Brdar.jpg

برادەر، بوو هاوڕێى هەموان

لە چەند رۆژى رابردوودا، نوێترین بەرهەم و پێنجەم کۆمەڵە شیعری شاعیری لاو سدیق عەلی بڵاوکرایەوە.

برادەر، لەکاتێکدا بە چاپ گەیەندرا، هەموان ئاشقى خوێندنەوە بوون، لە کاتێکدا چرۆى کرد و بوو بە مێوانى هەموان، هەموان تێنوى خوێندونە بوون، برادەر، هەر بەڕاستى برادەر بوو، چى لەوە جوانتر هەیە، لە تەنیایدا برادەر فریات کەوێت و نوقمى دیناى پەیڤى جوانت بکات.

برادەر، لەماوەى رابردوودا بوو بە خەرمانێک لە چالاکیەکانى بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری ڕانیە، هەموان لە بارەى شاعیر و برادەرەوە دوان، رۆژیان بەدەم خوێندنەوەى (130) لاپەڕەدا کردەوە، ئەوەتا بێستون حەسەن، هاوڕێى شاعیر لە چەند پەرەگرافێکدا دەڵێت: "سدیق ، ئەو برادەرە جوانەی هەمیشە لەشیعر چوە، داییم دەستێکی بەخۆیەوەیەتی و نەیهێشتوە کەس تەنیایی لەگەل بەشکا، بەردەوام بۆ لێکردنەوەی دێڕێک گۆرانی هەمیشە خۆی کێشاوە بە دیوارەکانی ئومێددا، هەر لەمناڵییەوە فێربوە کەوتن چەند ڕەنگی هەیە، گریان بەچەند ئاواز دەژەنرێ !

ئەو هەمیشە نەیویستوە بەر پیاسەی هیچ مەراقێک بکەوێ، لەهیچ پەلکەزێڕینەیەکەوە نەئاڵاوە  لەهیچ حەیرانێکەوە تەمسیلی ئەو بارینانەی نەکردوە کە بەپرتاو ڕژاونەتە کۆشی کامەرانیی ..

سدیق بە فۆرمێکی تر و زمانێکی تەڕتر لەدوێنێی کەوتە ڕنینی وشە و خۆی خستۆتە بەر چۆڕاوی نوسینێکی تر، ئەمجارە خۆی وتەنی بەسەفحەی ئاسۆیەکەوە خەیاڵی هەپرون دێنێ و دەبا تا ڕونتر خۆی ببینێ، تا گەشتر بکەوێتە بەر دەلاقەکانی جوانیی ..

لەم هەمو ناشیعریەتەی ئێستەدا، شوکر هێشتا قەڵەمێک هەیە لە شیعر بچێ، دەنگێک ماوە بمانکێشێ بە پانتایی ڕاچڵەکیندا، سوپاس کە جارێکی تر شیعرت لا خۆشەویست کردمەوە، تا دەمێکی تر ئاشنات کردمەوە بەخۆم و بەو تەرزە دێڕانەی ئاسودەیی دەبەخشنەوە، ئەمە ناچێتە بابی وەسف، ئەمە ئەو حەقیقەتەیە کە دەبێ بەدەنگی بەرز بانگی بکەی و بە تاسەوە خۆتی تەسلیمکەی ..

بەرهەمی (برادەر)ی سدیق عەلی یەکێکە لەو کتێبە جوانانەی شیاوی ئەوەیە بەعیشقەوە دڵداری لەگەڵ بکەی....".

لە کۆتایدا دەبێت ئەوەش لەسەر سدیقى شاعیر بوترێت، کە هەمیشە دەڵێت: "من لە ژیانى رۆژانەدا شاعیرترم وەک ئەوەى لەناو دەقەکاندا هەم".

سدیق عەلی لە چەند دێرێکدا:

- ناوى تەواوى: سدیق عەلی عەبدوڵڵا.

- یشەى ئەدەبى: شاعیر و رۆژنامەنووس.

- لە رۆژى 25/3/1980 لە شاری رانیە لە دایکبووە.

- باوک و باپیری و باپیرە گەورەی تا حەوت پشت مەلا بوون، بۆیە بەر لەوەی بچێتە قوتابخانەی سەرەتایی، لەلای باوکی وانەی قورئانی خوێندوەو چەند مانگێکیش نێردراوە بۆ حوجرە، ئەو لە تەمەنی منداڵیدا چەند بەهرەیەکی هەبوە، بەڵام بەهۆی سەختی ژیان و نەبونی هاوکاری، تەواوی بەهرەکانی پوکاونەتەوە، لە چالاکی قوتابخانەدا، بە کاری وێنەکێشان و نواندن و گۆرانی، بەشدار بووە، پاشان لە قۆناغی ناوەندی چەند چیرۆکێکی نووسیوەو مامۆستایانی قوتابخانەکە هانیان داوە بەردەوام بێت، بەڵام وەک خۆی دەڵێت دۆخی ئەو وابوو، پێویستی بە ژانرێک بوو بتوانێت بە لوغز، ئەوەی لە خەیاڵیدایە بیڵێت.

- لە ساڵی 1986 لە قوتابخانەی ئاکۆی سەرەتایی، دەستی کردوە بە خوێندن، تەواوی ساڵەکانی خوێندنی سەرەتایی، یەکەم بووە، بەهۆی پیشەی مەلایەتی باوکیەوە، لە چەندین قوتابخانەی جیاجیا خوێندویەتی، چونکە باوکی بۆ مەلایەتی لە شوێنێک جێگیر نەبوە.

- لە ساڵی 2001، خوێندنی ئامادەیی تەواو کردوە.

- لە ساڵى 2002 بۆ خوێندنی دبلۆم لە بواری رۆژنامەگەری چۆتە شاری سلێمانی، پاشان چەند ساڵێک لە سلێمانی ماوەتەوەو کاری رۆژنامەنوسی کردووە.

- لە ساڵی 2006 دا گەڕاوەتەوە شاری رانیە و ژیانى هاوسەرگیری پێکهێناوە.

- لە ژیانی منداڵی و هەرزەکاریدا بە شاگردی و ساردەمەنی فرۆشتن و میوە فرۆشتن و حەمباڵی، توانیویەتی کەمێک بارگرانی خێزانەکەی کەم بکاتەوە، بۆیە وەک خۆی دەگێرێتەوە کاتێک تەمەنی پازە ساڵ بووە، بۆتە شاگرد لای وەستایەکی دۆندرمەو مانگانەی کارەکەی رێک داوەتە پێداویستی ماڵەوەو بەشی قژ چاک کردنێکی بۆخۆی هەڵنەگرتوە، لە سەرەتای تەمەنی گەنجێتیدا باری سەختی گوزەران و خەونی خنکاوو شەڕی ناوخۆ و چەند هۆکارێکی دیکە، بەهرەی شیعری لای ئەو دێننە جۆش و چەند دەقێکی شیعری دەنووسێتن پاشان بە شەرمەوە پیشانی شاعیرە بە ئەزمونەکانی شاری رانیەی دەدات و ئەوانیش مژدەی ئەوەی دەدەنێ، کە توانا شیعریەکانی باڵان.

- لە ساڵی 1999 یەکەم کۆمەڵە شیعری خۆی چاپکردووە و دەنگدانەوەیەکی باشی هەبووە و بوەتە هۆى ناسینی چەندین شاعیری ناودار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.

- لە ساڵی 2002 بەملاوە، بەشداری فێستیڤاڵ و پێشبڕکی شیعریەکان کردووە و و چەندین خەڵاتى بەدەستهێناوە.

- لە ساڵى 2005 خەڵاتی یەکەمی فیستیڤاڵی پەڕەموچى لە شارى کەرکوک بەدەستهێناوە.

- لە ساڵى 2006 خەڵاتی یەکەمی فانی لە شاری رانیە بەدەستهێناوە..

- لە ساڵى 2008 خەڵاتی یەکەمی فیستیڤاڵی گەلاوێژى لە سلێمانی بەدەستهێناوە.

- لە ساڵی 2004 بوەتە ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی ئاڵای ئازادی و لە چەندین رۆژنامەو گۆڤارو وێبسایتی دیکەدا، نووسین و بەرهەمەکانی بڵاو دەکاتەوە.

- تا ئێستا چەند شیعرێکى وەرگێڕدراونەتە سەر زمانەکانی عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی، ئەڵمانی و سویدی.

خاوەنى چەند بەرهەمێکى چاپکراوە، لەوانە:

- چەندە غەریبین بەدوای نەوارەکانی نون دا، ساڵى 1999.

- شەش، ساڵى 2001.

- من و پەنجەرە ئێوە خۆش، ساڵى 2004.

- کەوتنە خوارەوە لە تۆ، ساڵى 2011.

- برادەر، ساڵى 2020.


ئەم بابەتە 223 جار خوێندراوەتەوە