Langston-Hughes.jpg

لێگەڕێن ئەم نیشتیمانە ببێتەوە بە نیشتیمان*

نوسينى: لانگستۆن هیوز وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجى

 

لێگەڕێن ئەم نیشتیمانە ببێتەوە بە نیشتیمان
لێگەڕێن تا ببێتەوە بە خەونەکەی جاری جاران
لێگەڕێن ببێتەوە بە پێشەنگی هەرد و دەشتەکان
هەر لەو شوێنەشدا کە تێیدا ئازاد ئەبێ
با بەدوای ماڵێکا بۆ خۆی بگەڕێ
( ئەم نیشتیمانە قەت بۆ من نەبووە بە نیشتیمان)

لێگەڕێن ئەم نیشتیمانە با ببێتەوە بە خەونی خەونبینان
لێگەڕێن با ببێتەوە بە سەرزەمینی عاشقان
سەرزەمینێ.. نە شایەکان پیلانی لێ بگێڕن
نە ستەمکاران
تا کەس لەلایەن کەسێکی سەرووتر لە خۆیەوە
چیدی نەخرێتە ژێر پێیان
( ئەم نیشتیمانە قەت بۆ من نەبووە بە نیشتیمان)

لێگەڕێن ئەم سەرزەمینەم
چیتر تاجی نیشتیمانپەروەریی ساختەی نەخرێتە سەر
بەڵکو بۆ هەموو ببێتە
وڵاتی پڕ لە دەرفەتی ڕاستەقینە و
ژیانێکی ئازاد و یەکسان
یەکسانی ئەو هەوایە بێ
کە دێتە ناو سییەکانمان
( لەم وڵاتە ئازادەیا
من نە یەکسانیم دیوە
نە ئازادییشم چەشتووە)
پێم بڵێ، تۆ کێی وا لەو تاریکییەدا ورینگەورینگ ئەکەی؟
تۆ کێی وا نیقابت تا ئەستێرەکانی داپۆشیوە؟

سپی پێستێکم هەژار و فریوخواردوو و پەراوێزخراو
ڕەشپێستێکم، ئاسەواری کۆیلایەتی وا بەسەر جەستەمەوە
سوورپێستێکم، لە هەواری خۆی دەرکراو
کۆچبەرێکم، بە ئومێدی خۆیدا نووساو
بەڵام بەشم هەمان پلانی نەفرەتیی جارانە
کە هەر سەگە و سەگ ئەخوا و
لاوازەکان هەر وان لەژێر پێی بەهێزەکانا.
من لاوێکم پڕ لە گوڕ و پڕ لە هیوا
بە زنجیری بێپایانی کۆنینە کۆت کراوم
قازانج، دەسەڵات، دەسکەوت و
بەروبوومی زەویی بەزۆر داگیرکراو
ئاڵتوونی دزراو
شێوەکانی لەپێناوی دزییا پیادەکراو
لە کاری مرۆڤەکان و هەقدەستیانا
لە خاوەنداریی هەموو شتێ لەسای چاوچنۆکییانا.
من جوتیارێکم بەندەی خاک
کرێکارێکم بە ئامێر فرۆشراو
ڕەشپێستێکم، خزمەتکاری هەمووتانم
من ئەم خەڵکەم، زەلیل و برسی و بەلەنگاز
سەرباری ئەو خەونەش هێشتا برسیم
هێشتا شەکەتم.. ئەی پێشڕەوەکان
ئەو ئینسانەم کە تا ئێستا نەمتوانیوە
هەنگاوێ بۆ پێشەوە نێم
ئەو هەژارترین کرێکارەی ساڵانێکە
دەستاودەستی پێ ئەکەن

وەلێ هێشتاکە ئەو کەسەم
کە لە ڕۆژگاری کۆنیشا و
ئەو دەمەش کە دەسوپێوەندی شاکان بووین
سەرەکیترین خەونی خۆمان ئەبینی
خەونێکی گەلێ بەهێز و ئازا و ڕاستەقینە
خەونێک کە تاوەکو ئێستا جەسارەتی
لە هەموو خشت و بەرد و هەردێکا
هەر سترانی خۆی ئەچڕێت و
هەر ئەمەشە، ئەم نیشتیمانەی کردووە بەم زەمینە
من ئەو مرۆڤەم کە سەرانسەری دەریا سەرەتاییەکانم بڕی
بەدووی ئەو دەڤەرەدا کە دەمویست بێ بە ماڵم
من ئەو کەسەم کە بەستێنە تاریکەکانی ئێرلەندا و
پێدەشتەکانی پۆڵەندا و مێرگە سەوزەکانی ئینگلتەرام جێهێشت
لە ڕۆخە ڕەشەکانی ئەفریقاوە هەڵکەنرام و
هاتم تاوەکو "وڵاتی ئازادەکان" بنیات بنێم
ئازادەکان؟
کێ بوو وتی ئازادەکان؟ من بووم؟
بێگومان من نەبووم
ئەی ئەو ملیۆنان ئینسانەی کە هەنووکە
ژیانیان بە هاوکارییەوە بەندە؟
ئەو ملیۆنانەی کە مان ئەگرین ئەدرێنە بەر گوللە؟
ئەو ملیۆنانەی هەقی خۆیان پێ نادرێ؟
لەبەر هەموو ئەو خەونانەی بینیمانن
لەبەر هەموو ئەو گۆرانییانەی چڕیمانن
هەموو ئەو هیوایانەی هەڵمانچنین
هەموو ئەو ئاڵایانەی هەڵمانبڕین
ملیۆنان هەن هەقی خۆیان پێ نادرێ
جگە لەو خەونەی کە خەریکە ئەویش ئەمرێ

لێگەڕێن ئەم نیشتیمانە ببێتەوە بە نیشتیمان
ئەم وڵاتەی هێشتا نەبووە بە نیشتیمان
بەڵام هەر ئەبێ کە ببێ
بەو وڵاتەی هەموو کەسێ
بە ئازادی تێیدا بژی
ئەم وڵاتەی کە هیی منە و
هینی منی هەژار ئەبێ
هی هندییەکان و ڕەشپێستەکان
ئەوانەی بە ئارەقەی ناوچەوان
بە خوێن و ئازار و ئیمان
ئەم نیشتیمانەیان خولقان
ئەوانەی دەستیان ئاسنی ئەکوتا و
زەوییان ئەکێڵا لەبەر باران
ئەبێ خەونی گەورەمان بۆ بهێننەوە
وەکو جاران.

چیم پێ ئەڵێن پێمی بڵێن
پۆڵای ئازادی پیس نابێ
بەوانەی کە وەکو زەروو
لەسەر ژیانی خەڵک ئەژین
ئێمە ئەبێ نیشتیمان بهێنینەوە
نیشتیمان
بەڵێ.. ڕاشکاوانە ئەیڵێم
ئەم نیشتیمانە قەت بۆ من نەبووە بە نیشتیمان
وەلێ هێشتا هەر سوێند ئەخۆم
ئەبێتەوە بە نیشتیمان
ئەبێ ئێمە لە ئازار و لە وێرانی و
لە مەرگی چەتەکانەوە
لە دەسدرێژی و تاڵانی و دزی و درۆ
ئازاد بکەین نیشتیمانمان
خاک و کان و ڕووەک و ڕووبارەکانمان
کەژ و کێو و دەشتە بێپایانەکانمان
سەرانسەری ئەم وڵاتە گەورە سەوزانەمان
ئازاد کەین و سەرلەنوێ
دروستی کەینەوە نیشتیمان.


• تێبینی: ناونیشانی شیعرەکە خۆی"لێگەڕێن با ئەمەریکا ببێتەوە بە ئەمەریکا"یە، بەڵام من وشەی ئەمەریکاکەم لە دەقەکەدا گۆڕیوە بە "نیشتیمان". وەرگێڕ.

 

 لانگستۆن هیوز (James Mercer Langston Hughes) له‌ چه‌ند دێرێكدا:

- له‌ رۆژى 1/2/1902 له‌ شارى جوبلن له‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ دایكبووه‌.

- پیشه‌: شاعیر و رۆماننوس و چیرۆکنووس و شانۆنوش و نوسه‌ر

- له‌ رۆژى 22/5/1967 له‌ ته‌مه‌نى (65) ساڵى به‌ نه‌خۆشى شێرپه‌نجه‌ له‌ شارى نیویۆرك كۆچى دوایى كردووه‌.


ئەم بابەتە 87 جار خوێندراوەتەوە