nwgrasalman.jpg

نوگره‌ سه‌لمان قه‌ڵاى مه‌رگ و پاكتاوى نه‌ژادیى

نوسه‌ر و رۆژنامه‌نووس سمكۆ سابیر، شه‌شه‌مین كتێبى ده‌رباره‌ى جینۆساید به‌ناوى نوگره‌ سه‌لمان قه‌ڵاى مه‌رگ و پاكتاوى نه‌ژادیى بڵاوده‌كاته‌وه‌.

كتێبه‌كه‌ بەرهەمێکی تازەى نوسه‌ره‌ باس له‌ نوسینەوەی بەشێک لە ئازار ومەینەتی و دیمەنە تراژیدییەکانی کوردانی ئەنفالکراو لەقەڵای نوگرە سەلماندا ده‌كات، كه‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ى تایبه‌ته‌ به‌ دیدار و دۆكیۆمێنته‌ریى.

عومه‌ر محه‌مه‌د پێشه‌كى بۆ كتێبه‌كه‌ نوسیوه‌ و تیایدا هاتووه‌:

" لە دوای گەڕانەوەی یەکەمین پۆلی دەستبەسەرکراوان لە پیرەمێردو پیرەژنی ئەنفالکراوان بۆ سەر هەواری خاڵی و زیدی وێرانکاراویان، ئیدی ناوی نوگرەسەلمان هاتە ناو خەیاڵ و سەر زمانی ئێمە، بەڵام بەشێوەیەکی ڕێژەیی، تەنها بەرگوێی ئەو کەسانە دەکەوت کە خزم وکەس وناسیاوەکانیان لە دۆزەخی نوگرەسەلمان رزگاریان بووبوو.

ئەگەر ئەنفال وەک هۆڵۆکۆست بەراورد بکەین، ئەوا نوگرەسەلمان وەک کەمپەکانی کۆکردنەوە لە پاکتاوی جوەکان و تاوانی هۆڵۆکۆست دەچێتە ڕیزی ئەو بەراوردکارییەوە، ئەگەر ئاوشفیتس بووەتە شوناسی ستەمکاری و دڵرەقی نازییەکان و تراژیدیای جوەکان، ئەوا نوگرەسەلمان شوناسی دڵرەقی و توندڕەفتاری بەعسییەکان و تراژیدیای کوردەکانە و بۆهەتا هەتایە لە یادەوەریی کورددا دەمێنێتەوە.

نوگرەسەلمان نە قەڵای بەرگریی بوو وەک هەندێک پێناسەی دەکەن، نە زیندانەکانی (هەیئەی خاسەی کەرکوک)یش بوو، کە بەعسییەکان ئینسانیان تێدا کەوڵ دەکردو کوردەکان تیایدا بەرگرییان دەکرد، چونکە زیندانیانیانی سیاسی ئەو سەردەمە ئیعترافیان لەسەر هاوڕێکانیان نەدەکرد، ئاخر کوردەکان لە زیندانەکانی موسڵ و کەرکوک و شارەکانی تر بەعسییەکانیان بەچۆکدا دەهێناو جەلادەکانیان شێت و هار دەکرد، بەڵام لەنوگرەسەلمان وانە بوو، لەوێ کوردەکان زەلیل ورەزیلکرابوون، لە ئاوشفیتس جوەکانیان روت دەکردەوەو بەکۆمەڵ دەیانناردنە ناو هۆڵەکانەوەو پێیاندەگوتن بۆخۆشۆردنە، بەڵام بە گاز دەیان خنکاندن، وەلێ نوگرەسەلمان لە هیچیان نەدەچوو نە لە هەیئەی خاسەی کەرکوک و نە لە ئاوشفیتس.

نوگرە سەلمان دۆزەخی ئەنفالکراوەکان بوو، زیاد لە شایەتحاڵێک بۆی گێڕاومەتەوە کە لەسەر دەرگاو دیوارەکانی نوسراوە (نرحب بکم فی الجحیم) واتا (بەخێربێن بۆ دۆزەخ).

لە نوگرەسەلمان جەلادەکان و قوربانییەکان کارەکتەری شانۆیەک بوون کە بەتەوای لە جیهان دابڕابوون، جەلادەکان بێهەست و بێهۆش سەرپەرشتی هەزاران دەستبەسەرکراویان دەکرد کە بۆمردنێکی هێواش برابوونە ئەوێ، هەروەک شایەتحاڵەکان لەم کتێبەدا دەیگێڕنەوەو دەڵێن: کاتێک دەپاڕاینەوە بۆ خواردن عەجاج  پێیگوتوین ئێوە هاتون لێرە بمرن نەک داواکاریتان هەبێت و ئێمە بۆتان جێ بەجێبکەین.

ئەو هەزاران مرۆڤەی کە لەبناری چیاو پێدەشتەکانی گەرمیانەوە برابوونە بیابانێکی وشک و برنگ و تۆزاوی، بۆئەوە برابوون رۆژانە لە برسان بمرن و لە تینواندا بخنکێن، هەرواش بوو، بەسەدان مرۆڤ مردن و لە پشت قەڵای نوگرەسەلمانەوە گۆرێکی شایستەیان پێنەبڕا، بەڵکو بوونە خۆراکی سەگە ڕەشەکانی بیابان.

جیاوازی لە نێوان هەیئەی خاسەی کەرکوک و نوگرەسەلماندا ئەوە بوو، زیندانەکانی هەیئە گەنجی بە هەیبەت و خاوەن بڕواو خۆڕاگربوون، جەلادەکان هەموویان قامچی بەدەست و دڵرەق وتوڕەو سەرشێت بوون، بەڵام زیندانی نوگرەسەلمان بە زۆری خەڵکی پیرو پەککەوتە بوون و دواتریش چەند پۆلێک ژن ومنداڵی بۆ برابوون، تاوانیشیان جگە لە کوردبوون هیچی تر نەبوو، زۆربەی هەرە زۆریان نەیاندەزانی جیاوازی نێوان حزبەکانی کوردستانیش چییە. چ جای سیاسی بن و ببنە مەترسی بۆسەر دەوڵەت!

نوگرەسەلمان زیندانێک بوو بۆ ئازاری رۆحی و ویژدانی ئەو گوندنشینانەی لە گوندەکانی (باکوری عێراق) و کوردستانی باشورەوە، هێندرابوون بۆ مەرگێکی لەسەرخۆ، فۆڕمێکی تری کوشتن و لە ناوبردنی گەلی ئێمەیە، ئەنفال شوناسی مەرگی دەستەجەمعی ئێمەیە بەڵام خاوەن فۆرمی مەرگی جیاوازیشە، گەنجەکان بەخێرایی لەگۆڕە بەکۆمەڵەکاندا کوژران، ژن ومنداڵ وەک باس دەکرێت لە شوێنی جیاواز زیندە بەچاڵکراون، لە دوبزو نوگرەسەلمانیش فۆرمێکی تر بۆ مەرگ و لە بیرکردنی کورد هەبوو، برسی کردن و تینوکردن و وشککردنەوەی مرۆڤ لەبەرهەتاوی گەرمی بیابان.

بۆیە لەگەڵ ئەنفالدا ناوی نوگرەسەلمان لە یادەوەریماندا ئامادەیە، وەک بەشێکی گرنگ لە تێگەیشتن لە ئەنفال و خوێندنەوەی فاشیزم و بیری شۆڤێنی بەعس و دامەزراوە سەرکوتکەرەکانی تەماشا دەکرێت . چونکە بەعس دەیویست بەهۆی هەموو ئەو شێوازو ئاراستانەی لە ئەنفال دەستی پێکردبوو، دواجار ئەنجامێک بەدەستبهێنێ و کۆی ئاراستەکانی ئامانجە گشتییەکە بەدەست بهێنێت کە لە ٢٩ی ئازاری ١٩٨٧ ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش بۆی کۆبوونەوەو بە بڕیاری ١٦٠ عەلی حەسەن مەجیدیان ڕاسپارد بۆ ئەنجامدانی و ئەویش بە بڕیاری ٤٠٠٨ ی نوسینگەی رێکخستنی باکوری حزبی بەعس، دەزگاکانی ئەمن و هەواڵگری و هەردوو فەیلەقی یەک و پێنجی بۆ پراکتیک کردنی پڕۆسەی ئەنفال خستەکارو دەستی کرد بە پیادەکردنی پلانێک کە نەخشەی بۆکێشابوو. (دەستنیشانکردن، کۆکردنەوە، پۆلێن کردن و لەکۆڵکردنەوە).

ئاماجی دەستنیشانکرد، ئەوەبوو کێن ئەوانەی دەبوو ئەنفال بکرێن و بکوژرێن؟ گوندنشینەکان، ئەرکی سوپا هەڵمەت بردن گرتن و کۆکردنەوەی ئەوخەڵکە بوو، کە لەزێدی باب وباپیرانیان دەژیان، پۆلێنکردن ولەناوبردنیشیان ئەرکی دەزگاکانی ئەمن بوو، لەناو ئەو پۆلێنکارییەدا دەبوو دوو رێکار بگیرێنەبەر:

گەنجەکان بەخێرایی بکوژرێن، پیرەکان رەوانەی نوگرەسەلمان بکرێن بۆ مەرگێکی لەسەرخۆ.

ئەوەی ئەم کتێبە لەسەری دەوەستێت؛ ئەم بەشەی تاوانەکەیە نەک کۆی پڕۆسەی ئەنفال،  وەستان لەسەر نوگرەسەلمان و چیرۆکەکانی ناو ئەم زیندانە ترسناکە ئاوڕدانەوەیە لە دیوێکی گرنگی ئەنفال کە مرۆڤەکان ( بەهۆی كەمئاویی بۆ خواردنەوە و خۆشوشتن، نەبوونی خواردن، دەموچاوو سەریان  دەبوو بەزام، مردن دەستی پێكرد و رۆژانە خەڵكێكی زۆردەمردن) ئەوە قسەی حەمەی حاجی رۆستەمی گوندی سماقە و لەم کتێبەدا بەدرێژی چیرۆکەکەی دەبیستین.

بەهەڵەدا دەچین ئەگەر ئەم قەڵایە وەک خۆی نەناسین، بەدوای چیرۆکەکانیدا نەچین و لێیان ڕانەمێنین، چیرۆکی ئەو پیرەمێردانەی بۆ پەیداکردنی قوتویەک ئاو دەبوو بەرگەی کێبڵ و جنێوەکانی عەجاج  بگرن. چیرۆکی ئەو منداڵانەی تۆمەتی خیانەتکاری ئێرانیان خرابووە پاڵ و هێشتا نە پێیان گرتبوو نە زمان، هی ئەو ژن ومنداڵانەی بەرلەوەی ئەنفال بکرێن گەورەیی دونیایان لە گوندەکەی خۆیاندا بچوککردبوەوە، وەک ئەسمەری ئەنفال دیدە پێیگوتم :(من نەمدەزانی دنیا ئەوەندە گەورەیە نەمدەزانی خانوی زەبەلاحی وەک نوگرەسەلمان هەیە). حەنوشە لەمیانەی دیدارەکەیدا دەڵێت: ئێمە بەجوتیاریی و مەڕداریی و ئیشكردنەوە خەریك بووین، ژیانێكی سادەمان هەبوو . ئەم ژنە بەسادەیی پێماندەڵێت : ئێمە خەڵکێکی بێچەک وهەژاری ماڵی خۆمان بووین ئیدی نازانێت بۆچی وبەچ تۆمەتێک لەنوگرەسەلمان توندکراوە جگەلە کوردبوون!

چیرۆکی عەبدول حەمید گورون، کە لەسلێمانیەوە بە دوای سۆراخی خوشکەکەیدا بەبن بۆمب و کاتویشادا خۆی گەیاندبووە گوندەکانی پشت کێوەکان، بەڵام سەربازو جاش لەپێش ئەودا گەیشتبوونە ماڵی پیرۆزی خوشکی و ئەنفالیان کردبوو، سەرئەنجام خۆشی ئەنفالکراو لە نوگرەسەلمان زانی کە پیرۆزی خوشکیشی لێرەیە کاتێک گوندنشینێک پێیگوتبوو پیرۆز لەقاتی خوارەوەیە کوێخا دەستەودامێنێ ببوو کە پێی نەڵێ و باهەر نەزانێ لێرەم چونکە ئەگەر نەتوانم هیچ هاوکارییەکی بکەم و نەتوانم دەستی سۆزی برایانەی بۆدرێژکەم تازە بینینەوە چ سودێکی هەیە؟ [1] لە نوگرەسەلمان ئاوابوو جێگەی سۆزی تێدا نەمابوو، مرۆڤەکان هێندەی ژمارە بوون هێندە ناو نەبوون.

چیرۆکەکانی ناو ئەم قەڵایە شوناسی کەسەکانیان گۆڕی بوو، لەگوندنشینی میواندۆستەوە بۆ فەرامۆشکراوی برسی ئەو مرۆڤانەی ئامادەبوون هەموو ماڵەکەیان بە میوانێک ببخەشن لەسەر قوتویەک ئاو بەشەڕدەهاتن ! ئەو ئازاردانە لەبەرچی؟ سیاسی بوون ؟ دزبوون ؟ خیانەتکار بوون ؟ نەخێر ئەوان جگە لە کوردبوون هیچ تاوانێکی تریان نەبوو.

سەیرە ! شۆڤێنیزم مرۆڤ کەڕو کوێر دەکات، ئەو خەڵکە بەتۆمەتی (بەکرێگیراوی دوژمن) تاوانبار کرابوون! ئەی ئەو هەموو ژن و منداڵە لەپای چی ئەنفالکران؟ باشە مرۆڤ ئەگەر عەقلی لەدەست نەدابێت چۆن ناپرسێت منداڵ چۆن دەبێت بەشۆڕشگێڕ هەتا ببێت بەسیخوڕ و مایەی مەترسیی بۆ دەوڵەت!

من نامەوێ لێرە چێڕۆکەکانی نوگرە سەلمان بگێڕمەوە، چونکە ئەوە نەک لەپێشەکی ئەم کتێبەدا بەڵکو بەدەیان کتێبی تایبەت تەواو نابن، بەڵام ئەفسوس هێشتا نەک دونیا ئاگای لەم چیرۆکانە نییە تەنانەت کۆمەڵگەی عێراقی و تەنانەت کۆمەڵگەی کوردیش لە باسی سەگەڕەشەکانی بیابان و خواردنی تەرمی قوربانیەکان و قامچییە ڕەشەکەی دەستی عەجاج  زیاتر نازانێ! ئەمە کارەساتە ئەم بێ باکی و بێخەمییە دەردێکی کوشندەیە.

چونکە چیرۆکی نوگرەسەلمان تەنانەت بە ئازادکردنی گیراوەکانیش کۆتایی نایات بەپێچەوانەوە نوگرەسەلمان هەتا ئێستا چیرۆکمان بۆ بەرهەمدەهێنێتەوەو ئێمە بێباک بەتەنیشتیدا تێدەپەڕین، دایکێک کوڕەکەی لە نوگرەسەلمان لە تینوا خنکاو مرد، ئەوە ٣٢ ساڵە ئەم دایکە ئاوی سارد نەچووەتە سەر لێوانی! دایکێکی تر کچێکی لەنوگرەسەلمان لە تینواخنکا بەڵام لە دەرەوەی نوگرەسەلمانیش نیشتمان بۆئەو نەبوو بە ئامێزی ئازادی، بەڵکو کوڕێکی سەری خۆی هەڵگرت و لە ئاوی ئیجەدا خنکا! ئەها ئەگەر دیقەت بدەین برینی کوردو چیڕۆکی کورد چەندە بەسوێیە؟!

ئەو گۆڕانەی لە دەوروبەری قەڵای نوگرەسەلمان هەن گۆڕی ئەو مرۆڤانەن، کە لە برسان مردوون و لە تینوا خنکاون و ئەوسا بە بێنازی نێژراون و هەتا ئێستاش فەرامۆش کراون، دەبێت لە بەرانبەر شوێن و شوناس هەڵوەستەمان پێبکات و بەرپرسیارانە رامان بگرێت ورامان بچڵەکێنێت و بمانخاتە سەر کەڵکەڵەی خود ناسی و بەعس ناسی و ئەو هەست و شوناسە عەرەبییەمان پێ ئاشنا دەکات لەوەی هیچ نەتەوەیەک لەسایەی بەعس و هەستە ناسیۆنالیستەکەی پارێزراو نییە و بۆ ئەبەد ژیانی لە ژێر مەترسییەکی گەورەدایە، بە درێژایی دەسەڵاتی بەعس لە عێراقدا هەوڵی سڕینەوەی شوناسی نەتەوەی کورد لەئارادا بووەو لە ئەنفالدا چۆتە قۆناغێکی ترەوە و ئەگەر پێشتر لە دوای درووستبوونی دەوڵەتی عێراق کورد هەستی بەم مەترسییە کردبێت، ئەوا دوای ساڵی ١٩٦٨ ئەم مەترسییە دەیان و سەدان جار زیاتر بووە و نیگەرانی زیاتری بەدوای خۆیدا هێناوە. سادە روانینی کورد لە سەردەمی ئەنفال و دوای ئەنفالیش ئاماژەیەكی ئاشكرایە بۆ تێنەگەیشتن لە سیاسەت بەواتا گشتییەکەی ئاین کلتورو هونەر، فەلسەفە.

کاک سمکۆ سابیر لەم کتێبەدا ژمارەیەک لەو مرۆڤە ئازار چەشتوانەی دواندووە، کە لە نوگرەسەلمان گەڕاونەتەوە. هەوڵیداوە بەئەسپایی و لەسەرخۆ ئێمەش لەگەڵ ئەواندا بگێڕێتەوە بۆ ٣٢ ساڵ لەمەوبەرو ئەو ئازارو مەرگەساتەیان بنووسێتەوە، چیڕۆکی کورد بۆ مێژوو بنوسێتەوە. لەڕاستیدا دەبێت هەموو دونیا چیڕۆکی کورد بزانن. لەم سۆنگەیەوە نوسەر هەوڵدەدات كۆدی ئازار لە ڕوخسارو تۆنی دەنگ و جوڵانی دەست و دەمی ئەو مرۆڤانەدا بدۆزێتەوە كە لەنوگرەسەلمان گەڕاونەتەوە، لالە فایەق سەرباری پابەندی بەئاین و موسوڵمان بوونی، لە نوگرەسەلمان ناچاربوو نارەزایەتی لەیەزدانیش دەرببڕێت و ببپرسێت خوایە گیان مەگەر ئێمەت بۆ ئەم ژیان ودەردە سەرییە هێنایە بوون؟

لەڕاستیدا هێشتا ئەوەی لەبارەی ئەنفالەوە دیومانە وێنەگشتییەکەیە نەک پارچەکانی، ئەوەی بیستومانە درشتەکەیەتی نەک وردەکەی، ئەوەی ئێمە گوێبیستی بووین دەنگی ئازارە نەک خودی ئازارەکە ئەوەی کە هێز دەدات بەقوربانیش هەتا بتوانێت لە دەربریندا یادەوەریی بەرجەستە بكات دەربڕینە. دوای ئەوەی لە پڕۆسەیەكی ورد داڕێژراودا لە نادیارەوە دەیكاتە دیارێكی بەرجەستە و لە ناوێناوە دەیگۆڕێتە وێناكراوە.

بەداخەوە لە دوای روخانی رژێمی بەعس نەدەبوو بێدەنگی هەتا ئەو ئاستە مەترسیدارە بڕوات.

ماوەتەوە بڵێم دەستخۆشی لەهاوڕێی بەرێزم کاک سمکۆ سابیردەکەم، دڵنیام کۆکردنەوەی ئەم دیدارانە و ڕاپەڕاندنی ئەم ئەرکە تاقەتپڕوکێنە خەرجی و ماندوبوون وشەونخونی ویستووە،  نوسینەوەی ئەم یادەوەرییە لە هەناوی کۆمەڵگەیەکدا کە بێباکە بەرانبەر مێژوو یادەوەریی خۆی ئاسان بەدەستەوە نەهاتووە، ئەگەرچی دەبوو ئەم ئەرکە ببوایەتە کاری هەرەوەزیی و تەنانەت کێبەرکێی لەمەڕ نوسینەوەیان دروستبکردایە، هەتا زۆرترین و باشترین و پوختتر بکرانایەو بە سیستم و دامەزراوەیی بکرانایە، بەڵام بەداخەوە نەک لە ئاستی هەرێم و عێراق تەنانەت لە سەرئاستی ناوچەیی و بۆ کەسوکاری قوربانیەکانیش نوسینەوەی ئەم یادەوەریانە نەبووەتە جێگەی بایەخ!

ئەم هەوڵەی سمکۆسابیر جارێکی تر ئەو قسانە پوچ دەکاتەوە کە پێیوابوو؛ تەنها گەرمیانییەکان دەتوانن ئازاری ئەنفال بنوسنەوە، کەچی بەپێچەوانەی ئەم قسەیەوە نوسەرو لێکۆڵەرانی کارای ئەم بوارە نەگەرمیانین و نەکەسوکاری قوربانییەکانیشن!".

هه‌روه‌ها نوسه‌ریش له‌ باره‌ى كتێبىه‌كه‌ نوسیویه‌تى:

" دوای تێپەڕبوونی زیاتر لەسێ دەیە بەسەر تاوانی ئەنفالدا، کارکرن لەسەر ژیان وڕابڕدووی مرۆڤگەلێکی گرنگ وشایەتحاڵ لەچوارچێوەی تاوانەکە، کارکردن لەسەر ئەو مرۆڤە بێنازانەی کەبەبەرچاوی خۆیانەوە ئازیزترین کەسیان لەدەستداوە، هێندە ئاڵۆز و گرانە هەستدەکەیت ناتوانیت بەوشە گوزارشتی لێبکەیت. خۆیان گووتەنی؛ خۆشیان بۆ خەم و خەفەت ماونەتەوە و مردن نەبێت چاوەڕێی هیچ شتێکی تر لەکەس ناکەن،. ئەم مرۆڤانە ئەنفالکراوانی نوگرە سەلمانن کە لەگەورەترین زیندانی عێراق  وبگرە گەورەترین زیندان لەسەر ئاستی ناوچەکەدا، ماوەی شەش بۆنۆ مانگ بەدڕندەترین شێوە لەژێر سوکایەتی ومەرگی ڕۆژانەدا ژیانیان بەسەر بردووە

.بۆیە بەبیرهێنانەوەی ئەم مێژوو و یادەوەرییە ، کارێکی دژوار وسەختەو شەن وکەو کردنی ڕابردوویەکی خوێناوییە. زۆرێک لەو مرۆڤانە سەرباری تەنیایی، ساڵانێکی زۆر لە چاوەڕوانی ئازیزانیان چاو لەڕێگاو چاو لەدەرگاو گوێی قولاغ  بوون بۆ هەواڵێکی کەسوکارەکانیان.سەرباری ئەم خەمە چاوەڕێی ئەوەیان لێبکەیت بگەڕێنەوە بۆ ناو هۆڵ و قاوشەکانی نوگرە سەلمان و جارێکی تر لەناو ئەو هەموو ساتە سەخت و بێهیواییەدا حیکایەت وچێڕۆکەکانت بۆ باسبکەن ،بەڕاستی کارەکە ئاسان نییە بەڵکو هەتا بڵێی دژوارە، چونکە جگە لە هەلومەرجی گرانی ژیان بۆ ئێمە و مانان کە بەم ئەرکەوە سەرقاڵین، بەشێک لەو دەربازبووانەش کە لە نوگرەسەلمان رزگارو دەربازبوون تەمەنیان هەڵکشاوە یاخود تەمەن بەجێیهێشتوون، هەندێکیان یادەوەرییان لاواز بووە و ناتوانن کۆی ئەو روداوانەی پیایدا ڕۆیشتوون وەکوخۆی بگێڕنەوە هەندێکیان هەر بە تەواوی یادەوەرییان لە دەستداوە هەرگیز ناتوانن نە بەزمان و نە بەئاماژەش قسە لەو برینە بکەن، چ جای وردو درشتی ئەوەی بینیویانەو چەشتویانە بیگێڕنەوەو زانیاریت پێببەخشن ، وەکو خۆی بێننەوە بەرچاوی خۆیان.

بۆیە کارکردن لەسەر ئەم مێژووە هەستێکی ناخۆشت پێدەبەخشێت لەوەی بەشێک لەو گەڕاوانە ناتوانن وەک خۆیان ئەو وێنایەی کەدەبێت بۆ ڕەفتار و ئاکارەکانی بەعسی بکەن، پێشکەشی بکەن و هەمان وێنەت بۆ بگوازنەوە. بەڵام ناشکرێت دابنیشین بە دیار پیربوون و مردنی ئەوان و هەر هیچ نەبێت فریای بەشێک لە نوسینەوەی ئەو ئازارە بکەوین وببن بە یادەوەریی مێژوویی لە چوارچیوەی تاوانی ئەنفالدا.

وەک هەموو جارێک هاوڕێ وبرای بەڕێزم سەرنووسەری گۆڤاری ئەنفالستان عومەر محەمەد بیرمان دەخاتەوەو جەختی لێدەکاتەوە و دەڵێت  (لەساڵی ١٩٨٨ ەوە لەگەڵ مردنی هەر مرۆڤێکی گەرمیانی یاخود لەگەڵ هەر ئەنفال دیدەیەک چیرۆکیکیشمان دەمرێت، ئەگەر هەر لەسەرەتاوە چیرۆکی ئەم رزگاربوانەمان بنوسیبایەوە ئەوا ئێستا خاوەنی خەرمانێک چیرۆکی تۆمارکراو دەبووین و لە ونبوون رزگارمان دەکردن). بەڵام ئەفسوس سەرباری ئەوەی وەزارەتێک بۆشەهیدان هەبوو، سەرباری ئەوەی وەزارەتی ڕۆشنبیری هەبوو، نەخۆیان کردیان و نەهاوکاری کەسانی دڵسۆزوکاراش بوون بۆیە خەونەکەی عومەریش نەهاتەدی و ئەوەشی کراوە بێ پشتیوانی و لەسەر رەنج و ماندوبوونی تاکەکەس بووە، ئەوەش ئەگەرچی زۆر جێگەی رێزو پێزانینە بەڵام لەچاو گەورەیی تاوانەکەو زۆری چیرۆکەکان دەتوانین بڵێین لەخانەی نەبواندان.

منیش وەک هەریەکێک لەوان بەبێ هاوکاری رێکخراوەو دامەزراوە حکومی و ئینجیئۆکان (NGO) بەم کارە هەڵساوم و وەک هەریەکێک لەو دڵسۆزانە بە ئەرکێکی پیشەیی ومۆڕاڵی خۆمم زانیوەو هەوڵمداوە ژمارەیەک لەو دەربازبووانەی قەڵای نوگرە سەلمان بدوێنم.

جێگەی ئازارو داخە لەگەڵ دەستپیکردنی کاری ئەم بەرهەمە لەساڵی ٢٠١٧ تائێستا نزیکەی نیوەیان لەوانەی دیمانەم لەگەڵدا ئەنجامداون لەژیاندا نەماون. ئەمەش دیسانەوە سەلمێنەری قسەکەی عومەر محەمەدە، چونکە هەریەک لەوانە دونیایەک خۆزگەی هەبوو لەژیان، چاوەڕێ ئەوەبوون هەتا لەژیاندا ماوە ژیانی باشتر بێت و هاوکات پاداشت و بەرهەمی ئەم نەهامەتییە لە دەسەڵات وکۆمەڵگەکەی خۆی بچنێتەوە بەڵام هیچ لەم خەونانەیان نەهاتەدی و بە هەناسە ساردی سەریان نایەوە.

ئومێد دەکەم هەوڵی ئەوەم دابێم بەشێک لەئازارەکانی ئەنفالم نوسیبێتەوە و چەند وشەیەکم لەڕێگەی ئەم کارەوە پێشکەش بەکتێبخانەکەی تایبەت بەتاوانی ئەنفال کردبێت چونکە جێگەی داخە وەک چۆن کۆی لایەنەکانی ئەنفال پەراوێز خراو و لەبیر کراوە، چیڕۆکەکانی نوگرەسەلمانیش بە بەراورد کەمترین کاری بۆکراوەولە بارەیانەوە نووسراوە".



[1] بروانە ئەنفالستان ژمارە ٥ دیدار لەگەڵ عەبدوالحمید گورون عەزیز- دیمانەی عومەر محەمەد


ئەم بابەتە 64 جار خوێندراوەتەوە