kteb.jpg

بەشی بیست و یەکەم: هەڵسەنگاندنی كتێبی سەرۆكی سەنگاپورە (من العالم الثالث إلی الأول)

مەلا بەختیار

(دژایەتی گەندەڵی، ژن و مناڵ و سەرکارەکانیشیان دەگرێتەوە)

لەبەرئەوەی سەرۆکی سەنگاپورە، بەشێکی گرنگی ئەزمونی خۆی لە حوکمڕانیدا؛ بۆ چۆنیەتی ریشەکێشکردنی گەندەڵی تەرخان کردووە، بەپێویستی دەزانین لەم بابەتانەی دەینوسین، ئەم ئەزمونە هێژایە، بەرامبەر کێشەی ترسناکی گەندەڵی، زیاتری لەسەر بنوسین. لەمباروەوە بۆچونی زۆر زۆر گرنگ باسدەکات، وردە وردە باسیان لێوە دەکەین. دەڵێ:

"پێش هەڵبژاردنی گشتی مانگەکانی ئایار و تەموزی ١٩٥٩، تیشکمان خستە سەر هەڵوێستمان دژی گەندەڵی، کە حکومەتی (لیم هیو هۆک ١٩٥٦-١٩٥٩)ی دادەوەشاند". (ل٢٠٩)

لەسەر ئەم بنەمایە، سەرۆک و حکومەتی هەڵبژێردراوی سەنگاپورە، ئەم بڕیارانەی بە یاسا سەپاندوەو گوێی نەداوەتە، هاوڕێ و کەسوکاری خۆی. دەنوسێ:

"دەم چەورکردن لە هەمو لایەکەوە تەنگی پێ هەڵچنیبوین. نەک تەنها لە سەنگاپورە، بەڵکو لە فڕۆکەخانەکانی ئاسیاشەوە"

لە درێژەی ئەو باسانەدا ڕونیدکاتەوە کە: "هەستێکی قوڵی دامەزراندنی حکومەتێکی پاکی بەتوانامان هەبوو. کاتێک لە هۆڵی ئەنجومەنی شاردا (حوزەیرانی ١٩٥٩) سوێندمان خوارد. هەمومان کراسی سوکەڵە وپانتۆڵی سپیمان لەبەر کرد، وەکو ئاماژەیاک بۆ پاکژیی و بێگەردی و ئەمانەتی هەڵسوکەوت و ژیانی گشتیمان. خەڵکیش هەر ئەوەیان لێ چاوەڕوان دەکردین وسوریش بوین بەزربینەوە بۆ ئاستی ئامانج و چاوەڕوانیەکان". (ل ٢٢٠)

ئەم بۆچونە پشت ئەستورە بەو ئەزمونە سەرکەوتوەی لە سەنگاپورەدا بونیاتنراوە، وای لەم سەرۆکە کردوە، بێمنەت بێ و بێباک دەنوسێ:

"لە ڕۆژی یەکەمەوە کە لە حوزەیرانی ١٩٥٩ دەسەڵاتمان گرتە دەست، دڵنیابوین کە هەر دۆلارێک لە داهات تۆمار دەکرێ و هەموشی دەگاتە دەستی ئەو خەڵکەی پێویستیان پێی هەیە". (ل ٢١٠-٢١١)

ئەم سیاسەتە لە دژایەتی گەندەڵی، لە گەندەڵە بچوکەکانەوە لە پۆلیس و ناو بازاڕەوە، هەتا دەگاتە گەندەڵە کەتە کەتەکانی گرتۆتەوە. بەمشێوەیە باسیدەکات:

"بڕیارمان دا چڕبینەوە بۆ حوتە کەتەکان و دزە گەورەکان. مەکتەبی لێکۆڵینەوەمان بەپێی ئەرکەکانی لەپێشینەمان، راسپارد. هەروەها بەرنامەشمان بۆ (ماسییە بچوکەکان)یش دانا و رێنوێنی رۆشن و یەکلاکەرەوەمان بڕیار لێدا".

ئەو بەرنامە و بڕیارە، لە هەمو بارێکەوەو بەرامبەر هەموو کەسێک، بێ جیاوازی، سەپێنراوە، بۆیە جەخت دەکاتەوە کەوا:

"یاسای دژایەتی گەندەڵیمان کە ساڵی ١٩٣٧ پەسەندکراوە گۆڕی بۆ یاسایەکی هاوچەرخ. دەسەڵاتی فراوان درایە لێکۆڵەرەوەکان، لەوانە گرتن و پشکنین و پیاچونەوە بە حساباتی بانک بۆ گومانلێکراوان، تەنانەت ژنەکانیان، یان مناڵەکانیان و سەرکارەکانیشیان".

لە درێژەی ئەو باسەدا دەنوسێ: "١٩٦٣ بانگکردنی شایەتەکانمان بۆ لێکۆڵینەوە، کردە بڕیاری ناچاری. ١٩٨٩ لایەنی کەمی سزای بەرتیلمان لە (١٠ هەزار)ەوە بۆ (١٠٠ هەزار) دۆلار 'گۆڕی". (ل٢١٢)

لێرەدا کۆتایی بەم بەشە دەهێنین و دەڵێین: چەند ساڵە لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی لە کوردستاندا هەیە، تا ئێستا داوا دەکەن دادگایەکی تایبەتیان بۆ تەرخان بکرێ بۆ سزادانی گەندەڵی، کەچی هەر دەستی بە دەستییان پێ دەکرێ. هەتا دێت گەندەڵییش پەرەی سەندوەو کەمترینیان سزا دراوون!


ئەم بابەتە 41 جار خوێندراوەتەوە