Stalyn.jpg

ستالینی باش

رانانی: مستەفا زاهیدی

بۆمن ژیان بریتیبوو لە جێژن و دیاریی و پێشکەشییەکان و لە دەرەوەی ئەوەوە، ئەوەی ھەبوو لێک تێنەگەیشتن بوو. ژیان پێک ھاتبوو لەو شتە سەرقاڵ کەرانەی کە وای دەکرد مەرگ لەبیر بکەم. من ھەژاری و کۆیلەتی و ترسم نەدەناسی و ئەمانە نامۆبوون بۆم. ھیچکات ھەستم بە سووکاتی ژیان لە ئەپارتمانی کۆمۆندا نەکرد. (ل٣٨)

 زۆرجار کە باس لە ئەدەبیاتی ریالیستی و ھونەری ریالیستی دەکەین و بە تایبەت ئەگەر باس لە ئەدەبێک بێت کە لە رووسیەوە سەرچاوەی گرتبێت، بێ یەک و دوو ھەموومان زەینمان دەچێت بۆلای چەشنێک لە ئەدەبیات کە لە سەردەمی یەکیەتی سۆڤیەتدا بە ئەدەبی ریالیستی و ریالیزمی کرێکاری ناوی دەکردبوو. ئەرکی ئەم فۆڕمە لە ئەدەبی ریالیستی ئەوە بووە کە روخسارەکانی دەسەڵات جوان بکات و مەکیاجی بکات. بەڵام لە دەرەوەی ئەم ئەدەبیاتەوە ئەدەبیاتێکیتر بوونی بووە کە ئەکرێت بە ریالیسمی راستەقینەی رووسی بزانین. جۆری یەکەمی ریالیزمی بەرھەم ھاتوو، جۆرێکە کە دەسەڵاتی لە پشت بوو و لە راستییدا بەلاڕێدابردنی راستییەکان بوو، بەڵام جۆری دووھەم لە دەرەوەی دەسەڵاتەوە بەرھەم دەھات و زۆر جار نووسەرانی ئەو بەرھەمانەش تووشی کێشە دەبوون، وەک (بۆلگاکۆف) کە لە لایەن (K.G.B)وە چاودێری زۆری لەسەر کراو تەنانەت وەک خۆی لە بیرەوەرییەکانیشدا دەڵێت، بەشێکی زۆر لە دەستنووسەکانی سووتێندران و بیروەرییەکانیشی چەند ساڵ دوای مەرگی خۆی چاپ کرا، لەبەر ئەوەی (K.G.B)دەستی بەسەردا گرتبوو. یان (سۆلژێنستین) کە چەند ساڵ لە ئۆردووگای کاری زۆرەملێدا مایەوە. ئەم بەرھەمانە لەو نووسینانە بوون کە دژ بە دۆخی ھەبوو دەیاننووسی و دەسەڵاتی ستالینی و یەکیەتی سۆڤییەتیان وەک سیستەمێکی بۆرژوازی دەوڵەتی و داپلۆسێنەر دەبردە ژێر پرسیارەوەو دەسەڵات بە دوژمنی دەزانین.

دەسەڵاتی بۆرژوازی و لیبراڵیزم خوازیاری ئەوەن کە ئەو جۆرە لە ئەدەبیات بە ئەدەبیاتی دەربەستی رووس بە خوێنەر بقەبڵێنن کە دەسەڵات بەرھەمی دەھێنا، لێرەدا ھاوھەنگاون لەگەڵ بۆرژوازی دەوڵەتی یەکیەتی سۆڤیەت، ھەڵبەت ھەرکامەیان بە مەبەستی خۆیانەوە. بۆرژوازی دەوڵەتی یەکیەتی سۆڤیەت دەیویست کەڵکی ئایدۆلۆژیایی خۆی  وەربگرێت لەو جۆرە ئەدەبیاتەو لایەنگرانی ئەدەبیاتی لیبراڵیش دەیانویست و دەیانھەوێت ئەو ئەدەبیاتە بە ئەدەبی ریالیستی رووس بناسێنن لەبەر ئەوەی لە بنەماکانی مارکسیزم بدەن، لەو رووەوە کە دەیانھەوێت بڵێن ئایدیای مارکسیزم ئەمجۆرە ئەدەبە لاوازەی بەرھەم ھێناوە. 

بەشێکی زۆر لە رەخنەگران رۆمانی (ستالینی باش) لە نووسینی (ڤیکتۆر ئارافیف) بە بەشێک لەو بەرھەمانە دەزانن کە لە جۆری دووھەمی رۆمانی ریالیستی رووسین. واتە ئەرکیان نەک مەکیاجکردنی دەسەڵات، بەڵکوو دەرخەری واقعی کۆمەڵگان. ئەم رۆمانە روانینێکی نوێ و داھێنەرانەیە و گێڕانەوەی رووداوە مێژووییەکانە کە لە ژیانی نووسەروە نزیک بوون. سەرەتا کە چاو لە رۆمانەکە دەکەیت رۆمانەکە وەک بەرھەمێک دەبیندرێت کە خەریکی گێڕانەوەی رووداوێکە وەک راپۆرتە ھەواڵ، چەشنێک لە راپۆرتە ھەواڵ کە (ئارافیف) دەربارەی پەیوەندی نێوان باوکی و ستالین و مۆلۆتۆف و بێریا و دەسەڵاتدارانیتری یەکیەتی سۆڤیەت نووسیویەتی. باوکی (ئارافیف) پیاوێکی دەستڕۆیشتوو و پلەبەرزی سەردەمی ستالین بووە لە رووسیە، لە نزیکەوە ئاگاداری وردەکارییەکانی ژیانی ستالین بووە کە ھەمووان وەک دێوەزمەیەک چاوی لێدەکەن. 

بەڵام رۆمانی (ستالینی باش) بەرھەمێکە لە سەرەوەی ئەم چەشنە پێناسە کردنانەوە، ئەم بەرھەمە ئۆتۆبایۆگرافییەکە لە ژیانی خودی نووسەر و ئەوەی کە نووسەر چۆن بە ھۆی رەفتارییەوە دەبێت بەھۆی ئەوەی باوکی پلە سیاسییەکەی لەدەست بدات و ژیانی سیاسی باوکی تووشی شکست دەکات. بە کار ھێنانی زمانێکی (ھەجوو) و (تەنز) لەم روومانەدا بەشێوەیەکی سەیر دیارەو دەبیندرێت و (ئارافیف) ئەم زمانە ھەجووە بۆ سەردەمی منداڵی خۆی، دایکی، ستالین  و بە گشتی دەباتەکار. رۆمانەکە کۆمەڵێک رووداوی لەیەکتر جیاواز دەگێڕێتەوەو سەرجەم ئەو رووداوە لەیەکتر جیاوازانە پەیوەندییان لەگەڵ یەکتر ھەیە. ستالینی باش جۆرێک گێڕانەوەی ئێمپرسیۆنیستی بەسەردا زاڵە، وەک چۆن لە ھونەری ئێمپرسیۆنیستیدا (گشتێک) بە زەق کردنەوەو دەرخستنەوەی رووناکیەکان، کەرەسەکان و رەنگەکان خۆی گرێ ئەداتەوە بە پاژەکانەوە، لە رۆمانی (ستالینی باش)یشدا بە ھەمانشێوە گشتێک بە دەرخستنی رووناکییەکان و کەرەسە و شکڵەکان خۆی بە وردەکاری و پاژەکانەوە گرێ دەداتەوە و ھەر لەبەر ئەم ھۆکارەیە نووسەر بەردەوام باس لە رۆحێکی ئێمپێرسیۆنیستی دەکات لە رووسییەی سەردەمی یەکیەتی سۆڤییەت، ئەو رۆحە ئێمپرسیۆنیستییەی کە باس کردن لێوەی قەدەغە بووە و لێرەدا ئەم قەدەغەیە خۆی نمایش دەکات و دەردەکەوێت.

بیرەوەرییەکان تێمی سەرەکی ئەم رۆمانەن، ھەرچەند خۆی کە باس لە بیرەوەری دەکات وشەی (تەرمەکان) بەکار دەبات. لەم رۆمانەدا نووسەر زۆر ناپەرژێتە سەر تیرۆریسمی سەردەمی ستالین و ناشیھەوێت دژی ستالین قسە بکات یان ئەوەی بە روونی تاریفی بکات. لە راستییدا رۆمانی (ستالینی باش) گێڕانەوەی کۆمەڵێک رووداوی مێژوویی و پەیوەندی خێزانی وھتدە، لە لایەکەوە وەک کۆگایەک لە بیرەوەری و شتەکان کە بەسەرچوون.  لە لایەکیترەوە پەیوەندی نێوان باوکێکی کۆمۆنیست و کوڕێکی لیبراڵ دەخاتە روو. 

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم رۆمانە، رەوتی گێڕانەوەیە بە شێوەیەک کە خوێنەر کەمەن کێش دەکات و وای لێدەکات کە دەستیکرد بە خوێندن بە ئاسانی واز لە خوێندنی نەھێنێت. زمانێکی رەوان و سادە، گێڕانەوەیەکی سەرنجڕاکێشە کە باس لە واقعە مێژوویەکانی سەردەمی خۆی و ئەو رووداوانە دەکات لە نزیکی خۆی روویان داوە و واقعە مێژوویەکان (Real)  وەک پاڕادایمێک بەکار دەبات دژ بە واقعی ھەبوو(Reality). ھەر ئەم پاڕادایمەیە وا دەکات رۆمانەکە جۆرێک پاڕادۆکسی تێدا دەرکەوێت و ھەر لە دڵی ئەم پاڕادۆکس نووسینە مۆدێڕنەوەیە کە ئەو واقعانەی ھەڵقوڵاوی زەینی نووسەرن، تێگەیشتنی ئەو لە جەنگی واقعە مێژووییەکان قوڵتر دەکات. لێرەدایە ئەتوانین بڵێین رۆمانەکە لەگەڵ ئەوەی خەریکی گێڕانەوەی رووداوە مێژووییەکانە بە تەواوەتی دژ بەو تێگەیشتنە باوەیەیە لە مێژوو ھەیە. بە تایبەت ئەوەی کە (ئارافیف) ئەم واقعە مێژووییانە بە تەکنیکێکی ئێمپرسۆنیستی دەگێڕێتەوە، بەم شێوەیە دژ بەو مێژووە ئەوەستێتەوە کە نووسراوەتەوەو دەسەڵات بە گاڵتە دەگرێت. (ستالینی باش) گێڕانەوەکانی بگێڕەوەیەکی نائارامە کە خۆی بە تەریکبوو و لانەواز دەبینێت و تەنھا لە ئەدەبدا خۆی دەبینێتەوەو خۆی لە بابەتێک دەدات کە لە لایەن حکوومەتەوە قەدەغەکراوە. 

ئایدیای کوشتنی باوک لەم رۆمانەدا بەو شێوەیە نییە کە دۆستۆیۆفسکی باسی لێ دەکات، بەڵکوو بە شێوەیەکە شۆڕشگێڕانەیە و بەدەوورە لە سەلماندنە فەلسەفییەکانەوە. کوشتن و کوشتنی باوک لەم رۆمانەدا نەک بە ھۆی گرێی ئۆدیپ، بەڵکوو بە ھۆکاری شۆڕشگێرییەوەیە. کوڕەکە دەبێت بەھۆی کۆتایی ھاتن بە ژیانی سیاسی باوکی. لەبەر ئەوەی کوڕەکە بووە بە نووسەرێکی یاخی و باوکەکە کە ھەموو کارێکی کردووە بۆ خزمەت بە یەکیەتی سۆڤیەت و لە ھەمانکاتدا ئەم کۆڕەی پەروەردە کردووە، سزا دەدرێت. ڕووبەڕوو بوونەوەی باوک و کوڕ لە سەرجەم ڕۆمانەکەدا دەبیندرێت. باوک پێوەرێکە بۆ ئەو جۆرە مێژوو نووسینەی دەسەڵات دەیھەوێت بنووسرێتەوەو کوڕەکە رەمز و سیمبۆلی یاخیبوون و وەستانەوەیە دژ بەو جۆرە نووسینە. ھەرچەند کوڕەکە بەردەوام ستایشی باوکی دەکات، بەڵام سەرەنجام بەھۆی رۆحی یاخیگەرییەوە دژ بە باوکی شۆڕش دەکات و دەوەستێتەوە. لێرەدا ئێمە لایەنێکی دیالکتیکی گاڵتەجاڕانە دەبینین، کوڕەکە ھەرچەند ھەوڵ دەدات رێز لە باوکی بگرێت وەک مێژووی دانپێدانراو لە لایەن دەسەڵاتی سوورەوە، بەڵام سەرەنجام دژی دەوەستێتەوەو دژ بە سیستم شۆڕش دەکات. 

رۆمانی (ستالینی باش) بەڕواڵەت رۆمانێکی ئۆتۆبیۆگرافییە، بەڵام فۆڕمی ئۆتۆبیۆگرافی گێڕانەوەکە دەشکێندرێت و خوێنەر خۆی لە ناو کۆمەڵێک لە ناو، شوێن، بیرەوەری، کارەسات و تراژیدیادا دەبینێتەوە، ئەو پێکھاتانەی گێڕانەوە کە تەفسیر ھەڵگر نین خۆ دوورخستنەوەو ھەڵھاتن لە تەفسیرکردن لە تایبەتمەندییە گرینگ و بەرچاوەکانی رۆمانی (ستالینی باش)ە. کوڕەکە باسی دیکتاتۆری و تۆتالیتاریسم دەکات و دەکوتێتە سەری و لە بەرامبەرەوە ستایشی پاریس و گوندەکانی باشووری فەرانسە دەکات و زۆر کەیف خۆشە بەوەی توانیویەتی پیکاسۆ ببینێت و دیدار لەگەڵ پیکاسۆ وەک دەسکەوتێکی گرینگ دەگێڕێتەوە. باوکەکەش وەک قارەمانێک کە لە سەردەمی جەنگدا خۆی گەیاندۆتە سوید، کەسێکە بزەی خستۆتە سەر لێوی ستالین و (ئیۆمۆنتان)ی بانگھێشت کردووە بۆ مۆسکۆ و لە ھەمانکاتدا وەک سیخوڕی یەکیەتی سۆڤیەت دەردەکەوێت. باوکی کەسایەتییەکی پاڕادۆکسی ھەیە، زۆر لە کاپیتالیزم بێزار نییە و دژی نییە و لە ھەمانکاتدا ھێشتا باوەڕی بە ستالین ھەیە. 

ئەم پاڕادۆکسە لە رەفتار و ھەڵسووکەوتدا تا کۆتایی رۆمانەکە، نەک تەنھا لای باوک و کوڕ، بەڵکوو لە زۆربەی کەسایەتییەکانی رۆمانەکە لەوانە، دایکە، دایە گەورە و ژمارەیەک لە سیاسییەکان و تەنانەت لە خودی ستالینیشدا دەبیندرێت. رۆمانەکە رەفتار و ھەڵسووکەوتی کەسانی نزیک زۆر بە وردی وەسف دەکات و ئەو پاڕادۆکسەی لە رفتاریاندا ھەیە دەخاتەڕوو. 

بە کورتی رۆمانی "ستالینی باش" نموونەیەکی دیارە لە رۆمانێکی ئۆتۆبیۆگرافی، کە خەریکی گێڕانەوەی رووداوە مێژووییەکانە . "ستالینی باش" ئەوە نییە تەنھا خەریکی وەسف و وێناکردنی رێبەرێک بێت بەڵکوو بەو شێوەیە خەریکی گێڕانەوەی سەردەمێکی دیاری مێژووییە لە رووسیە و خەریکی گێڕانەوەی رۆحی رووسیایە. رۆمانی ستالینی باش، رۆمانێکی ریالیستییە کە لە دەرەوەی دەسەڵاتەوە بەرھەم ھاتووەو لە جۆری دووھەمی رۆمانی ریالیستیە کە سەرەتا باسی کرا، واتە ئەدەبیاتێک کە بەڕاستی دەرەبەستە بە کۆمەڵگا و ملکەچی دەسەڵات نییە.


ئەم بابەتە 94 جار خوێندراوەتەوە