959643.jpg

نووسین بە خۆڵەمێشی قەقنەس لەبەر ئاگرەكەی ئازاد سوبحی دا

دلاوەر قەرەداغی

تۆ پێویستە هەر لێرە بیت ... لە ماڵ بیت،
لەم دەوروبەرە بیت و
نزیكمان بیت
تۆ پێویستە هەبیت،
تا كە بزر بووین ئاگات لێمان بێ،
تا كە مردین بە دیارمانەوە بیت
تۆ دەبێ لێرە بیت؛
تا ڕوومان بێت تەنیا بین،
تا شەرم نەكەین
هەم كورد بین و هەم شاعیریش بین
تۆ گرنگە هەم كورد بیت و هەم هەشبیت
تا بوێرین تەنیا بین؛
تا دەرەقەت بێین بژین،
تا جورئەت بكەین هەناسە بدەین
تۆ دەبێ هەبیت و كورد بیت و شاعیریش بیت
تا ڕوومان بێ هەبین و كورد بین و شاعیر بین
تۆ پێویستە لێرە بیت؛
تا فێر بین بێدەنگ بین،
تا شەرم بكەین بنووسین!

یەكێك لەو شانازییە دەگمەنانەی كە ئەدەب و نووسین لەم وڵاتەدا پێی بەخشیوم، پەیوەندی هاوڕێیەتییم لەگەڵ ئازاد سوبحی دا بووە. پەیوەندی ئازاد و من بۆ بیست و چوار ساڵێك لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، كاتێك لە هەفتەیەكی ڕۆشنبریی هاوڕێیانی گۆڤاری ئازادی و لە ئێوارەیەكی شیعردا لە هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی، ئەو قەسیدەی "خوێندنەوەی تەرمی لمەكان" و من "تەیرەكانی ئیسماعیل" م خوێندەوە. دواتر لەمیانەی دەركردنی گۆڤاری "سەراب" و دیدار و یەكتربینینی زۆر و زیاترەوە، پەیوەندییەكەمان چووە ئاستی تر و هاوڕێیەتییەكی جیاواز و دەتوانم بڵێم گیانی بە گیانییەوە.
ئاشنابوون بە ئازاد بۆ من سەرەتای دانیشتن بوو لەبەر ئاگرێكدا كە نێڵەنیڵ دەسوتا و ڕۆحی گەرم دادەهێنام. ئازادم ناسی و بە ئاگرێك ئاشنا بووم كە پەیتا پەیتا لە زستانە ساردەكانی ڕەقبوونەوەدا، دەگەڕامەوە لای. وەك منداڵێكی سەرمابردەڵە و پەنجە لەگۆكەوتووی بەفرانبارەكانی شاعیرێتیی، لەبەر ئەو ئاگرەدا دادەنیشتم و لە ئاوێنەكەیدا لە لەتوپەتیمم دەنۆڕی، ئەویش ترپە ترپە دڵی دەدامەوە و لەت لەت خەونە وردوخاشبووەكانمی پێكەوە دەلكاندنەوە. دادەنیشتم و بە نیڵەنێڵی ئەو ئاگرەدا دەمنۆڕی، گەرمم دەبۆوە و بەر گۆشەگیرییەكی كێویی دەكەوتم و بۆنی فڕینێكی دڕ و توندم هەڵدەمژت. ئەوەی لە دەرەوە و لێم دەكەوت و لە دەستم دەدا و لێم زەوت دەكرا، لەوێ لەبەر ئەو ئاگرەی ئازاد دا وەرمدەگرتەوە و لەزەتم دەبرد و بە زۆر زیاتر لە مایەی خۆمەوە، وەك كورد و وەك شاعیر هەڵدەستام.
ئەو شەوەی "ئازاد" مان بە خاك سپارد، زەوییەكە ئەوەندە ڕەق و ڕووتەن و زیخەڵان بوو، لە دڵێك دەچوو كە ڕۆژێك لە ڕۆژان بووبێتە بەرد. زەوییەك كە سەرزەمینی ڕووداوی گەورەی خوێناویی و ئەفسانەیی بووبێ و قارەمانان بە سەریدا هاتبن و چووبن و شەڕیان نابێتەوە و عاشقبووبن و مردبن. هەرچۆنێك بوو بە هەزار حاڵ لانكێكمان بە ئەندازەی قەبری منداڵ و بازنەی شینی فڕینی مەلێك، لەو ئەرزی "دڵ" ە ڕەق و تەقەدا بۆ ئازاد چێ كرد. ڕێك لەو كاتەدا كە "ئازاد" مان بە قوماتكراوی لە نێویدا ڕاكشاند، هەستم كرد ئەو پیاوە باڵی هەن. هەر بە ڕاستی دوو باڵی نهێنیی جوان و نازدار و خەڵتان بە فرمێسكی لەگەڵ خۆیدا بۆ ئەو سەفەرە هێنابوون. تا دوای ئەوەی كە ئێمە دەوری چۆڵ دەكەین و دەڕۆین، ئەو بیانكاتەوە و پێیان بدا لە شەقژنی فڕین و بۆ لای كوكوختییەكەی هاوڕێی، بچێتەوە بۆ ئاسمان.
مەخابن لەو شەوەدا ئەو وەسێتەیمان جێبەجێ نەكرد كە جارێكیان بۆ سوعاد و نارەوەن و منی كرد، بەوەی چوار ژنی غەمگینی لە ئەنفال بەجێماو، بە دستوپلە زبر و میهرەبانەكانیان، نەرم نەرم خۆڵەكە بكەنەوە بە سەر لاشەكەیدا، ئینجا بە زەردەخەنەوە گوتی "با ئەو ژنانە قردێلەی پێشانگەی مردنەكەم بپچڕن."
ئازاد لەبەرئەوە جیاواز و جوان دەینووسی چونكە شیعرچیی و چیرۆكەوان و سەفاساز و شاعیری وەزیفە نووسینەوە نەبوو، لەبەرئەوە جیاواز و جوان دەینووسی، چونكە بە ئاگر دەینووسی و لە ناوجەرگەی ڕەشەبادا دەینووسی، كە دەینووسی لە ناوەوەڕا هەڵدەئایسا و دەتەنییەوە و هەڵی دەكرد. خۆم بینی بووم كە شیعری دەنووسی، چارۆكەی هەڵدەدا و بەلەمەكەی بە زەریای پڕ لە گاشەبەردی تیژ و نەبینراودا دەهاژوا و لەو بەندەرەدا كە تاك و تەرا بەلەمی سەركێش و گۆشەگیر و سەرەڕۆی تری وەك خۆی لێ بوون، لەنگەر پێدەگرت. كە شیعرەكەشی تەواو دەكرد، شەكەت شەكەت دەینوان، بەڵام بەوەشەوە هێشتا هەر زەردەخەنەی دەهاتێ و دەتگوت نە بای بینیوە و نە بۆران.
ئازاد بۆیە ڕۆحی جوان و جوانیش دەینووسی، چونكە شیعرنووسین لای ئەو لە یەك كاتدا شكۆ و هەلاهەلابوون بوون بوو. شیعرنووسین لای ئەو وەك دابی قەقنەس، سووتان بوو تا بوون بە خۆڵەمێش و پاشان هەستانەوە و حەرف حەرف فڕین لەبن خۆڵەمێشی سووتانی خۆیەوە بوو.
كە ئازاد دەڕوا و دیارنامێنێ، ئیدی ئێوارانێك بۆ من بەڕێوە دەبن كە هەر بە ڕاستی كاتێ دێمە دەرەوە، نازانم بچم بۆ كوێ. سەری شارم لێدێتەوە یەك و تەنیایتەنیا ڕێ دەكەم و ناگەمە هیچ كوێ. كە ئازاد دەڕوا، ئیدی من گۆشەگیرتر دەبم و زیاتر خۆم لە ژاوەژاو و چوونە نێو قەرەباڵخییەكان دەبوێرم. زیاتر دەچمەوە ناو خۆم و كزۆڵە كزۆڵە بە یادی ئاگرەكەی ئەوەوە و لەبەر نەختە ئاگرەكەی خۆمدا دادەنیشم، گوێ لە مۆسیقا دەگرم و خەیاڵ دەكەمەوە و دەخوێنمەوە و جاروبار دەنووسم. دوای ئەوەی ئازاد بە ئێجگاری دەڕوا و دیارنامێنێ، ئیدی زستانانێك بۆ من بەڕێوە دەبن كە خەریكە لە سەرمادا ڕەق هەڵدێم، بەڵام بیر لەو ئێوارەی زستانە دەكەمەوە، كە ئەو لە ئاگرەكەی خۆی بەش دام و ئیتر گەرم گەرم دادێم. ئاگرێك بەردەوام گوڕی ئەوەم دەداتێ كە هێشتا هەر دەبێ شەرم نەكەم: هەم كورد بم و هەم شاعیریش بم.

 


ئەم بابەتە 22 جار خوێندراوەتەوە