گەورەترین روداوی روناكبیریی ساڵ، بە ناوی عەفرینەوە دەستپێدەكات

گەورەترین روداوی روناكبیریی ساڵ، بە ناوی عەفرینەوە دەستپێدەكات

مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتیی فێستیڤاڵ:

بەستنی (21)مین فێستیڤاڵی گەلاوێژ لەم دۆخەدا، هەقوایە بمانباتەوە بۆ یەكەمین فێستیڤاڵ كە لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا سازماندا

د. نەوزاد ئەحمەد، سەرۆكی بنكەی روناكبیریی گەلاوێژ:

 قەیرانەكانی كوردستان كاریگەرییەكی نەرێنیی راستەوخۆیان كردۆتە سەر فێستیڤاڵ

مەریوان هەڵەبجەیی:

نوسەرە فارسەكان كە بۆ ئێران دەگەڕێنەوە، قسەیان لەسەر فێستیڤاڵ و كوردستان دەبێت

 

گەلاوێژنامە- تایبەت:

ئەمڕۆ 5/4/2018، بە دروشمی (بەرەو تێپەڕاندنی چوارچێوە داخراوەكان) بیست‌و یەكەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ، وەك گەورەترین روداو و دیاردەی روناكبیریی هەرێمی كوردستان بە ناوی خولی عەفرین، دەست بە چالاكییەكانی دەكات. فێستێڤاڵی ئەمساڵ، هاوكاتە لەگەڵ چەندین گۆڕانكاریی‌و قەیرانی سیاسی ‌و ئابوری‌و سەربازی و كۆمەڵایەتی لە عێراق‌و هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكەدا، كە هەموو ئەم قەیران‌و روداوانەش كاریگەریی لەسەر فێستیڤاڵی ئەمساڵدا بەجێهێشتوە.

لە فێستیڤاڵی ئەمساڵدا، جگە لە چالاكییەكانی پێشبڕكێی شیعر و چیرۆك و توێژینەوە، چەندین بابەت ‌و لێكۆڵینەوەی زانستی ئەكادیمی لەلایەن كەسانی پسپۆڕو شارەزاوە پێشكەش دەكرێن. هاوكات لەمساڵدا ژمارەیەك نوسەرو شاعیری بەناوبانگی‌و ئێران مەغریب‌و عێراق، بانگهێشتی فێستیڤاڵ كراون، كە سەرجەمیان بابەت قسەیان هەیەو لەم فێتسیڤاڵەدا پێشكەشی دەكەن.

گەلاوێژ، فێستیڤاڵێكی ساڵانەیە و لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا بە بەردەوامی لە لایەن بنكەی رووناكبیریی گەلاوێژەوە ڕێك دەخرێت، ئەگەرچی بڕیار بوو بیست‌و یەكەیمن فێستیڤاڵ لە ناوەڕاستی مانگی ١١ی ساڵی ڕابردوو وەك هەموو ساڵەكانی تر بەڕێوە بچێت، بەڵام ئەمساڵ بە هۆی خراپیی بارودۆخی سیاسی و قەیرانی داراییەوە بۆ مانگی چوار دواخرا و بە وتەی بەڕێوەبەری بنكەی ڕووناكبیریی گەلاوێژیش بێت لەمەودا ساڵانە فێستیڤاڵەكە لە مانگی چواردا ساز دەكرێت.

لەوبارەیەوە، د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، سەرۆكی بنكەی ڕووناكبیریی گەلاوێژ، بە گەلاوێژنامەی راگەیاند، هۆكاری سەرەكیی دواكەوتنی بیستویەكەمین فێستیڤاڵی ڕووناكبیریی گەلاوێژ لە مانگی یانزەی 2017 بۆ مانگی چواری 2018 دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بارودۆخە ناهەموارەی لە مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی پاردا بەسەر كوردستاندا هات، بە تایبەتی لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە دۆخێك درووست بوو كە نەدەكرا فێستیڤاڵی تیادا ساز بكرێت، بۆیە بە ناچاری فێستیڤاڵ دوا خرا.

وتیشی: "لە دوای زنجیرەیەك كۆبوونەوە و ڕاوێژ بە سەرپەرشتیاری گشتیی فێستیڤاڵ بەرێز كاك مەلابەختیار، بڕیار درا فێستیڤاڵ لە مانگی چواری ئەمساڵدا ساز بكرێت بۆ ئەوەی چالاكییەكانی گەلاوێژ بەردەوام بێت و لە بیست ساڵی ڕابردوو دانەبڕێت، ئەگەرچی قەیرانێكی دارایی زۆر كاریگەر سەرانسەری كوردستانی گرتووەتەوە بێگومان لەوانە فێستیڤاڵی گەلاوێژیش، ئەوەش وای كردووە چالاكییەكان تەنها لە ماوەی سێ‌ ڕۆژدا پێشكەش دەكرێن كە پێشتر لە ماوەی پێنج ڕۆژدا پێشكەش دەكران".

هاوكات لەبارەی گرنگیی ئامادەبونی نوسەرە ئێرانییەكانەوە،  مەریوان هەڵەبەجەیی وەرگێڕو سەرپەرشتیاری میوانە ئێرانییەكان، بە "گەلاوێژنامە"ی راگەیاند، وەك هەموو ساڵانی دیكە میوانە ئێرانییەكان بەشداری كارا و كاریگەریان لەم فێستیڤاڵەدا هەیەو بابەتی باش پێشكەش دەكەن و كاتێكیش بۆ ئێران دەگەڕێنەوە، قسەیان لەسەر فێستیڤاڵ و كوردستان دەبێت.

مەریوان هەڵەبجەیی ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ ئەو قەیرانانەی كە كوردستان پێیدا تێدەپەڕێت بە ئیمكانیەتێكی زۆر كەمەوە فێستیڤاڵ بەڕێوەدەچێت و میوانەكانیش لەئێرانەوە لەڕێگەی مەرزەكان و پاس هاتونەتە كوردستان.

ناوبراو باسی لەوەشكرد، ساڵی ڕابردوو نزیكی 12 میوانی ئێرانی بەشدارییان لەفێستیڤاڵدا كرد، بەڵام ئەمساڵ حەوت كەسن، كە بەلایەنی كەمەوە 100 كتێبیان لەبوارە جۆراوجۆرەكاندا نوسیوە و وەرگێڕاوە.

هەڵەبجەیی ئەوەشی خستەڕوو، بابەتەكانیان لەبواری جۆراوجۆری وەك فەلسەفە‌و شوناس‌و وەرگێڕان‌و شعر‌و ڕۆمان‌و زۆر بابەتی دیكەی قسەی لەبارەوە دەكرێت،‌و دەتوانرێت گفتوگۆی گرنگ لەگەڵ ئەدیبانی كورد‌و نەتەوەكانی دیكە ئەنجامبدرێت.

هاوكات ئەمڕۆ، بەرنامەكانی یەكەمین رۆژی فێستیڤاڵ، بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:

فێستیڤاڵ، بە كردنەوەی پێشانگایەكی شێوەكاریی دەستپێدەكات، كە لەلایەن گروپی هونەریی دڵخواز، بەناوی بەرخودانی عەفرین، ئامادەكراوە. دواتر پانۆرامای فێستیڤاڵ پێشكەش دەكرێت. پاشان وتاری سەرۆكی بنكەی روناكبیریی گەلاوێژ، د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد و وتاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و وتاری مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتیی فێستیڤاڵ پێشكەش دەكرێن. دوابەدوای وتارەكانیش چالاكیەكی هەڵپەڕكێ لەلایەن تیپی هەڵپەڕكێ میلییەكان پێشكەشدەكرێت. پاشان تێكستی شاعیری گەورەی كورد شێركۆ بێكەس بە سینەما ڤیژن دەخوێنرێتەوەو ژنە شاعیری عەرەب ئیكرام عەبدی و شاعیری فارس عەلی عەبدوڵڵاهی تێكستی شیعری خۆیان دەخوێننەوە. دواتر بە كردنەوە پێشانگای كتێب چالاكییەكانی سەرلەبەیانی كۆتاییان دێت و لەبەرنامەكانی دوانیوەڕۆدا دیداری شیعرو چیرۆك بەڕێوەدەچن.

 


ئەم بابەتە 7 جار خوێندراوەتەوە
بابەتی لەیەکچوو