Shano.jpg

مۆنۆلۆگی ئەکتەرێکی که‌ڕ

ئه‌میر ڕه‌زا کوهێستانی - وه‌رگێڕ: برایم شه‌وقی


شانۆ هونەرێکی زیندووە، بەڵام دەڵێی تەنیا ئەکتەرەکانی مافی هەناسەکێشانیان هەیە. بینەران ئەو تەرمانەن گەر بێتو قسە بکەن، کێشە بۆ ئەکتەر ساز دەکەن.

مۆنۆلۆگ وتووێژه‌ له‌گه‌ڵ خۆ، کاتێک "ئه‌وی دی" له‌ ژوورێدا نییه‌ که‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌م ڕۆژانه‌ "ئه‌وی دی" هیچ کات هه‌ر نییه‌. گه‌ر به‌خت یارت بێت، ده‌توانی ده‌نگی له‌ ته‌له‌فوندا ببیستی، ئه‌ویش بۆ ئێمه‌ که‌ چووینه‌ته‌ ژووری میوان و گوێمان له‌ ده‌نگی نییه‌، ده‌نگی تۆ ده‌بێته‌ مۆنۆلۆگ. به‌م پێیه‌، با به‌ تاریفه‌که‌مدا بچمه‌وه‌، مۆنۆلۆگ، ده‌نگی تۆیه‌ کاتێک "ئه‌وی دی" نییه‌. ئێستا چ به‌ ده‌نگی به‌رز بیڵێیت و ئێمه‌ گوێمان لێ بێ که‌ ده‌بێته‌ شانۆ، چ ئه‌و ده‌نگه‌ له‌ مێشکتدا په‌نگ بخواته‌وه‌ که‌ ده‌بێته‌ خه‌یاڵ، و چ بینووسیته‌وه‌ و ئێمه‌ و "ئه‌وی دی" بیخوێنینه‌وه‌ که‌ ده‌بێته‌ ئه‌ده‌بیات.

مۆنۆلۆگ پرسیارەکانی تۆیشە لە ئینسانەکانی ناو ژوورەکەدا، کاتێ ئەوی دی نییە کە پرسیاری لێ بکەیت. بەڵام بۆچی هێشتا له کەسێ کە لە ژوورەکەدایە پرسیار دەکەی دەبێتە مۆنۆلۆگ، مەگەر نە ئـەوەی لە ژیان و فیلم و تەنانەت زۆرێک لە شانۆکان بینیومانە ئەگه‌ر کەسێک پرسیار بکات له کەسێکی دیکە لە ژوورێکدا بەوە دەڵێن وتووێژ! ئەو قسە وتووێژە، چونکە ئه‌وەی لە ژوورەکەدایه دەتوانێ وەڵام بداتەوە، لە حاڵێکدا لە مۆنۆلۆگدا کەس وەڵامی پرسیارەکانت ناداتەوە، کە ئەگەر وەڵام بداتەوە پرسیاری دوایی تۆ ئیدی بێمانا بوو. وا بزانە هاملێت لە بینەران پرسیار بکات "بوون یان نەبوون؟" ئەو کات کەسێک لە ناو خەڵکەکەدا هاواربکات "دیارە بوون!" ئیدی چ مانایەکی دەبێ کە ئەو شازاده دانمارکییە دووباره پرسیار بکات "چەکی شه‌ڕ هەڵگرم یان ددان بە خۆمدا بگرم؟" کاتێ وەڵامی پێشوو "بوون" بێ، وەڵامی پرسیاری دواییش هەر ئەوەیە و شتێک نییە بێجگە لەوەی سەبرت هەبێ لە ئاست ڕۆژگاردا و متەق له خۆت ببڕی. واتا مەرجی نووسینی شانۆنامە کپبوون و بێدەنگی بینەرە.

میزانسیەنی ناسراو لە شانۆدا ئەوەیە کە بینەران لە چەند مەتری سەکۆکەدا دابنیشێنین و گڵۆپی سەر سەریان بکوژێنینەوە و بە زمانی بێزمانی پێیان بڵێین "لاڵ بە و لە جێی خۆت دانیشە! پرسیاریشیان لێ کردی، دەنگت لێوە نەیە!". ئەمەیە فەلسەفەی دیواری چوارەمی شانۆ. لە تۆ پرسیار دەکرێ، بەڵام تۆ وەڵام مەدەوە! چونکە لە بنەڕەتدا تۆ هەر بوونت نییە. شانۆ هونەرێکی زیندووە، بەڵام دەڵێی تەنیا ئەکتەرەکانی مافی هەناسەکێشانیان هەیە. بینەران ئەو تەرمانەن گەر بێتو قسە بکەن، کێشە بۆ ئەکتەر ساز دەکەن. با ئینسافیشمان بێ، کارێکی ئاسان نییە کە تۆ هەم وەڵامی بەردەنگەکەت بدەیتەوە و هەم بکەویتە شوێن گێڕانەوەیەک کە نووسەری بێئاگا لە هەموو شوێن، ڕۆژان و ڕەنگە ساڵانێک پێشتر لە پشت مێزەکەیدا نووسیویەتی.

مۆنۆلۆگ واتە بێدەنگکردنی "ئەوی دی" به زۆرەملێ، چونکە ئەکتەرەکان دەنگی ئێوە نابیستن، یانی نابێ گوێیان لێ بێ. دەنگی زەنگی مۆبایلەکەتان، جیڕە جیڕی ئەو کورسییانەی لە سەری دانیشتوون، دەنگی هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی برووشوورەکەتان تەنیا ئەو بینەرانە دەیبیستن کە له ڕیزی ئێوە دانیشتوون. ئەولاتر، چەند مەتر ئەولاتر، لە سەر سەکۆ، ژێر نووری پڕۆژێکتۆرەکان، ئەکتەرەکان هیچ یەک لەم دەنگانە نابیستن. یانی گوێیان لێیە، بەڵام وا دەنوێنن کە نایبیستن. ڕێک وەک ئه‌و سیاسییانەی نەک ئەوەی گوێیان لە دەنگی خەڵکی شەقام نەبێ، بەڵام دەیبیستن و مەجبوورن خۆیان لێ کەڕ کەن، چونکە ئەوانیش وەک ئەکتەرەکان تەنیا ئەو دەقە دەزانن وا لەبەریان کردووە و بۆ بەردەنگەکانیان دەیڵێنەوە، ئێستا ئێوە چەند گەرووی خۆتان بدڕن بۆ ده‌ربڕینی ناڕەزایەتی له‌ بارودۆخی هەنوکەوە، ئەوان هەر ئەو دەقەی وا دوێنێ لە بەریان کردبوو دەیڵێنەوە و مەجبوورن جۆرێک خۆیان بنوێنن کە ئێوە بۆ ئەوان بوونتان نییە. ڕێک وەک ئەکتەرێک چۆن خۆی ڕادەگرێ لە ئاست دەنگی زەنگی مۆبایلی بەردەنگەکەی و درێژە دەدا بە دەوری ناو شانۆکەی، ئەوانیش درێژە دەدەن بە شانۆی"تۆ نابینم کە واتە بوونت نییە". سیاسییەکان لە مۆنۆلۆگە ئاگرین و درێژدادڕەکانیاندا لهگەڵ بەردەنگی ئامادەنەبوو دەدوێن: ئەو مێژوونووس و ڕۆژنامەنووسانەی وا لە دووی سەردێڕی سبەینێ دەگەڕێن. ئەوانەی به ئوتووبووس هاوردویانن، ئەو تارماییەنانەن کە تەنیا ئەوە دەزانن کەی نۆرەیان بێ تا فیتوو و چەپڵە لێدەن. ئێمەی شانۆساز تەنانەت ئەمەیشمان لە بینەرانمان ناوێ. کاری بینەری شانۆ لە مەش ڕاحەتتره، ئەو دەبێ تەنیا جارێک لە کۆتایی شانۆکەدا لە جێی خۆی بەرز بێتەوە و چەپڵە لێدات و دواتر ملی خۆی بشکێنێت و بڕوات. چونکە ئەکتەر و دەرهێنەر ماندوون و تاقەتی باسکردنیان لەگەڵ کەسدا نییە، چۆن پێویستیان نییە، چۆن ئەوەی ئێوە دەتانەوێ بیڵێن، ئەوان دەیزانن، کە واتە هۆکاری ناوێ له گەڵتان وتووێژ سازکەن. ئەمڕۆکە له وڵاتی ئێمەدا وتووێژ نیشانەی جەهل و گەمژەییە و مۆنۆلۆگ نیشانەی زانست و زانایی.

ئەکتەرەکانیش وەک سیاسییەکان لەگەڵ تارماییەکان دەدوێن. ئەگەر له ڕەوتی نواندندا ئەکتەرێک چاوی بڕییە ناوچاوانتەوە، پێویست ناکات بشڵەژێیت، ئەو تۆ نابینێ، ئەو له گەڵ تارماییەک دەدوێ کە بە دڵنیاییەوە تۆ نیت. وێنەی زەینی و تاکەکەسی هەر ئەکتەرێکە له "ئەوی دی" کە له هۆڵەکەدا ئامادە نییە.

لە ساڵی 1390 هیچ جۆره شانۆیەک وەک مۆنۆلۆگ وێکچووتر بە دۆخی ئێمە نییە. ئەمە یەکێکە له هۆکارەکانی بەردەوامی پێشوازی بەردەنگەکان لە نواندنی مۆنۆلۆگ. ئێمه وەک هاووڵاتییەکی ئێرانی لە جیهانی دەرەوەی هۆڵەکانی شانۆدا هەموومان یان ئەکتەری مۆنۆلۆگین یان بەردەنگی مۆنۆلۆگ. یان باشترە بڵێم هەم مۆنۆلۆگ دەنوێنین، هەم له پێگەی ئەویدی دانیشتووین و گوێ دەگرین له مۆنۆلۆگەکەی. وەک دەرهێنەرێکی شانۆ ئەمن گوێم دەخنم و ڕوو له ئەکتەرەکانی شانۆکەم مۆنۆلۆگ دەڵێم. شورای چاودێری و هەڵسەنگاندنیش گوێ لە قسەکانی من ناگرێ و مۆنۆلۆگی خۆی دەڵێ. ئەوسا کە هیوام ده‌بڕێ لە بیستنی وەڵامی به بەڵگەیانەوە، مۆنۆلۆگی پڕ له ناڕەزایەتیم دەگوازمەوە بۆ ماڵ و خێزان و منداڵان و هاوڕێیانم. لە حاڵێکدا چاوەڕوانیان لێ دەکەم تەنیا مۆنۆلۆگەکەم پەسند کەن و کارێک نەکەن قسه و کێشەی لێبێتەوە. ئەمڕۆ سیاسییەکانمان مۆنۆلۆگ دەڵێن. هەندێک له مامۆستایانی قوتابخانە کە دەڵێن "پرسیار نه‌بێ" مۆنۆلۆگ دەڵێن. باوک و دایکێکیش که ئەنگوستی نیشانە هەڵدێنن و لە منداڵەکەیان هەڕەشە و گوڕەشە دەکەن مۆنۆلۆگ دەڵێن. زانستگاکانمان پڕ بوون لە مۆنۆلۆگی مامۆستایانێک کە لە پێداهەڵگوتنی ڕێگا و ڕەوشتی ژیانیان و خراپەی "ئەوانی دی"ـدا مەسنەوی هەزار مەن هەڵدەدەن و خوێندکارەکانیشیان یان خەریکی دۆزە دۆزەی ناو مۆبایلن یان کاریکاتۆڕی مامۆستا ده‌ستاودەست دەگەڕێنن و هەر دووکیشیان بەم وەزعە ڕازین.

لە وڵاتێکدا کە دەترسین لە گەڵ "ئەوی دی"ڕووبەڕوو ببینەوە، هەموو شت له ئامادەنەبوونی یەکتر ڕوو دەدات کە ئامادەنەبوون واتە وتووێژ نەبێ، تەنیا مۆنۆلۆگ و بەس؛ مۆنۆلۆگی ئه‌کتەرێکی کەڕ.

سه‌رچاوه‌:فصل نامه ی نمایشنامه، شماره ی 7و6، تابستان و پاییز 1391

 


ئەم بابەتە 34 جار خوێندراوەتەوە