مەرگی ڕۆمان

سیامەند هادی

لە نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوودا (مەرگی ڕۆمان) وەك ڕوانینێك بووە جێگەی لێدوان و چەند ڕەخنەگرێك پێیان وابوو كە ڕۆمان لە سەرەمەرگدایە و وەك ژانرێكی ئەدەبی بەرەو لەنێوچوون دەچێت. (ماڵكۆڵم برادبری) لەژێر ناوی (نووسەر و ڕەخنەگر)دا لێكۆڵینەوەیەكی بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەدا كە ڕۆمان بەرەو مردن دەڕوات. (لیزی میندلەر)ی ڕەخنەگریش لە نووسینێكدا بە ناوی (مردنی ڕۆمان مانای چییە؟) جەختی لەسەر مەرگی ڕۆمان كردۆتەوە.

بنەمای سەرەكی ئەم ڕەخنەگرانە بۆ مەرگی ڕۆمان، لە تێكشكاندنی قاڵبە جێگیرەكانی هونەری ڕۆمانەوە سەرچاوە دەگرێت، بەوەی هەموو شێواز و جۆرەكانی تەكنیكی تاقیكردۆتەوە و بڕوا ناكرێت شتێكی نوێ مابێت كە ڕۆمان بیخاتەڕوو. (ڕۆمان) لە سەرەتای سەرهەڵدانیەوە تا ئێستا لەڕووی هونەری و جیهانبینییەوە گەلێك گۆڕانكاریی لەنێو خۆیدا خوڵقاندووە، ئەو گۆڕانكاریانەش خۆقوتاركردن بوون لەو قاڵبە جێگیرانە. گۆڕانەكان ڕوانینێكی جودابوون بۆ كەسێتی و گرێچن و شوێنكات و ململانێ و ڕەگەزەكانی دیكەی دەق، كە (فۆرستەر)ی ڕەخنەگری ئینگلیزی پێی وابوو نابێت لەوانە لابدەن و فەرامۆشیان بكەن. هەربۆیە لادان و دەرچوون و گۆڕانكاری لە ڕۆماندا، وەك (مەرگی ڕۆمان) تەماشا دەكرا.

وتارەكانی (ڤێرجینیا وۆڵف) دەربارەی ڕۆمان، بۆ دەربازبوون بوو لەو قاڵبە نەگۆڕانە، بە هەمانشێوە هەوڵەكانی (جیمس جۆیس) لە تەكنیكی ڕۆماندا دەچێتە خانەی ئەو گۆڕانكاریانەوە، بەڵام وا لێكدرایەوە (جۆیس) گۆڕ بۆ مەرگی ڕۆمان هەڵدەكەنێت. هەروەها هەریەك لە (سامۆیل ڕیچاردسۆن و دیفۆ و فیڵدینگ و سێرڤانتس و بەلزاك و فلۆبێر و تۆڵستۆی و دۆستۆیڤسكی و پروست و تۆماس مان و كافكا و ئەلبێر كامۆ و ئالان ڕۆب گرێ و ماركیز و... هتد) بە ڕوانین و شێوازی جیاواز، ڕۆمانیان لە فۆرمێكی یەكڕەهەندیی پاراستووە. ئەو گۆڕانكاریانەش نوێبوونەوەی بەردەوامی ئەم ژانرە دەسەلمێنن، كە لە شێوە و چوارچێوەیەكی جێگیردا نەماوەتەوە.

مرۆڤ بە درێژایی مێژوو لە پرسیاركردندا بووە و بە بەردەوامی لە دیاردە و شتەكانی دەورووبەری و خودی خۆی ڕوانیوە، لەگەڵ پێشكەوتنی زانستیشدا گەڕان و پرسیاركردن بەردەوام بووە و زیاتر مرۆڤ هەستی بە ونبوونی خۆی كردووە. هەربۆیە مرۆڤ كەوتە نێو ئەو دیاردەیەی كە (هایدگەر) ناوی لێدەنێت لەبیرچوونەوەی بوونەوەر. ئەو سەردەمە بەسەرچوو كە مرۆڤ پێی وابوو سەنتەری گەردوونە و هەموو شتێك لەژێر دەسەڵاتی خۆیدایە، ئەو مرۆڤەی (دیكارت) بە خاوەن و سەروەری هەموو سروشتی دەزانی، بوو بە ئامڕازێكی سادە بە دەست هێزەكانەوە. هەربۆیە ڕۆمان بەردەوام لە پرسیاركردن و گومان و ڕوانیندایە لە دیاردەكانی دەورووبەری و خوێندنەوەی ژیان پێ بەپێی بەرەوپێشچوونی. هیچ قۆناغێك بێ پرسیاركردن تێناپەڕێت، تا پرسیاركردن بەردەوام بێت، ڕۆمانیش بەردەوام دەبێت. ناكرێت سنوور بۆ ئایندەی ئەم ژانرە دەستنیشان بكرێت. لەگەڵ بەرەوپێشچوونی زانست و فەلسەفە و بوارە كۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەكاندا، ڕۆمان لە گۆڕانكاری و نوێبوونەوەدا بووە. وەك دەوترێت: ڕۆمان (لەگەڵ سێرڤانتس و هاوچەرخەكانیدا سروشتی سەرەڕۆیی خستەڕوو، لەگەڵ ڕیچاردسۆندا كەوتە تاقیكردنەوەی -ئەوەی لە ناوەوە ڕوو دەدات، لەگەڵ بەلزاكدا ڕەگداكوتاویی مرۆڤ لە مێژوودا دۆزرایەوە. لەگەڵ فلۆبێردا بە قوڵایی ژیانی ڕۆژانەدا ڕۆچووە خوارەوە، لەگەڵ تۆڵستۆیدا تەركیزی كردە سەر دەستتێوەردانی نالۆژیكی لە ڕەفتار و بڕیارەكانی مرۆڤدا، قوڵییەكانی زەمەنی ڕابردوو و پێچە بە دەورەكانی لەگەڵ پروستدا تەی كرد، پێچە بەدەورەكانی ئێستاش لەگەڵ جۆیسدا. لەگەڵ تۆماس ماندا دەوری ئەفسانەكانی ڕابردووی دووری پشكنی).

(ڕۆمان) بابەتێكی دابڕاو نییە لە گۆڕانكارییەكان و دوور لە بونیادی فیكریی بیری مرۆڤایەتی تەماشای ناكرێت، بەڵكو دەبێت وەك قورسایی خۆی لێی بڕوانرێت. هەربۆیە ڕۆماننووسان بە درێژایی مێژووی سەرهەڵدانی ڕۆمان هاوبەشبوون لە بونیادنانی ئەو سەردەمەی كە ئێستا هاتۆتەكایەوە. هەروەك (میلان كۆندێرا) دەڵێت (پێموایە دامەزرێنەری سەردەمی نوێ‌ بە تەنها هەر دیكارت نییە، بەڵكو سێرڤانتسیشە).


ئەم بابەتە 13 جار خوێندراوەتەوە
بابەتی لەیەکچوو