Qwbad.jpg

تەریک*

قوبادی جەلیزادە

بیری شەوانی گۆیژە دەکەم..
لەدوورەوە سلێمانی،
حەبیبەکەی نالی ،
کراسێکی ئاودامانی
پوولەکەداری لەبەردابوو.

بیری قاوەخانەی
(جەمال عیرفان)1 دەکەم
بەدەستی کیژووڵە خنجیلەکە,
قاوەیەکی قەزوان و
بوتلێک ئاوی نەمریی.

مێزی شاعیران و
هەیبەتی (فوئاد مەجید میسری ) 2و
وتوووێژە هێمنەکانی،
(حەمە فەریق حەسەن)3 و
خەمە قورسەکانی ناو چاوی
(جەواد حەیدەری)4 و
بۆنی ژن و
بۆنی کتێب.

بیری زەردەخەکانی (شۆرش.)5.
(ئەخلاق شەرتە).

بیری هەورامان و
عودەکەی (حەبیبی گیان) 6
(سارا ) 7و
کامێرا ئاڵتوونییەکەی سەرشانی.

بیری لانەکەی (فەرهاد ) 8دەکەم
مێزی رازاوە بە ؛
قاپی مەی و
قەل و
برنج و
نوکتەو
جاجیک و
سێبەری ژن و
گەندەڵی دەسەلات و
چریکەی (شەماڵ)9

بیری بازاڕی زانکۆ ..
دوکانەکەی( شادیار)10
بۆ کڕێنی،
شوشە عەترێکی (DOLCE & GABBANA)
تیشێرتێکی مۆرو
پانتۆڵێکی چویتی.

بیری کۆیە دەکەم
بیری،
جەمەدانیەکەی (حاجی قادر)
دیوەخانەکەی (ئەختەر)
گوتارێکی هەینی ، (مەلای گەورە).
تەنانەت بیری ئەوانەیش،
کەخۆشییان ناوێم.

بیری هەولێر دەکەم
کاتێک،
قەڵاو منارە،
دەستیان نەچوبوە،
خوێنی یەکتری.

بیری ترومبێلەکەم دەکەم..
سوکانی.
دەشبوولی.
عەینەکەکە رەشەکەم
کاسیتەکانی ناو سندوق.
گۆرانیەکی خالقی.
بنێشتێکی ئەبوو سەهم.

بیرت دەکەم ؛
گوڵفرۆش
میوە فرۆش
مەیفرۆش.
دەرمانفۆش
جوانیفرۆش

بیری ئەمانە دەکەم؛
ژنە بۆنخۆشەکانی ناو مەسعەد
لەرەی مەمکی ئەو ژنانەی ، بەکالەیەکی سپییەوە، وەرزش دەکەن.
بریقەی جوتێ شانی رووت، لەناو بۆدییەکی رەشدا.
بیری ئەو کچەی،
پێستی سپی ترە ،لە تووکی سەگە قشتیلەکەی.

بیرتان دەکەم جگەرگۆشەکانم
بیری،
راکە راکەی نەوە وردیلەکان
تریقەی پێکەنینی (ژەن)
چاوو چاویلکە جوانەکەی (شکۆ)
قەڵەم و کاغەزو شەڕە پشیلەکانی (کەزێ)
کەزییە درێژەکانی ( لارا)
هەڵچوونی (لاس) ، کاتێک لە فۆرتنایت ،دەیدۆڕێت.
شەرمی پەمەیی (نەی)

هەموومانی (تەریک) کرد- کۆڕۆنا.

دایکم نەماوە نزایەکمان بۆ بکات..
دوای چارەکێ عەرەق،
خۆم،
بەتەسبیحێکی سەد قلەوە،
دەچمە سەر بەرماڵ و
نوێژ دەکەم و
دەستم هەڵدەبڕم بۆ ئاسمان.
----------------
* تەریک: کەرەنتینە
1-کتیبخانەو قاوەخانەیە لە سلێمانی
٢- فوئاد مەجید میسری : نووسەر
٣- حەەم فەریق حەسەن؛ چیرۆکنووس
٤-جەواد حەیدەری - نووسەر - بۆکانی
٥-شۆڕش قادری ئەکتەر و دەرهێنەر
٦-حەبیبی گیان : مامۆستا ماجدی عودژەن
٧-سارا خانی فۆتۆگرافەری هاورێم
٨- فەرهاد :ئەندازیاری هاورێمان
٩-شەماڵ محەمدی دەنگبێژ
١٠-شادیار: ئەو کوڕي روحسوکەی جلو بەرگی لێ دەکڕم


ئەم بابەتە 219 جار خوێندراوەتەوە