ksur.jpg

ئەو كراس سورە منم

سوارە نەجمەدین

ئەم بابەتە لە پێشبڕکێی چیرۆکی بیستەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ بەشدار بووە.

من نەهاتووم بۆ لای تۆ، تا قسەم بۆ بكەیت، هاتووم قسەت بۆ بكەم، دەردێكم هەیە و بە دوای دەرماندا دەگەڕێم، با من لە نوكەوە هەموویت بۆ بگێڕمەوە، ئینجا تۆ قسە بكە، هێشتا هیچم نەوتووە، تۆ كەوتوویتە پرسیار كردن.

پێنج رۆژە بە دوای چارەسەردا لە دەرگای مەلا و مامۆستا و پیرێژنانم داوە، لە ناو كتێبەكان گەڕاوم، پەنام بردووە بۆ نووشتەی مامە شێخ، جگە لە قسەی بێ ئەنجام و نزای گیرنەبوو هیچی تریان لێ سەوز نەبوو، برینەكەم هەر وەك خۆیەتی، وەك پزیشكەكانی تر چاویلكەكەت مەهێنەرە سەر باریكی لوتت و مەكەوەرە پڕكردنەوەی ڕەچەتە، تۆ پزیشكی دەروونیت، بەڵام مەرج نییە من شێت بم، لێ خەریكە شێتم ئەكەن، منێك سەرم بچێت نوێژم ناچێت، خەریكە ئەمكەن بە نێرباز، یەكێك ئەڵێ ئیمانت لاوازە، یەكێك ئەڵێ بەهێزی ئیمانت سەری لێ شێواندووی.

نا پێم مەڵێ گوێ لە كەس مەگرە، گوێ داناخرێت، گرفتی گوێ لەوەدایە ئەبێ كراوە بێت، وەك چاو نییە دایبخەی، وەك دەم نییە بەكاری نەهێنی، ناتوانی گوێی خۆت كەڕ بكەی، هەر چۆن دەستیشی پێوە بگریت دەنگ هەر دێت، فزوڵیەتی ئینسان وا ئەكات هەرگیز بە تەواوەتی نەتوانی بیگریت.

من شەش شەوە لەسەر یەك، یەك جۆر خەو ئەبینم، یەك خەو بە كەمێك گۆڕانكاریەوە، كابرایەكی نابووتە و هەر شەوەی بە جۆرێك پێ لەسەر داواكاریەكەی دائەگرێت، شەش شەوە لەسەر یەك دێتەوە سەر سەرم و داوای وەڵامم لێ ئەكات، شەوی ڕابردوو دوا مۆڵەتی دامێ، بەڵێ ئەبێ ئەم شەو وەڵامی لێبگێڕمەوە.

پێرێ هانام بۆ مامۆستایەكی گوایە خوێنەوار برد، لە ناو كتێبخانەكەیدا وەك چۆلەكەیەك وا بوو بەسەر دارتوویەكی سەد ساڵەوە، كتێبی جولەكەیەكی كافری بۆ هێنام، ئەیوت دەرمانی تۆ لای ئەوە، فرۆیدی ناو بوو، ناوە ناقۆڵاكەیم بیر ناچێتەوه. برا من پیاوێكی ئیماندار و لە خواترسم، سەرم بچێت نوێژم ناچێت، ئەو مامۆستایە گوایە چەند ساڵ زانستی خوێندووە، خۆ پێغەمبەری نازدارمان دژی زانست نەبووە، بە دوای زانستدا خەڵكی ناردووە بۆ ئەو پەڕی دنیا، بەس ئەو نەفامە قسەی گوناح و كوفری كردووە، ئەوە كەی زانستە بڵێت منداڵ كە دایكی خۆی ڕووت ئەكاتەوە زەوقی هەڵئەستێت، من ئەو قسانەم ناوێت و خۆم گوناهبار ناكەم، تۆ دكتۆری و بەم رۆژگارە خەڵك هانات بۆ ئەهێنێت، هانام بە دەمت لەو قسانە بۆ من مەكە!

من نازانم لە دەرمانەكانی تۆیا شتی وا هەیە یان نا، نازانم پێشتر كەسێكت چارەسەر كردووە شەش شەو لەسەر یەك هەمان خەو ببینێت؟ با من هەموویت بۆ بگێڕمەوە، ئەو كات چارەسەرەكەیم پێ بڵێ، تا هەمووی نەبیستیت نازانیت من چ دەردێكم توش بووە، چ بەڵایەك یەخەی گرتووم و لێم نابێتەوە.

بەزمەكە لەم شەممەیەوە دەستی پێكرد، بیرمە ئێوارە بێ ئەوەی هیچ كێشەیەكم هەبێت لە ناو ماڵ و منداڵی خۆما دانیشتبووم، كارەبا بڕا و ناچار خەوتین، ئای ئەو كارەبا نەفرەتییە ئەگەر نەبڕایە و وا زوو نەخەوتمایە، ڕەنگە ئەو خەوەم نەبینیاییە، بریا ژانە سكم هەبووایە و خەوم لێ نەكەوتایە، كاشكا سی و دوو ددانەم بئێشایە و خەو نەچوایەتە چاوم.

لە خەوما لە بیرێكدا بووم، ئاو تا كەلەكەم هاتبوو، بەسەر بیرەكەوە كابرایەكی كەڵەگەتی بەخۆ بە حەبلێكی ئەستوورەوە وەستا بوو، وامزانی حەبلەكەم بۆ شۆڕئەكاتەوە و رامەكێشێتە سەرەوە، خوایه گیان تۆبە، كابرا داوای هاوسەرگیری لێ كردم، ئاخر من پیاوم چۆن ئەبێ ئەوە بكەم، ژنم هەیە و منداڵم هەیە و خەڵك ئەمناسێت.

بۆ نوێژی بەیانی خەبەرم بووە و سەد جار شوكری خوام كرد خەون بوو، ڕووم نەهات بۆ كەسی بگێڕمەوە، تەنانەت لە ژنەكەشمم شاردەوە، ژن وایە ئەڵێ ئەبێ بخەویتەوە و چینێكی تێهەڵبدەی، ژنەكەم لەو جۆرانەیە خۆی لە خەوەكانیشما هەڵئەقورتێنێت، وەك ئەو كابرایەی لە خەویا ژنی دووهەمی هێنا بوو، بۆ نەگبەتی خەوەكەی گێڕابووەوە، ژنەكەی پێنج حەپ ڤالیۆمی دەرخوارد دابوو، تاكو بخەوێتەوە و تەڵاقی بدات. رۆژێكی ناخۆشم تێپەڕاند، هەر پێنج فەرزەكە لەسەر بەرماڵ دوعام كرد، خوا بەخێری بگێڕێت و كارەساتێكم بەسەر نەیات.

شەوی دووهەم، كابرای چارەگران بە هەمان شێوە هاتەوە سەر بیرەكە، وتی (ها بیرت لە داواكاریەكەم كردەوە؟) جلێكی ڕەشی لەبەردا بوو، من لە خوارەوە تەماشام ئەكرد، باڵای زۆر بەرز دەرئەكەوت، تۆ دكتۆری نابێ هیچت لێ بشارمەوە، دەنا ڕووی ئەوەم نەئەبوو بڵێم بیرم لە دەعباكەی ئەكردەوە، خۆت تێ بگە با من نەچمە وردەكارییەوە. من چی لەم كابرا كەڵەگەتە بكەم! هیچ قسەم بۆ نە ئەكرا.

ڕۆژبووەوە و دنیا بەسەر كۆڵمەوە بوو، پێش نوێژی نیوەرۆ رۆیشتم بۆ مزگەوت، هێشتا نیو كاتژمێری بۆ بانگ مابوو، مامۆستا لەبەردەم پەنجەرە گەورەكەدا قورئانی پیرۆزی ئەخوێند، نەخوازەڵا خۆ پێی نابڕم. بە بێ دەنگی لە لایەوە دانیشتم، تاكو خۆی هەستی پێ كردم و كۆتایی پێ هێنا.

مامۆستا مەلا جەلال ئەڵاوێردی، پیاوێكی عاقڵ و دنیا دیدەیە، ئەزانم تۆش ناوبانگیت بیستووە، زمان شیرین و بە گفت و لفتە، شارەزای كەلامی خوا و پێغەمبەر و هەموو ئەسحابەكانە، كەمێك قورئانی پیرۆزی بەسەردا خوێندم و دوعای بەخێری بۆ كردم و ئامۆژگاری كردم، قسەكانی شەكر بوون شەكر، وتی مەترسە، خەو شتێك نییە لێی بترسیت، باری تەعالا خەو ئەكات بە وەسیلەیەك تاكو پیاوچاكان تاقی بكاتەوە، هەر چۆن حەزرەتی ئیبراهیمی بە سەربڕینی حەزرەتی ئیسماعیل تاقی كردەوە، خوا عەلیم و عالیمە بە هەموو شتێك، بەقەدەر مسقاڵەزەڕەیەك شت ڕوو بدات حیكمەتێكی تیایە، پێشتر هێنایە خەونی یوسفی نازدار تاكو بزانێت براكانی ئەیكەنە بیركەوە، خوا هەر خۆی كاروانێكی لە میسڕەوە بۆ نارد. مەترسە كوڕم مەترسە، ئیمانت قایمتر بكە و تاعەت و نوێژەكانت زیاتر بكە، ڕەحمەت هەزار دەرگای هەیە، باری تەعالا خەونی بۆ حەسانەوەی ئێمە دروستكردووە «وجعلنا نومكم سباتا*»، مەترسە و ئیمات بە خوا قایم بێت.

قسە شیرینەكانی مامۆستا مەلا جەلال ئارامی كردمەوە، ئێوارە دوای نوێژی خەوتنان لەسەر بەرماڵەكە بە تەزبیحە سەد و یەكدەنكییەكەم كەوتمە لا الە الا للە و شوكرانبژێری، هەر لەسەر بەرماڵەكە خەوم لێكەوت. بەڵێ دكتۆر گیان لەسەر بەرماڵی پیرۆز خەوم لێ كەوت، كەچی كابرا هەر هاتەوە، پێی وتم ڕازی بیت باشترە لەوەی لەم بیرەدا بمریت.

بۆ ئەوەی بەراوردی بكەم بە لاشە كەڵەگەتەكەی كابرا، سەیرێكی بەدەنی خۆمم كرد، پێم سەیر بوو، كراسێكی سوری تێرم لەبەردا بوو، دوو شەوەكەی پێشوو سەرنجم نەدابووە جلەكانم، بۆ یەكەمین جار كراسی سورم لەبەری خۆما بینی، من هەر حەزم لە ڕەش و ڕەساسی و قاوەیی و ئەو ڕەنگانەیە، ڕەنگە ئەم كراسە سورە بۆ ئەوە بێت ڕەگەزی خۆمم لێ بگۆرێت و ڕازی بم بە داواكارییەكە، من بە جلی سور و ئەو بە ڕەنگی ڕەشەوە، من لە بیرەكەدا كەوتبوومە كەروێشكە سەما و ئەوەندەی دیكە لاشەم بچوك ببووەوە، ئەویش بەسەر سەرمەوە وەك دێو كەڵەگەت و بە خۆ بوو، سیامایەكی پیاوانەی ڕەقی هەیە.

خەبەرم بووەوە لە عارەقەیا شەڵاڵ ببووم، ڕەنگم سپی هەڵگەڕابوو، ژنەكەم خۆی پەشۆكان و كەوتە كەشفكردنی نەخۆشیەكەم: سەرمات بووە، تات لێهاتووە، ئەوەتا ناوچەوانت ئەسوتێت، كەوتوویتە حاڵی جاو. وتم ژنەكە نەخۆش نیم، لێمگەرێ شتێكی ترە. (شتێكی ترە) تا و زەردهەڵگەڕانەكەمی بیر بردەوە، ئەبوو راستەوخۆ پێی بڵێم، ئیتر هیچ رێگایەك نەبوو بۆ شاردنەوەی، ئەو شتەی تر چییە؟ ئەگەر پێم نەوتایە هەزار و یەك غایەتی ئەكرد. چیرۆكی هەر سێ شەوەكەم بۆ گێڕایەوە، ئوقرەی لێ بڕا، بە ناو ماڵەكەدا هاتوچۆی بوو، هێندەم زانی عەباكەی دا بەسەریا و فڕكەی كرد. دوای قەدەرێ هاتەوە و پێشنیاری مەلای كرد. وتم رۆیشتووم. پێشنیاری كرد بچم بۆ زیارەتی مەرقەدی شێخ. وتم ناچم. وتی بەدرییە خانی كچی عەبەی كەناس بەناوبانگە، هەرچی خەوێك ببینی ئەزانێ چییە، خەوزانێكی عەجایبە. وتم ڕووم نایات. خۆی بۆی دەرچووەوە، چاوەڕوان بووم تەفسیرێكم بۆ بهێنێتەوە، كەچی ناونیشانی مامۆستایەكی بۆ هێنام، نا ناوەكەیت پێ ناڵێم، ئەگەر ناوەكەی بڵێم ئەیناسیتەوە، وتی ئەم كابرایە دەرس بە مامۆستاكان ئەڵێتەوە، مامۆستای مامۆستاكانە، ئەڵێن لەو شتانە ئەزانێت.

مامۆستا بە حیساب خوێندەوارە و هەڵا هەڵا یەك هۆدە كتێب و وەرقەی هەیە، من چووزانم كتێبەكانی شتی گوناح و كوفری تیا نووسراوە، دووربێت لە رووی تۆ خەوەكەی بەستەوە بە مەسەلەی نێربازیەوە، توخوا دكتۆر تۆ بۆ خوا حوكمده، من لە ڕێزەی ئەوەیام ئەو تۆمەتەم بخرێتە پاڵ! پێم وت مامۆستا من كەسێكی ئیماندارم، باوەڕم بە خوای بێ جێ و مەكانە، باوەڕم بە قیامەت و ئاگرە سورەی جەهەنم هەیە، من بەخەیاڵیش بیر لە شتی وا ناكەمەوە، خوای گەورە ئاگای لە ترپەی دڵمانە، چۆن لە فەرمایشت و كەلامە پیرۆزەكانی دەرەچم! كەچی مامۆستا پێم پێكەنی.

ئێستا كە ئەو قسانەی ئەوت بۆ ئەگێڕمەوە مووچوڕك بە گیانما دێت، بەس تۆ دكتۆریت و ئەڵێن نابێت هیچ لە دكتۆر بشاریتەوە. ئەو كافرە ئەیوت وەلیدی كوڕی یەزید نێرباز بووە، هاروونە رەشید خۆی حەزی لێ نەبووە، بەس كوڕەكەی پارێزی نەكردووە، ئەبونەواس هەر بەدوای منداڵی كوڕدا گەڕاوە، ئەیوت تۆ چیت خۆت لێ كردووم بە ئەولیا، فیردەوسی بەو عەزەمەتەوە، فیردەوسیەك شانامەی نووسیوە، بە سەر هەتیوێكی توركەوە كوژراوە.

خەریك بوو باوەڕم پێی ئەكرد، كەچی وتی ئەو شاعیرەی خۆشمان وا بووە، ئا وتی ئەوەی لەگەڵ نالیا بووە، پێی ئەڵێن كوردی، نازانم خۆی ناوی چییە، وای وت ئینجا زانیم هەموو شتەكانی درۆیە، كەی لە ناو كوردا شتی وا هەبووه؟ دكتۆر گیان ئەمانە خوی هەموومان خراپ ئەكەن، ئەو رابردووە پڕ حەیا و حورمەتەمان هەیە، بە دەستی دوو بەدفەساڵی وا ئەیشێوێنین، خۆ من هەموو كورد ناناسم، بەس ئەزانم شتی وا لە كورد چاوەڕێ ناكرێ، پشتێكم بە ئیمانەكەم و هەستی نەتەوایەتیم قایمبوو، دەنا ئەیكردم بە كافر و بە دوژمنی نەتەوەكەم.

دكتۆر گیان با درێژدادڕی نەكەم، كابرای كەڵەگەت شەوی چوارەم هاتەوه، ناونیشانی كەسێكی پێدام، زارم هەڵنەهات پێی بڵێم بۆ ئەمنێری بۆ لای ئەم كابرایە، پارچەكاغەزێكی بۆ فرێدامە خوارەوە و وتی ناونیشانەكەی لەویا نووسراوە، برا ئەزانم جێی باوەڕ نییه، خوا عەلیمە درۆ ناكەم، بەیانی خەبەرم بووەوە پارچە كاغەزەكە لە مشتما بوو.

ناونیشانی كەسێكی لەسەر بوو، سۆراخم كرد، وتیان چیرۆكنووسە، وەك مامۆستاكە هاتە پێش چاوم، زانیم ئەویش لەو جۆرە قسانەم بۆ ئەكات و پێی گوناهبار ئەبم، هەر چەندە ترسێكی زۆریشم هەبوو، كەچی هەر نەڕۆیشتم. ئەم شەو كابرا بۆ جاری شەشەم هاتەوە و دوا ئاگادار كردنەوەی دامێ، سێوێك بە دەستیەوە بوو، وتی: بەس سبەی شەوت ماوە، بەڵێ ئەم شەو كە ئەخەوم ئەبێ بە رازیبوون و نەبوون وەڵامم پێ بێت، كابرا پێی وتم ڕازیبە و لەم بیرە خۆت ڕزگار بكە، سبەی شەو دێمەوە ئەگەر وەڵامەكەت دڵخۆشكەر بێت، ئیتر ڕۆژی دوای ئەوە ئەكەویتە پشووەوە، سەرانسەری رۆژەكە بە ئیسراحەت ئەخەویت و ئەحەوێیتەوە.

ئەو رۆژەی كە نە رۆشتم بۆ لای كابرای ناونیشانەكه، چوومە ناو بازاڕ، لە كتێبفرۆشەكانی بەردەركی سەرا، خەونامەی كوردی و خەونامەی ئیبن سیرین و كتێبەكەی ئەو كابرا فاسیقەشم كڕی، بەس نەمخوێندەوە، بە پێی لێكدانەوەكەی ئیبن سیرین دەرچوونە دەرەوە لە بیرەكە ڕزگار بوونە، واتە ئەبوو بە داواكەی كابرا ڕازی بم، جابری مەغریبیش ئەڵێ ئەگەر لە بیرەكەدا بمێنیتەوە ئەكەویتە ناو فێڵ و تەڵەوە، ئەمانە دەیان سەدە بەر لە ئێستا پێشنیار بۆ من ئەكەن لەگەڵ پیاوێكدا هاوسەرگیری بكەم، بەس نەمزانی لێكدانەوەكەی بەدرییە خانی كچی عەبەی كەناس چیبوو، لە ژنەكەمم نەپرسییەوە، نا لێی ناپرسمەوە.

بیرم لە سێوەكەی دەستی كابرای ڕەزاگران كردەوە، بە پێی هەردوو خەونامەكە ئەبوو قەپی لە سێوەكە بدایە، بەڵام بیرمە ئەو هەر بە دەستێوە بوو، ڕەنگە هێنابێتی تا منی پێ رابكێشێتە دەرەوە، بۆ ساتێك بیرم چوو بۆ لای سێوەكەی حەوا، دوای هەزار جار ئەستغفیرللەم كرد.

شەوەكەی نە خەوتم، وەك ئەوەی بمەوێت جادووەكەی بەتاڵ بكەمەوە، تا نوێژی بەیانی هەشت جار دەم و چاوم شۆرد و سێ كوپ قاوەم خواردەوه، پێش خۆرهەڵاتن چیتر خۆم بۆ ڕانەگیرا، بە دانیشتنەوە خەوم لێكەوت، بانگی عەسر خەبەرم بووەوە، ژنەكەم سەرینی خستبووە ژێر سەرم و بەتانیەكی پیادا دابووم، ئەمە بە كاری ئەو ناچێت، ئەگەر رۆژێكی تربوایە بە پیاكێشان خەبەری دەكردمەوە، بەتانیەكەم لە خۆمكردەوە و پاڵێكم بەسەرینەكەوە نا، سێ نووشتە و قورئانێكی بچوكی له ژێریا دانابوو، لە ژوور سەرمەوە لەچكێكی سپی لە سەری ئاڵاندبوو، قورئانی دەخوێند، یەكسەر كتێبەكەی داخست و ماچێكی بەرگەكەی كرد، هاتە بن دەستمەوە: پیاوەكە چی بوو؟ كابرا هات؟ وتم بەڵێ. بە نیگەرانییەوە كەمێك كشایەوە و هیچی نەوت، وتم زۆر لێم توڕە بوو، وتی تۆ ناتوانیت لە من هەڵبێیت، ئەگەر نەخەویت دێمە ناو ژیانی بێداریتەوە.

شەوی ڕابردوو بۆ شەشەمین جار هات و ئاگاداری كردمەوە، دەبێت ئەم شەو وەڵامێكم پێ بێت، نا ناتوانم بە دەستی بەتاڵەوە بخەوم، دكتۆر ڕاستی بیریشم لەوە كردۆتەوە، ئەم شەو لە باخەڵما گوریسێك و تێڵایەك دابنێم، بەڵكو وەكو پارچە كاغەزەكە لە خەوەكەما پێم بێت، بەس ڕاستی زۆر ئومێدم نییە، ئومێدێكم بە تۆیە شتێكم بۆ بكەی، حەپێ، دەرزیەك، شتێكم بەرێ هەرچی بێت.

من قسەكانی خۆمم تەواو كرد، هەموویم پێ وتیت، بزانم تۆ چ دەرمانێكت لایە. ئا بیریشم نەچێت ئەوە ناونیشانی ئەو كابرایە كە پێرێ شەو پێی دام، ئەوە هەمان ئەو كاغەزەیە فڕێی دایە ناو بیرەكەوە، كەمێك چرچ بووە، هی ئەوەیە كە فڕێی دایە خوارەوە لە حەژمەتان بۆم نەگیرایەوه و كەوتە ئاوەكەوە، ناونیشانەكە ئەخوێنرێتەوە، لای تۆ جێی ئەهێڵم، لێت ناشارمەوە خۆم ناوێرم بڕۆم بۆ لای، ئەگەر دەرمانەكانت كاری خۆی نەكات، من ئەم شەو لێ ئەبمەوە، نازانم سبەی چی ڕوو ئەدات، تۆ ئەبیتە سەروەسێتی ئەم كاغەزە، ئەگەر نەهاتمەوە بیبە بۆ ناونیشانەكە. من نازانم چیرۆكنووس چ پەیوەندی بەم دەردەی منەوە هەیە، ڕەنگە سبەی تۆ بۆت ڕوون ببێتەوە. ئا دكتۆر كەمێك قەلەقی ئەوەشم ئەو ناونیشانە بەڕاستی دەرمانی منی لابێت، بەوەش ئەچێت ئەو چیرۆكنووسە هەر كابرا بەدفەساڵەكەی ناوخەونەكەم بێت لە ژیانی بێداریما و بیەوێت بە ڕاستی هاوسەرگیری لەگەڵ بكەم. 


ئەم بابەتە 47 جار خوێندراوەتەوە