Talhat.jpg

پێموابوو ھەستی بۆنم نەماوە..

تەڵعەت تاهیر

پاش ئەوەی لەمنداڵیم، رۆژانە دەمبینی پلکم زارێ بێریەی کوڕە کوژراوەکەی دەردەھێناو بۆنی دەکرد و دەگریا، دەگریاو بەمنی دەگوت کە گەورەبوویت بیگێڕەوە.

پاش ئەوەی لەگەنجیم. بۆنم کرد، لەھەڵەبجە کیماوی بە منداڵ و دیوانەکەی عەبدولڵا گۆراندا کراوە.

پاش ئەوەی بۆنی غوباری ئەو نیمدەرە گوڵ گوڵیەم کرد پیرێژنێکی گەرمیانی ھەموو شەوێک بۆ ھاتنەوەی کوڕە ئەنفالکراوەکەی، لەتەنیشت جێگەکەی خۆی رایدەخات.

بینیم، پاش مردنی دایکم، کەس نەبوو بەرەبەیانی جەژن کورسیەکەی بابم بێنێتە ناوەندی حەوشە و یەکە یەکە بۆنمان بکا.

پاش ئەوەی لەپیریم. بۆنم کرد، بەو ئاگرەی بۆ ژێر ئیبراھیم کرابۆوە
تیرۆرستێک جەستەی کچۆڵەیەکی ئێزیدی دەبرژاند.

پێموابوو ھەستی بۆنم نەماوە..

جیھان بۆتە روباری ناشرینی و خەریکە دەمبا..
دەمبا و ئیتر جارێکیتر لە باوەشەکاندا بۆنی مێخەکی سینگی ژنان ناکەمەوە.

تا تۆ ھاتیت..جانتای شانت، بووە سەبەتەکەی مووسا و
لەشێوەی شووشە عەترێک دەربازت کردم.

بۆ زانینى زانیارى لەسەر ژیانى شاعیر کلیک لێرە بکە.


ئەم بابەتە 85 جار خوێندراوەتەوە