Qubady_jalyzada.jpg

نایەمە دەرێ

قوبادی جەلیزادە

ژیان ; دوالیزمە:
رەش، سپی.
تاریکی،روناکی.
ئارامیم،نیگەرانی.
ژیان ،مردن.
مەزدە، ئەهریمەن

چۆن دەتوانم سپی و
روناکی و
ئارامی و
ژیان و
ئاهورەمەزدە،
هەڵبژێرم!

ئاسانە ،
من لەماڵەکەم نایەمە دەرێ تا تٶ سپیاتیت بەرکەوێ
تۆ لەمالەکەت مەیە دەرەوە تا من رووناکیم دەستکەوێ
ئەم لەماڵ نایەتە دەرێ تا ئەو ئارامی بەسەریانا بڕژێت
ئەو لەماڵ نایەتە دەرێ تا ئەم تژی دەبێ لە ژیان.
ئەوان لەماڵ نایەنە دەر، تا ئەمان بەر میهرەبانی مەزدە کەون.

لەمالەکەما نایەمە دەرێ ،
خۆم و
تۆ و
ئەوانی تریش دەپارێزم

لەمالەوە دەمێنمەوە؛
لای خەونەکانم ، ئەوخەونانەی کچی سەرابن.
لای هاوسەرە میهرەبانەکەم.
کتیبەکانم ،
رۆمانەکانی لۆرانس
گۆرانیەکانی خالقی
لای شیعرە ساواکانم کە هێشتا شیرەخۆرەن.

جار جار،
دێمە بەر پەنجەرە ،
سەیرێکی کۆترو چۆلەکان دەکەم کە بەئاسمانا هەڵدەفڕن،
سەیرێکی دلۆپە باران دەکەم ، کەرەشەبا سەریان دەکێشێ بەدیوارا.
سەیرێکی تیشک ، کە لە ئاسمانەوە بەردەبێتە ناو رووبارەکەی قلیاسان
سەیری رەوە سەگێک .ئارام ئارام تێدەپەڕن ،
شوکر منداڵێک بەدەرەوە نییە، بەبەردێک ئارامیان بشێوێنێت.

ئەستێرەکان دەژمێرم ،
هەرچەندە تەمبەڵترین خوێندکاری بیرکاریبووم
چاو لە مانگ دادەگرم ،
تا دەیهێنمە بەر پەنجەرەکە و روتی دەکەمەوە

خۆم لەماڵەوە تەریک دەکەم ،
ئەو باوە ش و تەوقەو وماچانەی لەدەستم دەچن ،
بە قەڵڵا دەیانگێڕمەوە

لەماڵەوەم لەژووری کتیبخانەکەمدام .
لەکن شیعرێکی ساوای قومات کراو،
بەتەنیش قاپێک شەرابی سووروو
چنگێک نەستەلەی میترۆوە.


ئەم بابەتە 68 جار خوێندراوەتەوە