Karlos.jpg

کارلۆس ڕویز زافۆن بۆ ئەبەد لە کتێبەکاندا ونبوو

ئامادەکردنی: سایتی گەلاوێژ

 کارلۆس ڕویس زافۆن ساڵی ١٩٦٤ لە شاری بەرشەلۆنا لە دایک بووە و گەورە بووە. ڕۆمان نووس و سیناریۆ نووسێکی گرنگ و داهێنەرە لە بوارەکەی خۆیدا.

ئەمڕۆ ١٩/٦/٢٠٢٠ لە تەمەنی ٥٥ ساڵیدا بە نەخۆشی  شێرپەنجە مرد.

 زافۆن لەسەرەتای کارکردنیدا لە بەرشەلۆنا لە کۆمپانیایەکی ڕیکلام دەستبەکار بووە، ساڵی ١٩٩٤ ڕۆشتووە بۆ لۆس ئەنجلس و بەتەواوی خۆی بۆ نووسین تەرخان کردووە.

 زافۆن بینینێکی جیاوازو پڕ وردەکاری هەبوو بۆ ئەدەبیات.. لەڕۆمانەکانیدا هەمیشە بەرشەلۆنەو کۆڵانە دێرینەکانی ئەوێ ئامادەبوو. ئەو بەناوبانگترین ڕۆمانی دەربارەی ئەفسونی کتێب و کتێبخانە نووسی. ئەو جارێکی تر بە کارە مەزنە ئەدەبییەکانی گوتی. کتێب هەرگیز نامرێت!

 *دەربارەی سەرەتاکانی نووسینی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەیەکی ئەڵمانی کاتێک لێی دەپرسن: ئێوە کەی دەستتان بە کاری نووسین کرد؟

لە وەڵامدا دەڵێ:

من کە بۆ یەکەمین جار پارەم لەبری نوسینێکی خۆم وەرگرت، تەمەنم هەشت ساڵان بوو و پێم وابوو بە سیانزە ساڵی کەسێکی بەناوبانگ دەبم. لەگەڵ چەند هاوڕێیەکمدا لە قوتابخانە دەزگایەکی بڵاوکردنەوەم دامەزراند. یەکێک مشووری دیزاینەکەی دەخوارد، یەکێکی دیکە کۆپی دەکرد، منیش دەمنووسی. چیرۆکی ترسناکم دەنووسی کە تیایدا خوێنمژ و مەخلوقی ئەستێرەکانی دیکە ڕۆڵیان تیادا دەبینی. بەو پارەیەی کە بە کارەکەمان پەیدامان دەکرد، شیرینیمان دەکڕی. من لەو کاتەوە دەستم لە نووسین هەڵنەگرتووەتەوە.

 ڕۆمانی یەکەمی زافۆن کارێک بوو بەناوی <<میری تەم>> ئەمە یەکەم هەنگاوی ناساندنی زافۆن بوو بە خوێنەرانی ئیسپانیا، لەپاش ئەم کارەی چەند کارێکی تری نووسی لەوانە <<کۆشکی نیوەشەو>> و <<پاسەوانی تاریک>>ی کە تەنیا دوای شاکاری دوو ڕۆمانەکەی تری وەرگێڕدرانە سەر زمانە جیهانییەکانی تر.

 

ساڵی ٢٠٠١ ساڵێکی گرنگ و داهێنەرانەبوو لە مێژووی ئەدەبی جیهانی و ژیانی زافۆندا. لەوساڵەدا بەناوبانگترین ڕۆمانی خۆی نووسی بەناوی <<سێبەری با >> ئەم ڕۆمانە بە باشترین کاری زافۆن دادەنرێت و ناوبانگێکی جیهانی بۆ نووسەر بەدەست هێنا.. دوابەدوای ئەم ڕۆمانە ڕۆمانی <<گەمەی فریشتە>> یەکێک بوول ە کارە جوان و پڕ وردەکارییەکانی تری.

 ئەو لەم کارانەدا <<سێبەری با >> و  <<گەمەی فریشتە>> کان. دەگەڕێتەوە بۆ کۆڵانە تاریک و دێرینەکانی بەرشەلۆنەو لەوێوە حیکایەتە دێرینەکانی خۆی دەربارەی ڕۆح و کتێب و ئەڤین دەگێڕێتەوە. جیهانە تاقانەو پڕ تەموو مژەکەی ئەم دوو ڕۆمانە کە هەرخوێنەرێک پاش خوێندنەوەی بۆ ئەبەد وەک بەشێک لە یادەوەری ئەدەبیاتی مەزن لە یادیدا هەڵی دەگرێت وادەکات بۆ ئەبەد زافۆن و جیهانی ئەو لەیادماندا بمێنێتەوە.

 

بەختیار عەلی دەربارەی ڕۆمانەکانی زافۆن لە کتێبی (ئاوڕەکەی ئۆرفیۆس)دا لە وتارێکدا بەناوی

(کارلۆس رویس زافۆن و گەمەی فریشتەکان ) دەنووسێت:

 ده‌توانین زاڤۆن له‌ ڕیزی‌ نوسه‌رانی‌ شار پۆڵینبكه‌ین، واته‌ ئه‌و نوسه‌رانه‌ی‌ كه‌ مێژوو و جوگرافیای‌ شار و یاده‌وه‌ری‌ تاریكی‌ نیشته‌جێكانی‌، پاڵه‌وانی‌ سه‌ره‌كی‌ ڕۆمانه‌كانن. به‌رشه‌لۆنه‌ له‌ سه‌ره‌تای‌ سه‌ده‌ی‌ بیست و ساڵانی‌ پێش و دوای‌ جه‌نگی‌ ناوخۆی‌ ئیسپانیا شانۆی‌ هه‌ردوو ڕۆمانه‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ زاڤۆنه‌.

زاڤۆن له‌ كتێبی‌ سێبه‌ری‌ بادا شاكارنوسه‌، به‌ڵام له‌ گه‌مه‌ی‌ فریشته‌دا ئه‌و هه‌ناسه‌یه‌ خاوده‌بێته‌وه‌. بابه‌تی‌ ڕۆمانه‌كه‌ لای‌ من گه‌لێك قه‌شه‌نگه‌، زمانی‌ زاڤۆن گه‌لێك ناسك و ڕۆشنه‌، توانای‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ تا بڵێی‌ گه‌وره‌یه‌، زاڤۆن گه‌لێك ئاسان و هێمن به‌ زمانێكی‌ شاعیرانه‌ ده‌نوسێت كه‌ خاڵییه‌ له‌ زۆر له‌خۆكردن. هه‌وڵی‌ بۆ تێكه‌ڵاوكردنی‌ نیگایه‌كی‌ مێژوویی‌ و سیاسی‌ به‌ گرێچنییه‌كی‌ پۆلیسی‌ له‌ هه‌ندێك وێستگەدا زۆر سه‌ركه‌وتووانه‌یه‌.

 ڕۆمانی سێبەری با _ لەلایەن نووسەرو وەرگێڕی کورد هیوا قادرەوە کراوە بەکوردی و پێشوازییەکی باشی لێکراوە. ئێستاش وەرگێڕی ڕۆمانەکە ڕایگەیاندووە کە کاری وەرگێڕانی ڕۆمانی دووەمی زافۆن گەمەی فریشتەکان بۆ کوردی تەواوبووەو پاش ماوەیەکی تر دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بڵاوی دەکاتەوە.

 ئێستا کە ئیتر زافۆن ناژی و کارەکانی لەناوماندا وەک شاکار گەلێک هەرگیز ناهێڵن بیربچێتەوە ئامادەیی زافۆن و ڕۆحی مەزنی ئەو زیاتردەکەن.

 

*ئەمەیە ئەدەبیات_چاوپێکەوتن

وەرگێڕانی لە ئەڵمانیەوە:پێشەوا فەتاح


ئەم بابەتە 87 جار خوێندراوەتەوە