پڵنگەکان لەڕۆژی دەیەمدا

چیرۆکی: زەکەریا تامر

وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی

 

دارستانەکان دوورکەوتنەوە لەو پڵنگەی لەناو قەفەسێکدا زیندانی کرابوو، بەڵام پڵنگەکە نەیدەتوانی دارستانەکانی بیربچێتەوە و بەتووڕەییەوە تەماشای ئەو پیاوانەی کرد کە دەوری قەفەسەکەیان دابوو و چاوەکانیان بەلاپرەسەنییەوە و بەبێ هیچ ترسێک لێی ورد دەبوونەوە. یەکێک لە پیاوەکان بە دەنگێکی هێمن و وەک ئەوەی فەرمان بدات قسەی دەکرد: "ئەگەر دەتانەوێ بەڕاستی فێری پیشەکەی من بن، واتە پیشەیڕامکردن، دەبێ بۆ تەنها ساتێکیش چییە ئەوەتان لەبیر نەچێت کە ئامانجییەکەمتان گەدەی نەیارەکەتان بێت، ئەوکات دەبینن کە ئەم پیشەیە لەیەک کاتدا هەم سەختە و هەم ئاسانیشە. سەیری ئەم پڵنگە بکەن. پڵنگێکی دڕ و لەخۆباییە، زۆر شانازی بە ئازادی و هێز و توانای خۆیەوە دەکات، بەڵام وا نامێنێت و دەگۆڕێت و وەکو مناڵێکی بێوەی و گوێڕایەڵی لێ دێت. سەرنج بدەن و بزانن چی لە نێوان ئەو دووانەداڕوودەدات کەیەکێکیانخاوەنی قووت و خواردنە و ئەوی تریشیان خاوەنی هیچ نییە".

پیاوەکان وتیان کە ئامادەن ببنە قوتابیی دڵسۆز بۆ پیشەیڕامکردن. کابرایڕامکەر زەردەخەنەیەکی خۆشیی هاتێ و پاشان بە زمانێکی گاڵتەجاڕانەوەڕوویکردە پڵنگەکە و وتی: " وەزعی میوانە ئازیزەکەمان چۆنە؟"

پڵنگەکە وتی:" شتێکم بۆ بێنە بیخۆم، چونکە کاتی نانخواردنمە"

ڕامکەرەکە بە سەرسوڕمانێکی ساختەوە وتی:" تۆ فەرمان بەسەر مندا دەدەیت لە کاتێکدا زیندانیی منیت؟ بەڕاستی پڵنگێکی پێکەنینهێنەریت! حەز دەکەم بزانیت کە من تاقە کەسم لێرە کە فەرمان بدات"

پڵنگەکە وتی: " کەس ناتوانێ فەرمان بەسەر بە پڵنگدا بدات"

ڕامکەرەکە وتی: " تۆ ئێستا پڵنگ نیت، تۆ کاتێ لە دارستانەکان بوویت پڵنگ بوویت، بەڵام ئێستا کە لە قەفەسدایت بەتەنها کۆیلەیەکیت کە دەبێ فەرمانەکان جێبەجێ بکەیت و ئەوە بکەیت کە من لێتی داوا دەکەم"

پڵنگەکە بە لووتبەرزییەکەوە وتی:" من نابم بە کۆیلەی کەس"

ڕامکەرەکە وتی: "تۆ ناچاریت گوێڕایەڵی فەرمانەکانی من بیت، چونکە ئەوە منم کە خۆراکت دەدەمێ"

پڵنگەکە وتی: "من خۆراکی تۆم ناوێت"

ڕامکەرەکە وتی: "کەواتە بڕۆ بۆ خۆت هەر برسی بە، زۆرت لێ ناکەم بۆ شتێک حەزی لێ نەکەیت"

ئینجاڕوویکردە هاوڕێکانی و پێی وتن:"دواتر دەیبینن چۆن دەگۆڕێت، چونکە سەربەرزی گەدەی بەتاڵ تێر ناکات"

پاشان برسێتی زۆری بۆ پڵنگەکە هێنا، ئەوڕۆژانەی هاتەوەیاد کە بێ هیچ کۆتوبەندێک وەکو با دوای نێچیرەکانی دەکەوت و ڕاوی دەنان"

بۆڕۆژی دوایی،ڕامکەر و قوتابییەکانی چواردەوری قەفەسەکەیان دا.

ڕامکەرەکە وتی: " ئێستا برسیت نییە؟ بەدڵنیاییەوە ئێستا برسێتی لوولی کردوویت. دەبڵێ برسیمە تا چەند گۆشتت دەوێت بتدەمێ"

پڵنگەکە بە بێدەنگی مایەوە،ڕامکەرەکە پێی وت:"بەقسەم بکە و خۆت بێئەقڵ مەکە. دانی پیانێ کە برسیتە تا بێ سێ و دوو گۆشتت بۆ بێنم و ئەوەندە بخۆیت تا تێر دەبیت"

پڵنگەکە وتی: " برسیمە"

کابرایڕامکەر پێکەنی و بە قوتابییەکانی وت: "ئەوەتانێ کەوتە داوێکەوە کە ئەستەمە لێی دەرباز بێت"

فەرمانی دا و گۆشتیان هێنا و پڵنگەکەش تا تەواو تێر بوو گۆشتی خوارد.

لەڕۆژی سێیەمدا، کابرایڕامکەر بە پڵنگەکەی وت: "ئەگەر دەتەوێ ئەمڕۆ نان بخۆیت، دەبێ چیم لێ داوا کردیت جێبەجێی بکەیت"

پڵنگەکە وتی: " شتی وا ناکەم"

ڕامکەرەکە وتی: " پەلە مەکە، داواکەی من داوایەکی زۆر ئاسانە. تۆ خۆت لەناو قەفەسەکەدا هەر دێیت و دەچیت، کاتێک من وتم: ڕاوەستە، دەبێڕاوەستیت"

پڵنگەکە لەبەر خۆیەوە وتی: " لەڕاستیدا داواکە هیچە و ئەوە ناهێنێ کەللەڕەقی بکەم و بە برسێتی بمێنمەوە"

ڕامکەرەکە بە توندی فەرمانی بەسەردا دا: "ڕاوەستە"

پڵنگەکەیەکسەر لەجێی خۆیداڕاوەستا. ڕامکەرەکە بە زمانێکی خۆشەوە وتی: " ئافەرین"

پڵنگەکە دڵخۆش بوو، ئینجا بە چڵێسییەوە کەوتە گۆشتخواردن. لەولاشەوەڕامکەرەکە بە قوتابییەکانی وت: "پاش چەندڕۆژێکی تر دەبێت بە پڵنگێکی کاغەزین"

لەڕۆژی چوارەمدا، پڵنگەکە بەڕامکەرەکەی وت: "برسیمە، فەرمانم پێ بدە با ڕاوەستم"

ڕامکەرەکە بە قوتابییەکانی وت: "وای لێ هات حەز بە فەرمانەکانم بکات"

ئینجاڕوویکردە پڵنگەکە و وتی: "ئەمڕۆ دەبێ وەکو پشیلە بمیاوێنیت ئینجا نانت دەدەمێ"

پڵنگەکە بەسەر خۆیدا زاڵ بوو و لەبەرخۆیەوە وتی: "قەیچێکە میاواندن چییە، کاتبەسەربردنە"

دەستی کرد بە میاواندن،ڕامکەرەکەڕووی گرژ کرد و بە ناڕەزاییەوە وتی: "لاساییکردنەوەکەت سەکەوتوو نییە، بەو مڕەمڕە دەڵێیت میاواندن؟"

پڵنگەکە سەرلەنوێ دەستی کردەوە بە میاواندن، بەڵامڕامکەرەکە هەرڕووی گرژ بوو، بە ناقایلبوونێکەوە وتی: "بەسە، بەسە. لاساییکردنەوەکەت هێشتا سەرکەوتوو نییە. ئەمڕۆ جێت دەهێڵم تا ڕاهێنان لەسەر میاواندن بکەیت. سبەینێ تاقیت دەکەمەوە، ئەگەر سەرکەوتوو بوویت، ئەوا گۆشتی خۆت حاسڵ دەکەیت، خۆ ئەگەر سەرکەوتوو نەبوویت، ئەوا هیچت نادرێتێ"

ڕامکەرەکە بە هەنگاونانی قورسەوە لە قەفەسەکە دوورکەوتەوە، قوتابییەکانیشی بەدەم چرپەچرپ و پێکەنینەوە دوای کەوتن. پڵنگەکە بە پاڕانەوەوە هاواری دارستانەکانی کرد، بەلام دارستانەکان دوور بوون.

لەڕۆژی پێنجەمدا،ڕامکەرەکە بە پڵنگەکەی وت: "دەی، ئەگەر توانیت بە سەرکەوتویی وەکو پشیلە بمیاوێنیت، ئەوا پارچەیەکی گەورەی گۆشتی تازەت دەدەمێ"

پڵنگەکە وەکو پشیلە میاواندی،ڕامکەرەکە چەپڵەی بۆ لێ دا و بە خۆشحاڵییەوە وتی: "تۆ زۆر گەورەیت..دەڵێیت پشیلەی مانگیڕەشەمێیت"

پاشان پارچەیەکی گەورە گۆشتی بۆ هەڵدا.

لەڕۆژی شەشەمدا، هەر کەڕامکەرەکە لە قەفەسەکە نزیک بۆوە،یەکسەر پڵنگەکە کەوتە میاوەمیاو. بەڵامڕامکەرەکە دیسانەوە مۆن و ڕووگرژ بوو. پڵنگەکە وتی: "ئەوەتا من بە باشی لاسایی پشیلەت بۆ دەکەمەوە"

ڕامکەرەکە وتی: "دەمەوێ وەکو کەر بزەڕیت"

پڵنگەکە بەناڕەزاییەوە وتی: "منێکی پڵنگ کە هەرچی گیانەوەری دارستانە لێم دەترسێت، وەکو کەر بزەڕم؟ ئەگەر مردووم بە قسەت ناکەم"

ڕامکەرەکە بەبێ ئەوەی هیچ بڵێت، لە قەفەسەکە دوورکەوتەوە.

لەڕۆژی حەوتەمدا،ڕامکەرەکە بەڕوویەکی خۆش و دەم بەپێکەنینەوە بەرەو قەفەسەکە چوو و بە پڵنگەکەی وت: "برسیت نییە؟"

پڵنگەکە وتی: " با، برسیمە"

ڕامکەرەکە وتی: "باشە، بەڵام دەبێ نرخی ئەو گۆشتە بدەیت کە دەیخۆیت، نرخەکەشی ئەوەیە کە دەبێ وەکو کەر بزەڕیت، ئینجا خواردنت دەدەمێ"

پڵنگەکە ویستیڕۆژانی دارستانی بیربکەوێتەوە، بەڵام نەیتوانی، بۆیە هەردوو چاوی نووقاند و وەکو کەر دەستی کرد بە زەڕین. ڕامکەرەکە پێی وت: "زەڕینەکەتم بەدڵ نییە، بەڵام قەیناکا، بەزەییم پیاتا دێتەوە کەمێک گۆشتت دەدەمێ"

لەڕۆژی هەشتەمدا،ڕامکەرەکە بە پڵنگەکەی وت: " سەرەتای وتارێک دەخوێنمەوە، هەر کە تەواو بووم دەبێ توند چەپڵەم بۆ لێبدەیت"

پڵنگەکە وتی: " باشە بەسەرچاو"

ڕامکەرەکە دەستی بە خوێندنەوەی وتارەکەی کرد: "هاووڵاتیان.. پێشتریش لە چەند بۆنەیەکی تردا هەڵوێستی خۆمان سەبارەت بە مەسەلە چارەنووسسازەکانی میللەتەکەمانڕوون کردۆتەوە، هێزە دوژمنکارەکان چەند پیلان بگێڕن، ئەم هەڵوێستە قایم و ڕاشکاوەی ئێمە ناگۆڕێت و بە باوەڕیپتەومانەوە سەرکەوتن بەدەست دەهێنین"

پڵنگەکە وتی: " تێنەگەیشتم چیت وت"

ڕامکەرەکە وتی: "گرنگ ئەوەیە سەرسامیی خۆت بۆ قسەکانم پیشان بدەیت و چەپڵە لێبدەیت"

پڵنگەکە وتی: "بمبوورە. من کەسێکی نەخوێندەوار و تێنەگەیشتووم، قسەکانی تۆ زۆر جوان و پڕمانا بوون و دەبێ چەپڵە لێبدەم"

پڵنگەکە چەپڵەی لێ دا، بەڵامڕامکەرەکە وتی: "من حەزم لە دووڕوویی و دووڕووان نییە، لەبەر ئەوە لەسەر ئەو دووڕووییەت ئەمڕۆ سزات دەدەم و خواردنت نادەمێ"

لەڕۆژی نۆیەمدا،ڕامکەرەکە هات و چەپکێک گژوگیای بەدەستەوە بوو و بۆ پڵنگەکەی هەڵدا و وتی: "هانێ بیخۆ"

پڵنگەکە وتی: "ئەمە چییە؟! من گۆشتخۆرم"

ڕامکەرەکە وتی: " لەمڕۆ بەدواوە دەبێ هەر گژوگیا بخۆیت"

کاتێک برسێتی زۆری بۆ پڵنگەکە هێنا، هەوڵی دا گژوگیاکە بخوات، تامەکەیڕایپسکاند و بەقێزەوە لێی دوورکەوتەوە، بەڵام پاش کەمێک دووبارە دەستی بە خواردنی کردەوە و وردە وردە پێیڕاهات.

لەڕۆژی دەیەمدا،ڕامکەرەکە و قوتابییەکان و پڵنگ و قەفەسەکە دیار نەمان. پڵنگەکە بوو بە هاووڵاتی و قەفەسەکەش بە شار.

 

سەرچاوە: النمور في الیوم العاشر، زکریا تامر،ط٢، ١٩٨١ دمشق/سوریا.


ئەم بابەتە 12 جار خوێندراوەتەوە
بابەتی لەیەکچوو