Mohammed.jpg

کتێبێک سەبارەت بە ناناوەندییکردنی سیستمی کارگێڕیی هەرێم بڵاوکرایەوە

کتێبی (سیستمی کارگێڕیی هەرێم چۆن بە ناناوەندیی بکرێت؟) لە نوسین و ئامادەکردنی (محەمەد رەسوڵ موڕاد) بڵاوکرایەوە.

 نوسەر و ئامادەکاری کتێبەکە، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە (فەیسبوک) دەربارەی چاپکردنی کتێبەکەی نوسیویەتی: "ئەگەرچی ماوەی سەرقاڵبونم بە نوسین و ئامادەکردنی ئەم کتێبە، نزیکەی چوار ساڵی خایاند و زۆر پێیەوە ماندوبوم، بەڵام چاپکردنی لەمڕۆدا، بە تایبەت کە پرسی بایەخ و پێویستیی ناناوەندێتیی بۆ هەرێمی کوردستان بۆتە رۆژەڤ (پرسی رۆژ)، زۆر خۆشحاڵیکردم و هیلاکییەکەی لەبیربردمەوە."

 کتێبەکە، لە سێ بەشی سەرەکیی و کۆمەڵێ باس و تەوەر پێکدێت، کە بە پشتبەستن بە (۲۷) سەرچاوەی زانستیی لە بواری یاسا و کارگێڕیی و سودوەرگرتن لە ئەزمونی کەسیی، هەوڵدراوە بە شێوەیەکی میتۆدیی و لە رێگەی تاووتوێکردنی یاسا بەرکارەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان، وەڵامی پرسیارە سەرەکییەکە بدرێتەوە.

وەکچۆن، لە پێشەکیی کتێبەکەدا هاتوە: هۆکاری سەرەکیی هەوڵەکەمان، بۆ گرنگیی و پێویستیی (سیستمی ناناوەندێتیی) بۆ بارودۆخی ئێستای هەرێم دەگەڕێتەوە، کە هەنگاو بۆ هەڵبژاردنی سیستمێکی کارگێڕیی ئەوتۆ بنرێت، کەوا لەگەڵ واقیعی جوگرافیی و ئیتنیکیی وڵاتەکەدا بگونجێت.

ئەم تەرزە کارگێڕییەش، بریتییە لە "بونیادنانی متمانە لەناو حکومەتدا"، کە ئەنجومەنی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە حەوتەمین دیداری جیهانیدا (٢٠٠٧ - ڤیەننا) پشتگیری لێکردووە. کەواتە ئەم سیستمە هاوچەرخە، بایەخی زۆری بۆ سەرکەوتنی حکومڕانیی هەیە و، کاریگەریی ئەرێنیشی لەسەر تەواوی جومگەکانی ژیانی تاک و کۆمەڵ دەبێت.

 هەر لەو پێشەکییەدا، نوسەر رونیکردۆتەوە، "لە دوتوێی بەش و باس و تەوەرەکانی ئەم کتێبەدا، هەوڵدراوە، بە شێوەیەکی میتۆدیی و پاڵپشت بە کۆمەڵێ سەرچاوە، سیستمی کارگێڕیی بە گشتیی رونبکرێتەوە، پاشان تیشکبخرێتەسەر شێوازەکانی، لەمەشەوە، پتر رۆبچینە نێو بابەتی سەرەکیی و، لە رێگەی تاووتوێکردنی یاسا بەرکارەکانی عیراق و هەرێمی کوردستانەوە، وەڵامی پرسیارە پێویست و گرنگەکە: (سیستمی کارگێڕیی هەرێم چۆن بە ناناوەندیی بکرێت؟) بدەینەوە."

هەروەک ئاماژەی بەوەش داوە، کەوا بۆ نوسین و ئامادەکردنی ئەم باسە، سەرەڕای سەرچاوە زانستییەکان بە زمانە جیاوازەکان، ئەزمونی ١٢ ساڵەی خۆیشی لە بواری کارگێڕییدا، لە فەرمانبەرێتیی و بەرپرسیارێتیی بەش و هۆبە و فەرمانگەوە، تا دەگاتە ئەندامێتیی لە ئەنجومەنی پارێزگا و بەریەککەوتنی راستەوخۆی لەگەڵ واقیعەکە و دەرهاویشتەکانی لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، کۆمەکی باشیان کردووە، تاکو بابەتییانە و واقیعبینانەتر پرسەکە تاووتوێ بکات و سەرنجی خۆمی لەسەر بخاتەڕوو.

 (سیستمی کارگێڕیی هەرێم چۆن بە ناناوەندیی بکرێت؟) لە نوسین و ئامادەکردنی (محەمەد رەسوڵ موڕاد) چاپی یەکەمییەتی و بە تیراژی (١٠٠٠) دانە و لە چاپخانەی حەمدی لە سلێمانی چاپکراوە و ژمارەی سپاردنی (١٥٣١)ـی ساڵی ٢٠٢٠ـی وەزارەتی رۆشنبیریی دراوەتێ.

 نوسەر و ئامادەکاری کتێبەکە، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە (فەیسبوک) راشیگەیاندوە، لەپێناو پابەندبون بە رێکارە تەندروستییەکان بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە ئێستادا هیچ رێوڕەسمێکی واژۆکردن و بڵاوکردنەوە بۆ کتێبەکە ناکەین. بەو هیوایەی لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو خەونەش بهێنینەدیی، لەوەش گرنگتر و پێویستتر خەونی بە ناناوەندییکردنی سیستمی کارگێریی هەرێمەکەمان.

 محەمەد رەسوڵ موڕاد له‌ چه‌ند دێرێكدا:

له‌ ساڵى 1969 له‌ رانیه‌ له‌دایكبووه‌.

له‌ ساڵى خوێندنى (1989 – 1990) بڕوانامه‌ى دبلۆمى لە (بەڕێوەبردنی پرۆژەکانی ئاو) له‌ پەیمانگای تەکنەلۆژیی موسەییەب به‌ده‌ستهێناوه‌.

له‌ ساڵى 2008 بڕونامه‌ى بەکالۆریۆسى لە (یاسا) له‌ زانکۆی کۆیە به‌ده‌ستهێناوه‌.

له‌ ساڵى 2016 مینی ماستەر لە (کارگێڕیی کار) له‌ زانکۆی (عین شمس) بە هاوکاریی (ئەکادیمیای جیۆری) به‌ده‌ستهێناوه‌.

 - (٢٠١٦).

ئەزمونی کارگێڕی له‌ ساڵى 2003 تاکو ئێستا:

فەرمانبەر، لێپرسراوی بەش و هۆبە، بەڕێوەبەری فەرمانگە، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا (لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی  کوردستان).

سەرۆکی لیژنەی شارەوانی و خزمەتگوزارییەکان، جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری یاسایی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.

کتێبێکی چاپکراوی هەیە: (یۆگای تەمەندرێژی و گەنجبوونەوە).

چەند راپۆرتێکی پڕ زانیاری و سەرنجی وردی سەبارەت بە: (کێشەی کەمئاوی لە پارێزگای سلێمانی، زیادەڕەویی زەویوزار لە هەرێمی کوردستاندا، سەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی کوردستان و پێویستیی پێداچوونەوە بە باج و رسومات، چۆنێتیی پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار لە دەڤەری راپەڕین و هەڵبژاردنەوەی ئەنجومەنی شارەوانییەکان. .. تاد) ئامادەکردوە.

چەندین بابەت و نوسینی دەربارەی: (سامانی ئاو، یاسای ئاو، کارگێڕیی، یاسای کارگێڕیی) لە سایت و رۆژنامەکاندا بڵاوکردۆتەوە.

چەند توێژینەوە و راپۆرت و نامیلکەیەکی تری ئامادەی چاپن.

ئٔەندامی هەریەک لەم سەندیکا و رێکخراوانەیە: کۆمکاری زیندانییانی سیاسیی کوردستان، سەندیکای تەکنیکارانی کوردستان، کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوز، یەکێتیی مافپەروەرانی کوردستان.


ئەم بابەتە 393 جار خوێندراوەتەوە