی کە خێرایی خزاندووەتە هەموو شت و شوێنێکەوە، بۆ وای کردووە؟

ڕەنگە وەڵامێکی کورت و خێرا، تا ڕادەیەک هەقیقی لە ئێستادا لای منەوە ئەوە بێت: بۆ ئەوەی ڕانەمێنین… ڕامان هەمیشە بیرکردنەوە و کارکردنی لە دوا دێت، کارکردنی جیدی و جیاواز. گۆردن گرەیک، برێخت و مارکس و چەندانی تر، دوای ڕامانێکی زۆر و وردبوونەوە لە دنیا و ناسینی، کاریان کرد.

نیچە کاتێک زۆر ڕاما و زۆر بیری کردەوە و زۆر بەرگەی گرت، ئینجا لەدایکبوونی تراژیدیا و ”وەهای گوت زەردەشت”ی نووسی. بەڵام ئێستا ئێمە لە سەردەمێکی دوور لە ڕامان و بیرکردنەوە و وەستان لەسەر هەر شتێک کە دەکرێت مانادار بێت، خەریکین دەژیین.

شەپۆلی بیرنەکردنەوە، شەپۆلی زانیاریی لەقوتوونراوی ماوەبەسەرچووی نێو کۆلێج و پەیمانگە و خوێندنگەکان مرۆڤی ئێمەی تووشی دۆخی هەمیشە ڕاکردن و ڕازیبوون بە شتی بچووک کردووە. سیستمێکیش کە دژی مرۆڤی بیرکەرەوە و ناڕازی بێت، هەمیشە خەریکی ستایشکردن و ڕازاندنەوەی ئەم جۆرە لە فریودانەیە. چونکە مرۆڤێک بیر بکاتەوە و ڕابمێنێت، هۆڵدەرلین گوتەنی، ”شاعیرانە لەسەر زەوی نیشتەجێ بێت”، مرۆڤێکی جێی متمانە نییە و کێشەدارە.

گەر ئێمە مرۆڤی هونەرمەند، وەک کاتیگۆرییەکی ناڕازی و دژەباو لەو بەشەدا پۆلێن بکرێین، ئەوا دەبێت بڵێین کەرەستەکەی، کە لە ڕێگەیەوە شەڕی ناشیرینی و یەکڕیتمییەکانی دنیای پێ دەکات، هونەرێکی بەرزی پڕ لە جیاوازی و شەوقە کە دژی ئەوانی تر دەکەوێتەوە.

لە دوای ئەوەی ڕۆژانی ٢٢-٢٣/٢/٢٠٢٠، لە شارۆچکەی کەلار وەرزی شانۆی گەرمیان بەڕێوە چوو، چەند کارێکی شانۆیی تێیدا نمایش کران و یەکێکیان شانۆیی ”وەرن ببین بە سەگ” بوو، کە بەرهەمی گرووپی هونەریی ئەستێرەکان بوو لە نووسینی قوبادی جەلیزادە و ئامادەکردنی شکۆ عومەر و دەرهێنانی عومەر عەبدولڵا بوو، هەر یەک لە شاناز عەلی عەزیز و محەمەد عەلییش وەکو ئەکتەر تێیدا بەشدار بوون.

دوابەدوای نمایشکردنی ئەم بەرهەمە، کە لە فۆڕمی شانۆی سەرشەقامدا پیشانی بینەران درا، بە هۆی ئەوەوە کە بەشێک لە دەقەکە ڕەخنە بوو لە پیاوانی ئایینی، گفتوگۆی جیاوازی دروست کرد و سەلەفی و ئیسلامییەکان لە سەنگەری خۆیانەوە بە هێرشی ناڕەوا و نەفیکردنەوە کەوتنەوە حەقیقەت بەخشینەوە و جارێکی تر کولتوورە تاریک و ڕەتکەرەوەکەی خۆیان خستەوە سەر تەختەی شانۆ. لەولایشەوە لەبری پشتگرتنی گرووپ و چالاکییە هونەرییە ڕێکخراوەکان، بەڕێوەبەرایەتیی گەرمیان بڕیاری سڕکردنی کارکردنی گرووپەکە دەدات بۆ ماوەی ساڵێک (ئەم بڕیارە دواتر هەڵدەوەشێتەوە). گەرچی لە ڕووکەشدا ئەم بڕیارە تەنها سڕکردنی گرووپێکی شانۆییە بۆ ماوەی ساڵێک، بەڵام گەر لە دەرەوەی ئەو ڕووکەشخوازییەی تەلەڤیزیۆن، بە قەولی پیێر بۆردیۆ، ”وەحشی دیجیتاڵی” خزاندوویەتیە ناومانەوە، لێی بڕوانین.

 ڕیشەی ئەم بڕیاڕە هەمان ئەو تێڕوانینەیە کە لە قوتابخانەکاندا وانەی وەرزش و هونەر بە کەمتر دەبینێت لە بیرکاری و ئایین و قوتابییەکان لەبری خۆشەویستیی هونەر و ژیان، فێری جەبری ئایین و دۆگما دەکات و دواتر کە بەو ڕوانینە بەسەرچووەوە گەورە دەبن و دەبن بە باوک و مامۆستا و بەڕێوەبەر و دکتۆر و هەر شتێک، دەیدەنەوە بە چواردەوریان و هەموان کۆک دەبن لەسەر ئەوەی کە هونەر بۆ ژیانە بێنەزم و خواروخێچە بێڕۆحەکەی ئەوان پێویست نییە.

ناگرنگیی هونەر، نەبوونی ڕۆڵی لە ژیانماندا ئەو دۆخەی هێناوەتە دی کە ئاسانترین بڕیار لە هەر دۆخێکدا بدرێت، سڕکردنی هونەر و هونەرمەندان بێت، لەبەر ئەوەی پێویست نین. ئەم دۆخە و هێرش بۆ سەر هونەرمەندان دەگات بەو شوێنەی یەکێتیی زانایانی ئیسلامی کوردستان – لقی گەرمیان، بۆ خۆبردنەوە ناو کایە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، بە نووسراوێکی فەرمی بۆ داواکاری گشتیی گەرمیان، بە بیانووی ”سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان”، سکاڵای یاسایی لەسەر تەواوی ستافی شانۆیی ”وەرن ببین بە سەگ”، لە بەرواری ٢٦/٢/٢٠٢٠دا تۆمار دەکات.

گرنگە خەڵک لە یەکێتیی زانایان بپرسن، ئایا پیرۆزییەکانی ئەوان ئەو شەخسە دەمڕووت و بێفکرانەن، کە لەسەر میدیاکانەوە دەردەکەون و بە دەزگایەکی ئەکادیمی و هونەری پەروەردەیی وەک پەیمانگەی هونەرە جوانەکان دەڵێن ”سۆزانیخانە” و بە کەسەکانی ناوی ”لەشفرۆش”، یان پیاوانی ئایینیی وەک مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس و مەلای گەورە و  شێخی چۆلی؟

هێشتا لە کوردستان ئایین لە ڕێگەی هەندێک لە پیاوانی ئایینییەوە هەوڵ دەدات ڕۆڵی کاریزمایەکی نەخۆش و تێکدەر لە ناو کۆمەڵگەدا ببینێت و ڕێگە دەدات دەربارەی هونەر و سیاسەت و ئابووری و جار جار بۆی بلوێت فەلسەفەی ئەدۆرنۆ و تۆز تۆزیش قەیرانی بەنزین و غاز و نەخۆشیی کۆرۆنا و بەرهەمی ناوخۆ و دەرەکی و هەر شتێک کە بتوانێت و ئارەزووی لێ بێت، قسە بکات!

ڕەنگە لە دوای ڕێنسانسەوە بە هەزار کردار و تابلۆ و شانۆ و شیعر و وتاری ڕچەشکێنانە و دژەتێڕوانینی باو نووسرابێت و هەبێت، کە وەک بەردێک گیرابێتە پەنجەرەی ئایین و تێڕوانینی باو و بۆگەنکردووی ئەو لەشکرە مرۆڤەی کە لەسەر زانیاریی لەقوتوونراوی خێزان و مامۆستا و نەوەکانی پێش خۆیان کڕ کەوتوون… بە مانایەکی تر، ئەم شەڕە بۆ دنیا ئیتر شتێکی نوێ نەماوە.

دوای ڕێنسانس، لە ئەنجامی گۆڕانکارییە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و بزووتنەوە گرنگ و ڕچەشکێنەکان لە سەدە ناوەنجییەکان، ئایین و پیاوانی ئایینی ڕۆڵێکی تریان وەرگرت؛ لە ئەکتەرە سەرەکییەکەی سەر تەختەی شانۆی دنیاوە ڕۆڵەکەیان گوازرایەوە بۆ سەر تەختە بچووکەکەی ئایین و لە دەست خستنەناو هەموو جومگە بنەڕەتی و گرنگەکان کشانەوە. بەڵام هێشتا لە کوردستان ئایین لە ڕێگەی هەندێک لە پیاوانی ئایینییەوە هەوڵ دەدات ڕۆڵی کاریزمایەکی نەخۆش و تێکدەر لە ناو کۆمەڵگەدا ببینێت و ڕێگە دەدات دەربارەی هونەر و سیاسەت و ئابووری و جار جار بۆی بلوێت فەلسەفەی ئەدۆرنۆ و تۆز تۆزیش قەیرانی بەنزین و غاز و نەخۆشیی کۆرۆنا و بەرهەمی ناوخۆ و دەرەکی و هەر شتێک کە بتوانێت و ئارەزووی لێ بێت، قسە بکات!

هێشتایش ئێمە وەکو کورد بە گشتی لەو قۆناغەدا ماوینەتەوە کە شانۆیەک یان کارێکی هونەری بمانخاتە دۆخی شڵەژان و ماخۆلیایەکی سەیرەوە و دەمارگیرییە تێنەپەڕیوە ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەمان بکەوێتەوە هێرشبردن و پەلاماردانی ئەنجامدەرانی.  

یەکێک لە نموونە دیارە ڕچەشکێنەرەکانی نێو هونەری شێوەکاری، ڕەنگە تابلۆ باڵا و ترسناکەکەی هونەرمەندی سویسری، فەردیناند هۆدلەر (١٨٥٣-١٩١٨) بێت کە یەکەم کەسە وەک پاتریک زۆسکیند لە لێکۆڵینەوە بەناوبانگەکەیدا* (دەربارەی خۆشەویستی و مەرگ) باسی دەکات، ململانێ ئەزەلییەکەی نێوان خواوەندی ئارەزووی سێکسی (ئیرۆس) و خواوەندی مەرگ (تاناتۆس) لە تابلۆکەیدا بە ناوی ”شەو”، خستبێتە ڕوو.

 

 هۆدلەر توانیی بە تابلۆ سیمبولیکەکەی مەنزوومە بەهاییەکان و نەریتە باوەکانی هونەر ببڕێت. ئەو تابلۆیەی فەزیحەیەکی لە ناوەندە ڕووناکبیرییەکاندا لە ژنێف تەقاندەوە و ڕێگری لە نمایشکردنی کرا و بە لادان لە مەفهوومە باوەکان و بەها ئەخلاقییەکان دانرا. بەڵام ئەمە بە نزیکەیی سەدەیەک پێش ئێستا بوو!

هۆدلەر لە ڕێگەی حەوت جەستەوە نمایشی ململانێی تانۆس و ئیرۆس دەکات و دۆخێکی سیمبولیی سەیر نیشانی هەموان دەدات. هەر ئەم تابلۆیە کە لە ژنێف ڕێگە لە نمایشکردنی دەگیرێت، دواتر لە پاریس نمایش دەکرێت و هۆدلەر و ستایلە تایبەتەکەی دەکات بە وێنەکێشێکی لەبیرنەکراوی مێژوویی. کەچی هێشتا لێرە و لە ساڵانێکی زۆری دوای ڕێنسانس و بزووتنەوە ڕچەشکێنە فیکرییەکان و دوای چەندان هەوڵی یاخییانەی شێرکۆ بێکەس و نووسەرانی پێش ئەویش، ئەو شەڕە لە باشووری کوردستان کۆتایی نەهاتووە و نیمچەتەواوکراو جێ هێڵراوە.

شانۆ بۆچی گرنگە؟ بۆ خۆشەویست نییە؟

گەر دەربارەی ڕۆڵی مێژوویی شانۆ بنووسین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ زۆر کۆن، لە مێژووی شارستانیەتی ویڵ دۆرانتەوە سەر دەربێنین و ڕۆڵی شانۆ لە ژیانی مرۆڤدا بگەڕێنینەوە بۆ بەرەبەیانەکانی پێش مێژوو و جووڵە سەرەتاییەکانی مرۆڤ. بەڵام گەر سەردەم بپەڕێنین و کەمێک بێینە پێشەوە تا دەگەین بە گەلی یۆنانییەکان کە لەوێدا و لای ئەوان شانۆ وەزیفەی خۆی وەردەگرێت و وەک پڕۆژەیەکی ژیاری و کولتووری دەکەوێتە کارکردن، دەبینین فەیلەسووف و شاعیرەکانیان بۆ گەیاندنی بیرۆکە و بۆچوونەکانیان شانۆیان بە کار دەهێنا و لە ڕێگەی شانۆوە شۆڕشی کۆمەڵایەتی و فیکری دەکرا و گۆڕانکارییەکان دەچوونە پێشەوە و ئەمە بۆ هەموو سەردەم و قۆناغەکانی مێژوو ڕاستە.

شانۆ هەمیشە ئەو کەرەستە گرنگە بووە کە لە ڕێگایەوە کۆمەڵگەی پێ هۆشیار کراوەتەوە، بەڵام ئەوەی کە شانۆ لە وڵاتی ئێمە بۆ بە هەمیشەیی ئەم ڕۆڵەی نەبینیوە، پرسیارەکەیە. دەکرێت سەرەڕای لەبەرچاوگرتنی کۆمەڵێک هۆکاری دیاری وەکو سیستم و سیاسەت و پەروەردە و زۆر شتی تر، ئاسان بڵێین لەبەر ئەوەی هونەرمەندان و بە تایبەت شانۆکاران، زۆرینەیان کەسانی سەردەمناس و خەڵکناس و قۆناغناس و سیستمناس نین. مەعریفەیان لە مەعریفەی شانۆیی تێنەپەڕیوە بۆ مەعریفەی گشتی و فراوانی نێو بوارەکانی تر کە ئەمە خاڵی دەستپێکی ڕۆشنبیرییە. شۆڕشی فیکری و کۆمەڵایەتییش هەمیشە بە کەسانی سەردەمناس و خەڵکناسی ناو کۆمەڵگەکان کراوە و دەکرێت.

مۆلێر، سەرەتا لە لادێکان بوو، خەڵکی ناسی و دواتر چووە کۆشکی پاشایەتی و کاری زیاتری کرد. بەڵام گەر ئێمە بپرسین کامانەن ئەو کارە زۆرانەی کە قسەی لەگەڵ ئێستا و سەردەمی ئێمە و مرۆڤی ئێستا کردووە؟ لە چەند هەوڵێک زیاتر کە بە ئاستی خۆیان وامان لێ بکەن بە گرنگییەوە لێیان بڕوانین، شتی زۆرترمان دەست ناکەوێت.

بۆیە دەبێت ئیتر هونەرمەندان بیر لە شێوازێکی تری کارکردنی جیدی بکەنەوە و توندتر و خێراتر و سەردەمناستر کار بکەن، دژی ئەو تێڕوانینە باوەی کە ڕۆڵی زانستی شانۆ و هونەرەکانی پێ لە ئایین و زانستەکانی تر کەمترە.

لە سەرەتای کتێبە بەناوبانگەکەی ڕیچارد بۆسلاڤسکی (شەش وانە لەبارەی نواندنەوە)، کە کتێبێکە لەژێر هەژموونی کتێبە گرنگ و بەناوبانگەکەی تیۆریستی ڕووسی، ستانسیلاڤسکیدا نووسراوە، لە قوتابییەکەی دەپرسێت: ”ئایا هەیە شانۆی خۆش نەوێت؟” گەر ئێمە لەبری خانمە فێرخوازەکەی بەردەمی جەنابی بۆسلاڤسکی کە خۆی خوێندکاری ستانسیلافسکییە، لە ڕوانینی سیستمەوە وەڵام بدەینەوە، دەبێت بڵێین: بەڵێ، ئەوانەی دژی کاری دەستەجەمعی و شۆڕشئامێزن. ئەوانەی وەک ئەو مەلا هەژار و کەوتوو و گوناهەکان دژی نمایشێکی بەئاوێنەبوون کە ڕووی خۆیانی تێدا ببینن، ئەوانەی دژی ڕامان و نیشاندانەوەی واقیعی بۆگەنکردوون بە ئەوانی تر، شانۆیان خۆش ناوێت و لێی دەترسن.

ئێستا ئیتر خۆشنەویستنی شانۆ و ئەو هەڵوێستە شەرمئاوەرەی ئەم دواییانەی لە گەرمیان ڕووی دا بەرانبەر ئەو هەوڵە شانۆییە کە ئێستا و لەم نووسینەدا جێگەی باسکردنی ئاست و ڕەخنەی شێوازی کارکردنەکە نابێتەوە، نیشانمان دەدات، چەند پێویستمان بە کاری داهێنەرانەی ڕچەشکێن و یاخییانە هەیە دژی کولتووری سیاسی و ئایینیی کۆمەڵگەکەمان، دژی ئەو باوەڕە بونیادییەی نێو نەستی بەشێکی زۆری تاکی کورد کە پێی وایە هونەر زیادەیە و کارێکی پێویست نییە.


ئەم بابەتە 88 جار خوێندراوەتەوە