bayar.jpg

جەلال بەیار

سەرکەوت رەسوڵ

بە ویقاڕێکی هەولێریانە،
زوڵال وەک ئاوی کانیێکی روون ،دەژیا
هونەری کردبوو بە قاتێکی سپی وبۆینباخێكی سوورو
نانێکی رووت ،دەژیا ...
تفتی قوت دەداوشیرینی زوبانی گۆدەکرد
وەک ئاشی خەمان دەگەڕا
وەک دێوانەیەک لە سارای چۆڵی بێ ماناییدا دەژیا !
مەعمەعەی گەردوونی دەکردبەرستەیەکی سادەو دەیگۆت:
(سەودایە ئەم بوونە لە سایەی مەستاندا بڕۆ
پێکی شەڕابی پێکەنین ،لەگەڵ باسی یەئسا هەلدە ...)
----- -- - -----
ئێوارەیێکی پاییز بوو شار بەرگێکی نوێی پۆشیبوو
دەنگی بنی پاژنەپێڵاوێکی قاڵتاغ !،
لەسەر وردە گەڵای وەریو رەزمێکی یاخی بوو
نارازی لەخۆی لە مرۆڤ ،لە داروبەرد
لەپشیلەی سەر دیوارانیش !
لەسەر شانۆی عەسرێکی پەرت هاواری دەکرد :
(ئێمەش دەمرین و دەبینە خاکی سەرە ڕێ ......)
ئەی ئێوارەی درەنگ کەوتوو، بەیانیش دێتەوەورۆژ بەسەردەچێت
بەدەم نەفخی نیفاق وهەڵایسانی خوێن
هەموو دەبینەوە خاک و خۆڵ
هەموو دەبینەوە غوباروغەوارەی سارای چۆڵ وهۆڵ!
------- --- ---------

ئێمە چین !، ئەی پاڵەوانی بەختی بەد ،ئێمە چین !؟
هەردەڵێی لێمۆی گوشراوی دونیایێکی ترین وفڕێدراوینەتە ئێرە
ئێمە چین !
لە گازێتەچییەکی راونراوی دەوروبەری باخچەی پاشا دەچین ،
بیەوێت سیوی باخی سینگی کچی شا بڕنێت !
ئێمە چین !
جگە لە سیفۆنێک ،کە گوانی ئەوان دەدۆشێن
بۆئاودانی تووروتەرەتوولەی هونەرلە شینایی ژیان !
لە ناو تابڵۆی لەمە چێتران ،لە گوڵێکی سووردەچین و ناچین !
لە کاتی پیس کردنی ژینگە وئاسمان بە هەناسەی وان ،
ئەگەر ئێمە فلتەر نەبین ، ئێوە چین و ئێمە چین !
---- ------ ---------
ئێوە چ تەمێکن کەوتوونەتە ئێرە ! چ غوبارێکن ،لەعنەتی کام گێژەلووکەن !
ئێوە چ ئاوێکن رژاونەتە ئێرە .
چ بەستەڵەکێکن ،هی کام قوژبنی نەفرەت !
ئێوە چ ئاگرێک ،ج ئاگردانێک فێری کردوونە
قەسەری پیرەژنێک بسووتێنن ،پف لە قوتیلەی هەژار بکەن !
ئێوە لەبەر مەمکی کامە عفریتە ژن ،کامە ئەژداد شەیتانتان خواردۆتەوە !؟
تابێن بەوجورئەتە بناغەی قەڵا بگۆڕن !
ئێوە چ عاجباتییەک ،چ پەرجوویێکی ئیبلیسن
بەو هەموو تەورەوە بەرامبەر ملی خەونەکانمان وەستاون !
بەو هەموو مووسەوە لە هەمبەر وەریدی پێکەنین دەڕوانن !
ئیوە چین ! !
ئیوە چ مەلعونێکن ، تا خیانات لە خەلک و خوێن و خاک بکەن
ئێوە چین ! لە نەسلی یەهودان ،یان ئیدریسی بتلیسین !
ئێوە چین ! ئێوە چین !
------ ---------
جەلال بەیار ، نمایشێکی رۆحی هەولێر بوو ،
سیزیفییانە خۆی دەکووشت و زیندوو دەبووەوە
جەلال بەیار لەگەل چەلاوی کێشکەی کوڵاو فڕدەکرا
هەموو بەیانییەک بەردی خەمی دەبردە سەر قەڵاو
ئێوارە لەگەڵ ئەنگۆرە لیی غلۆر دەبووەوە !
جەلال بەیار ،باڵەبانی شادی هێن بوو ،بەدەستی دۆرەنگێوەکانی مەچکۆ ،
بۆ شایلۆغانی خەندە بەشینەوە !
جەلال بەیار پەڕەچی بوو جاجمی دەستی پیرەژنێکی نوێ دەکردەوە !
ئاوچی قەڵاتێ بوو ،تینوویەتی خەلکی دەشکاند
هەولێریانە ژیانی دەجوی و لەبن دیواری خانوویێکی تەعجیل
دەستەو دامێنی خودای خۆی
دوعای خیری بۆ ئافەریدەوداروبەرد دەکرد ...
دەتبینم !
لەسەر شەپکە دارێکی شانوۆیێکی شکاو وەستاویت
بۆ چەرخی بی وەفاو زەمانێکی سپڵە
لەو شانۆگەرییە خوێن ساردە راماویت !
لە نێوان جەللادو قوربانی ،موویێکی باریک شک دەبەیت
سنووری نیوان خوێن و پێکەنین دەکێشیت !
لە ناوەراستی وەهم و راستەقینە دۆش داماویت
ئاسمان ماڵە یان زەوی !
کات قورمیشـمان دەکات یان شوێن
لە ستوونی ئەو دوعایانە رابمێنە ،کە تا دونیا هەیە دەکرێن وبی وڵامن
لە بن باڵی حەسوودی رابمێنە
تا هەین غیرەی زەردی یەکتر بە یەک ساغ دەکەینەوە
ئەوە گوڵدانی هاوڕێیەتی ،زەرد هەڵگەڕاوە
دەست بنێ بە هەر گوڵێکی باخچە ،شەونم خیانەتی لێ کردووە
دەست بنێ بە، بە رد شەکوای دڵی خۆی دەکات بەرامبەر بەردەکانی تر !
لوتکە لە بناری زیزە ،ئاسمان مڕە لە زەوی دەکات
ئێمە فریوی پێکەوە بوون دراوین ،بێ ئەوی تر ناژین !
قۆڵی تیگیشتنمان بڕاوە لەسەر سفرەی هەمیشەی کۆبوونەوە
پێشبڕکێمان لەگەل یەکتر بۆ ناشیرنکردنە ،جوانیمان لە کیس چووە
تەریب دەبین بە ئاڵۆزی
پەرت دەبین ،خۆمان پێ کۆیە !
------- -----------
جەلال بەیار ...
هەموو سەرەمانگێک دەتبینم
گریانەکانت سەفت دەکەیت ،بۆ قەرەبۆی بێنازیت
فرمێسک دەوەرێنیت ،بۆ ئەو شارەی پەیکەری هونەرمەندێک شک نابات !
بۆ ئەو شارەی رستەیەکی رەوان دادی نادات
لە چلەی ماتەمینی هونەروئەدەبدا
بە گوێی بازرگانەکانی هونەردا بچرپێنێت :
(ئێوە چین ! ئیوە چین !)
بەرزە فڕی رۆحی هونەرتان کووشت ،بە کووشتنی هۆڵی گەل !
شانۆتان کردە شانۆی گەڵ!
گۆرانیتان تاڵ کرد وەک ژەقنی گوڵەژاڵ
هەولێرچیتر نابێتەوە بە ماڵ !
هەی دەعباینە ،
سیمای شار بە وشەو تابڵۆودەست رەنگینی هونەرمەندان نەمر دەبێت !،
نەوەک کەرپووچی رەنگاورەنگی حەفت تەرحی سەندەلووس !
بەژنی ئێوە بە باڵەخانەکانتان ناپێورێت ،هەی دەعەجانینە !
هەی دەڵاڵی خوێن و گۆشت ! باڵاتان یەک سانتیم بەرز نابێتەوە لەهەمبەر
سەری قیتی قوببەومنارەی نیفاقی زەریبە !
ئاشتەواییتان کردە کۆترێکی قەللاج ونتان کرد لە نێوان
تاوەروشوقەوئاسەوار !
خۆشەویستیتان بن گۆم کرد لە نیوان دەشت و شار
هەولێرتان کردبە دوو ..
یەکیان شاری فیرعەونان و ئەوی تریان شاری بەلەنگازو هەژار !
ئەی رەقیبتان کردە ئەی شەریف !
بۆنی مەسفاوغاز دێت و واتان کرد لە چمکی : (خوایەوەتەن ئاواکەیت )
باز بدەین وبڵێین :
{خوایە وەتەن ئەوها ئاواکەیت !)
خوایە وەتەن وا ئاواکەیت ......
٩/١٢/٢٠١٩


ئەم بابەتە 156 جار خوێندراوەتەوە