Dastan.jpg

دەرەوە هەرگیز باشنەبووە

داستان بەرزان

بۆ ئەوەى لە قەبارەى ماددەیەک تێبگەیت
پێویستە لەو بۆشاییە تێبگەیت کە ماددەى تێدایە
ئەمە قسەیەکى فیزیایی نییە
بەڵکو وەک شاعیرێک دەمەوێت
بۆشایی گرێبدەمەوە بە تەنیاییەوە.

تەنیایی بەرگەگرتنى بۆشاییە
شاعیرەکان ئەوانەن کە لە بۆشایی تێدەگەن.

مرۆڤ تاکو نەتوانێت بەرگەى خۆی بگرێت
ناتوانێت لەبەرامبەر تەنیاییدا خۆڕاگربێت
خۆڕاگرتن لە بەرامبەر تەنیاییدا جۆرێکە لە شۆڕش
شۆڕش لەبەرامبەر ئەوانیتردا
چونکە ئەوانیتر بۆیە هەن تاکو کەوڵت بکەن
مرۆڤى تەنیا ڕۆژانە لە ناو خۆییدا خەریکى سڕینەوە ئەوانیترە.

ڕاستە من نامەوێت زۆر تەنیابم
لە شیعرێکى دیکەشدا نووسیوومە
(تەنیایی بۆ کەس باش نییە)
بەڵام نازانم بۆچی خەڵکى لەگەڵ ناوهێنانى شاعیراندا
تەنیاییان بیردەکەوێتەوە!
چونکە من بۆیە ئەم شیعرەم دەنووسم تاکو پێتان بڵێم:
درۆ دەکەن شاعیرەکان تەنیانین!

ئازادى لە ناو شۆڕشدا شتێکى دیکەیە
شێوە و ڕەنگ و ناوەڕۆکى هەیە
خاوەنى هەیە، نرخى هەیە
بەڵام لە ڕاستیدا ئازادى گیایەکە بە هیچەوە ناخورێت
حەشیشێکە تەنیا باغەوانەکەى خۆشنوود دەکات و
ئەوانیتر خومار
من حەزم لە ئازادییە، بەڵام جۆرەکەى خۆم.

ماڵ شتێکى نوێ نییە
وەکو ئاسمان کە دێرینە
بەڵام کاتێک کۆمەڵگا دەستى بەسەر ماڵدا گرت
ئیتر ماڵ ئەوە نەما کە مرۆڤ ویستى
بۆیە مرۆڤ دەستیدایە هەڵهانت لە ماڵ
نەفرەتکردن لە ماڵ و میزکردن بە ماڵدا
من حەزم لە ماڵە، بەڵام جۆرەکەى خۆم.

ئەڤین نەخۆشییەکە بەهایەکى گەورەى هەیە
وەکو سەفەر وادەکات بدرەوشێیتەوە
بەڵام کاتێک ئەڤین زۆری و کەمى هەبوو
لە مارکێتەکاندا لە تەنیشت دۆشاوى تەماتە و
ئاوى لیمۆ و سرکە و پاکەرەوەکاندا باڕکۆدى لەسەربوو
دەستپێک و بەرسەرچوونى هەبوو
وەکو لاشەى سەبازێکى لە بەرەى جەنگدا بەجێماو
-با- دەیبات و دەیبات و دەیبات
من حەزم لە ئەڤینە، بەڵام بە جۆرەکەى خۆم.

ماوەیەکە نانووسم
نەنووسین باشترە لە نووسین
حەز دەکەم دەست لە نووسینى ئەم شیعرە هەڵبگرم و
لەگەڵ کچەکەى هاوڕێم بڕۆینە دەرەوە
لە کافێیەکى سەهۆڵەکە گوێ لە گۆرانى (بێلا چاو)* بگرین و
باسی دونیا بکەین کە چ فێڵێکە لە مرۆڤ
بەڵام نابێت، کاتى دەرەوە و کافێ نییە
دونیاکەى خراپە
(دەرەوە ڤایرۆسە.)

بەردەوام دەبم لە باسکردنى دەردێک

کە ڕۆژێک دێت سەرم دەخوات

دەزانم سەردەمى باسکردنى دەرد نەماوە

بەڵام هەندێک دەرد هەن بە باسکردنیان دەڕەوێنەوە

من کەسم نییە دەردەکانمى بۆ باسبکەم

بەلۆعەى ئاوەکەش لێم بێزاربووە

هێندە بە ئاودا ناردم دەردەکانم

بۆیە دەیانکەم بە جۆرە شیعرێک

خەڵکى بخەنە سەر دەرد.

 

گوێ لە گۆرانى شوعلە دەگرم

شوعلەى من کوژاوەتەوە

دڵنیادەبمەوە کە نەخۆشم

لە شارێکدا کە نەخۆشخانەیە

کاتى خۆی شاعیرێکى تێدابووە گۆشەگیر

شیعری ئەو شاعیرە لاى من جۆرێکە لە باوەڕ

چونکە ئیشی لە ناوەوەى خۆییداکردووە

ئەو شاعیرە ناوى (مەحوی)یە.

 

تەزیەبارم لە سەردەمێکدا کە باوى نەماوە

غەمگینم لە سەردەمێکدا کە حەیاچوونە

بێزارم لە سەردەمێکدا کە شەرمەزارییە

نائومێدم لە سەردەمێکدا کە بە -با-چوونە.

 

مرۆڤ دەیویست جیهان بگۆڕێت

بەڵام جیهان خۆی و مرۆڤی پێکەوە گۆڕى.

 

خۆشبوون ئەو ڕۆژانەى دەستمان لە هەموو شتێک دەدا

ئێستا بۆمان نییە وەک پێویست لەسەر کورسییەکان دابنیشین

ناتوانین بچینە تەنیشت درەختەکان و

پێکەوە گۆرانیی بڵێین

 

قەدەغەیە بەبێ دەمامک ماچ و

بەبێ کهول مەمک و

بەبێ کۆندۆم سێکس.

 

ماڵەکانمان پێویستیان بە پاکژکردنەوە هەیە

تەنیا دەسکى دەرگا و

نەعل و

تەوالێت و

جێگەى خەوەکانمان نا

بەڵکو هەناوى ماڵەکانمان

هەناوى جیهان.

 

من چۆن بەرگەى ئەم ڕۆژگارە بگرم؟

کە لە هەموو شتێکى زیاتر پێویستە لە بۆنى گوڵەکانى بترسین!

گەردەکانى هەوا

گەردى فرمێسکەکانى ئێمەن

بۆ ژیانێک کە لێمان تۆرا و

هەرگیز بەو جۆرەى جاران نایەتەوە.

 

نەما ژیانى ڕاستەقینە

نەما دەستلێدان و

هەناسەدان

ئیتر ژیانى ئۆنڵاین دەستى پێکرد

ژیان بە دەنگ و ڕەنگى سەر شاشەکان

نەک بە دەستلێدان و

هەناسەدان!

 

مرۆڤ سروشتى توڕەکرد

دایکە میهرەبانەکەمان

گورزێکى لێوەشاندین مێژوویی

بەڵام ئایا مرۆڤ دادەنیشێت؟

 

ژیان سەیرە

کە خەریکە لە دەستى دەدەین خۆشمان دەوێت!

من بەسروشت وەهام

هەموو ئەوانەى لە دەستمداون بایەخیان لەلام زۆرترە

وەک لەوانەى کە هى منن

بەڵام کوا من چیم هەیە؟

سەیارە؟

سەموون؟

سەمەنى؟

سەنتور؟

سەبیل؟

چونکە من خەڵکانێک دەزانم زۆر شتیان هەیە

سیر و

سیروان و

سەما و

سانتى و

سلێمانیش!

 

*گۆرانییەکى ئیتاڵییە لە سەردەمى جەنگى جیهانى دووەم لەلایەن بەرهەڵستکارانى فاشیزمەوە لە ئیتاڵیا گوتراوە، دواى ماوەیەکى کەم دەبێتە هێماى ئازادیخواز و شۆڕشگێڕانى دژى فاشیزم و بە زۆربەى زمانەکان دەوترێتەوە.


ئەم بابەتە 99 جار خوێندراوەتەوە