ڕۆمانی (١٩٨٤)ی جۆرج ئۆرویل

عەبدولغەنی کاکۆ

پێم وایە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە ترسناكە بۆ ئێمە زۆر گرنگە و پێویستە هەموو كەسێك بیخوێنێتەوە...

بۆچی ترسناکە؟

ئۆرویل سیستەمێکی سیاسی دێنێتە بەرچاوی خوێنەر، کە تیایدا سەرکردەی وڵات هێندە گەورە کراوە گەیەنراوەتە پلەی پیرۆزی بە جۆرێک هیچ کەسێک بۆی نیە ڕەخنەی لێ بگرێ، ڕەخنە لێگرتن واتە خیانەتی گەورەی نیشتیمانی ، کە دەبێ بەر نەفرەت و تووڕەیی حیزب بکەوێ. کەچی لەم ڕۆمانەدا سەرکردەی وڵات هەرچی بکات بە کاری نیشتیمانی و مێژوویی بەرز بۆی لە قەڵەم دەدرێت. ئازادی تاکەکەس لەناو ئەم سیستەمە هێندە بەرتەسک کراوەتەوە، کەهەموو بوونەوەرێکی جیاواز لە ئایدیۆلۆژیای حیزب دوژمنی سەرسەختی وڵاتەو دەبێ سەریان پان بکرێتەوە، ئایدیۆلۆژیای حیزبیش تەنیا بریتییە لە ملکەچی ڕەها بۆ سەرکردە، بۆ هزری سەرکردە، بەبێ پرسیارکردن، بەبێ ڕەخنەگرتن. حیزب ئەندامەکانی خۆی وەها ڕاهێناوە هەر هەمووی ببن بە جاسووس و خەفیە لەبەرامبەر کەسانێک کە گومانیان لێ بکرێ تۆزقاڵێک لە بازنەی ملکەچی رەها چوونەتە دەرەوە و پرسیاری گوماناوییان لە خەیاڵدا دروست بووە وەک ئەوەی ستراتیجی حیزب تەنیا ئەوەبێت بەدوای کەسە ناحەزەکانی خۆیدا بگەڕێ...

ئەم ڕۆمانە یەکێکە لە بەناوبانگترین ڕۆمانەکانی سەدەی ڕابردوو، هەروەها نموونەیەکی زۆر بەرزی ئەدەبی دیستۆپیە و بۆ زۆربەی زمانە زیندووەکانی ئەمڕۆی دونیا وەرگێڕدراوە. ئەم ڕۆمانە لەلایەن نووسەری بەناوبانگ )جۆرج ئۆرویل)ەوە نووسراوە.

ئۆرویل (١٩٠٣-١٩٥٠) لەم ڕۆمانەدا لە مەترسی قەیرانی دەسەڵاتدارێتی دەدوێت و زەنگی مەترسی لێدەدا بۆ گیرۆدەبوونی مرۆڤایەتی بەدەست سیستەمی دیکتاتۆری جیهانگیر کە لە هەوڵی چەسپاندن و فراوانکردنی دەسەڵاتی سیاسی کار لەسەر پلیشاندنەوەی بەها جوانەکانی مرۆڤایەتی بکات.

ئۆرویل ساڵی ١٩٤٨ ئەم ڕۆمانەی لە ئینگڵتەڕا نووسیوە و بڵاوکردۆتەوە هەڵبەتە پێشتر ڕۆمانی دیکە بەم ڕێچکەیە نووسراون کە وێنای دیستۆپیا بکەن لە داهاتووی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و ئۆرویلیش لەژێر کاریگەری ئەوانەی پێش خۆی ئەم ڕۆمانەی نووسیوە، بەڵام ئەوەی ئەم ڕۆمانە لەوانەی پێش خۆی جیا دەکاتەوە وە ئاست و سەلیقەی بەرزی ئەدەبییە، هەروەها ئۆرویل لەم ڕۆمانەدا هێندە وەکو ئەوانی پێش خۆی لەڕووی فەنتازیاوە بەرزەفڕ نیە ، ئەم هاتووە بە زمانێکی زۆر جوانی ئەدەبی پڕ لە وەسف و وێناکردنی ورد مامەڵەی لەگەڵ ڕەگەزە ڕیالیستییەکانی ژیان کردووە. ئۆرویل باس لە ساڵی ١٩٨٤ دەکات واتە باس لە سی و هەشت ساڵی داهاتووی دوای نووسینی ڕۆمانەکەی دەکات کە لە دونیای ئەوکاتەدا چ جۆرە سیستەمێکی دیکتاتۆری جیهانگیر سەرهەڵدەدا و چۆن هەموو توانایەکی ئابووری و سیاسی دەوڵەت لە پێناو خۆچەسپاندن و بەکۆیلەکردنی تاکەکانی ناو ئەو سیستەمە دەخاتە کار، هیچ ترووسکەیەکی ئازادی بۆژیانی تاکەکەس ناهێڵێتەوە و هەوڵ دەدات هەموو مافێکی سروشتی مرۆڤانەی لێ زەوت بکات، تەنیا تاکە مافێک کە پێێ ڕەوا ببینێ مافی ملکەچ بوون و ملدادان بێ بۆ هەموو خواست و ویستەکانی دەسەڵات.

 

کوشتنی ئازادییەکانی تاکەکەس

ئەم ڕۆمانە باس لە دیستۆپیایەک دەکات کە لەلایەن سیستەمێکی تۆتالیتاری دیکتاتۆرو چڵێسەوە بەڕێوە دەبرێ. لەوێ هەموو شتیك لەژێر کۆنتڕۆڵی دەزگاکانی چاودێری دەوڵەتدایە، چاودێری کردن و کاری خەفیەیی بەسەر تاکەکانی ناو ئەو دیستۆپیایە سنووری ئەوەی بەزاندووە کە تەنیا لە ڕێگەی سیستەمێکی تەکنۆلۆژی کە لەوێ ناوی (تەلەسکرین)ە، ئەنجام بدرێ، بەڵکو ئەوە بۆتە بەشێک لە ڕەفتاری تاکەکان، چونکە حیزب لەوەتەی لەم سیستەمە دەسەڵاتدارە هەمیشە بەم چەشنە کار لەسەر پەروەردەکردنی مرۆڤەکان دەکات. ئامێری تەلەسکرین هەموو گۆشەکانی ژیانی خەڵکی تەنیوە، لە شوێنی کار لەماڵ و لە قوتابخانە لەسەر شەقام و لە کوووچەو کۆڵاندا لە هەمووشوێنێک هەلس و کەوت و قسەو ڕەفتاری خەڵک لەژێر چاودێریدایە، نەوەک کەسێک بە ئاستەم قسەیەک بکات یان بیر لەشتێ بکاتەوە جیاواز بێت لە بەرنامەی حیزب یان دژی سەرکردەی مەزن بێت. تەنانەت حیزب هەوڵ دەدات ناو مێشکی خەڵکیش لەڕێگەی شیکردنەوەی بزاڤی جەستەو جووڵەی ڕوخساری مرۆڤەکانەوە کۆنتڕۆڵ بکات، بۆیە خەڵک زۆر ئاگاداری خۆیانن، نەوەک بزەیەک، یان خەمبارییەک لەسەر دەم و چاویان بە جۆرێک ڕاڤە بکرێ کە تۆمەتی دژایەتی حیزب و دەوڵەتی بۆ بهۆنرێتەوە. حیزب لەڕێگەی زیاتر دەست بەسەرداگرتنی ئازادیەکانی خەڵک تەنانەت سنوور بۆ ڕەوشی سێکسی خەڵکیش دادەنێ، سێکس بۆی هەیە خۆشەویستی لە نێوان دوو مرۆڤدا دروست بکات، بۆیە دەبێ دژایەتی بکرێ، چونکە هەموو خۆشەویستیەک دەبێ ئاراستەی سەرکردەی مەزن بکرێ، بۆیە ئەندامانی حیزب دەبێ دژی ڕەفتاری سێکسی بن، لەم لایەنە حیزب کە خۆی بەم چەشنە نیشان دەدات کەچی لەهەمان کاتدا هەر خۆی نامیلکەی سێکسی بەناو کرێکارانی کارگەکاندا بڵاو دەکاتەوە گوایە ئەمانە شتی قاچاغن و دەوڵەت ئاگاداریان نیە(1)، ئامانجیش لەمەدا ئەوەیە کە لە رێگەی بە زیندوو ڕاگرتنی ئەو غەریزەیەوە بیری خەڵک كۆنترۆل بکات کە خەیاڵیان بۆلای یاخی بوون و ڕەخنەگرتن نەچێ لە حیزب و سیاسەتی دەوڵەت، تەنانەت حیزب دەیەوێ لەڕێگەی پیتاندنی دستکرد منداڵ بەرهەم بهێنێ کە لەوێدا بە زمانی حیزب ناو لەم ڕێگایە نراوە (هونەرسام-Kunstsam)(2)

تا بەم هۆیەوە ڕێگە لەو خۆشەویستیەش بگیرێ کە لەناو خێزاندا دروست دەبێ، خۆشەویستی تەنیا دەبێ بۆ سەرکردەی مەزنی حیزب بێت، منداڵیش تەنیا دەبێ بۆ حیزب بەرهەم بهێنرێت.

 

حیزب لە سیستەمی ناو ڕۆمانەکەی ئۆرویل

حیزب لە سیستەکەی ناو ڕۆمانی ١٩٨٤ بۆ ئەوە نیە کۆمەڵگە بەرەو پێشەوە ببات و توانایەکانی تاک پەرە پێبدات، یان ببێتە قوتابخانەیەک بۆ پەروەردەکردنی مرۆڤ و هەوڵدان بۆ فراوانکردنی هیواو ئومێد و کارکردن لەسەر پڕۆژەی وەرچەرخاندنی کۆمەڵ بۆ قۆناغێکی تازەی ژیان کە زامنی ماف و ئازادیی تاکەکانی بێت..بەڵکو حیزب لەم ڕۆمانەدا دەبێتە وەسیلەی لەباربردنی خەونەکانی مرۆڤ، حیزب لەوێدا تەنیا ئامانجی لەباربردنی کەسایەتی مرۆڤ و بەکۆیلەکردنیانە، حیزب وەسیلەی چاودێری کردنی ناحەزەکانیەتی، حیزب وەسیلەی تەقدیسکردنی سەرکردەی وڵاتە، حیزب وەسیلەی پەردەپۆشکردنی گەندەڵی و ناعەدالەتیە، سەرئەنجام حیزب لەم ڕۆمانەدا لە و خاڵەدا چڕدەبێتەوە کە دەبێتە دەزگایەک، مەکینەیەکی زەبەڵڵاح بۆ سەرکوتکردن و ئەشکەنجەدان و لەناوبردنی هەر هزرو گومانێک کە تۆزقاڵێک لە هێلی حیزب جیاواز بێت..

 

گەندەڵی- منەت کردن- وروژاندنی ترس

لەم ڕۆمانەدا حیزب وا لەمێشکی خەڵک دەچەسپێنێ وەک ئەوەی مێژوو لەمەوە دەستی پێکردبێت. حیزب هەمیشە منەت بەسەر خەڵکەوە دەکات کە ئەگەر ئەو نەبێت ئەوا ژیانی خەڵک ئێستا بەم جۆرە پڕ لە خۆشی و بەختەوەری نەدەبوو، کام خۆشی و بەختەوەری؟ سیستەمەکە هەتا بینەقاقای نوقمی گەندەڵی بووە، هەموو پێداویستیەکی ژیان لە قەیرانە، کاری دەوڵەت تەنیا بریتیە لە کەم کردنەوەی بەشی مانگانەی پێداویستیەکانی خەڵک، لەکاتێکدا بەرپرس و پایەدارەکانی حیزب هەموویان لە کۆشک و باڵەخانەی زۆر خۆش دەژین کەچی، خەڵک بەچەشنێک لە خزمەتگوزاری فەرامۆش کراون کاتێ بۆڕی ئاوی خانووێک دەتەقێ، یان شووشەی پەنجەرەیەک دەشکێ ئەگەر خۆیان چاکی نەکەنەوە ئەوە دەبێ ڕەزامەندی لە دام و دەزگای دەوڵەت وەربگرن ئەوەش دووساڵ دەخایەنێ تادێن چاکی دەکەنەوە.(3)

حیزب هەمیشە خەڵک دەترسێنێ کە مەترسی دوژمنانی وڵاتیان لەسەرەو بۆیە دەبێ هەموو ملکەچی ڕەهای حیزب بن چونکە ئەوە حیزبە کە دەیانپارێزێت. ئاستی دیکتاتۆریەتی ڕەهای حیزب دەگاتە ڕاددەیەک کە جارێکی تر مێژوو بنووسنەوە، بە ئەدەبدا بچنەوە، تەنانەت چەمک و مانای وشەکانیش بگۆڕن. حیزب دەیەوێ تاکەکان لەڕێگەی بیروباوەڕێ توندو تۆڵەوە ملکەچ بکات بۆیە پێویستی بە هۆشیاری تاکەکان نیە، ملکەچی و بیروباوەڕی توندوتۆڵ Strenggläubigkeit واتە چیتربیرنەکردنەوە، واتە پێویست نەبوون بە بیرکردنەوە(4)

 

ڕووداوی ناو ڕۆمانەکە

لەناو ئەو دەوڵەتە پۆلیسییە بە ترس و ڕق تەنراوەدا، وینستۆن وەک کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە دەمێکە لەو سیستەمە ئازادی خنکێنەرەدا هەست بەبێزاری دەکات، تا سەرئەنجام لەگەڵ یولیا کە کچە ئەندامێکی کارای ناو حیزبە دەکەونە ناو پەیوەندیەکی خۆشەویستی، یولیاش هەر ڕقی لە حیزب دەبێتەوە، یولیا لەو کچانەی حیزبە کە پشتێنی سووریان بەستووە، کە بە پێی فەرمانی حیزب دەبێ دژی هەموو کردارێکی سێکسی خەبات بکەن، بۆیە یولیا لەگەڵ وینستۆن یەکەم هەنگاوی خەباتیان بە سێکس کردن لە دژی حیزب زۆر بە نهێنی دەست پێدەکەن. ئەم کارەیان درێژە دەکێشێ، هەتاکوو وینستۆن لەڕێگەی مەزەندەی هەڵەوە ئەم نهێنیانەی خۆی بۆ ئۆبراین دەدرکێنێ، ئۆبراین ئەندامێکی زۆر باڵای حیزبە و وینستۆن لە مێژە بە پێی لێکدانەوەی خۆی ئەوەی لە هەڵس و کەوت و هێلەکانی دەم و چاوی ئۆبرایندا خوێندۆتەوە کە ئەمیش کەیفی بە حیزب نایەت. بەڵام لەمەدا بە هەڵە دەچێ و تێدەکەوێ، ئیتر ئاشکرا دەبێ ودەخرتە زیندانەوە و سەختترین تاڵاوی ئەشکەنجەی پێ دەچێژن، هەتا وای لێدەکەن هەرچی لە هەناویدا هەیە خاڵی دەکەنەوە دەیکەن بە کۆلکەیەکی بەتاڵ، تەنیا ڕواڵەتی مرۆڤی پێ دەهێڵنەوە، کە هیچ ویست و خواستێک، هیچ بیرکردنەوەیەک، هیچ هیوا و ئەندێشەیەکی تری نەبێت جگە لە ملکەچی رەها بۆ حیزب، بۆ سەرکردەی مەزن، بۆ سیستەمی دەوڵەت، سیستەمێک تەنیا خۆی لەنێو میزاج و هەوەسی سەرکردەی مەزندا بەرجەستە دەکات.

 

پەیامی ئۆرویل

ئۆرویل لیرەدا دەیەوێت ئەوە بڵێ کە هەڵکشانی قەیرانی حوکمڕانی لە دواجاردا ڕاستەوخۆ یەخەی تاکەکانی نێو کۆمەڵگە دەگرێت، بەچەشنێک کار لەسەر کوشتنی هەموو تایبەتمەندێەکی تاک دەکات، کاتێ هەموو تواناکانی دەوڵەت لەنێو دەستی یەک تاکە مرۆڤدا چڕ دەبنەوە، ئیتر هەوڵ دەدرێت تاکەکانی تر لە خودی خۆیان بەتاڵ بکرێنەوە، بەو مانایە نا کە هەر تەنیا ئازادی تاکەکەسییان لێ سنوور دار بکرێ، بەڵکو تا ئەو ڕاددەیەی کە ئاراستەی ئەو ئازادییەیان بخرێتە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتەوە، کە ئەمە زۆر کوشندەترە لە بەرتەسککردنەوەی ئازادی مرۆڤ.

 

زەمینەی مێژوویی ئەم ڕۆمانە

دیارە ئۆرویل کە وێنەی ئەو سیستەمە ترسناکە دەکێشێ لەخۆوە نیە زەنگی مەترسی بۆ داهاتوو لێدەدا، ئەگەر سەیری مێژووی نووسین و بڵاوبوونەوەی ئەم ڕۆمانە بکەین دەبینین دونیای مۆدێرن لە نیوەی یەکەمی سەدەی ڕابردوودا کۆمەڵێک ڕووداوی مێژوویی بەخۆیەوە بینیوە کە هەژموونی خۆیان لەسەر هەموو هزرو بیرکردنەوەی مرۆڤایەتیدا داناوە، شۆڕشی ئۆکتۆبەر، سەرهەڵدانی فاشیزم لە ئیتاڵیا، قەیرانی ئابووری لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا لەژێر سایەی فڕانکۆی دیکتاتۆر، دەسەڵات گرتنە دەستی نازیەکان لە ئەڵمانیا، دیکتاتۆریەتی ستالین و سەرهاڵدانی شەڕی جیهانی دووەم ..ئەمانە هەمووی ئەوڕووداوانە بوون کە ئۆرویل لە گۆشەنیگای ڕەخنەگرانەی خۆیەوە کردوونی بە زەمینەی نووسینی ئەو ڕۆمانە.(5)

فراژوو بوون و هەڵکشانی ئەزموونی تاک حیزبی کە خۆی لە بەهێزبوونی یەکێتی سۆڤیەت و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئەورووپا بەرجەستە دەکرد، ئەو سیستەمانەی کە هیچ تروسکەیەکی دیموکراتییان تیا نەبوو، هەموو ڕەخنەو یاخیبوون و بیرکردنەوەیەکی جیاواز لەوەی هی دەسەڵات بە ناپاکی نیشتیمانی ڕاڤەدەکرا، هیچ حیسابێک بۆ ئازادی تاکەکەس نەدەکرا، دەسەڵات تەنیا کاری لەسەر توواندنەوەی تاک دەکرد لەناو بۆتەی سیستەمی ئاراستەکراو بە ئایدیۆلۆژیایەکی دۆگما. ئەوەی جێگەی سەرنج بوو ئەم سیستەمانە بەو ئایدیۆلۆژیایە هەمیشە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە فەریادڕەسی مرۆڤایەتین و دەبێ هەموو گەلانی چەوساوەی دونیا یەکبگرن و بێنە ژێر سێبەری ئەوان. بەمە هەتا دەهات مرۆگەلی ئەو دونیایەیان لە دەوری خۆ دەکردەوە، واقیعی ئەو گەشە کردنەیان پالنەری ئۆرویل بوو بۆ پێشبینی کردنی دیستۆپیایەکی تاریک و نووتەک کە تیایدا بە ئاشکرا هەست بە ئارستەی ڕەشبینی نووسەرەکەی دەکرێت. بەڵام ئۆرویل لە خودی خۆیدا کەسێکی ڕەشبین نەبوو، لەم ڕۆمانەشدا هەرگیز مەبەستی بڵاوکردنەوەی پەیامی ڕەشبینی نەبووە، ئەم تەنیا زەنگی ئاگادار کردنەوەی لێدەدا کە ئەم سیستەمانەی بەو چەشنە کار لەسەر تواندنەوەی خودی تاکەکەس دەکەن لە دووا وێستگەی پەرەسەندنیاندا بۆیان هەیە ئاوا بەسەر چارەنووسی کۆمەڵگەدا بهێنن ئەم دەیویست بلێ"هێشتا درەنگ نیە بۆئەوەی بە هەر شێوەیەک بێت فریای ئەو حاڵەتە بکەوین"(6)

 ئۆرویل هەتا دوا ساتی ژیانی بەم هیواو ئومێدەوە ژیا. ئۆرویل لەم دیستۆپیایەدا ئەوە بە مرۆڤ دەڵێ ئەو سیستەمە دیکتاتۆریە جیهانگیریانە ئەگەر بۆیان بچێتە سەر دونیا بەرەو دۆزەخێک دەبەن کە هەرگیز مرۆڤ بە خەیاڵیدا نە هاتبێ، تەنانەت پرنسییپە مۆرالییەکانیش بە ئاراستەیەکی تەواو جیاواز لە خەون و ئامانجی مرۆڤایەتی دەگۆڕن، داهاتووێک دێننە پێشەوە کار لەسەر ئەوە دەکات کە "دیکتاتۆریەت بۆ ئەوە سەرهەڵنادات تاکو پارێزگاری لە شۆڕشێک بکات، بەڵکو شۆڕش هەڵدەگیرسێنرێت تاکو حوکمێکی دیکتاتۆری بەرقەرار بکات"(7)

 

تێبینی:

لەم نووسینەمدا پشتم بە چاپە ئەڵمانییەکەی ئەم ڕۆمانە بەستووە، چونکە ئەوکاتە نەکرابوو بە کوردی، بەڵام جێگەی خۆشحاڵییە کە ئێستا ڕۆمانەکە لەلایەن مامۆستا حەکیم کاکە وەیسەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، بەداخەوە بوارم نەبوو لێرە نوسخە کوردیەکە پەیدا بکەم تا شوێنی لاپەڕەکان لە چاپە کوردیەکەدا بدۆزمەوە.

 

پەڕاوێزەکان:

1. George Orwell,1984, Deutsche Verlag, Stuttgart, 1981, S 135

2. George Orwell, 1984, S 69

3. George Orwell, 1984, S 24

4. George Orwell, 1984, S 56

5. Textanalyse und Interpretation zu George Orwell 1984, Maria Felicitas Herforth, Bange Verlag, 2013, Hollfeld, S14

6. Vision und Wirklichkeit in der Literarischen Utopie, S 105

7. George Orwell, 1984, S 268


ئەم بابەتە 9 جار خوێندراوەتەوە
بابەتی لەیەکچوو