دیسان قەیران و فێستیڤاڵ

د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد

د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد

چەند ساڵێكە فێستیڤاڵی رووناكبیریی گەلاوێژ لە نێو چەندین قەیرانی جیاجیادا ساز دەكرێت، قەیرانەكان كاریگەرییەكی نەرێنیی راستەوخۆیان بەسەر فێستیڤاڵ و چالاكییەكانیدا جێهێشتووە، بەڵام قەیرانی ئەمساڵ (2018) زۆر فراوانترو هەمەلایەنترو كاریگەرترە، قەیرانی ئابووری و قەیرانی سیاسی و قەیرانی سەربازی و سەرباری ئەمانە قەیرانی سایكۆلۆجی كە خەڵكیی دوچاری دۆخێكی ناجێگیرو ناهەموار كردووە، كاریگەریی ئەم قەیرانە هەمەلایەنانە لەسەر چەندین لایەنی چالاكییە كولتوورییەكانی فێستیڤاڵدا دەردەكەوێت، بۆ نموونە كەمیی بودجە، كە ناچاری كردین چالاكییەكان لە سێ‌ رۆژدا چڕ بكەینەوە كە پێشتر لە پێنج رۆژدا چالاكیی هەمەجۆر پێشكەش دەكران، دیسان ناچار بووین ژمارەی میوان زۆر كەمتر بكەینەوە، تەنها ئەو نووسەرو توێژەرانەمان داوەت كردووە كە بابەت لە رۆژانی فێستیڤاڵدا پێشكەش دەكەن، هیچ كەسێك بەشێوەیەكی تایبەتی وەك میوان بانگهێشت نەكراوە، تەنها ئەوانەی بابەت پێشكەش دەكەن یان ئەركێكیان پێ‌ سپێردراوە یان لە پێشبڕكێی فێستیڤاڵدا دەرچوون یاخود لە لیژنەی هەڵسەنگاندنی شیعرو چیرۆك و لێكۆڵینەوەدان.

دیسان قەیران ناچاری كردین ئاڵوگۆڕێك لە خەڵاتەكان و لە بڕی پارەی خەڵاتەكانی یەكەم و دووەم و سێیەمی شیعرو چیرۆك و لێكۆڵینەوەو هەروەها لەبڕی پاداشتی لیژنەكانی هەڵسەنگاندندا بكەین و.. تا ئەندازەیەك، بەبەراورد بە ساڵانی پێشوو، كەمی بكەینەوە.

قەیرانێكی دیكە بریتییە لە پێنەدانی ڤیزەی عیراقی بە میوانانی وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەتی سەفارەی عێراقی لە میسر رازی نەبووە ڤیزە بەو نووسەرە میسرییانە بدات كە بانگهێشت كرابوون بۆ فێستیڤاڵ، ئەمەش كاریگەریی لەسەر بەرنامەی فێستیڤاڵدا جێهێشت و ناچار دەبین هەندێ‌ گۆڕانكاری لە بەرنامەی فێستیڤاڵ (فێستیڤاڵنما)دا بكەین.

بەڵام، سەرباری ئەو هەموو قەیرانە هەمەلایەنانە، هێشتا وامان پێ‌ باش بوو بیست و یەكەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ ساز بكرێت، بە راوێژ لەگەڵ سەرپەرشتیاری گشتیی فێستیڤاڵ بەرێز كاك مەلا بەختیار بریاری ئەوە درا كە فێستیڤاڵ لە مانگی نیسان، بە بودجەیەكی كەمیش بێت، سازبكرێت لەوە باشترە هەر نەكرێت و داببڕێت، پاشان لەنێو ستافی گەلاوێژدا ئەو خواستە زاڵتر بوو كە هەوڵ بدەین لە نێو قەیرانەكانیشدا چالاكیی رۆشنبیری لە جووڵە نەكەوێت.


ئەم بابەتە 7 جار خوێندراوەتەوە
بابەتی لەیەکچوو