Majid.jpg

چیرۆکی چنارە بەرزەکانی ئاوایی!

ماجد خەليل

دوو سوورە چناری بەرز، دەیان ساڵبوو، ببوونە بەستەی سەر زاریی ئاوایی.
وەختێ لە ملەگای تەنها تولەڕێگەکەوە لەئاوایی نێزیک دەبوویتەوە، هەوەڵ شتێک بەدیارکەوتایە، باڵای بەرزی سورەچنارەکان بوو.
ئاواییەک بە قەدپاڵی چیایەکەوە، دەیڕوانی بەسەر شیوێکی هەزار بەهەزاری پڕ باخ و بێستان و کەندڕو گابەردی گەورەگەورەوە. گۆران گوتەنی: کە هێشتا گەردوون پێی نەداون تل.
خەڵکی خۆشمەشرەبی ئاوایی، زۆرینەیان شکارچی بوون.
کاروکەسابەتیان لە ڕاوەکەو یان کەڵەکێوی و سویچەڕو بەرازو ئاژەڵی دڕندەدابوو. کەمێکیشیان، سەرقاڵی بەرهەمی بنێشتەتاڵەو گردکردنەوەی گەزۆو کێڵانی ڕەزەدێم و باخەوانی بوون.

ئاوایی پەنجا ماڵێک دەبوون، وەلێ هەر ماڵێ کەمتر لە دەزاڕۆی هەبووایە بە ئەوجاخکوێریان دەزانین.

خەڵکەکە زۆر بە تیروتوانج و قۆشمەچی بوون. مەل بە ئاسمانا تێپەڕبووایە، قولەیان لێدەکرد.
پیاوانی ئاوایی باریکەلەو قنجوقیت بوون، رەشتاڵ و دەستوپل زبرو رووشبوون.
هەر لە سییەکانی تەمەنیاندا سەریان دەڕووتایەوەو نێوچەوانیان چرچ و لۆچلۆچ و دەستوپێیان قاژقاژو قڵییشاوی دەبوو.

لەناوەندی دێدا، کارێزێکی سازگار، ببوویە ئەستێڵک و حەوزی حەوشەی مزگەوتێکی کۆنەساڵ.
مزگەوتەکە لە جۆرەبەردێکی سەیر دروستکرابوو، لەبەردی ئەو دەوروبەرە نەدەچوون.
لە تاشەبەردی زلزل، دیوارێکی ئەستور بەچواردەوری مزگەوتەکەدا راوەستابوو. ئێواران بندیواری مزگەوتەکە، مێردمنداڵ و پیاوانی ئاوایی لێگرد دەبوونەوە.
کیژانی ئاوایی بەوە ناسرابوون کە چاوباشقاڵ و دڵتەڕو دەرونپاکن.
پیاوەکان تا بەتەمەنتر دەبوون، زیاتر مەیل و میراتی دڵداریی لە کەللەیاندا تاویدەسەند.

باس باسی ژنوژنخوازی و زەماوەندو جوانی و ماچوموچ بوو.
ئێواران گۆرانی و گەمەو گرەوی حەیوان سەربڕین، تەواوی ئاوایی مەستدەکرد.
جۆرە شەرابێکی کیشوەربڕیان لە ناو و ناوبانگدا هەبوو.
لەو ئاواییەدا بە دەگمەن کەسێک دەمرد، پیرەکانی کەسیان تەمەنی خۆی نەدەزانی. عەسران، عادەتیان وەهابوو کۆدەبوونەوە.

عەسرانێک، هەموان، چاویان دەبڕنە سورەچنارەکانی دامێنی ئاوایی.
دوو سورەچنارەکە، بەخێرایی دەلەرێنەوە. وەکئەوەی رەشەبایەکی بەهێزبێ.
لەکاتێکدا هێمنی باڵی بەسەر ئاواییەکەدا کێشابوو.
ئەی ئەبێ چیبێت؟
هەرگیز زەمین لەرزە نییە، ناشبێ غەوارەیەک غایەلەی ئەوەی کردبێ چنارەکان ببڕێتەوە.
ئەی ئەبێ چیبێ؟
تەواوی ئاوایی چاویان لەسەر لەرەلەری بێئامانی چنارەکان بوو.

دووچناری ئەستوور، باوەڕتانبێ فیل بەفیلی خۆی ناتوانێ بیانجوڵێنێ.
ئەوە چل ساڵە وەک پاسەوانی ئاوایی وەهان، وەک کێو راوەستاون، تاوەکو ئێستا هیچ رەشبایەک ختوکەیەکیشی نەداون.
پایزان کە گەڵای درەختەکان دەوەرن، خۆیان رووتدەکەنەوەو لیباسە ئاڵتونییەکانیان بەسەر سیستمی سیحراوی ئاواییدا بڵاودەکەنەوە. پایزان یەکپارچە شەرموشکۆیان باردەکات و دەبنە دوو هێمای رۆمانسییەت و رازی ئەوینداریی.
ئاخۆ ئەوەچیبێت؟ بەجۆرێ دێن و دەچن، وەک ئەوەی لەنێوان بەرداشی دوو پاڵەواندا پاڵپاڵێنیان پێبکرێ.
خەڵکەکە بەدەم پرسیارو سوپرایزی سڕڕی لەرینەوەی سورەچنارەکانەوە بەرەو دامێنی ئاوایی کشان.
کچەکان گورجتر رێگەکەیان دەبڕی، وەک ئەوەی دڵیان لەمشتیاندا بێ.
مەردەکان، مقۆمقۆیان تێکەوتبوو، بەجارێک ئاوایی وەک ئەوەی بۆڵبڕینی لەژێردابێ، بەرەو دامێن و دەروازەی سورەچنارەکان کشان.

ئەو ئێوارە، حاجییە چلگوێ دیار نەبوو.
حاجی پیاوێکی کورتەبنەی حەفتاساڵ بوو. شانوملێکی ئەستورو دەستوباڵێکی بەهێزو کورتیلەی هەبوو. پیاوێکی چەناگە چکۆلەی کەللە دەرپەڕیوبوو. رەشێکی ڕووگرژو پشتمل توکن بوو.
پاش ئەوەی خێزانی یەکەمی لێی جوداببوویەوە. ئاوایی قاویان دابوو، گوایا نەیتوانیوە تەداخولی ئەوزاعی محلی بکات. ئەمە لەکاتێکدا بوو کە پازدە منداڵی هەبوون. گوایا جنۆکە دەستیان لێوەشاندووەو لەپیاوەتی کەوتووە.
ئەویش لەرقی رووقایمی مەردوم و مەحرەمی جیابووەوەی، کە تازەبەتازە شویکردبوو بە سۆفییەکی سیسەڵەی ملباریکی پشتوێن زەرد، بەڵێ لەڕقی تیروتوانجی خەڵکیی، نەیکردە نامەردی و موڵکێکی خۆی کرد بەناوی کابرایەکی پولەکی و پارەپیسەوەو کیژە مناڵکارەکەی خواست.

دەوترا:حاجییە چلگوێ، چۆڕەی تیانەماوە، پیرێکی ئاقیبەت شەڕەو بەختی خۆی لەگەڵ کێوی قافدا تاقیدەکاتەوە.
دەوترا: ئێستە وەک کێچی نێو لەپی نابینایەک هەپرون هەپرونەو جارێکی تر نابینین بە دووپێ بڕواو وەکوجاران، لەسەر ئەو کۆتەرەدارەی مزگەوتا لنگی بنێتەوە سەر لنگ و چای خەلیسی پۆلیسی هەڵقوڕێنێ.
دەیانوت: ئێوە نازانن کێی هێناوە! دەیانوت: تازووە قەزانێ ئاوی بۆگەرمکەن و سبەی دەبێ کفنودفنی بکەین و ئەسپەردەی کەین.
دەوترا: ئەوە دەڵێن چی؟ بە غەوزی گەیلانی مردوو بەمردوویی خۆی قسەدەکات، جارێکیتر ئەو ورتەیەکی لەدەمنایەتەوە.
تەنانەت دەیانوت: خوا عەفویکات.

لەولاوە ببوویە بەزموبیساتی ژنانیش، ئەوان وەک پیاوەکان نەبوون، ئومێدێکیان پێی هەبوو، دەیانوت: دەیناسین چ زۆڵێکە. دەیانوت: بینیومانە بستێک، تەنانەت بستێکی کەسمانی بە قەرزنەداوەو لەنوکی پێ تا تەوقی سەرمان، بۆنی نیگا نەوسنەکانی ئەوی گرتووە. دەیانوت: حاجی، قسوری ناکاو قەحبەی وا خۆی جیابوویەوەو جاڕی حاجیشی دا، گوایا، ماوەیەکە خەوخۆشەو خەتابارە.

بەڵێ ئەو ئێوارەیەی سورەچنارەکان، لەرەیان دەهات، دروست ئەو ئێوارەیە بوو کە حاجی چلگوێ ژنی دووەمی دەگواستەوە.
دەوترا، لە قرچەی نیوەڕۆوە بێقڕەو بێمشە، دەستی بانوخانمی گرتووەو بردوویەتی. خواخۆی عالمی عیلمە، کەس نازانێ بۆ کوێ چوون.

پێش لەرەی چنارەکان، پێش ئەوەی خەڵکەکە بەهەڵەداوان بەرەو سورەچنارەکان بچن. تومەز حاجی چلگوێ، هاتۆتە تەوالێتی مزگەوتەکانەوەو هەرچل گوێکەی کردووە بە فەرشی کاشان و هەزاران گوێ و بەو حەوز و حەوشەو گوزەرا هەڵیخستوون.
زانیوییەتی ئێستە باس باسی شەوی سوری ئەوە.
بەڵێ گوێی هەڵخستووە. حاجی گوێی گرتووەو خەڵکەکەیش لەگەڵ ئەویان بووە. تەنها یەک کەس، یەک کەس دانیخێری بەحاجیدا نەناوە. هەمووان کۆکبوون لەسەر ئەوەی کە حاجی حاڵی شڕدەبێت و شەڵڵا بەشەڵای خودا کاریوای نەکردایە.
ئیدی حاجی پڵتۆکت لێدایە زرمەی دەهات.
بۆیە بە پەلە پڕوزێ، پێدەنێ بە غیرەتی خۆیداو دەچێتە ماڵێ و پڕدەداتە بوکێ و دیارنامێنێ.
بەڵێ خەڵکەکە تا زیاتر نزیکدەبنەوە، سورەچنارەکان زیاتر و زیاتر دێن و دەچن. بەجۆرێک وەختە لەبن بێنەدەرێ. خەڵکەکە، خێراتر دەچنە پێشێ. یا ئیلاهی چی دەبینن؟
سورچنارەکان بەئەندازەی مەترێ لێکەوە دوورن، دەبینن، کڵاوێکی قوچ دیارە، دەی دەی نزیکدەبنەوە، هاوارێک تێکەڵ بە خشەخشی گەڵای سورەچنارەکان بووە. دەنگێکی تاساوی بریندار، بەحاڵونەحاڵ نوزی لێدێ.

پیاوەکان دەیانوت: بەڵێ ئەوە حاجییە، خۆ ئەوە حاجییە، نا خۆیەتی. سوبحانەڵا، ئەی ئافەرم، ئەها وادەرنەچوو، ئەی ماری بێئیجازە، بێدەنگییەک هەمویانی تاساند، دەمی هەمووی کرابوویەوە، هەبوو تاقمەکەی کەوتبووەخوارێ، هەبوو نائاگا هاواری دەکردوو قاچێکی لەزەوی دەخشاندو زۆریدەکرد، مەشهدێک بە هەمویانی سەلماند.
ئیدی وەکچۆن لەکاتی گۆڕهەڵکەندندا زوو زوو دەوترا: رەحمەتیخواتان لێبێت، وەرنەدوواوە با خاکەکە نەکوترێتەوە، بەڵێ، یەکێک وتی: رەحمەتیخواتان لێبێ، وەرنە دوواوە.

ژنەکان دەیانوت: ئەی نەمانوت، ئەها، مەگەر تڕکەنەکەی لای من، زۆربەیان بەهەردوو چەپۆکیان چاوەکانیان شاریبووەوە، تەنێ لەدرزی پەنجەی شایەتومانیانەوە جێیەکیان بۆ بینین هێشتبوویەوە!
بەڵێ حاجی چلگوێ، بوویە داستانی سەرزاران، بوویە پەندێک، کوڕاو کوڕ دەیگێڕایەوە، سورەچنارەکان بوونە فەلسەفەی ئەمە ئەرزو ئەوەگەز.
گەر ئەم حکومەتەیس ئەربابی دامەزراوەیی و چاکسازیی بێ، دەبێ وەکو حیکایەتەکەی حاجی بۆ هەمووای بسەلمێنێ و قسەوقسەڵۆک و ئەرتەشی بێشوماری رەخنەو رازی شکستهێنانی بداتە دوواوە.

تێبینی: ئەوە چیرۆکێکی واقیعییە.


ئەم بابەتە 42 جار خوێندراوەتەوە