Syamnd_Hadi.jpg

ئەركی (وێنە) لەناو كۆمەڵە چیرۆكی (خۆڵەمێشی ناودارەكان)ی (سیامەند هادی)

فەرهاد مستەفا

واڵتەر بنیامین گوتویە:
"مێژوو لە حیكایەتەكاندا هەڵناگیرێت، بەڵكو بە وێنەكاندا پەرش دەبێتەوە."

ئەی وێنەكانی ناو چیرۆكەكانی (خۆڵەمێشی ناودارەكان) چی لەو پەرشبوونەی لە خۆ گرتووە؟
(خۆڵەمێشی ناودارەكان) ناونیشانی ئەو كۆمەڵە چیرۆكەیە، (سیامەند هادی) نووسیویە. ناوەندی غەزەلنووس لە ساڵی 2017 بڵاوی كردەوە. كۆمەڵە چیرۆكەكە لە (8) چیرۆك پێكهاتووە و كۆی چیرۆكەكان (174) لاپەڕەیە و ناونیشانی چوارەمین چیرۆكی ناو كۆمەڵە چیرۆكەكە، بۆتە ناونیشانی گشتی.

تەواوی چیرۆكەكان بە گۆشە نیگای پانۆرامی نووسراونەتەوە. هەریەك لە چیرۆكی (نەزانراوەكانی پێش ونبوون) و (لە كۆتاییدا بكوژێك)بە تەكنیكی شانۆیی نووسراون و چیرۆكەكانی دیكە (گێڕەرەوەی هەموو شتزان ــ جێناوی كەسی سێیەمی تاك و كۆ) بۆتە تەكنیكی گێڕانەوەیان.

لە هەر دوو چیرۆكی (وێنەی نەناسراوەكان) و (ئاشكرابوونی نهێنییەكانی شارێك)یش ئەو دوو تەكنیكە تێكەڵ كراوە. جگە لە چیرۆكی (ڕۆژە پرشنگدارەكان هەر نەهاتن) قورسایی خراوەتە سەر فلاشباك و مۆنۆلۆگ، بۆ بەرچاو ڕوونی خوێنەریش بۆڵت كراون.

تێما و خاڵی هاوبەشی زۆرینەی چیرۆكەكان، (وێنە)یە، وێنەی فۆتۆگرافی. ئیدی وێنە وەك نۆستۆلۆجیا. وێنە وەك شوناس. وێنە وەك مێژوو. وێنە وەك شاهیدی و پاسادان، وەك پنتی كۆكردنەوەی ئاراستەكان، بەكار براوە.

ڕۆلان بارت لە وتاری (نامەی فۆتۆگرافی) جەغت لەسەر ئەوەدەكات..
"ئەو مەغزایەی كە وێنەیەك دەیبەخشێت بە بینەر، هاوتا و هاوشێوەی مانا و ناوەخنی ئەو دەقەیە كە نووسەر ئاراستەی خوێنەری دەكات." بەلای (بارت)ەوە.. "وێنە هاوشێوەی دەقێكی نووسراوە."

وێنە لەم چیرۆكانەدا بە تەنها ڕەهەندێكی نۆستۆلۆجی و ئیستاتیكی و مێژووییان نییە. بەڵكو كراوەتە شوناسی سەرگەردانی و مۆڵەقی و و لە ناوبردن و وێڵگەردی مرۆڤی سەردەم.

كردە و ئەركی تەماشاكردنی وێنەش لەم چیرۆكانەدا كردەیەكی كۆنكرێتی نییە. لە چیرۆكێكەوە بۆ چیرۆكیكی دی جیاوازن و ئەم جیاوازییەش بۆتە هەوێنی پەیامی چیرۆكەكان.

لە چیرۆكی (چوارهەمین ئەلبومی تەنیایی) كە یەكەمین چیرۆكی كۆمەڵە چیرۆكەكەیە، لە دەسپێكی چیرۆكەكەوە بەر ئەوە دەكەوین كارەكتەرەكە خەریكی كۆكردنەوەی وێنەكانە. پێش ئەو ئێوارەیە ـــ بە زەمەنی چیرۆكەكە ــــ وێنەكانی بە پێی قۆناغەكانی تەمەنی پۆڵین كردووە . ئەوانەشی بەسەر چوار ئەلبوومدا دابەش كردووە و هەر ئەلبومێكیش ناوێكی ژمارەیی لێ ناون.

ئەلبوومی یەكەم، تایبەتكراوە بە وێنەكانی قۆناغی دوایینی تەمەنی، ئەلبوومی دووەم، بۆ قۆناغی پێشتر، بەو جۆرە تا ئەوەی ئەلبوومی چوارەمی تایبەت كردووە بە قۆناغی منداڵیی.

گێڕەرەوە پێمان دەڵێت.. لە ئەلبوومی چوارەمدا تەنها یەك وێنەی تێدایە. وێنەیەك و بەس. ئاشكرایە لە قۆناغی منداڵیدا، وەك (خود) نازانین وێنە چ مانایەكی هەیە، هەمیشە ـــ گەر لەو قۆناغەدا توانای ئەو بیركردنەوەیەمان هەبێ ـــ چاو لەدەستی چاو و دەست و كامێرای ئەوانەی دیكەین تا وێنەیەكمان لێ هەڵگرێت. (ئەو)ی كارەكتەر بە تەنها ئەو وێنەیەی هەیە. بۆچی تەنها وێنەیەك؟ (وێنەكە بچوكە، وەك ڕیشاڵی سەر گەڵایەكیش لە چەند شوێنێكەوە شكاوەتەوە ل٢٣). دەكرێت ئەمە بیانووییەك بێ تا چكێ لە مەودای ڕیشاڵەكانی خێزان وكۆمەڵگامان بە بروسكەیی بۆ دەربكەوێت. (ئەو) لە تەماشاكردنی ئەو وێنەیەش ــــ وەك ئەركی هەموو وێنەیەك ـــ توانای گەڕانەوەی (كات)ی هەیە. بەڵام لە زانینی تەواوی شوێن و بۆنە و چۆنێتی خودی خۆی، لەو كردەیەدا دەستەپاچەیە. (ئەو) كە سەدانجار تەماشای ئەو وێنەیەی كردووە و تەماشاشی دەكاتەوە، هەر ئەوەندە دەبینێت (دەستێك لە پشتییەوە، جەستە پێنج شەش مانگەی ڕاگرتووە. قژێكی كەمی هەیە و بلوزێكی خەتخەتی لەبەردایە. گوڵدانێكی گەورەش لەلای چەپییەوە دانراوە. بە ڕووخسارێكی پێكەنیناوییەوە تەماشای كامێراكە دەكات. ل٢٣).

گێڕەڕەوە، لە پانتایی گێڕانەوەكانیدا، لە ئاستی بەشێكی وێنەی ناو ئەلبوومەكان ڕادەوەستێت، نەك هەر ناوی كەسی ناو وێنەكان و شوێنكاتی وێنەكە و بۆنەی گرتنی وێنەكەمان بۆ باس دەكات، بە چاوێكی ڕیالیزمی ئەو شتانەشمان بۆ دەگوێزێتەوە كە زوومی كامێراكان ڕاویان كردووە.

لێ.. لە كۆی وێنەكان، كە بۆتە مەغزای سەرەكی چیرۆكەكە، بە تەنها لە یەك وێنەیاندا پێكەنین دەبینین. ئەو پێكەنینەش لەناو ئەو وێنەیەیدایە كە لە پێنج شەش مانگیدا لێی هەڵگیراوە، واتە وێنە تاقانەكەی ناو ئەلبوومی چوارەم.

ئێمە پەی بەوە دەبەین پێكەنین لەو تەمەنەدا خۆڕسكە، نەك بەرئەنجام. ئەوە لە قۆناغەكانی دواتری ئەو تەمەنەیە، كە لە دەلالەت و هۆكاری پێكەنینەكان تێدەگەین. دەتوانین پێكەنینی درۆزنانە و پێكەنینی ڕاستەقینە لە یەكدی جیا بكەینەوە.

لە دوا وێنەی (ئەو)دا، فیگەرەكە كەسێكی تەنیایە، لە باتی ئەو دەستەی لە وێنەكەی یەكەمدا لە پشتییەوە ڕایگرتووە، لە دوا وێنەدا، دارێك ڕۆڵی ئەو دەستە دەبینێت، كە ڕایبگرێت. بەو مانایەی ئەگەر لە یەكەم وێنەدا خودی (ئەو) تەنیا بێت، لە دوا وێنەشدا، هەمان تەنیایی لە ئامێزی دەگرێتەوە. دروست.. تەنیایی دەسپێك بۆ تەنیایی كۆتایی، یەك فیگەر و یەك كەسی تەنیان، كە (ئەو)ە.

بەو سۆنگەیە بڕیار لەسەر ئەوە دەدات، كە دوا وێنە، بخاتە ناو ئەلبوومی چوارەمەوە. ئەو ئەلبوومەی وێنە تاقانەكەی (ئەو)ی هەڵگرتووە.

كەواتە، وێنە دەبێتە نۆستۆلۆجیای(ئەو)، نەك بۆتە ئاوێنەیەك تەنیابوونی خۆی تێدا ببینێتەوە و حەسرەت لە دەستچوونی شتەكان بخوات، بەڵكو سكاڵایەكە لەدەست ونبوون و لە دەستدانی ئەو پێكەنینەی، ڕاستگۆترین پێكەنین بوو.

لە چیرۆكی (خۆڵەمێشی ناودارەكان) كە ناونیشانی كۆمەڵە چیرۆكەكەی هەڵگرتووە، جیا لەوەی كردەی وێنە وەك پێناسەی نۆستۆلۆجیا، بارگاوییە بە گەڕانەوە و خۆشەویستی بۆ شوێنكاتێكی لە دەستچوو، لەم چیرۆكەدا بە ڕوخسارێكی جیاوازترەوە دەبینین. جیاواز بە گۆشەی سەدوهەشتا پلە لە چیرۆكی(چوارهەمین ئەلبوومی تەنیایی). كارەكتەری چیرۆكی (خۆڵەمێشی ناودارەكان) نەك هۆگری نامێنێت بۆ ڕابڕدوو و پێكەنینی لە دەستچوو، تەقەلای ئەوە دەدات ڕابڕدوو لە خۆی دابڕنێت و بەجێی بهێڵێت.

هەر لە دەسپێكی چیرۆكەكەوە، بەو بەرەبەیانە ئاشنا دەبین، كە (ئەو)ی كارەكتەر كەوتۆتە سووتاندنی وێنەكانی ناو حەوت ئەلبوومەكەی. (ئەو) بەدرێژای ساڵانێكی تەمەنی، كامێرایەك هاودەمییەتی. ئەوەندەی بۆی ڕەخسابێت و ڕێكەوتی هەر كەسێكی ناوداری نێو كۆمەڵگاكەی كردبێت، داوای لەكەسێك كردووە (كە لەو ساتەوەختەدا ئامادەبووبێ)بچێتە تەنیشتی ناودارەكەوە و ئەو كەسە ئامادەبووە كامێراكەی بۆ بچركێنێ و وێنەیەكیان لەگەڵ بگرێت. وێنە لەگەڵ كەسە ناودارەكاندا سەرمایەی خۆشنوودی و شانازی (ئەو)ن. (دەیگوت: "ئەو وێنانە هەروا بە ئاسانی كۆنەكراونەتەوە، ئێوە نازانن چەند ماندوو بووم، تا ئەو هەموو وێنەیەم گرتووە؟ پێی دەگوتن.. كەسی وایان تێدایە سی ساڵە مردووە.ل٧٣).

وێنە، لێرە بە تەنیا گێڕانەوەی مێژوو نییە. وێنە لەگەڵ كەسە ناودارەكاندا دەبێتە شوناس.
ئەو زۆر درەنگ دەزانێت ناودارەكان لە دەرەوەی بازنەی پەرۆشی (ئەو)ەوەیە. ئەوی ناودار (بە داواكاری و خواست و تكا) ئامادەیە بۆ چركەیەك، هێندەی وادەی وێنەگرتنێك لەگەڵیدا ڕابوەستێت. (ئەو)ە یان تۆیت، ئەو بازنە وەهمییە دەخوڵقێنی كە وا زەن بكەی بۆ هەتا هەتایە كەسە ناودارەكانیش لە ناو بازنەكەی تۆدا دەژی و هەمان پەرۆشیت پێ دەبەخشێتەوە.

كارەكتەری چیرۆكی (خۆڵەمێشی ناودارەكان) لەو بەیانییەدا بێ بیركردنەوەی پێشینە، پاش ساڵانێكی درێژ درێژ، لەو بازنەیە دێتە دەرێ. ئەو مێژووە دەسووتێنێت، كە مێژووی ئەو نییە.

نۆستۆلجیای وێنە، لەم چیرۆكەدا ئازار و ڕقێك دەزێنێت، كە كارەكتەر دەیەوێت
بەجێیان بهێڵێت و لێیان جیا ببێتەوە. بۆ ئەو خۆ داڕنینە، پەنا دەباتە بەر سووتاندنیان.

مەغزایەكی ئاشكرا لە پشتی كردەی سوتاندنەكە ڕاماندەگرێت، وەك ئاوەی ئاگرەكە جەخت لەسەر ئەو دەمامكە فریودەرە بكاتەوە، كە ساڵانێكی بە عومرە، ئەویان لە خشتە بردووە.

ئاگرەكە لە پێشەوە بەرەو كەمانچەی هونەرمەندی ناو وێنەكە دەچێت، كەمانچەكە بەر لە ڕوخساری یان بەشێكی دیكەی جەستەی هونەرمەندە ناسراوەكە دەسوتێنێت. بێژەرەكەش (كاتێك بۆ خوێندنەوەی هەواڵەكان دەردەكەوت، باوكی خێرا دەیگوت: ئادەی دەنگی تەلەفزیۆنەكە زیاد بكەن، بە تەنها هەواڵەكانی ئەم بێژەرە ڕاستن! ل٧٧) ئاگرەكە لە پێشەوە شاتاوڵ بۆ دەمی دەبات و دەمی بێژەری ناو وێنەكە لەپێش جەستەیەوە دەسوتێنێت. شاعیرەكەش جانتاكەی لە پێشەوە گڕ دەگرێت. وەرزشكارەكەش لە پێشەوە، ئاگرەكە دەئاڵێتە قاچەكانی و دەسووتێن. گۆرانیبێژەكەش، یەكەم شوێن كە گڕی ئاگرەكەی بەردەكەوێت، قوڕگییەتی.

دروست.. هەموو ئەو كەلوپەل و ئەندامی جەستانە لە پێشەوە دەسووتێن، كە ئەوی ناودار، دەیتوانی خۆی لە (ئەو)ی ئاسایی پێ جیابكاتەوە. ئیدی (دوای ئەوەی لەو بەیانییە زووەدا هەموو وێنەكانی ئەو حەوت ئەلبومەی سووتاند و دڵنیا بوو لەوەی جگە لە وێنە ئاساییەكانی تر. هیچ وێنەیەكی لەگەڵ كەسە بە ناوبانگەكان نەماوە، چووە ژوورەوە و لەسەر جێگەكەی ڕاكشا و بە قووڵی خەوی لێكەوت ڵ٨٨).

لە چیرۆكی (ئاشكرابوونی نهێنی شارێك) تیمای وێنە بە جۆرێكی دی بەكار براوە. جیاواز لە كردە و ئەركی وێنە لە دوو چیرۆكەكەی پێشووتر. وێنە لەم چیرۆكەدا نە كردەی هۆگربوونە بۆ ڕابردوو، نە دەستبەرداربوون و داڕنین و ڕاكردنە.

تیمای وێنە لەم چیرۆكەدا لە نۆستۆلۆجیا جیا دەبێتەوە و نابێتە موڵكی تەنها كەسێك. سیامەند هادی لەم چیرۆكەدا هاوشێوەی چیرۆكەكانی دی، لەسەر وێنەكان ڕانەوەستاوە و ئەوەی كە كەوتوونەتە ناو وێنەكانەوە، بە ئێمە ئاشنا ناكات و نایانگوێزێتەوە.

ئەركێكی جیاوازی وێنە بە ئێمە دەناسێنێ. بەو مانایەی وێنە لەم چیرۆكەدا، پەیام ئاسایە و دەبێتە زمانحاڵ. ئەوە زوومی كامێراكانە دەتوانێت بچێتە نێو ئەو حەشارگانەی دەسەڵاتدارەكان بنیاتیان ناوە.

جیهانە تایبەتەكەی دەسەڵاتداری گەندەڵ، هەمیشە جودا بووە لەو جیهانەی، هاونیشتمانی ئاسایی تیایدا دەگوزەرێن. دەسەڵاتدار بۆ شاردنەوەی ئەو جیاوازییە، پێویستی بە شورایەكی تۆكمە هەبووە، تا ڕووخسار و كرۆكی گەندەڵبوونەكەی بشارێتەوە.

مانەوەی دەسەڵاتدارەن پەیوەستە بەو زۆڵە نواندنەی، كە ئێمەی هاونیشتمانی پێ لە خشتە دەبەن، هاوزەمان بە وریاییەوە دەجوڵێنەوە، تا گومانمان نەبێت و باوەڕ بە دڵسۆزی و ڕەوتار دروستییان بهێنین.

ئەو دەمەی كەلەبەرێك دەڕەخسێت بۆ ئاشكراكردنی گەندەڵی و قەبارەی ئەو جیاكارییە ترسناكە، حەوجەمان بە شایەتحاڵەكانە، تا چۆنێتی و شێوەی ئەو گەندەڵییەمان بۆ بەیان بكات. شایەتحاڵ لەم چیرۆكەدا لە ئەستۆی وێنە گیراوە. جا چی لە وێنە چاتر و خێراتر و ڕاستگۆ تر؟ بێگومان ئەوانەی لە پشتی شوراكانەوەن، یان دەسەڵاتداری گەندەڵ، نەك ناهێڵن وێنەكان چاو هەڵبێنن. گرتنی كامێرامان و شكاندنی كامێرەكان دەكەنە پێشەنگی كاری داپڵۆسینیان.

لە دەسپێكی چیرۆكەوە، گێڕەرەوە ئەوەمان پێدەڵێت.. بەر لە شكاندنی كامێراكە، وێنەكان گەیشتبوونە دەرەوەی شووراكە. دەسەڵاتدارانی ناو چیرۆكی ئەم چیرۆكەی سیامەند، تەنها ڕێگەیەك كە بیری لێ دەكەنەوە.. یان تا درێژە بدەن بە جیهانە تایبەتییەكەی خۆیان، بیر لە دروستكردنی شارێكی دیكە دەكەنەوە، كە لە دەرەوەی زوومی كامێرا و وێنەكان بێت.

لە چیرۆكی (وێنەی نەناسراوەكان)یش وێنە بۆتە تیمای سەرەكی چیرۆكەكە. كەچی وێنە و كەسانی ناو چیرۆكەكە تەواو جیاوازن لەو چیرۆكانەی پێشوتر. تەماشاكەرەكانی وێنەكان، دنیایەكی خەیاڵی (دەستكرد بە پێی خواستی خۆیان) لەسەر ئەو كەسانە ڕۆدەنێن، كە بەڕێكەوت لە كاتی چركاندنی كامێراكان دەكەونە ناو گرتەی وێنەكانەوە. زۆر بە كورتی لەلای ئەوان، تۆ ئەو كەسە نیت كە هەیت، تۆ ئەو كەسەی كە ئێمە چۆن دەتبینین.

هەڵبەت ئەركی وێنە لەم چیرۆكەدا لە ڕەهەندیكێ دیكەوە چێ كراوە. لەو پنتەشدا لەگەڵ چیرۆكی (نەزانراوەكانی پێش مردن) و (لە كۆتاییدا پزیشكێك) یەكدەگرنەوە، كە تەكنیكی شانۆیی بۆ گێڕانەوە بەكار براوە، ئەینا، ئەو دوو چیرۆكەی دواتر، نەك فەزای چیرۆكی پۆلیسیان بۆ ڕەخساوە، بەڵكو چیرۆكێكی پۆلیسیین و بە كوردی نووسراون.


ئەم بابەتە 63 جار خوێندراوەتەوە