گەلاوێژ سنورەكان تێدەپەڕێنێت‌و نێودەوڵەتی بوونی خۆی دەپارێزێت

ئەگەرچی ئەمساڵ بیست‌و یەكەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ لەناو بارودۆخێكی پڕ قەیرانی سیاسی‌وئابوری‌و سەربازیی ناوچەكەدا سازدرا، بەڵام هەموو ئەم قەیرانانە هیچ لە جوانییەكانی ئەم فێستیڤاڵەی كەمنەكردەوەو فێستیڤاڵەكە ئەو مۆركە نێودەوڵەتییەی خۆیشی پاراست‌و بەشدارییەكی بەرچاوی میوانانی بیانی هەبوو، ئەمە سەرەڕای هەندێ كێشەی گەشتیاری‌و سیاسی كە بۆ میوانەكانی میسر دروستكران. جگە لەوەش نێودەوڵەتیبوونی فێستیڤاڵەكە تەنیا نەبەستراوەتەوە بە ئامادەبونی میوانە بیانییەكان، بەڵكو بڵاوبونەوەی هەواڵی چالاكییەكانی ئەم فێستیڤاڵە لە راگەیاندنە دەرەكی‌و جیهانییەكاندا، وایكردووە فێستیڤاڵی گەلاوێژ سنورەكانی هەرێمی كوردستان ببڕێت‌و لەدەرەوەی كوردستانیش گرنگی بەم كەرنەڤاڵە روناكبیرییە درا.

سایتی تەلەگراف-ی عەرەبی، هەواڵی دەستپێكردنی فێستیڤاڵەكەی بڵاوكردۆتەوەو تێیدا باسی لەوەش كردوە، كە لەشاری سلێمانی پایتەختی رۆشنبیریی هەرێمی كوردستان، بە بەشداریی ئەدیب‌و نوسەرانی عەرەب، بیست‌و یەكەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەلاوێژ دەستیپێكردوە.

سایتی (هژا الیوم- موسوعە) كە سایتێكی عەرەبییە، بە مانشێتی (چالاكییەكانی بیست‌و یەكەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ لە سلێمانی دەستیپێكرد) هەواڵەكەی بڵاوكردۆتەوەو باسی لە ئامادەیی نوسەران ‌و وەرگێڕە عەرەبەكانیش كردووە كە بەشدارییان لە فێستیڤاڵەكەدا كردووە.

هاوكات، سایتی (هم اهنگ)ی ئێرانی، هەواڵی دەستپێكردنی چالاكییەكانی بیست‌و یەكەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژیبڵاوكردۆتەوەو زیاتر تیشكی خستۆتە سەر ئامادەیی نوسەرو وەرگێڕ و روناكبیرە ئێرانییەكان، هەروەك باسی لەوەش كردوە لە وڵاتانی دیكەشەوە نوسەرو رەخنەگران چونەتە شاری سلێمانی بۆ بەشدارییكردنیان لەو فێستیڤاڵە.

ئاژانسی هەواڵی (مهر) كە ئاژانسێكی بەناوبانگی ئێرانییە، هەواڵی دەستپێكردنی بیست‌و یەكەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژی بڵاوكردۆتەوەو بە وردی باسی لە دەستپێك‌و تەواوی چالاكییەكانی سێ رۆژی فێستیڤاڵەكە كردووە. هەروەك لە هەواڵەكەدا گرنگی تایبەت بە ئامادەبونی نوسەران‌و رەخنەگرانی ئێرانی دراوە، كە لە فێستیڤاڵەكە بەشدارییان كردوە.

هەر لەم ئاژانسەوە، چەند سایتێكی دیكەی ئێرانی وەكو (خبر برتر)‌و (ایرانا)و (دیبا تودی) هەواڵەكەیان وەرگرتوەو بڵاویانكردۆتەوە.

جگە لەم سایتانە، لە راگەیاندنەكانی دیكەی دەرەوە هەواڵ‌و چالاكییەكانی بیست‌و یەكەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ بڵاوكراوەتەوە، ئەمە سەرباری ئەوەی كە كەناڵە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستانیش لەهەر سێ رۆژی فێستیڤاڵدا كاتی تایبەتیان بەچالاكییەكانی فێستیڤاڵدا، كەناڵە ناوخۆییەكانیش هیچیان لە كەناڵە دەرەكییەكان كەمتر نییەو، لە ئاستی نێودەوڵەتیدان.

هاوكات لە راگەیاندنەكانی بەغدادی پایتەختی عێراقیشەوە، فێستیڤاڵی گەلاوێژ بووە جێگەی بایەخ‌و كەناڵێكی بەناوبانگی وەكو (العراقیە) بەردەوام لەهۆڵی فێستیڤاڵەكەدا ئامادەییان هەبوو، چالاكییەكانیان دەگواستەوە.

 


ئەم بابەتە 7 جار خوێندراوەتەوە
بابەتی لەیەکچوو