كۆچی دوایی رۆماننوسی سووری حەننا مینە

Aug 29, 2018

لە یەكەم رۆژی جەژنی قورباندا لە رێكەوتی 21/8/2018 رۆماننووسی سووری حەننا مینە لە تەمەنی 94 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

حەننا مینە یەكێكە لە رۆماننوسە هەرە دیارەكانی ئەدەبی عەرەبی كە لەماوەی پتر لە نیو سەدەدا پتر لە چل رۆمانی چاپ كردووە لەتەك چەندین كتێبی رەخنەیی و وەرگێڕان. وەك نوسەرێكی پێشكەوتنخوازو چەپگەرا، لە زوربەی رۆمانەكانیدا بە شێوازێكی ریالیستانە باسی ناخۆشی و تێكۆشانەكانی ژیانی هەژاران و بەشمەینەتان دەكات و داكۆكی لە چینە نەدارەكان دەكات، لەگەڵ داكۆكیی زۆری لە مەسەلەی ژنان و ئازادیی ژنان.

حەننا مینە كە لەساڵی 1924 لە شاری لازقییە لەدایك بووە، یەكێكە لە دامەزرێنەرانی یەكێتی ئەدیبان و نوسەرانی عەرەب لە سوریا. گرنگترین رۆمانەكانی بریتین لە: (ململانێی دوو ژن) و (گڵۆپە شینەكان) و (كۆتایی پیاوێكی ئازا) و (زۆنگاو) و (بەفر لە پەنجەرەوە دێت) و (خۆرەتاو لە رۆژێكی هەوریندا) و (بەهارو پاییز) و (گورگی رەش) و (لەشفرۆشێك و نیوەشێتێك)، هەروەها كتێبێكی هەیە دەربارەی ئەزمونی رۆماننوسیی خۆی، لەگەڵ كتێبێكی بایۆگرافی دەربارەی ئەزموونی نووسین بە گشتی بە ناونیشانی (چۆن قەڵەمم گرتە دەست).