azad-barznji.jpg

قەسیدەی "ڕووبار و مەرگ"

بەدر شاکر سەییاب

 وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی

 

بوەیب

بوەیب

زەنگەکانی بورجێ لە بنی دەریادا ون بوو

ئاو لە گۆزە و ئاوابوون لە درەختەکانا

زەنگوڵەی باران بە گۆزەکانا

دڵۆپ دڵۆپ ئەتکێتەوە

بلوورەکەیان بەدەم ناڵینەوە ئەتوێتەوە

بوەیب

بوەیب

شەوقێ بۆ تۆ لەناو خوێنما تاریک دادێ

ئەی بوەیب

ئەیڕووبارە غەمگینەکەم هەرچون باران

ئەمەوێ بەناو ئەم تاریکییەدا هەڵێم

دەستەکانم توند بنووقێنم

هەر ئەنگوستێکم تاسەی ساڵێک هەڵبگرێ

وەکئەوەی نەزرم پێ بێ بۆت

لە گەنم و گوڵ

چەند حەز ئەکەم لە پێخەفی گردەکانەوە

بڕوانم و.. سەیرکەم چۆن مانگ

لەبەینی هەردوو کەنارتا

خۆی ئەخاتە ئاوەکەوە و

سایە ئەڕوێنێ و

سەبەتەکان

پڕ ئەکا لە ئاو و ماسی و گوڵاڵەی جوان

ئەمەوێ خۆم هەڵدەمە ئاوەکەتەوە و

شوێنپێی ئەو مانگە هەڵگرم

گوێ بۆ دەنگی ئەو بەردەچەوانە هەڵخەم

لە بنی تۆدا ئەنیشن

بۆ زرینگەی ئەو هەزاران پاسارییەی

لەسەر دارەکان هەڵنیشتوون

تۆڕووباریتیا دارستانێ لە فرمێسک؟

ماسیی شەوبێدار.. ئاخۆ لە سەحەردا ئەخەون؟

ئەی ئەم ئەستێرانە.. هەر چاولەڕێ ئەبن؟

تا هەزاران دەرزی بە ئاوریشم تێر کەن

ئەی تۆ بوەیب

چەند حەز ئەکەم بێم لەناوتۆدا نوقم بم

سەدەف کۆبکەمەوە و

خانوویان لێ دروست بکەم

تکە تکی ئەستێرە و مانگ

ڕۆشن کاتەوە

سەوزایی ئاو و دارەکان

بەیانیان زوو لەگەڵ داکشانی تۆدا

بێم بۆ دەریا

لەبەرئەوەی مەرگ دنیایەکی سەیرە

سیحر لە مناڵان ئەکا

دەرگا شاراوەکەشی..

لەناو تۆدا بوو ئەی بوەیب

بوەیب

بوەیب

بیست ساڵڕۆیی

هەر ساڵێکی هەزار ساڵ بوو

ئێستاش.. کە تاریکی دادێ

لەسەر پێخەفڕادەبم و خەو لە چاوانم ئەتۆرێ

گوێی ویژدانم هەڵئەخەم

وەکچۆن درەختێکی گەورە

لق و باڵندە و بەری، گوێیان هەڵخستووە

تا سەحەر

هەست بەو خوێن و ئەشکە ئەکەم

کە چون باران

لە دنیای غەمگین ئەچۆڕێ

لە دەمارما زەنگی مردووان لێئەدرێ

شەوقێ لە خوێنما تاریک دادێ

شەوقی گوللەیەک کە بێت و

بە سەهۆڵی مەرگباری

قووڵایی سینەم شەق بکا و

وەکو دۆزەخ گڕ لە ئێسکەکانم بەردا

چەند حەزم ئەکرد هەڵێم و لەتواناما با

بچوومایەتەڕیزی نەبەردکارانەوە

توند مستم بنووقاندایە

زللەم لە چارەنووس بایە

چەند حەزم ئەکرد

لە خوێنی خۆما نوقم بم تا بنی بن

باری قورسم لەگەڵ مرۆڤ هەڵگرتایە

ژیانم ببەخشیایە

ئەمە بوو مەرگی سەرکەوتن.


ئەم بابەتە 34 جار خوێندراوەتەوە