download.png

بایەقوش لەسەر شار دەخوێنێ

سوارە حاجى

تۆ بە تەنها بەرپرس نیت لە گیانى خۆت، بەڵکو بەرپرسی لە چواردەورەکەت، بەرپرسی لە هەموو ئەوانەى بەرکەوتنت هەیە لەگەڵیان، بەرپرسی لەو سەوزە فرۆشەى ئێوارە ترۆزى لێ دەکڕى، گەر دەتەوێ خۆت بکوژى بە کۆرنا خۆت مەکوژە، چونکە بە دواى خۆتدا ڕەنگە دایکە نەخۆشکەشت بێت، رەنگە براکەت لێى دەرباز نەبێت، ئەشێت ئازیزەکەت رەبۆى هەبێت و بەرگەى شەش سەعاتى دواتر نەگرێت، بەرپرسیارێتى لێرەدا دەردەکەوێت، تۆ بە تەنها خۆت ناپارێزى، جەستەى تۆ موڵکى هەمووانە، چونکە لە تۆوە دەچێت بۆ هەموو کەسێک.

ئەمما کە توش بوویت، جەستەى تۆ بە تەنها موڵکى تۆیە، کە نیشانەکانت تیا دەرکەوت، ئەوکات بە تەنها خۆتى و کەس لە دەورت نامێنێت، کەس نزیکت ناکەوێت، هەر ئەوەندەى ئاشکرا بوو کۆرۆنا هاتۆتە گیانتەوە، ئیدى دەبێت بە شەکەتى بە تەنها بڕۆیت بۆ نەخۆشخانە، لە دەرمانخانەکەى سەر سوچەکە داواى زینک و ڤیتامین سی دەکەى، دەرمانسازەکە هێشتا تۆ نەچوویتەتە دەرەوە دەست و دەم و پارەکەشت تەعقیم دەکات، لە ماڵەوە لە ژوورێک قەتیس دەمێنى، لەسەر سینەیەک لە بەردەرگا خواردنت بۆ دادەنێن و تەقەیەک لە دەرگاکە دەدەن و هەڵدێن، نەبا بێتە گیانى ئەوانیشەوە، هەر ئەوەندەى توش بوویت ئیدى تەنهاترین مەخلوقى سەر زەمینى..

بۆیە بیرت بێت، پێش توش بوون جەستەى تۆ موڵکى هەمووانە، دواى توشبوون جەستەى تۆ بارى تەنها سەرشانى خۆتە.

کۆرۆنا بەرۆکى گرتووین، دەرگاى لێدابخەیت لە پەنجەرەوە دێت، گەر پەنجەرى لێ دابخەیت مەگەر لە تونى حەمامەوە بێتە ژوورەوە، ئەم بەڵاى ناگەهانە دەڵێى مارى بێ ئیجازەیە، نە پرس دەکات و نە جواوێک دەنێرێت پێش هاتن، بە پەنهانى لە پەناو پەسێردا خۆى مەڵاسداوە، هەر ئەوەندەى سوچى دەمامکەکەت لادا فڕکە دەکاتە ژوورەوە و ئیدى تا دووحەفتە خانەخوێیە نەک میوان.

خۆت بپارێزە تاکو ئازیزەکانت پارێزراوبن.


ئەم بابەتە 25 جار خوێندراوەتەوە