Shalaw_Habiba.jpg

پێشنیاری دە کتێب بۆ سەردەمی کەرەنتینە

شاڵاو حەبیبە

ئەم دە کتێبەم پەیوەست بەم کاتەی جیهانەوە هەڵبژاردووە. کارەکتەرەکانی ئەم کتێبانە، یان لە بەندیخانەدان، یان دەیانەوێت لە بەندیخانەکەیان ڕابکەن، یان دنیایەکی خەیاڵییان لە بەندیخانەکەیاندا دروست کردووە، یان بۆ بیرکردنەوە هانمان دەدەن، یان بە شێنەیی بیر لە ڕابردووی خۆیان دەکەنەوە، یانیش هەر وەک ئێمە کەوتوونەتە کەرەنتینەیەکی ڕاستەقینەوە.

دەیەم: مەسخ/ کافکا
نۆڤلێتی "مەسخ"ـی کافکا، لەو ڕووەوە بۆ ڕۆژانی کەرەنتینە پێشنیار دەکەم، چونکە گریگۆر سامساش وەکوو ئێمە ناتوانێ/یان نایەوێ لە ماڵ دەربچێت. ئەو نەک هەر کەرەنتینە بووە، بگرە لەگەڵ کەرەنتینەکەیدا، شێوەیشی گۆڕاوە.

نۆیەم: بە دوای دوورگەی نەدۆزراوەدا/ ژۆزێ ساراماگۆ
ئەم چیرۆکە درێژە بۆ من چیرۆکی بیرکردنەوەیە. بێگومان ئەم ڕۆژانە باشترین هاندەرن بۆ بیرکردنەوە. دەبێت هەموو چیرۆکەکە بخوێنیتەوە و سەرەنجام، کە دەتەوێت بیر لەوە بکەیتەوە واتاکەی چی بوو، ئەوکات دەزانی هاندانێک بوو بۆ بیرکردنەوە، ئەگەر بەمەیش نەگەیشتی، تۆ کارەکەت کردووە؛ واتا بیراندووتە. من ئەو دایەلۆگەیم هەرگیز بیر ناچێتەوە؛ کابرا دەچێتە لای پاشا و دەڵێ هاتووم بەلەمێکم بدەیتێ، پاشا دەڵێ تۆ کێیت کە داوای بەلەم لە من دەکەیت؟ کابراش دەڵێ، ئەی تۆ کێیت کە نەتەوێ بەلەم بدەی بە من؟

هەشتەم: گەڕان بۆ کاتی لەدەستچوو/ مارسێل پرووست
بە بڕوای من مرۆڤ یەک جار لە ژیانیدا دەرفەتی ئەوەی بۆ هەڵدەکەوێت ئەم ڕۆمانە حەوتبەرگییە بخوێنێتەوە. بۆیە ئەگەر دەتەوێت دوای کۆرۆنا چیتر پێویستت بەوە نەبێت بە دوای کاتی لەدەستچوودا وێڵ بیت، ئەم ڕۆمانە بخوێنەوە.

حەوتەم: جەمشید خانی مام کە هەمیشە با لەگەڵ خۆیدا دەیبرد/ بەختیار عەلی
ئێستا هەر کەسێک دەیەوێت لە کەرەنتینەکەی خۆی دەربازی ببێت و وەک جەمشید خان لە زیندانەکەی خۆیەوە بفڕێت. هەندێک کەس بە ڕۆیشتنێکی ئاسایییش ڕازین نەخاسمە فڕین.

شەشەم: یەعقووبە درۆزن/ یۆرەک بێکەر
لە ڕۆژگارێکی ئاوا بەرتەسکدا، کە لە ماڵەکەت دەتهێڵنەوە، مرۆڤ پێویستی بە پرەنسیپەکەی یەعقووبە بۆ دروستکردنی دنیایەکی خەیاڵی بۆ خۆی. یەعقووبیش وەک ئێمە لە بەندیخانەدا بەسەر دەبات.

پێنجەم: حەسار و سەگەکانی باوکم/ شێرزاد حەسەن
یەخسیربوونی کچەکان لەم حەسارەدا، شتێک لە ژیانی ئێستای ئێمە دەچێت. هەڵبەت ئەوان دوای حەسار دەکەونە نەهامەتییەکی دیکەوە، ئێمە هێشتا دەبێ چاوەڕێ بین بزانین نەهامەتییەکەی دیکەمان چییە.

چوارەم: کتێبەکانی عەبدوڵڵا ئۆجالان
بیرکردنەوەی ئەو لە کەرەنتینەیەکی هەمیشەییدا بۆ من سەرنجڕاکێشە، بۆیە پێشنیارێکیشە بۆ خۆم.

سێیەم: خۆشەویستی لە زەمەنی کۆلێرادا/ گابرییەل گارسیا مارکیز
چارەنووسی فلۆرنتینۆ ئەریسا، پاش پەنجا ساڵ چاوەڕوانی بۆ ئەڤینەکەی، کەشتییەکە بە ئاڵایەکی زەردەوە، کە نیشانەی کۆلێرایە، هەرچەند ئەمە وەک گاڵتەیەک بێت، بەڵام هاوکات لە ئەڤین خۆی دەچێت، کە بەرۆکی مرۆڤ دەگرێت، لە ڕۆمانەکەدا. ئەمە بۆ ئەو کەسانەی لە خۆشەویستەکانیان دابڕاون، شتی چاکە.

دووەم: کوێری/ ژۆزێ ساراماگۆ
کاتێک خەڵکی شارەکە تێکڕا کوێر دەبن و هیچ سیستم و یاسایەک لەنێو کۆمەڵگەدا نامێنێت، ئەوکات دەبینی چۆن بە خێرایی دەگەڕێنەوە بۆ بەربەرییەت و وەک چاوەڕێش دەکرێت ڕووخساری دین دەردەکەوێتەوە. تەنیا یەک کەس لەم شارەدا دەبینێت و ئەویش بە بڕوای من: چاوی هەموومانە، بەڵام دەبینین مرۆڤ هەر وەک خۆیەتی، ئەگەر خراپەکارە، هەر بە خراپەکار و ئەگەر چاکەکارە هەر بە چاکەکاری دەمێنێتەوە. ئەمە بۆ کەسانێک کە پێیان وایە دەبینن و هەمیشە بینیویانە، گەلێک باشە، چونکە تەنیا پێیان وا بووە.

یەکەم: تاعوون/ ئەلبێر کامیو
بەشێکی ناڕاستەوخۆی تاعوون، لەناو دەروونی مرۆڤەکاندا ڕوو دەدات، کە پەیوەست نییە بە هیچ سەردەمێکەوە. بە بڕوای ڕۆمانەکە، تاعوون/دۆخی نائاسایی، بۆ فێربوونە. ئەمە بۆ کەسانێک کە پێیان وایە کۆرۆنا کۆتایی دێت، زۆر بە کەڵکە. هەروەها دەتوانی تاعوون وەک پێشبینییەکانی سەردەمی کۆرۆنا بەکار بهێنیت، چونکە نیشانمان دەدات مرۆڤەکان لە سەردەمی جیهانگربوونی ڤایرۆسێکدا، چی دەکەن.

بزانە تۆیش وات کردووە؟


ئەم بابەتە 145 جار خوێندراوەتەوە