4204.jpg

نە لەیادەوەری و نە لەبارانەکە کە بەتوندی زەوییەکە دەکوتێ.. غافڵ نابم..

ڕاهۆز كامەران

لەژێر چەتری چا خانەکەی ئەرکاندا کە وەستاوم.هەمووشتێک لە ژێر باری بارانێکی لەپڕدا وەستاوە. کەسانێک لە چواردەورمدا خەریکن بۆیەکتری قسە دەکەن. ئەوان هاوڕێی یەکن.
منیش ڕۆژانێکی زۆر بەر لە لەدایک بوونم هاوڕێم هەبوون سەرەتا وەک ئەم خەڵکە پێم وابوو خەڵکی لە ئاودا دەخنکێن چونکە هاوڕێیان نییە، تا دواتر هاوڕێکانم خنکاندمیان.
ئیتر لە دایکبووم.

خێرایی و هوروژمی بارانەکە هەمووشتێکی خستووەتە پەناکانەوە. چۆلەکە بچکۆلە تازە بەدونیا هاتووەکان دیارنین، دونیای دوای تاعون نوێ و غەمبار دیارە.. بەرامبەری ئەو دونیایە وەستاوم و لێی دەڕوانم. کارێکم پێناکرێت تا ئەوەی هەستی پێدەکەم و دەیبینم بۆ ئەبەد هەڵبگرم. هەمووکات لەبینینی دیمەن گەلێکی ئاوادا، بەقورسی دڵم دەشکێت کە ناتوانم ئەوچرکەساتانە بۆ ئەبەد لەناو خۆمدا هەڵبگرم و بیبەمە ناو گێڕانەوەوە. وەک ئەوەی ئاگۆتا کریستۆف لە سێینەکەیدا*(دەفتەری گەورە_بەڵگە_سێهەم درۆ)کردی.

نە لەیادەوەری و نە لە بارانەکە کە بەتوندی زەوییەکە دەکوتێ.. غافڵ نابم.. بیری هاوڕێکانم دەکەم، دڵۆپە زلەکانی بارانەکە کە دەیدا بە جادەکەداو بەرزدەبێتەوەو پرژەکانی هەریەکەی بەلایەکدا پەرتدەبێت. بیری زەمەنێکم دەخاتەوە کە
هێشتا
دونیا
و
هەڵە
و
بیرکردنەوەش
نوێ بوون،
جیهان
هیچ ئەندازیارێکی لەخۆ نەگرتبوو
تا
هیچ باڵەخانەیەک لەبەرد بوونی هەبێت
ئەوەی هەبوو خۆشەویستی بوو.

بیرکردنەوە شتێک بوو هەمووان هەیان بوو
بۆشایی شتێک بوو هەمووان هەیان بوو
مۆسیقا هێشتا نوێبوو
من هاوڕێکانم خۆشدەویست
من
لەگەڵیاندا پێدەکەنیم.

بەناو بۆشای خۆمدا پیاسەم دەکرد
لە درەختی زەمەنی خۆم گوڵم لێکردەوە
خەیاڵم ناسی و کە تامیم کرد
گوتم وەک دیاری بۆ هاوڕێکانمی دەبەمەوە.
.
.
.
لە بۆشایی خۆمدا کە جیهانێک بوو، دەگەڕام
نەفسم ناسی
کە هێشتا بۆ دونیا وەک هەرشتێکی تر... نوێبوو

لە هاوڕێکانم پرسی: ئێوە چیدەکەن
دەچم بۆ پیاسە.
گوتیان: یاری.
گوتم: چاوەڕێم دەکەن؟
گوتیان: بەڵێ...

هاتمەوە لەوێ نەبوون

درۆ لە دایکبوو...

من پێدەکەنیم بەرەو ڕویان و ئەوان ددانەکانیان لێ توند دەکردمەوە
من خەیاڵم لای لە دایک بوونیان بوو ئەوان بیریان لە چەقۆ هێنان دەکردەوە بە تەرمەکەمدا

من بیرم لای مێرگەکانی وەهم بوو
لای کەشتییەکانی خۆشەویستی
لای دەشتەفراوانەکانی پێکەنین
لای ڕێگە پێچ هەڵپێچەکانی سەفەر لەگەڵ ئەواندا
ئەوان...
لای تەرمەکەم بەسوتاوی..

تەرمەکەم کە دایکم دۆڵەکانی لەپێناودا بڕی..

هاوڕێکانم
ئاگرەکەیان کوژاندمەوەو لە تاریکیەکەدا جێیان هێشتم
هاوڕێکانم بوون ئەو دواین سوارانەی سێکسیان لەگەڵ تەرمەکەم کرد
پەنجە ئاوساوەکانمیان بڕییەوە بۆ ئەنگوستیلەکانم
دوژمنەکانم نەبوون...

بۆیە ئیتر لە دایکبووم.

بارانەکە هێواش دەبێتەوە، کتێبەکەی بۆدلێرم لەگەڵ خۆ هێناوەتە دەرەوە...شیعری **"پشیلە" ی دەخوێنمەوە و مەزاجی تڕۆڵەو ناسکم لای بارانەکەیە کە لەکاتی خوێندنەوەی شیعرەکەدا هەستدەکەم خێرادەبێتەوە..
هەمووجارێک کە باران ساتێک خێرا، ساتی دواتر خاوو نەرمە بارینی... ئەوهێزەم دێتە پێشچاو کە دونیا بەڕێوەدەبات: دانیشتووە و خەریکە چێژ لەوە دەبینێت کە هەمووشتێک بەدەستیەتی! وەک کەسێک کە بەرزونزمی بە دەنگی گۆرانییەک بکات ئاوا یاری بەڕیتمی بارانەکە دەکات..ساتێک نەرموو ساتی دواتر توند زەوییەکە دەکوتێت وەك یادەوەری كە دڵم دەكوتێت..
نە لە شیعرەکەو نە لەیادەوەری غافڵ نابم.. بە دەم سەیرکردنی دڵۆپە شپرزەکانی بارانەکەوە جارێکیتر بە ئەڤینەوە دەگەڕێمەوە بۆ لەدایکبوونەوە..
___
*ئاگۆتا کریستۆف ژنە نووسەری سویسی بەڕەگەز هەنگارییە.
ڕۆمانەکانی : دەفتەری گەورە ١٩٨٦_بەڵگە ١٩٨٨_سێهەم درۆ ١٩٩١ _ بەوەرگێڕانی:سەڵاحەدین بایەزیدی ەوە کراوە بەکوردی

**پشیلەکان_لە کتێبی گوڵی خراپە _شارڵ بۆدلێر. وەرگێڕانی: ئەحمەدی مەلا


ئەم بابەتە 26 جار خوێندراوەتەوە