Shano.jpg

شانۆ وەك مەزارێك

شەهید نەدیم، پاکستان - لە ئینگلیزییەوە: ڕزگار حەمە ڕەشید

شانازییەکی گەورەیە بۆ من کە پەیامی ڕۆژی جیهانیی شانۆ بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بنوسم. زۆرتر هەستێکی خۆ بەکمبینینە، بەڵام لەهەمان کاتدا بیرکردنەوەیەکی دڵهەژێنە کە شانۆی پاکستانی و خودی پاکستان، لەلایە ئەنیستیتۆی نێونەتەوەیی شانۆوە، کاریگەرترین و نمایندەترینی جەستەی شانۆی جیهانیی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، ددانیپێدانراوە. ئەم شانازییە ڕێزلێنانیشە بۆ ئایکۆنی شانۆ و دامەزرێنەری شانۆی ئاجۆکا و هاوژینم کە دوو ساڵ لەمەوبەر کۆچی دوایی کرد مەدیحە گەوهەر(١). گرووپی ئاجۆکا(٢) لە ڕێگەیەکی دوور و سەختەوە، ڕێك لە شەقامەوە بۆ شانۆ هات. بەڵام دڵنیام، ئەمە چیرۆکی زۆر گرووپی شانۆیە. سەوڵلێدان هەرگیز بێگرێ و ئاسان نییە، هەمیشە ململانێیە.

من لە وڵاتێکەوە هاتووم کە زۆرینەی موسوڵمانن، کە چەندین دیکتاتۆری میلیتاری بەخۆیەوە بینیوە، هێرشە ترسناکەکانی مەزهەبییە توندڕەوەکان و سێ جەنگ لەگەڵ هندستانی هاوسێمان، لەگەڵ ئەوانەی کە مێژوو کەلەپووری هاوبەشی هەزاران ساڵەمان بەیەکەوە هەیە. ئەمڕۆش ئێمە هێشتا لەو ترسەدا دەژین کە جەنگی یەکلاکەرەوە لەگەڵ برا دوانەییە هاوسێکەمان هەڵگیرسێت، تەنانەت جەنگی ئەتۆمیش، چونکە هەردوو وڵاتەکە خاوەنی چەکی ئەتۆمین.

هەندێ جار ئێمە بە گاڵتەوە دەڵێین "کاتە خراپەکان کاتی باشن بۆ شانۆ". ئەو بەرەنگاریانە کەم نین کە دەبێت ڕوویان لێبکرێت، یان ئەو ناکۆکییانەی کە دەبێت ئاشکرا بکرێن، یان ئەم هەلومەرجەی ئێستاکە دەبێت ژێرەوژوور بکرێت. خۆم و گرووپە شانۆییەکەم "ئاجۆکا" وا بۆ ٣٦ ساڵ دەچێت بەسەر ئەو گوریسە توندوتۆڵەدا هەنگاو دەنێین. بەڕاستی گوریسێکی توندوتۆڵ بوو: بتوانیت هاوسەنگی لەنێوان دروستکردنی کاتی خۆش و فێرخوازیدا ڕابگریت، لەنێوان گەڕان و فێربوون لە ڕابردووەوەو ئامادەکاری بۆ داهاتوو، لەنێوان دەربڕینی داهێنەرانەی ئازاد دا و بەرەوڕووبوونەوە سەرکەشەکان لەگەڵ دەسەڵات دا. لەنێوان تەنگژەی کۆمەڵایەتی و گەشەی دارایی شانۆدا، لەنێوان هەوڵی دەستڕاگەیشتن بە جەماوەر و بوون بە ئەزموونکاردا. لەوانەیە کەسێك بڵێت شانۆکار دەبێت جامباز بێت، جادووگەر بێت.

لە پاکستان دابڕانێکی ئاشکرا هەیە لەنێوان پیرۆز و پۆخەڵدا. بۆ پۆخەڵەکە هیچ جێگایەك بۆ پرسی ئایینی بوونی نییە، بۆ پیرۆزەکەش هیچ ئەگەرێك بۆ دیبەیتی کراوە یان ئایدیای نوێ بوونی نییە. لە ڕاستیدا، دەزگای کۆنزێرڤەتیڤ(پارێزکار) هونەر و فەرهەنگ لە دەرەوەی سنووری (یارییە دینییەکان) دادەنێت. بەو پێیە گۆڕەپانی گەمە بۆ هونەرەکانی پێرفۆرمانس وەکو پێشبڕکێی بەربەست تێپەڕاندنی لێهاتووە. سەرەتا دەبێت متمانەکانیان وەك موسوڵمانێکی باش و هاوڵاتی گوێڕایەڵ بسەلمێنن، هەروەها دەبێت هەوڵ بدەن ئەوە جێگیر بکەن کە سەما و مۆسیقا و شانۆ لە ئیسلامدا "ڕێگەپێدراوە". ژمارەیەکی زۆر لە موسوڵمانە وردبینەکان ڕاڕا بوون لەوەی هونەرەکانی پێرفۆرمانس لەئامێز بگرن، هەرچەندە ڕەگەزەکانی سەما و مۆسیقا و گۆرانی لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەیاندا تێکەڵ بووە. ئیتر ئەوکاتە ئێمە خلیسکاینە ناو فەرهەنگێکی لاوەکییەوە کە توانای ئەوەی هەبوو دینی و دونیایی بەیەکەوە بخاتە سەر هەمان سەکۆی شانۆ.

لە هەشتاکاندا، ئەوکاتەی دەسەڵاتی پاکستان بەدەست سوپاوە بوو، ئاجۆکا لەلایەن گروپێك هونەرمەندی گەنجەوە سەرپێخرا، ئەو گەنجانە لە ڕێگەی شانۆیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی جەربەزە و ناڕازییەوە بەرەوڕووی دەسەڵاتی دیکتاتۆری بوونەوە. ئەوەیان بۆ دەرکەوت کە تووڕەیی و ئازار و هەستەکانیان لەلایەن کەسێکی سۆفییەوە (٣) گوزارشتی لێکراوە کە نزیکەی ٣٠٠ ساڵ لەمەوبەر ژیاوە. ئەویش شاعیرە سۆفییە مەزنەکە "بوڵڵا شا" بوو (٤). ئاجۆکا ئەوەی بۆ دەرکەوت کە دەتوانێت گوتاری سیاسی هەژێنەر لە ڕێگەی شیعرەکانی ئەوەوە دروست بکات، ڕووبەڕووی دەسەڵاتە سیاسییە گەندەڵەکان و دەزگا مەزهەبییە دەمارگیرەکان ببێتەوە. دەسەڵاتەکان دەتوانن قەدەغەمان بکەن یان دوورمان بخەنەوە، بەڵام ناتوانن ئەوە بەرامبەر شاعیرێکی سۆفی ناسراوی وەك بوڵڵا شا بکەن. ئێمە ئەوەمان بۆ دەرکەوت کە ژیانی بوڵڵا شا وەك شیعرەکانی ڕادیکاڵ و دراماتیك بووە، ئەمەش لە سەردەمی ژیانی خۆیدا فتوا و دوورخستنەوەی بۆ پێشهێناوە. ئیتر من "بوڵڵا"م نوسی، شانۆنامەیەك دەربارەی ژیان و خەباتی بوڵڵا شا. بوڵڵا، وەك ئەوەی بە خۆشەویستییەوە لەلایەن جەماوەری باشووری ئاسیاوە ئاماژەی بۆ کراوە، سەر بە شاعیرە سۆفییە پەنجابییە سوننەتیەکان بوو کە لە ڕێگەی شیعر و پراکتیکەکانیانەوە، چاونەترسانە ڕووبەڕووی دەسەڵاتە ئیمبراتۆریەکان و ئایینزادە دیماگۆجییەکان دەبوونەوە. بە زمانی خەڵک و دەربارەی ئامانجەکانی جەماوەر شتیان دەنوسی. لە مۆسیقا و سەمادا، ڕێچکەی دەستەبەرکردنی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان لەنێوان مرۆڤ و خودادا دۆزییەوە و نێوەندکارە دینییە قۆڵبڕەکانیشیان بەنەفرەت کرد. ئەوان دژی جیاوازی جەندەر و چین وەستانەوە و بە سەرسوڕمانەوە لەم هەسارەیە، وەك دیاردەیەکی دەسەڵاتی باڵا ورد دەبوونەوە. ئەنجوومەنی هونەری لاهۆر سکریپتەکەی ئێمەی، بە پاساوی ئەوەی ئەوە شانۆنامە نییە بەڵکو تا ڕاددەیەك بایۆگرافییە، ڕەتکردەوە. بەڵام کاتێك شانۆگەریەکە لە هۆڵێکیتر نمایشکرا "ئێنیستیتۆی گۆتە" بینەرەکان بینییان و تێیگەیشتن و خۆشحاڵبوون بەو سیمبۆلیزمەی لە ژیان و شیعرەکانی شاعیری جەماوردا هەیە. ئەوان دەیانتوانی بەتەواوی ژیان و سەردەمەکەی بوڵڵا بناسن و هاوشێوەیی لەگەڵ ژیان و سەردەمەکەی خۆیاندا ببینن.

ئەو ڕۆژە لە ٢٠٠١دا جۆرێکیتری شانۆ لەدایك بوو. مۆسیقای پەرستگایی قەووال(٥)، سەمای سۆفییانەی دامەل(٦)، ووتنەوەی هۆنراوەی ئیلهام بەخش، تەنانەت گۆرانییە سرووتبەخشەکانی زیکریش(٧) بوون بە بەشێك لە نمایشەکە. گرووپێك لە سیخەکان(٨)، کە بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسێکی پەنجابییەکاندا هاتبوونە شارەکەوە و سەرێکیان لە هۆڵەکە دابوو تا نمایشەکە ببینن، لە کۆتاییدا سەر شانۆکەیان داگیرکرد، بەگریانەوە باوەشیان بە ئەکتەرەکاندا دەکرد و ماچیان دەکردن. لەدوای دابەشبوونی هیندستانەوە (٩) ساڵی ١٩٤٧ کە بووە هۆی دابەشبوونی پەنجاب بەسەر هێڵی گرووپەکاندا، ئەمە یەکەمجار بوو سیخەکان لەگەڵ موسوڵمانە پەنجابییەکاندا لەسەر هەمان شانۆ کۆببنەوە. بوڵڵا شا لای ئەوانیش بەهەمان شێوەی موسوڵمانە پەنجابەکان خۆشەویستە: لای سۆفییە مەزهەبگەرا باڵاکان و گرووپە دابەشبووەکانیش. دوابەدوای ئەم نمایشە لەیادنەکراوە، گەشتی بوڵڵا شا بۆ هیندستان دەستی پێکرد. بە گەشتێکی نایاب دەستی پێکرد بۆ بەشە هندییەکەی پەنجاب. "بوڵڵا" بە درێژایی و پانی هیندستان نمایش کرا، تەنانەت لەو کاتانەشدا کە تەنگژەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە زۆر چڕ دەبووەوە و لەو شوێنانەشدا کە بینەرەکان یەك ووشەی پەنجابیشیان نەدەزانی بەڵام هەموو ساتێکی نمایشەکەیان خۆشدەویست. کاتێك دەرگاکان بەڕووی دایەلۆگی سیاسی و دیبلۆماسیدا یەک بەدوای یەکدا دادەخران، دەرگای هۆڵەکانی شانۆ و دڵی جەماوەری هیندستان تەواو بەکراوەیی مابوونەوە. لە کاتی گەشتەکانی ئاجۆکا لە ٢٠١٤ دا بۆ بەشە هندستانییەکەی پەنجاب، دوای چەندین نمایش کە لەلایەن هەزارن گوندنشینەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا، پیاوێکی پیر هات بۆ لای ئەو ئەکتەرەی ڕۆڵی سۆفییە مەزنەکەی دەگێڕا. پیاوە پیرەکە کوڕێکی گەنجی لەگەڵدا بوو. "دۆخی ئەم کوڕەزایەم زۆر خراپە، بەیارمەتی دەتوانیت دوعایەکی بۆ بکەیت". ئەکتەرەکە بە سەرسوڕمانەوە وەڵامی دایەوە، " باباجی (١٠)، من بوڵڵا شا نیم، من تەنیا ئەکتەرێکم ڕۆڵی ئەو دەبینم." پیاوە پیرەکە دەستیکرد بەگریان و وتی، "تکایە دوعا بۆ کوڕەزاکەم بکە، دەزانم ئەگەر بۆی بکەیت ئەو چاك دەبێتەوە". ئێمە پێشنیارمان بۆ ئەکتەرەکە کرد کە ئەو ئاواتەی پیاوە پیرەکە بهێنێتە دی. ئەکتەرەکە دوعایەکی بەسەر کوڕە گەنجەکەدا خوێند. پیاوە پیرەکە ئاسوودە بوو. بەر لەوەی بڕوات ئەم ووشانەی بە ئەکتەرەکە گوت: "کوڕم، تۆ ئەکتەر نیت، ڕۆحنشینی بوڵڵا شایت، ئاڤاتارەکەی (١١) ئەویت". لەناکاو کۆنسێپتێکی تەواو نوێی نواندن و شانۆ هاتە ناو ئێمە، ئەوەی کە ئەکتەر دەبێتە ڕۆحنشینی ئەو کارەکتەرەی بەرجەستەی دەکات.

لەماوەی ١٨ ساڵی گەشتەکانمان لەگەڵ "بوڵڵا" ، ئێمە دیقەتی هەڵوێستەکردنی هاوشێوەمان دەدا لەلایەن بینەرێکەوە کە بێباك دەهاتە پێشچاو، ئەوانەی پێرفۆرمانسەکە بۆیان تەنیا چێژبینین یاوەخود ئەزمونێکی ئاوەزبزوێن نییە، بەڵکو بەیەکگەیشتنێکی ڕۆحانی گیانبزوێنە. لە ڕاستیدا ئەو ئەکتەرەی ڕۆڵی ماستەری سۆفی "بوڵڵا شا" ی دەگێڕا، بەقووڵی کەوتبووە ژێر کاریگەری ئەو ئەزمونەوە، خودی خۆی بوو بە شاعیرێکی سۆفی و لەو کاتەوە دوو کۆمەڵە شیعری بڵاوکردۆتەوە. ئەو ئەکتەرانەی لەو بەرهەمەدا بەشدار بوون ئەوەیان درکاند کە کاتێك نمایشەکە دەستپێدەکات، وا هەستدەکەن ڕۆحی بوڵڵا شا لە نێویانە و ستەیجەکەش وەک ئەوە وایە هەڵکشابێت بۆ ئاستێکی بەرزتر. ڕۆشنبیرێکی هندی ئەم ناونیشانەی دابوو بە نوسینێکی خۆی دەربارەی نمایشەکەمان: "کاتێك شانۆ دەبێتە مەزار".

من کەسێکی ڕۆشنبیرم و ئارەزووی من بۆ سوفیزم زیاتر فەرهەنگییە. من زیاتر حەزم لە لایەنە هونەری و نمایشکارییەکەی شاعیرە پەنجابییە سوفییەکانە، بەڵام بینەرەکانم، لەوانەیە توندڕەوو دەمارگیر نەبن بەڵام هەڵگری باوەڕێکی ئایینی پاراون. دۆزینەوەی چیرۆکی وەكو ئەوەی بوڵڵا شا، کە لە هەموو کەلتورەکاندا زۆر هەیە، دەتوانێت ببێتە پردێك لەنێوانی ئێمەی شانۆکاران و بینەرە نەناسراو بەڵام بە جۆشوخرۆشەکاندا. بەیەکەوە دەتوانین ڕەهەندە سپیریچوالەکانی شانۆ بدۆزینەوە و پردەکانی نێوان ڕابردوو ئەمێستا بونیاد بنێین، بمانگەیەنێتە دواڕۆژێك کە ئامانجی هەموو کۆمەڵگاکانە؛ ئیماندار و بێباوەڕ، ئەکتەر و پیاوی بەساڵاچوو وە کوڕەزاکانیشیان.

هۆکاری ئەوەی من چیرۆکی بوڵڵا شا و دۆزینەوەی ئەم جۆرە لە شانۆی سوفی خۆمان باس دەکەم ئەوەیە کە ئێمە کاتێك لەسەر شانۆ نمایش دەکەین، هەندێجار فەلسەفەی خۆمان دەربارەی شانۆ و ڕۆڵمان وەك پێشەنگی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتیمان لەگەڵ خۆماندا هەڵگرتووە و بۆ ئەنجامدانی ئەمە، ژمارەیەکی زۆری جەماوەرمان پشتگوێخستووە. لە تێکەڵبوونماندا بە سەرکەشییەکانی ئەمێستاوە، خۆمان لە ئەگەرەکانی ئەزمونێکی زۆر کاریگەری سپیریچوال بێبەش دەکەین کە شانۆ دەتوانێت دەستەبەری بکات. لە جیهانی ئەمڕۆدا کە سەرلەنوێ دەمارگیری و ڕق و توندوتیژی سەریهەڵداوەتەوە، ئاشکرایە نەتەوەکان دژی نەتەوەکان هاندەدرێن، ئیماندارەکان دژی ئیماندارەکانیتر شەڕ دەکەن و کۆمەڵگاکان دژی کۆمەڵگاکانیتر ڕقئەستوور دەکرێن... لەهەمانکاتدا منداڵان لە بەدخۆراکیدا دەمرن و دایکانیش لەکاتی منداڵبووندا بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی گونجاوەوە دەمرن و هەروەها گەشانەوەی ئادیۆلۆژیا دوژمنکارییەکان. هەسارەکەمان قووڵتر و قووڵتر بە کلایماتیک و کارەساتی کلایماتیکدا ڕۆدەچێت و کەسێك دەتوانێت گوێی لە دەنگی ناڵەی غاری ئەسپەکانی چوار سوارچاکەکەی ئەپۆکالیپس بێت (١٢). ئێمە پێویستمان بە پتەوکردنەوەی توانای سپیریچوالمان هەیە؛ پێویستمان بەوەیە شەڕێك لە دژی بێباکی و دۆشدامان و ڕەشبینی و تەماح و بێباکی بەرامبەر ئەم هەسارەیەی لەسەری دەژین هەڵگیرسێنین. شانۆ ڕۆڵیکی هەیە، ڕۆڵێکی شکۆداری هەیە لە چالاكکردن و سەرپێخستنی مرۆڤایەتیدا تا خۆی لە خلۆربوونەوە بەرەو چاڵ هەستێنێتەوە. دەتوانێت ستەیجەکە، شوێنی نمایشەکە بەرز بکاتەوە بۆ شتێکی پیرۆز.

لە باشووری ئاسیا، ئەکتەرەکان بەر لەوەی پێبخەنە سەر ستەیجەکە، بە ڕێزێکی زۆرەوە دەستی لێدەدەن. ئەمە ترادسیۆنێکی لەمێژینەیە هی ئەو کاتەی سپیریچواڵ و فەرهەنگ ئاوێزانی یەک ببوون. کاتی ئەوە هاتووە ئەو پەیوەندییە لێکئاڵاوەی نێوان هونەرمەند و بینەران، ڕابردوو وە داهاتوو بەدەست بهێنرێتەوە. دەتوانرێت دروستکردنی شانۆ بکرێتە ڕوداوێکی پیرۆز و ئەکتەرەکانیش ببنە بەرجەستەکەری ڕوحی ئەو ڕۆڵانەی دەیگێڕن. شانۆ هونەری نواندن بۆ ئاستێکی بەرزتری سپیریچوال بەرز دەکاتەوە. شانۆ توانای ئەوەی هەیە ببێتە مەزار و ئەو مەزارەش ببێتە پانتاییەك بۆ نمایش.
------------------------------------------------------------------

١/ مەدیحە گەوهەر (١٩٥٦ – ٢٠١٨): دەرهێنەری شانۆ و ئەکتەر و فەمەنیست و دامەزرێنەری شانۆی ئاجۆکا. هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە کۆلێژی ڕۆیاڵ هاڵۆوی لەندەن، هەروەها لە لایەن حکومەتی پاکستانەوە مەدالیای تایبەتمەندیی و خەڵاتی شازادە کڵازی لەلایەن هۆڵەنداوە پێبەخشراوە.

٢/ شانۆی ئاجۆکا: لە ١٩٨٤دا دامەزراوە. ووشەی ئاجۆکا لە پەنجابیدا بەمانای هاوچەرخ دێت. هەگبە شانۆییەکەی بابەتەکانی تۆلێرانسی ئایینی و ئاشتی و توندوتیژی جەندری و مافەکانی مرۆڤ لەخۆ دەگرێت.

٣/ سۆفیزم: نەریتێکی سۆفییانەی ناو ئیسلامە کە لەڕێگەی ئەزمونی ڕاستەوخۆی خوداوە بەدوای دۆزینەوەی ڕاستیی عەشقی یەزدانیدا دەگەڕێت. بەهۆی ئەوەوە زۆر بڵاوە کە بانگەشە بۆ برایەتییەکی جیهانی دەکات و دژی پراکتیزە دۆگماییە چەقبەستووەکانی فێرگە ئایینیەکانە. شیعری سۆفیانە کە زۆرتر لە مۆسیقادا بەرجەستە دەکرێت، گوزارشت لە یەکگرتنێکی سۆفییانە دەکات لەڕێگەی خوازەکانی ( میتافۆرەکانی) خۆشەویتی پۆخەڵەوە(ناپیرۆز).

٤/ بوڵڵا شا ( ١٦٨٠ – ١٧٥٧): شاعیرێکی سۆفیستی پەنجابی کاریگەر کە بە زمانێکی سادە دەربارەی بابەتی فەلسەفی ئاڵۆز دەینوسی، ڕەخنەگرێکی سەرسەختی ئەرثۆدۆکسی ئایینی و نوخبەی دەسەڵاتداران بوو. بەتۆمەتی کافری لە شاری کاسور وەدەرنرا و ناشتنی تەرمەکەشی لە گۆڕستانی شارەکە ڕەتکرایەوە. لە نێو گۆرانیبێژە ئایینیەکان و فۆلکلۆرەکاندا زۆر ناسراوە. هەروەها لەلایەن کەسە ئایینیە جیاوەبووەکاندا ڕێزی تایبەتی بۆ دادەنرا.

٥/ قەووالی: شیعری سۆفی ئایینی کە لە لایەن گروپێك گۆرانیبێژەوە پێشکەش دەکرا (قەوواڵەکان)، لە بنەڕەتدا لە مەزاری سۆفییەکاندا پێشکەش دەکرا، گوێگرەکانی دەگەیاندە حاڵەتی شاگەشکەیی.

٦/ دەماڵ: سەمای شاگەشکە بوون لە مەزاری سۆفییەکان بە دەفلێدانەوە.

٧/ زیکر: سروتێکی ڕیتمئامێزی ڕۆحانییە، سڵاوات لێدان و گەیشتن بە ڕوناکبوونەوەی سپیریچوال.

٨/ سیخەکان: دواکەوتووانی ئایینی سیخ، لە سەدەی ١٥دا لە پەنجاب لەلایەن گورو نانەكەوە دامەزرا.

٩/ دەوڵەتی ئیسلامیی پاکستان لە ساڵی ١٩٤٧دا لەنێو کوشتارگەی بەکۆمەڵی بێهاوتا و کۆچی بەکۆمەڵی هاوڵاتییاندا لە هیندستان جیاکرایەوە.

١٠/ باباجی: ڕێزنواندنێکە بۆ کەسە بەتەمەنەکان.

١١/ ئاڤاتار: بەپێی فەرهەنگی هیندۆ، ڕۆحنشین یان مانیفێستکردنی مامۆستایەکی ئاسمانی لەسەر زەوی.

١٢/ چوار سوارچاکەکەی ئەپۆکالیپس لە کتێبەکەی جۆن ئۆف پاتمۆسدا بەناوی سرووش، دوا کتێبی پەیمانی نوێ، باسکراوە. لە زۆربەی گێڕانەوەکاندا وا لێکدراوەتەوە کە چوار سوارچاکەکە بە دوای یەکدا هێمان بۆ داگیرکاری، جەنگ، برسێتی، مردن.

لینکەکانی ئەم وەرگێڕانە و ڤێرژنە کورتکراوەکەی و بایۆگرافیای شەهید نەدیم بە کوردی لە سایتی ITI:

تەواوی پەیامەکەی شەهید نەدیم:

https://world-theatre-day.org/…/WTD2020_Kurdish_Message_Sha…

ڤێرژنێکی کورتکراوە:

https://world-theatre-day.org/…/WTD2020_Kurdish_Message_Sha…

بایۆگرافی شەهید نەدیم:

https://world-theatre-day.org/…/WTD2020_Kurdish_Bio_ShahidN…


ئەم بابەتە 77 جار خوێندراوەتەوە