دۆخی هەستیارو (21)مین فێستیڤاڵی گەلاوێژ

مەلا بەختیار

قەیران لە عیراق‌و كوردستان؛ هەیە. شەڕو ماڵوێرانی لە ناوچەكەدا هەیە، سوریاو یەمەن‌و لیبیا وێران كراون. مەترسی روودانی شەڕی گەورەی جیهان، ئەمجارە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەری هەڵداوە. زلهێزەكان لە دوای كۆنگرەی  (یاڵتا - 1945) ستراتیژی چارەسەری كێشەكانیان نییە. وڵاتانی ئیقلیمی، دوای شكستی پرۆژەی سایكس پیكۆ (1916) هەڵگەڕاونەتەوە بۆ سیاسیەتی عەسكەرتاریەت‌و تەكنەلۆژیایی جەنگی وڵات خاپوركەر؛ لە بری پەرەسەندنی دیموكراسی لە سایەی سیستمی جیهانگیریدا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆتە مەیدانی ململانێی تایفەگەری‌و كلتوری سەروەری مەزهەبەكان ..تاد.

لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و ناوچەكەدا، یەك دوو دەوڵەت جێگەی ئومێدی دیموكراسین‌و هەتا رادەیەكی دیار، ئازادی چاپەمەنی هەیە.

هەرێمی كوردستان، یەكێكە لەو ئەزمونانەی لە چارەكە سەدەی رابردوودا، لە دیموكراسی پاشەكشەی نەكردوە. گەرچی كێشەی دەستوری‌و باشتركردنی دەسەڵاتەكانی دیموكراسی، هێشتا لە كوردستاندا ماوە. جار جار پێشیلكاریش بەرامبەر ئازادی نوسین‌و نوسەر هەیە. هەر لە دوو هەفتەی رابردوو لەم قەیرانی داراییەداو لە ناو دۆخی تێكچووی ناوچەكەو رۆژهەڵاتدا، لە كوردستاندا، فراوانترین خۆپیشاندانی مەدنی دەیان هەزار موچەخۆری كوردستان رویدا، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە كە، ئەزمونەكەمان، كەموكورتیشی هەبێ، بەڵام داینەمۆی پێشكەوتنەكەی، بە گوڕە.

(21)مین فێستیڤاڵی گەلاوێژ، لەم دۆخەدا دەبەسترێ، ئەمەش، هەقوایە بمانباتەوە بۆ یەكەمین فێستیڤاڵ كە لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا سازماندا، لە لایەكەوە خوێنی رۆڵەكانمان دەكرایە قوربانی سیاسیەتی شەڕخوازی، لەلایەكی تریشەوە، نوسەرانمان بە چاوی ئومێدەوە هاتنە ناو فێستیڤاڵ‌و رەشبینی شەڕی ناوخۆیان دەگۆڕی بە گەشبینی ئاشتی‌و برایەتی‌و ئازادی.

ئەمساڵیش، راستە قەیران‌و پیلانی دەسەڵاتی عیراق‌و گەمارۆی ئابوری هەیە. بەڵام نەك فێستیڤاڵمان پەك نەخست، بەڵكو بە داوەتكردنی میوانگەلی بەرچاویش، ئەوەتا سازی دەدەینەوە. هاتنی میوانەكان‌و سازدانی فێستیڤاڵ، دەیسەلمێنێ كەوا ئەزمونی كوردستان، لە سەرەتای دەرباز بونێتی لە قەیران‌و پیلانەكان تێكشكان لە باشور. لە كاتێكدا بەخێرهێنانی میوانانی ئازیز دەكەین، ئومێدەوارین لەگەڵ تێكڕای ئەندامان، لەم فێسیتڤاڵەدا، نائومێدی بگۆڕینەوە بە ئومێدو چوارچێوە داخراوەكان، بەرەو كرانەوەی هۆش‌و رەخنەو ئازادی فراوانتر، تێپەڕێنین.


ئەم بابەتە 7 جار خوێندراوەتەوە
بابەتی لەیەکچوو