kteb.jpg

بەشی (50): هەڵسەنگاندنی كتێبی سەرۆكی سەنگاپورە (من العالم الثالث إلی الأول)

مەلا بەختیار

"شكستی هێز و دۆخی داڕوخاوی ئابوری"

سەرەتای حەفتاكان بۆ كۆتایی هەشتاكان، دۆخی سیاسەتی نێودەوڵەتی‌و باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا، بێڕادە شێواو بوە. زلهێزەكان ناكۆكی نێوانیان، كە رەنگدانەوەی بەرژەوەندی كۆتایی جەنگی سارد بوو، زاڵكردبووە سەر هەموو پرنسیێكی تر. لە بەشەكانی تردا باسی چین، لاوس، كەمبۆدیا، ڤێتنام‌و شورەویمان كردووە. لەم بەشەدا، دێینە سەر ئەوەی ئەو سیاسەتەی دژی لۆژیكی سیاسی‌و بنەمای ئابوری ڤێتنام، چ ئاكامێكی هەبووە. لەمبارەوە سەرۆكی سەنگاپورە دەنوسێ‌:

"شورەوی لە جەنگی ئەفغانستان خوێنی لەبەر دەڕۆیی. سەرباری هاوكارییە زەبەللاحەكانی بۆ ڤێتنام، ئەسیوبیا، ئەنغۆلاو كوبا. لە كۆتایی هەشتاكاندا (واتا: كۆتایی جەنگی سارد-نوسەر) هاوكاری شورەوی راگیراو ڤێتنام توشی ئاستەنگی ئابوری سەخت بوو. ساڵی 1988 تێكڕای هەڵاوسان گەیشتە (1000%)، لە خواردەمەنیش دوچاری قەیران هات. دەبوایە لە كەمبۆدیا بكشێتەوەو سەركردە نوێكان ئامادەی چارەسەری كێشەكانیان بون لەگەڵ چین. سیاسەتی كرانەوەیان گرتەبەر بۆ رێگریی لە داڕوخانی ئابوری. یەكلایەنە (50) هەزار سەربازیان كشاندەوە لەكەمبۆدیا".(ل419)

ئەم بەشە.. لای من، زۆر زۆر گرنگە. سەیری ئەو روداوانە بكرێ‌.. و هەڵبسەنگێندرێن، هێژاترین پەندی سیاسی تێدایە، كە ئەویش ئەمەی خوارەوەیە:

شۆڕشگێڕێتی، لە سەردەمی شاخدا، شوناسنامەی هەمیشەیی‌و بێباكی دەسەڵاتی شۆرشگێڕان ناگەیەنێ‌. شۆڕشگێڕێتی، رێبازێكی خەباتە، تەنها بۆ دژایەتی داگیركەران دەشێ‌. نەك بۆ پاساوی داگیركاری.. یان، وا بزانرێ‌، بە هێزی چەكدارو پشتیوانی ئەم‌و ئەو دەوڵەت، لایەنی هێزی چەكدار، هەر بڕیارێك بدات، بۆی دەچێتە سەر. وا نییە.

شۆڕش نییە، لە ڤێتنام قارەمانتر. سەركردەش نییە لە هۆشی مینە زیاتر خاوەن كاریزما بێ.. و سەركردەی عەسكەریش هەڵنەكەوتووە، وەكو ژەنەراڵ جیاب سەركەوتن بەسەر زلهێزی وەكو ئەمریكا، لەڕووی عەسكەریەوە بێنێتە دی. كەچی، ڤێتنام، دوای سەركەوتن بەحوكمی پستبەستنی بە شۆڕشی شاخ‌و فەرامۆشكردنی ئەركەكانی شار، نەك لە داگیركردنی كەمبۆدیادا سەرنەكەوت، بەڵكو ئابوری ڤێتنامیشی نابوت كرد.

تەنها پشتبەستن بە خەباتی شۆڕشگێڕانەو تەنها لە بونی هێزی چەكداردا، ئەگەر سەیری روداوەكان‌و هاوكێشەكان بكرێ‌.. بیگومان، چارەنوسی هیچ لایەك لە ڤێتنام باشتر نابێ‌. دوای ڤێتنام، ئەزمونی هێزە سیاسیە-چەكدارەكانی فەلەستین‌و ئەفریقیاش، دەریانخست، ئەگەر تەنها لە لولەی تفەنگی هێزەكانەوە، روداوەكان بخوێندرێتەوە، چ كارەساتێك چاوەڕوانە!

ئەو راستیانە، لەسەردەمی جەنگی سارددا، ئەنجامەكەی كارەسات بوبێ‌، بێگومان، لەم سەردەمەدا، كە سەردەمی سۆسیال-میدیاو بازاڕی فراوانی ئازادە، خەڵك، زۆر زۆر هەستیارتر لەسەردەمی جەنگی سارد. ئەوەی لای خەڵك گرنگە، چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەی ئابوری‌و دابینكردنی ئاساییش‌و خۆشگوزەرانییە، نەك چەكدارتر كردنی هێزی چەكداری تایبەتی‌و كۆنترۆڵكردنی بازاڕو ترساندنی خەڵك. لەكاتێكدا، وەكو ڤێتنام، قەیرانی ئابوری، بیناقاقای فەلەستین‌و كوردستان‌و عێراقی گرتووە. با.. دەرس لە دەرسە گەورەكانی مێژوو وەربگرین.. تا كار لە كار نەترازاوە!


ئەم بابەتە 85 جار خوێندراوەتەوە