Sarbaz.jpg

کەرەنتینە و خوێندنەوە بیرکردنەوە لەسەردەمی کۆرونادا

سەرباز عبدول

گرنگترین باسێک کە زۆر قسەی لەسەرەو ڕاڤەی زۆر هەڵدەگرێت و بۆتە جێی مشتومڕی خەڵکی لە هەسارەی زەوی بڵاوبونەوە ڤایرۆسی (کوڕۆنا)یە، کە بەخێرایی سنوری وڵاتانی بڕیو بو بە مەترسی بۆسەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و دواجار مردنی سەدان مرۆڤ و تا ئەم ساتەش ڕێژەی توش بون و مردن زیاتر هەڵدەکشێ و جگە لەخۆپارێزی "خود"ی هیچ بەربەست و چارەسەرێک بۆ ڕاگرتنی ئەم دوژمنە نوێیەی مرۆڤ نیيە.

مانەوە و قەتیس بوون لە چوار دیواری ماڵدا مانای ئەوە نیيە تۆ لە زینداندایت و ئازادی "خود"یت لێ زەوتکراوە، بەڵکو لەپێناو پاراستن و هێشتنەوەی "خود"ی خۆتە کە ڕێوشوێنت لەبەرامبەر گیراوەتەبەر؍ پێویستە کەرەنتینە کردنت نەبێتە مایەی بێ تاقەت و ڕەشبینیت لەکۆی ژیان، بەڵکو پێویستە مەودای ڕوانینت بۆ مرۆڤایەتی و بۆ ژیان بەهێزتر بکەیت و بیر لەهەر بارودۆخ و ئەگەرێک بکەیتەوە کە ڕەنگە لەماوەی ژیانتدا ڕێت پێبکرن و بەربەست لەبەردەم فکرو تێڕوانین و بیرکردنەوەو تەندروستیت دروست بکەن؍ لە ئەگەری بوونی ئەم بەربەستانەدا نابێ دەسەوسان بوەستیت.

ئەگەر تۆ خوێنەربیت، باشترین دۆخێک کە بتکات بە خوێنەرێکی جدی ئەم مانەوەیەتە لەچوار دیواری ماڵەکەت، یان ئەگەر لەژیانتا دوو توێی کتێبت نەکردۆتەوە ئەوا ئێستا دەست پێبکە و ببە بە خوێنەر ئەگینا دوای ئەم دەرفەتە بوون بە خوێنەر و خوێنەری جدی کەمێک ئەستەم دەبێت.. ڕەنگە پێتوابێت بوون بە خوێنەر و سەرقاڵ بوون بە کتێبەوە چ شتێک لە ژیان و ئەو بیئەیە دەگۆڕێت کە تیایدا تل ئەخۆی، ئەوەی کتێب لەتۆدا دەیگۆڕێت جیهان نیيە، بەڵکو ئەو جیهانەی نێو ناواخنی "خود"ی تۆیە کە لە جیهان بە گشتی دەڕوانێت، کەواتە ئێستا ئەو جیهانە "خود"یەت بگۆڕە تا بتوانیت ڕووبەڕووی ئەو بەربەستانە ببیتەوە کە لەجیهانە شێواوەکەی دەرەوەی خۆتدا دەوریانداویت...


ئەم بابەتە 226 جار خوێندراوەتەوە